سەرەکی » دۆسێ » رەوشی گوزەرانی كەرتی غەززە لە داڕوخاندایە

دانیشتووان رەخنە لە حەماس دەگرن

رەوشی گوزەرانی كەرتی غەززە لە داڕوخاندایە

سەیر نییە دانیشتوانی غەززە گلەیی و گازندە دەكەن لەو گوزرانە خراپەی تێیدا دەژین، تەنانەت بانكی نێودەوڵەتیش ئابوری خۆجێی غەززە وەها وەسف دەكات كە «لە داڕمانێكی ئازاددایە»، لەگەڵ گەیشتنی ڕێژەی بێكاریی لە نێوان لاواندا بە لەسەدا 70.
بەڵام رەوشەكە لەم چەند رۆژەی دواییدا نائاسایی بوو، بە جۆرێك كە ژمارەیەكی بێ‌ شومار لە فەلەستینییەكان رژانە سەر شەقامەكان و خۆپیشدانیان كرد لەپێناو گوزارشتكردن لە بێ‌ ئومێدبونیان و ڕەخنەگرتن لە بزوتنەوەی حەماس كە بە دەستێكی پۆڵایین كاروبارەكانی لە كەرتی غەززە لە دەستی خۆیجا قایم كردووە.
پەیامەكانی بزاوتنی میللی كە «دەمانەوێت بژین»ی وەك دروشم بەزركردبۆوە، لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەركەوتن.
موئمین ناتور، یەكێك لە رێكخەرانی بزاوتنەكە لە پۆستێكیدا لەڕێی (فەیسبوك)ەوە ڕایگەیاندبوو»بزوتنەوەیەكی لاوانی ئاشتیخوازە. بزوتنەوەیەكی سیاسی نیین و نامانەوێت رژێمی سیاسی بگۆڕین. جگە لە مافەكانمان چی ترمان ناوێت».
بە گوتەی ئەو چالاكوانە»كاریان دەوێت، دەیانەوێت بژین. یەكسانی و شكۆ و ئازادییان دەوێت».
لە 14ی ئادار و ڕۆژانی دواتر، لە نۆ شوێنی شارە سەرەكییەكانی كەرتی غەززە و لە ئۆردوگای ئاوارەكان، سەدان كەس خۆپیشاندانیان كرد.
خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی لەو دەمەی حەماس دەسەڵاتی گرتۆتەدەست لە ساڵی 2007وە، گەیشتنە توندترین ئاست، بە جۆرێك هێزە ئەمنییەكانی سەر بە دەسەڵاتی فەلەستینی لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بەیەكداهەڵپژان، وەڵامی حەماسیش بەرانبەر بە خۆپیشاندەران توند بوو.
لە هەندێك لە تۆمارە ڤیدیۆییەكاندا دەردەكەوێت كە چۆن هێزە ئەمنییەكان لە خۆپیشاندەران دەدەن و دەستدڕێژی گوللـەیان لێدەكەن.
دەسەڵاتداران دەیان كەسییان دەستگیركردووە و هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكان، لەنێوان ئەوانەی دەستگیركراون، چالاكوان و ڕۆژنامەوان و هەڵسوڕاوانی بواری مافەكانی مرۆڤیان تێدایە.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، دەستدرێژی كراوەتەوە سەر دوو كارمەندی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی فەلەستین بۆ مافەكانی مرۆڤ و دەستبەسەركراون.
نیكۆلای ملایدینۆڤ، ڕێكخەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت»بە توندی ئەو هەڵمەتی دەستگیركردن و توندوتیژییە ئیدانە دەكەین كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سەر بە بزوتنەوەی حەماسەوە دژ بە خۆپیشاندەران بەكاردەهێنرێت كە لەنێوانیاندا ژنان و منداڵان هەن».
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان»گەلی غەززە ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرانبەر بەو ڕەوشە ئابورییە قورسەی تێدا دەژی، و داوا دەكات باری گوزران لە كەرتی غەززە باشبكرێت. ئەوە مافی خۆیانە بەبێ‌ ترس خۆپیشاندان بكەن».
حەماس ئۆباڵی ئەو خۆپیشاندانانە دەخاتە ئەستۆی فەتحی نەیاری بۆ دروستكردنی پشێوی لە غەززە و لەقكردنی دەسەڵاتەكەی لەو ناوچەیە.
بەڵام هەندێك لە چالاكوانان، ڕەخنە لە هەریەك لە فەتح و حەماس دەگرن بەو هۆیەی شكستخواردوون لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ناكۆكییەكانی نێوانیان، تۆمەتباریشیان دەكەن بە پشتگوێخستنی خراپی ژیانی رۆژانەی خەڵك.
ئەو گەمارۆیانەی لەلایەن هەریەك لە ئیسرائیل و میسریەوە سەپێنراون، لە هۆكارە راستەقینەكانی ئەو ئاستەنگە ئابوریانەن كە رووبەڕووی كەرتی غەززە بونەتەوە، بە جۆرێك كە تا ئەندازەیەكی زۆر كۆتوپێوەندییان بەسەر جوڵەی كەسەكان و كاڵاكاندا سەپاندووە. حەماس كە كەموكوڕییەكی گەورەی لە داهاتدا هەیە، لەم ماوەیەی دواییدا پەنای برۆدۆتەوە بەر بەرزكردنەوەی باجەكان، ئەمەش بۆتە مایەی بەرزبووەی نرخەكان بەشێوەیەكی لەڕادەبەر، و وایكردووە زۆرێك لە فەلەستینییەكان لە لێواری داڕمان نزیك ببنەوە.
لە تۆمارێكی ڤیدیۆیی كە لەم ماوەیەی دواییدا لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت بڵاوبۆوە، ژنێك لە غەززە لە خۆپیشامدانەكاندا دەردەكەوێت و توڕەیی خۆی بەرانبەر بە نەبوونی كار بۆ مێردەكەی و چوار كوڕەكەی دەردەبڕێت.
ئەو ژنە لە ڤیدیۆكەدا دەڵێت، كوڕی سەركردەكانی حەماس، ماڵ و ئۆتۆمبێلییان هەیە و دەتوانن هاوسەرگریی بكەن، لەكاتێكدا خەڵكی ئاسایی هیچیان نییە، تەنانەت پارچە نانێكیش.
حەماس هەوڵیداوە، سەرنجەكان بەلای جموجۆڵ و خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە، پەرتەوازە بكات.
لە 17ی ئادار و لە كاتی خۆپیشاندانی «دەمانەوێت بژین»، حەماس ڕێپێوانی ئاهەنگگێڕانی بە بۆنەی هێرشێك كە لەلایەن فەلەستینییەكەوە لە كەناری خۆرئاوای ئەنجامدرا و تێیدا دوو ئیسرائیلی كوژران، سازكردبوو.
هەندێك شەبەقی تر لەم ماوەیەی دواییدا دەركەوتن كە ئاماژەیان بە لەقبوونی دەسەڵاتی حەماس كرد لە كەرتی غەززە.
لە 14ی ئادار، لەكاتێكدا وەفدێكی میسری هەوڵی بۆ نێوەندگیری دەدا لەپێناو بەئەنجامگەیاندنی ئاگربەستێكی درێژخایەن لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، لە ساڵی 2014وە بۆیەكەمجار دوو موشەك لە كەرتی غەززەوە بەرەو تەلئەبیب هەڵدران.
لایەنی میسری هەوڵەكانی بۆ هێوركردنەوە خستەگەڕ، دواتر هەڵدانی موشەكەكان بە «هەڵە» لێكدانەوەی بۆكرا، حەماس بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵێك، خۆپیشاندانی هەفتانە لە نزیك دیواری جیاكرەوەی ئیسرائیلی ڕاگرت.
رۆژنامەوانانی ئیسرائیلی دەڵێن، وڵاتەكەیان لەئێستادا رووبەڕووی كێشە بۆتەوە. بەشێوەیەكی گشتی دروستبوونی ناڕەزایی لە كەرتی غەززە لە دژی حەماس كارێكە جێگەی ڕەزامەندی ئیسرائیلە، بەو هیوایەی ئەو خۆپیشاندانانە ببنە مایەی روخانی حەماس. بەڵام ئیسرائیل هەست بە نیگەرانی دەكات بەرانبەر بەو تەنگژانە كە پێش هەڵبژاردنە گشتییەكانی مانگی نیسانی داهاتووی وڵاتەكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...