سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » سه‌رۆكی میسر باری نائاسایی له‌ وڵاته‌كه‌ی درێژكرده‌وه‌پەڕە 3

سه‌رۆكی میسر باری نائاسایی له‌ وڵاته‌كه‌ی درێژكرده‌وه‌

عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو بڕیاریدا به‌ درێژكردنه‌وه‌ی باری نائاسایی له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات، كه‌ له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد‌و سێ مانگ ده‌خایه‌نێت.
به‌گوێره‌وی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ: باری نائاسایی پێشوو له‌ 14ی ئەم مانگە کۆتاییهات، دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی درا له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی كانونی دووه‌می رابردووه‌وه‌.

ده‌ستوور رێگه‌ی پێ ده‌دات
ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ له‌ زاری سه‌رچاوه‌ میسرییه‌كانه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌: ده‌ستووری میسر رێگه‌ به‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی باری نائاسایی وڵات ده‌دات بۆ ماوه‌ی سێ مانگی دیكه‌‌و نوێكردنه‌وه‌ی راگه‌یاندنی دۆخه‌ نائاساییه‌كه‌ بۆ سێ مانگی دیكه‌، به‌مه‌ش كۆی ماوه‌كه‌ ده‌كاته‌ شه‌ش مانگ. به‌ڵام سه‌رۆكی وڵات وا راهاتووه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی له‌ رۆژێكه‌وه‌ بۆ چه‌ند رۆژێك له‌ نێوان ئه‌و دوو ماوه‌ی راگه‌یاندنه‌ی باری نائاساییدا هه‌بێت، پاشان سه‌رله‌نوێ بڕیار ده‌داته‌وه‌ له‌سه‌پاندنی باری نائاسایی بۆ ماوه‌ی سێ مانگی دیكه‌‌و دواتر دەتوانێت بۆ ماوه‌ی 90 رۆژی دیكه‌ درێژی بكاته‌وه‌.
راگه‌یاندنی باری نائاسایی له‌ سه‌رتاسه‌ری میسر‌و درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ی دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ مانگی نیسانی 2017 دا له‌ چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیدا کە تیایدا هه‌ندێ له‌ كڵێساكانی ئه‌و وڵاته‌ كرانه‌ ئامانج‌، به‌هۆیانه‌وه‌ ده‌یان كه‌س له‌ قیبتییه‌كانی میسر كوژران.

راگه‌یاندنی ئه‌نجامی راپرسی
ئه‌م بڕیاره‌ تازه‌یه‌ دوای دوو رۆژ له‌ راگه‌یاندنی راپرسی جەماوەریی له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری وڵات‌و په‌سه‌نكردنی دێت، كه‌ رێگه‌ به‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی ده‌دات تاكو ساڵی 2024 له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تیی میسردا بمێنێته‌وه‌‌و ئه‌گه‌ر جارێكی تر بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ هه‌ڵببژێردرێته‌وه‌، ئه‌وا تاكو ساڵی 2030 به‌ سه‌رۆكی میسر ده‌مێنێته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی ده‌سته‌ی نیشتمانیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش، %44ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌كه‌دا كردووه‌، كه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌. له‌و رێژه‌یه‌ش، %88,83 له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووره‌كه‌ ده‌نگیان دا، كه‌ ده‌رفه‌ت بۆ مانه‌وه‌ی سیسی ده‌ڕه‌خسێنێت تاكو ساڵی 2030 له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌وه‌.
هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی نیشتمانیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی میسر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دابوو كه‌ %11,17 به‌شداربووانی راپرسییه‌كه‌، هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووریان ره‌تكردۆته‌وه‌‌و رێژه‌ی ده‌نگه‌ پوچه‌ڵكراوه‌كانیش %3,6 بووه‌.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریکا و تورکیا و سیستمی موشەکی ئێس 400

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، واشنتۆن دوو ھەفتەی داوەتە ...