پۆست ئۆپۆزسیۆن

لەدوای هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی ساڵی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا قسە لەسەر بەرەی جیاوازی چواری ساڵی داهاتووی سیستمی حوكمڕانی لە هەرێم دەكرێت، بەرەی بەشدار لەحكومەت و بەرەی»ئۆپۆزسیۆنی نەرم و بەرهەڵستكار».
هێزی ئۆپۆزسیۆن لەدوای پەیدابوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لەساڵی 2009دا، بەرەی سیاسی لەهەرێم دابەشی دوو بەرەی لێك جیاواز كرد، ئێستا دوای نزیكەی 10 ساڵ لەم ئەزموونە، ئەگەری زۆر ئەوەیە بزووتنەوەی گۆڕان ببێتە بەشێک لە دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕیی و شوێن بۆ هێزی دیكەی بەرهەڵستكار بەجێ بهێڵێت، ئەگەرچی هێشتا روون نییە هێڵە گشتییە سیاسییەكەی بەدیاریكراوی چییە و تەعبیر لەچی دەكات.
ئەو هێزە نوێیە، جگە لە یەكگرتووی ئیسلامی كە نەك لەبەر گرنگیی بوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو بەهۆی ئەو شكستەی كە لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلول رووبەڕووی بووەوە، بە ناچاری بۆئەوەی «تەجدید نەزر» لە سیاسەت و كارنامەی خۆیدا بكات، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژاردووە. بەڵام چاوەڕێ ناكرێت هێزێكی بەرهەڵستكاری سەردەمی پەیدابوونی بزووتنەوەی گۆڕان بێت. هەروەك چاوەڕی ناكرێت وەك هێزە نوێیەكانی تریش بێت كە خۆی بەتەنها بەرهەڵستكاری »حزبی دەسەڵاتدار» یان ئەو حزبانەی لە حكومەت بەشدارن، دەزانێت.
ئەم بەرهەڵستكارییە لە تێگەیشتنی ئەو هێزە نوێیەدا ئەگەر بەرهەڵستكاریی بێت بە خۆ یەكلاییكردنەوە لە پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆن بووندا دەكرێت وەك ئەزموونێكی هاوشێوەی بزووتنەوەی گۆڕان لێیەوە بڕوانرێت. بەڵام ئەم جۆرە لە بەرهەڵستكاریی و بێ بەرنامەییە، كە ئەوەی خۆی بۆ میدیاو هێشتنەوەی میدیای بێ پەردە بەیان دەكات، ئەوەندە بیر لە ئاڕستە سیاسی و كارنامەكانی ناكاتەوە.
هەڵبەت بۆ ئەوە ئەمان ئەزموونی بزووتنەوەی گۆڕانیان لەبەردەستە كە هەموو كارتەكانی دەستی ئۆپۆزسیۆن بوونیان لە دەستدا سووتان.
ئێستا ئەم رەوتە دەیەوێت بە ناسنامەیەكی دیكەی فكیرییەوە جەزبی خەڵك بكات بۆئەوەی زامنی پێگە حزبییەكەی خۆی بكات. بەڵام رەتیشی دەكاتەوە، خاوەندرێتی لەو ئاڕاستە فیكرییە بكات. كە دەستگرتنە بە گوتاری «پۆپۆلستی».
ئەوە روونە كە هێزی نوێی سیاسی لە هەرێم بەبێ دەستگرتن بە گوتاری «پۆپۆلیستی»، ناتوانێت نە لایەنگریی بۆ حزبەكەی هەبێت، نە بینەری بۆ بەردەم شاشەكەی هەبێت، ئەوان لەم رەوشەی ئێستا كوردستان تێبینی ئەوە دەكەن كە گوتاری سیاسی هێزی ئۆپۆزسیۆن لە پاشەكشەدایە و نەیتوانی پڕۆژەیەكی درێژمەودای هەبێت. بۆیە ئەگەر دانیشی پێدا نەنێن، ئەوا بەناچاری پەنا بۆ گوتارو ئاڕاستەی پۆپۆلیستی دەبەن كە ئێستا بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا لەژێر ناوو رەوتی جیاوازدا لە پەرەسەندندایە.
بۆیە روونە كە ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە بەرهەڵستكارەی كە دەیەوێت رووبەڕووی چوار ساڵی سیستمی حوكمڕانی هەرێم ببێتەوە، تەنها ئامراز كە لەبەردەستیدایە بە كاربردن و هەڵڕشتنی ئەو گوتارە پۆپۆلیستییەیە كە خەڵكی ئاسایی ئاسانتر دەكەوێتە داوەكەیەوە. بەتایبەتی ئەگەر لە روانگە میدیاییەكەوە سەیری بكەین، كە ئەو هێزو رەوتە نوێیانە چ خەرجییەكی زەبەلاح لەو بوارەدا بەهەدەر دەدەن، بۆئەوەی خۆیان بخەنە بەرەی خەڵك و ئامادەكاریی بكەن بۆ هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی یەكەم ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان بە قۆناغێكی ...