سەرەکی » هەواڵ » سەرۆك كۆمار: پتەوكردنی پەیوەندییەكان

سەرۆك كۆمار: پتەوكردنی پەیوەندییەكان

دوێنێ، لەچەند دیدارێكدا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە عیراق خوازیاری پەیوەندیی پتەوە لەگەڵ تەواوی وڵاتاندا.

دیداری سەرۆك كۆمارو وەفدێكی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا
لەمیانی پێشوازیی لەوەفدێكی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكادا كە پێكهاتبوون لە سیناتۆر خاتوو تامی داكۆرس‌و جۆنی ئیزاكسۆن‌و ئنگس گینگ، سەرۆك كۆمار، گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان‌و بەهێزكردنی هاریكاریی نێوان عیراق‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی لەگشت بوارەكاندا دووپاتكردەوە، بەجۆرێك كە خزمەت بەبەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات بكات. جەختیشیكردەوە كە پێویستە هەردوو وڵات رۆڵی سەرەكی ببینن لەسەقامگیری‌و ئاشتی‌و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەكە.
وەفدی میوانیش، پشتیوانیی وڵاتەكەیان بۆ حكومەت‌و گەلی عیراق دووپاتكردەوە، لەپێناوی سەقامگیری‌و گێڕانەوەی رۆڵی عیراق لەناوچەكە‌و جیهاندا.
سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لەجێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا
سەرۆك بەرهەم ساڵح، لەمیانی پێشوازیی لە یۆری بۆریسۆف جێگری سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی لیژنەی هاوبەشی هاریكاریی بازرگانی‌و زانستی‌و تەكنیكیی عیراقی-روسی، سەبارەت بەپێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە‌و جیهان گفتوگۆیانكرد.
لەدیدارەكەدا، باس لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات‌و چۆنێتی بەرەوپێشبردنی لەگشت بوارەكاندا كرا، بەتایبەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و ئابووری، هەروەك تاوتوێی كارەكانی لیژنەی هاوبەشی عیراقی-روسی‌و پێویستی كاری هاوبەش لەپێناوی جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی بڕیارەكانی لیژنە هاوبەشەكە كرا، لەڕێگای چاودێریی رێككەوتننامە ئیمزاكراوەكان.

لەپێشوازیی ئەمنیداری گشتیی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداودا
لەلایەكی دیكەوە، لەدیداری سەرۆك كۆمار‌و عەبدوللەتیف بن راشد زەیانی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداودا، گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی عیراق‌و وڵاتانی كەنداو كرا.
سەرۆك كۆمار، تەئكیدیكردەوە كەبارودۆخی ناوچەكە لەڕووی ئەمنی‌و سیاسی‌و ئابوورییەوە وادەخوازێت كە هەماهەنگی‌و هاریكاریی زیاتر لە نێوان وڵاتانی كەنداودا هەبێت، كە عیراق خوازیاری هەماهەنگیی زیاترە لەگەڵ ئەنجومەنی هاریكاری كەنداودا.

دیدار لەگەڵ سەرۆكی جێبەجێكاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی
هەروەها، لەچوارچێوەی دیداری سەرۆك كۆمار‌و فاتح پیرۆڵ سەرۆكی جێبەجێكاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، گرنگیی هاریكاریی نێوان عیراق‌و ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی تەئكیدی لەسەر كرایەوە لەبواری وزە‌و پرۆگرامەكانی گەشەپێدان‌و باشتركردنی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا‌و بەڕێوەبردن‌و چارەسەركردنی ئاستەنگەكان. سەرۆك بەرهەم ساڵح، دووپاتیكردەوە كە عیراق پێویستی بەبەرزكردنەوەی ئاستی پسپۆڕان‌و كارمەندانی بواری وزەیە، فاتح پیرۆڵ-یش ئامادەیی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی عیراق بۆ پەرەپێدانی سێكتەرەكانی وزە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومەر فەتاح: لە دۆستایەتی ‌و هاوكاریی دۆزی رەوای كورد بەردەوام بن

عومەر فەتاح: لە دۆستایەتی ‌و هاوكاریی دۆزی رەوای كورد بەردەوام ...