سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » داعشی بێ جوگرافیا

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

داعشی بێ جوگرافیا

دوای پێنج ساڵ لە جەنگ ، تیرۆریستانی داعش لە (باغۆز- باهۆز) لە سوریا كۆتاییان راگەیەندرا، ئەویش لەسەر دەستی هێزەكانی سوپای سوریای دیموكرات ( هەدەسە)، كە دەكاتە سەركەوتنی ئیرادەی دیموكراسی و دژە تیرۆریست و شكستی بیری توندرەویی و تیرۆریستان.
سەركەوتن بەسەر داعش لە سوریا، لەسەر دەستی شەڕڤان و قارەمانێتی جەنگاوەرانی دیموكراسیی كورد بوو لە رۆژئاوا، كە سیمبولی ئازایەتییان بە ناسنامەی كوردایەتییەوە تۆخكردەوە، لەسەردەمێكدا كە تەكنۆلۆژیای سەربازیی و تەكنیكەكانی لە لوتكەدان، بەڵام ئەوە لەئاست جەنگێكی وەك تیرۆریستان بەبێ هەبوونی تایپێك لە جۆری پێشمەرگە لە باشوور و شەڕڤانان لە رۆژئاوا زەحمەت بوو، بۆیە ئەم دوو هێزە خرانە نێو بازنەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش كە ئەمریكا سەرپەرشتی دەكرد.
هەدەسە، لە تەوقیتی كۆتایی داعشی لە 23/3/2019 دا بەیان كرد، ئەم سەركەوتنە بۆ كورد لەرۆژئاوا بە هەزاران شەهید و بریندار بەدەستهات كە بەشی شێری لە نێو هەدەسەدا هەیە و سەركردایەتیشی دەكات، بەڵام ئەوان خۆیان بوونە خاوەنی سەركەوتنە مەزنەكە، نەك بە پێچەوانەی باشوور، كە عیراق بووە خاوەنی سەركەوتنی كۆتایی داعش و رۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگەی خستە دەرەوەی ئەو دەستكەوتە، چونكە دوای سەركەوتنی پێشمەرگە لەباشوور، كورد لە هەرێم خرایە چوارچێوەی سزادانەوە بەهۆی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017و بۆیە سەركەوتنەكە مۆركی عیراقیانەی لێدرا! بەبێ رەچاوكردنی زیاتر لە 1500 شەهیدی پێشمەرگە و 10 هەزار برینداری دیكە! و بەهۆیەوە كورد لە باشوور تامی سەركەوتنی نەكرد و تەنیا قوربانی و ماڵوێرانیی ئەو شەڕەی بۆمایەوە.
لەم سەركەوتنەی هەدەسەدا كە پێویست دەكات وردتر بكرێتەوە، رۆڵی شەڕڤانی ژنە، لەناو یەكینەكانی پاراستنی ژن، بەڵام ئەم رۆڵە لە روبەڕوبونەوەی داعشدا لە باشوور و هەروەها لە عیراقیش ئەو رۆڵەی ژنان بەدی نەكرا.
هەرچەندە داعش لە سوریاش، تەنیا رووبەری جوگرافیای لەدەستداوە و هەروەها شكستی سەربازیی هاتووە، بەڵام وەك مەترسی فیكر و شانە نوستووەكانیان هەرماوە، بۆیە بەگوێرەی قوناغ و دۆخەكە «دەرفەت» بۆ گورز وەشاندن بەكاردەهێنن، یاخود پەنا بۆ تیرۆر و تەقاندنەوە دەبەن، كە ئەوەش جۆرێكە لە شەڕی تێكدانی ئارامی كە شێوازی باوی گروپە تیرۆریستیەكانە.
بابەتێكی گرنگ لە پرسی كۆتاییهاتنی شەڕگە و رووبەری جوگرافی داعش لە سوریا، پرسی دیل و دەستگیركراوەكانی تیرۆریستانی داعشە، كە بەگوێرەی بەلاغی رۆژی سەركەوتن ئاماژەی پێدرا، زیاتر لە پێنج هەزار داعش بەدیل گیراون، كە زۆربەیان تیرۆریست و داعشی بیانین!، هەرچەند هەدەسە هەوڵی ئەوە دەدات ئەم پرسە روبەڕووی دادگای نێودەوڵەتی بكاتەوە، كە ئەوەش هەنگاو و بیرۆكەیەكی شایستەیە، تا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كەیسەكە بجووڵینرێت، نەك لە دادگا لۆكاڵی و نێوخۆییەكاندا چارەسەر بكرێت.
پێنج ساڵ شەڕی ماڵوێرانی داعش لە سوریا و عیراق درێژەی كێشا، لەو رووبەرەدا، كوردستان و ناوچە كوردنشینەكان بەشێك بوون لە جوگرافیای شەڕی تیرۆریستان، بۆیە كورد لەنێو جەنگەكەدا بوو، زۆترین زیانی گیانی و ماددی بەركەوت، ژیان و گوزەرانی هەزاران خێزانی هەڵتەكاند و ئاوارەكرد، بۆیە ناكرێت لە دوای ئەم جەنگەوە، مشوری ئەوە نەخورێت كە هەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی كۆمەككردنی نێودەوڵەتی نەدرێت، چونكە قەبارەی زیان و لێكەوتە دوورمەوداكانی چەندین ساڵی پێویستە، بەبێ ئەم هەنگاوە، ئەرك و كاری دوای داعش تەواو نەكراو دەبێت، هاوكاتیش بەرپرسیارێتی ئەخلاقیش دەخاتە سەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی!، بەر لەوانیش دەبێت كورد خۆی ئەو هاوپەیمانییە بخاتە بەرباسی جدی!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ ...