سەرەکی » راپۆرت » یادی‌ 121 ساڵه‌ی‌ (خاوه‌ن شكۆ) له‌ كوردستان به‌رز راگیرا

یادی‌ 121 ساڵه‌ی‌ (خاوه‌ن شكۆ) له‌ كوردستان به‌رز راگیرا

لە پەیامنێرانەوە

یادەکە لە هەولێر
به‌ئاماده‌بوونی‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی و ژماره‌یه‌ك له‌ نوسه‌ران و رۆشنیران، رۆژی 22/4/2019 له‌یادی‌ 121 ساڵه‌ی‌ ده‌رچونی‌ یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی‌ كوردی چه‌ند چالاكییه‌ك له‌ ئه‌كادیمیای‌ كوردی له‌ شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو.
له‌و چالاكیانه‌ كۆڕێك بۆ خستنه‌رووی‌ چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كی‌ كوردی ساڵانی‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو به‌رێوه‌چوو ، له‌وانه‌ په‌خشاننامه‌ی‌ هه‌ولێر له‌ساڵانی‌(1961-1963) له‌گه‌ڵ یازده‌ ژماره‌ی‌ ده‌گمه‌نی‌ رۆژنامه‌ی‌ خه‌بات كه‌ دووباره‌ چاپ و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ .
هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پێشانگایه‌كی‌ كتێبه‌ چاپكراوه‌كانی‌ ئه‌كادیمیای‌ كوردی كرایه‌وه‌، هاوكات چه‌ندین وته‌ له‌باره‌ی‌ مێژووی‌ رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و كۆكردنه‌وه‌و پاراستنی‌ ئه‌و رۆژنامانه‌ی‌ له‌سه‌ردمی‌ پێشوو ده‌رچونه‌ له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ پێشكه‌شكران.
سه‌ره‌تا نه‌جات عه‌بدوڵڵا جێگری سه‌رۆكی‌ ئه‌كادیمیی‌ كوردی رایگه‌یاند: رۆژی 22/4/1898 ئه‌و رۆژه‌ بوو كه‌ كورد بۆ یه‌كه‌مجار له‌ده‌ره‌وه‌وی‌ كوردستان پیت و وشه‌ی‌ خۆی خسته‌ سه‌ر كاغه‌ز له‌وێوه‌ ئێتر مێژوێك بۆ كورد تۆماركرا.
وتیشی مێژوی‌ رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌راورد به‌ مێژووی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ و مێژووی‌ جیهانی‌ كورد له‌دواوه‌یه‌، چونكه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا رۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌كان به‌به‌رده‌وامی‌ ده‌رنه‌چونه‌، زۆرجاریش سه‌ركوت كراوه‌ و سیاسیه‌تی‌ زمن كوژیمان به‌سه‌ر سه‌پێندراوه‌ بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ئه‌و رۆڵه‌ی‌ نه‌بووه‌ بتوانێ له‌هۆشیاركردنه‌وه‌ و روحی نه‌ته‌وه‌ایه‌تی‌ كورد به‌شداری بكات.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌ پیره‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و تێیدا تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر قۆناغه‌كانی‌ مێژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و ئه‌و ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستانه‌ی‌ هاتۆته‌ پێشی و له‌ به‌شێكیدا رایگه‌یاند: من پێموایه‌ ئه‌و كوموكوریانه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌دی ده‌كرێت له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كان هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ نوسه‌ره‌كان ناگه‌ڕێته‌وه‌ ، به‌ڵكوئه‌وان به‌و كوله‌مه‌رگیه‌ به‌شێك له‌ هزرو بۆچونه‌كانیان خستۆته‌سه‌ر كاغه‌ز ئه‌گه‌ر به‌ نهێنیش بێت، ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌و نوسینانه‌ حكومی‌ له‌سێداره‌دان و زیندانیشی تێدابێت.
وتیشی: به‌هۆی ئه‌و فشارانه‌ی‌ ده‌خرایه‌سه‌ر ئه‌ده‌بی كوردی زۆر له‌ كتێبخانه‌كان پێویستیان به‌ گواستنه‌وه‌ و شاردنه‌وه‌ هه‌بێت له‌و كاتانه‌، بۆئه‌مه‌ش زۆر له‌تێكۆشه‌رانی‌ كورد له‌وانه‌ جه‌نابی مام جه‌لال مه‌كته‌به‌كه‌ی‌ چه‌ندین جار ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی‌ سنوره‌كانی‌ كردبێت، چه‌ندین جار له‌م دۆڵ بۆدۆڵێكی‌ تر شوێنی‌ گۆڕیوه‌.

ساڵیادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌كه‌ركوك پیرۆز راگیرا
له‌شاری‌ كه‌ركوكیش ئێواره‌ی رۆژی 22/4 له‌هۆڵی سه‌نته‌ری رۆشنبیری كه‌ركوك و به‌ئاماده‌بونی لێپرسراوانی حكومی و حزبی و رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان و رۆشنبیرانی كه‌ركوك له‌پێكهاته‌ جیاجیاكان،لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له‌یادی 121 ساڵه‌ی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و هاوكات به‌بۆنه‌ی یادی 21 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان چالاكیه‌كی رێكخست .له‌ده‌ستپێكدا وتاری لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له‌هه‌ردوو بۆنه‌كه‌دا له‌لایه‌ن مه‌هدی زریان سكرتێری لقی كه‌ركوكه‌وه‌ پێشكه‌شكرا و ئاماژه‌ كرا بۆ دۆخی رۆژنامه‌نوسی له‌كه‌ركوك وه‌ك لێكه‌وته‌ی ئه‌و ره‌وشه‌ سیاسی و ئه‌منی و ئیدارییه‌ی كه‌ركوكی پێدا تێپه‌ر ده‌بێت.
دواتر راپۆرتی پێشێلكاریه‌كان له‌لایه‌ن بورهان حاجی سلێمان ئه‌ندامی لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكاوه‌ خرایه‌روو كه‌له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوو ده‌رهه‌ق به‌رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك كراون له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌و له‌و روه‌وه‌ رونیكرده‌وه‌ كه‌له‌ساڵی رابردوو چه‌ندین حاڵه‌تی پێشێلكاری ده‌رهه‌ق به‌رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك ئه‌نجامدراون. له‌به‌شێكی تری مه‌راسیمه‌كه‌دا ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی پشتیوانی یه‌كێتی بۆ بارودۆخی رۆژنامه‌نوسان له‌كه‌ركوك ده‌ربری و رایگه‌یاند له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال كار ده‌كه‌ن بۆ دابینكردنی ماف و ئازادی بۆ رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك.له‌لایه‌كی تره‌وه‌ و له‌چوارچێوه‌ی چالاكیه‌كانی یادی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیی له‌كه‌ركوك،له‌گوندی حه‌ساری به‌شاری كه‌ركوك له‌مه‌راسیمێكدا كتێبخانه‌ی گوندی حه‌سار كرایه‌وه‌.

له‌ جاسانه‌ یاده‌كه‌ كرایه‌وه‌
یادی 96 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌ی بانگی حه‌ق و ساڵیادی‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌ جاسه‌نه‌ كرایه‌وه‌. به‌ئاماده‌بوونی ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم لێپرسراوی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران له‌گوندی جاسه‌نه‌ی قه‌زای دوكان و له‌ رێوڕه‌سمێكدا یادی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی بانگی حه‌ق كرایه‌وه‌.
ڕێوره‌سمه‌كه‌ له‌لایه‌ن گروپی هیوای گه‌نجان به‌هاوكاری مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی ی.ن.ك ڕێكخرابوو كه‌ تێدا كتێبێكی نووسه‌ر عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا بڵاوكرایه‌وه‌ .
ڕۆژنامه‌ی بانگی حه‌ق له‌ ساڵی 1923 له‌ ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه‌ له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حمود به‌چاپ گه‌یه‌ندراوه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانیا سلێمانی بۆردومان ده‌كات ، شێخ مه‌حمود به‌ناچاری ده‌چێته‌ جاسه‌نه‌و له‌وێوه‌ گرنگی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردی ده‌دات هه‌ربۆیه‌ چاپخانه‌ی به‌له‌دیه‌ی پێشتری ڕۆژنامه‌ی ڕۆژی كوردستان ده‌باته‌ ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه‌ و له‌وێوه‌ 3 ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی بانگی حه‌ق بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی دا جێگه‌و پێگه‌ی خۆی هه‌یه‌ .

به‌یاساكردنی میدیا له‌ كوردستاندا
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ له‌ ژێر دروشمی (به‌یاساكردنی میدیا له‌ كوردستاندا) سه‌رله‌به‌یانی رۆژی (22/4/2019) له‌ هۆڵی سینه‌مای یه‌ڵماز گۆنای له‌ناو بینای ئه‌منه‌سوره‌كه‌، لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان 121 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كرده‌وه‌…
له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ سرودی به‌درخانی خاك په‌روه‌رم له‌ هۆڵه‌كه‌دا په‌خش ده‌كراو له‌سه‌ر سكرینی هۆڵه‌كه‌ش تابلۆی (19) شاسواری رۆژنامه‌نووسی شاری سلێمانی ئاوێزانی چاو و بیر و هۆشی ئاماده‌بوان ده‌بوون كه‌ چراكانی قوتابخانه‌ی رۆژنامه‌وانیی سلێمانی بوون..
د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی و ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان، وتاری سه‌ره‌تای پێشكه‌ش كردوو پیرۆزبایی له‌ هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسان كردو پشتیوانی پارێزگاو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ریی دووپاتكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ هه‌موو یه‌كه‌ كارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌كانی سنوری پارێزگا هۆبه‌ی زانیاری پێدان كراونه‌ته‌وه‌و داوای له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن كرد پشتیوانی پارێزگا بكه‌ن بۆ به‌رنامه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و دروستكردنی دۆخێكی ئارام له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری ڕاست و به‌رپرسیارانه‌و بێلایه‌نانه‌ بۆ باشكردنی هه‌لی سه‌رمایه‌گوزاریی و وه‌به‌رهێنان و گه‌شتوگوزارو یه‌كخستنی وتاری نیشتمانی و دروستكردنی ئارامیی ده‌روونی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڕێزه‌وه‌ ستایشی ڕابه‌رانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی كردو هیوای به‌رده‌وامی بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه‌كان خواست.
له‌سه‌روبه‌ندی ساڵیادی خاوه‌ن شكۆدا، كاروان ئه‌نوه‌ر سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له‌ وته‌یه‌كدا دوولایه‌نی رۆژنامه‌وانی باسكردو ناوی نا دیوی ڕووناك و دیوی تاریكی مانگی رۆژنامه‌وانی كوردی..
له‌ ماوه‌ی ساڵی رابردوودا چوار رۆژنامه‌نووس له‌ لقی سلێمانی ژیانئاواییان كردبوو، ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له‌ (مسته‌فا ساڵح كه‌ریم و ره‌ئوف حه‌سه‌ن و به‌هار مسته‌فا و نه‌جات عه‌زیز) بوون.. له‌و مه‌راسیمه‌دا لقی سلێمانی رێزلێنانی بۆ خه‌بات و ته‌مه‌ن و به‌رهه‌مه‌كانیان كردو هه‌ریه‌ك له‌ خاتوو (شاناز برایم ئه‌حمه‌د و ئازاد حمه‌ئه‌مین و فارس نه‌ورۆڵی و ئه‌حمه‌د حامد) رێزلێنانه‌كه‌یان پێشكه‌ش به‌خانه‌واده‌كانیان كرد..
له‌ بڕگه‌یه‌كی تری چالاكیه‌كاندا فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌گه‌ری سلێمانی له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه‌ تا ساڵی 1958 پێشكه‌ش كرا، پاشان ئه‌م فیلمه‌ش كرا به‌ دیاری و هه‌ر ئاماده‌بویه‌ك دانه‌یه‌كی له‌م فلیمه‌ پێدرا…
دواین بڕگه‌ی چالاكیه‌كه‌ رێزلێنان بوو بۆ ئه‌ندامێكی لقی سلێمانی كه‌ له‌ ماوه‌ی (4) ساڵدا به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌ توانی نزیكه‌ی (17) كتێب ئاماده‌بكات بۆ چاپ، ئه‌ویش رۆژنامه‌نووس دلێر مه‌لا ئه‌حمه‌د بوو كه‌ له‌به‌ر ناله‌باریی باری ته‌ندروستی خۆی ئاماده‌ نه‌بوو، بۆیه‌ د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر خه‌ڵاتی رێزلێنانی به‌خشیه‌ هاوسه‌ری دلێر مه‌لا ئه‌حمه‌د..
قائیمقامیه‌تی‌ سلێمانی رێزی‌ له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن گرت
هه‌ر له‌ یادی 121 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا له‌مه‌راسیمێكدا، قائیمقامی سلێمانی خه‌ڵاتی رێزلێنانی به‌خشییه‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و سوپاسی كردن له‌ به‌رامبه‌ر گرنگیپێدانیان به‌ رووماڵكردن كارو چالاكییه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان و هیوای خواست ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌شه‌ی زیاتی به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.
له‌ وته‌یه‌كدا قائیمقامی سلێمانی دوای پیرۆزبایی كردن له‌ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند: به‌پێویستمان زانی له‌ 22 نیسان یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییدا له‌ به‌رامبه‌ر گرنگیپێدان و رووماڵكردنی كارو چالاكییه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌ و خه‌ڵاتی رێزلێنانیان پێ ببه‌خشین , ئاوات محه‌مه‌د ووتیشی به‌درخانه‌كان سه‌رمه‌شقی رۆژنامه‌گه‌ری كوردین و له‌م رۆژه‌شدا سوپاس و پێزانین ده‌نێرین بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خزمه‌تی گه‌وره‌یان به‌ رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كردووه‌ و رۆژنامه‌گه‌ری كوردیان گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌ی ئێستا.

به‌شی‌ راگه‌یاندنی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌-یش پیرۆزیان كرد
هه‌ر به‌مبۆنه‌یه‌، له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌، به‌ دروشمی خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ دوێنێ به‌رچاو روونیه‌ك بۆ ئاینده‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌شی راگه‌یاندن له‌ كۆلێژی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بنكه‌ی ژین له‌ یادی ١٢١ ساڵه‌ی ده‌رچونی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردیدا چه‌ند چالاكییه‌كی رێكخست.
سه‌ره‌تای یاده‌كه‌ به‌كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی وێنه‌یی كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی بواری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌ستیپێكرد. دواتر د. سه‌لام نه‌سره‌دین، سه‌رۆكی به‌شی راگه‌یاندن له‌ وته‌یه‌كدا تیشكی خسته‌ سه‌ر به‌شی راگه‌یاندن و ئه‌و چالاكیانه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چن و ئاماژه‌ی بۆ گرنگی كردنه‌وه‌ی به‌شی راگه‌یاندن كرد له‌ زانكۆ وه‌ك یه‌كه‌مین به‌شی زانستی له‌ زانكۆ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم هه‌روه‌ها چه‌ند زانیاریه‌كی ده‌رباره‌ی به‌شه‌كه‌ و ژماره‌ی مامۆستایان و خوێندكاران خسته‌ڕوو.
د. ئیبتیسام ئیسماعیل، راگری كۆلێژی زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان له‌ وته‌یه‌كدا باسی له‌ گرنگی به‌شی راگه‌یاندنی زانكۆ كرد له‌ به‌ ئه‌كادیمیكردنی بواری رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان و هیوای خواست به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كاری مێدیای ئازاد لاببرێن هه‌تا رۆژنامه‌نوسان بتوانن ئازادانه‌ به‌ ره‌چاوكردنی بنه‌ما پیشه‌ییه‌كان كاری خۆیان بكه‌ن وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌كی دیموكراسیه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان.
دواتر پانێڵێك به‌ڕێوه‌چوو كه‌ له‌ لایه‌ن پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر، د. فواد ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌برا ده‌رباره‌ی رابردوو ئێستای رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ پرۆفیسیۆرم یاسین خالید سه‌رده‌شتی مامۆستای به‌شی مێژوو، سدیق ساڵح، جێگری لێپرسراوی بنكه‌ی ژین، فایه‌ق حه‌مه‌ساڵح فۆتۆگرافه‌ر و رۆژنامه‌نوس بابه‌تیان پێشكه‌شكرد.

میدیا و پرسی نه‌ته‌وه‌یی
دوای به‌رده‌وامبوونی بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ به‌ خستنه‌ڕووی چه‌ندین ڕاسپارده‌ و پێشنیاری گرنگ، یه‌كه‌مین كۆنفرانسی زانستی به‌شی ته‌كنیكی میدیا كۆلێجی ته‌كنیكی كارگێڕی زانكۆی‌ پۆله‌ته‌كنیكی‌ سلێمانی‌، كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا. كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ ژێر ناونیشانی (میدیا و پرسی نه‌ته‌وه‌یی) به‌ڕێوه‌چوو كه‌ تێیدا له‌ ١٤ توێژینه‌وه‌دا تیشكخرابووه‌ سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌ جیاكانی پێویستی میدیای كوردی و خستنه‌ڕووی لایه‌نه‌ گرنگه‌كانی ناوه‌ڕۆكی توێژینه‌وه‌كان. توێژینه‌وه‌كان له‌ لایه‌ن كه‌سانی شاره‌زاو پسپۆڕو مامۆستایانی زانكۆ جیاكانی هه‌رێمه‌وه‌ ئاماده‌كرابوون، له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی كۆنفرانسیشدا به‌ وردی ئاماژه‌یان به‌ ناوه‌ڕۆك و ئامانج و راسپارده‌كانی توێژینه‌وه‌كانیان بۆ ئاماده‌بووان كرد.هاوكات له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفرانسه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن توێژه‌ران و كه‌سانی شاره‌زای ئاماده‌بووه‌وه‌ به‌ ئامانجی گه‌یاندنی سوودی زیاتر به‌ پرسی میدیا چه‌ندین ڕاسپارده‌ و پێشنیاری گرنگ ئاڕاسته‌ی ناوه‌ڕۆكی توێژینه‌وه‌كان كران تاوه‌كو دواتر كاریان له‌سه‌ر بكرێت و بخرێنه‌ خزمه‌تی میدیای كوردییه‌وه‌.

قۆناغه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی
له‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی كوردستان/ قه‌یوان-یش له‌ ١٢١ـه‌مین ساڵیادی رۆژنامه‌نوسیی كوردیدا، ، پانێڵێك به‌ ناونیشانی (قۆناغه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ) به‌ڕێوه‌چو.
له‌و پانێڵه‌دا، هه‌ریه‌ك له‌ رۆژنامه‌نووسان ستران عه‌بدوڵڵا و د. كاروان عه‌لی، د.هێرش ره‌سوڵ باسێكیان سه‌باره‌ت به‌ قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی راگه‌یاندنی كوردی و ئاستی ئه‌مڕۆی پێشكه‌شكرد. كه‌ له‌لایه‌ن عه‌لی فه‌ره‌ج-ه‌وه‌ پانێڵه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا.

قه‌ڵه‌می ئازاد نیشتمانی ئازاد و مرۆڤی هۆشیار به‌رهه‌م
له‌ شاره‌زووریش به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ رۆشنبیران و نووسه‌ران و هاووڵاتییانی سنووره‌كه‌ و به‌دروشمی قه‌ڵه‌می ئازاد نیشتمانی ئازاد و مرۆڤی هۆشیار به‌رهه‌م ده‌هێنێت، یادی 121 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌شی راگه‌یاندن و رووناكبیری كۆمیته‌ی شاره‌زوور و كتێبخانه‌ی شاره‌زوور.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شاڵاوی ڕاگواستن و تەعریب تا کەی؟

د. کاوە محمود شاڵاوی ڕاگواستن و گۆڕانکاری دیموگرافی لە مێژووی ...