دۆحه -هه‌رێز جه‌مال
له رۆژانی 21 تا 24/4/2019 له دۆحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر 23ـ یه‌مین پاڵه‌وانێتی گۆره‌پان و مه‌یدانی وڵاتانی ئاسیا به‌رێوه‌چوو .
ئه‌و پاڵه‌وانێتییه بۆ یه‌كه‌مجاره 45 هه‌ڵبژارده‌ی كیشوه‌ره‌كه به 700 یاریزانی كوڕان و كچان به‌شداریی ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش له مێژووی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا بۆ یه‌كه‌م جاره بوو رووبدات .
كۆنگره‌ی یه‌كێتییه‌كه‌و شكست بۆ عێراق
رۆژی 20/4 هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی گۆره‌پان و مه‌یدانی ئاسیا له دۆحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر به‌رێوه چوو، پرۆسه‌که بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌یه‌كی نوێی به‌ڕێوه به‌ری بوو بۆ یه‌کێتییه‌که بۆ چوار ساڵی داهاتوو، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا جارێكی تر دهحلان حه‌مه‌د-ی قه‌ته‌ری به سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه بۆ چوار ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژێردرایه‌وه .
هاوكات تالب فه‌یسه‌ڵی سه‌رۆكی یه‌كێتی گۆره‌پان و مه‌یدانی عێراق كه جێگری دووه‌می سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه بوو، نه‌یتوانی پارێزگاری له پۆسته‌كه‌ی بكات و به 13 ده‌نگ له كۆی 45 ده‌نگ كورسیه‌كه‌ی له‌ده‌ستداو ده‌ستبه‌تاڵ هاته ده‌ره‌وه.
پاڵه‌وانێتییه‌كه پهراوهیهك بۆ پاڵه‌وانێتی جیهان
له‌و پاڵه‌وانێتییه‌دا كه له ستادیۆمی خه‌لیفه ئه‌نجامدرا و ماوه‌ی سێ رۆژی خایاند، له ته‌واوی یارییه‌كاندا ململانێی وه‌رزشکاره کوڕ‌و کچه‌کانی وڵاتانی به‌شدار گه‌یشتبووه لووتكه، به‌جۆرێك تا رۆژی كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌که ناوی وڵاتی پاڵه‌وان و یه‌که‌می ڕیزبه‌ندی یهكلانهكربۆوه، له‌کۆتاییدا به‌حره‌ین یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گشتی و چین دووه‌م و ژاپۆن سێیه‌م بوو، هه‌ڵبژارده‌كانیش ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌یان كرده په‌راوه بۆ پاڵه‌وانێتی جیهان كه بریاره له مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ له هه‌مان ستادیۆم له دۆحه به‌رێوه‌بچێت .
دوو كورد له پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا
له پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا دوو یاریزانی كورد بۆ یه‌كه‌مجار به‌شداربوون ئه‌وانیش حسێن كه‌یهانی له تیمی ئێران که له راكردنی 3000 و 5000 مه‌تردا به‌شدارییکرد، به‌ڵام نه‌یتوانی هیچ ئه‌نجامێك ده‌سته‌به‌ر بكات، ته‌نیا كورده‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش یونس موحسین بوو له هه‌ڵدانی رمی كوران كه ئه‌ویش پله‌ی دوانزه‌یه‌می به‌ده‌ستهێنا .
عێراق به‌شی هه‌ر شكست بوو
عێراق له‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا ته‌نیا به‌شداری پێ بڕاو هیچ میدالێکیان ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد، یاریزانه‌كانی به‌شی زۆری كوڕان بوون و ته‌نیا كچه راكه‌رێكی هه‌بوو .
خولێكی رۆژنامه‌وانی
له‌لایه‌کی تره‌وه بۆ یه‌كه‌مجار یه‌كێتی گۆره‌پان و مه‌یدانی جیهان IAAF خولێكی رۆژنامه‌وانی بۆ بژارده‌یه‌ك له رۆژنامه‌نووسانی كیشوه‌ری ئاسیا له دۆحه كرده‌وه‌و ماوه‌ی 5 رۆژی خایاند.
خوله‌كه به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌رۆكی یه‌كێتی گۆره‌پان و مه‌یدانی جیهان به‌رێوه‌چوو، له‌خوله‌كه‌دا كه له په‌راوێزی پاڵه‌وانێتییه‌که‌دا به‌رێوه‌چوو، تێیدا باس له نوێترین گۆڕانكارییه‌كانی یاساكانی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی جیهان كرا‌و هه‌روه‌ها هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژنامه‌وانان له كاتی رووماڵكردنی پاڵه‌وانێتییه‌كاندا باسێکی تری خوله‌که بوو، به‌شێكی تری خوله‌كه تایبه‌ت كرا به مامه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسان و یاریزانانی گۆره‌پان و مه‌یدان، له كۆتا رۆژی خوله‌كه‌شدا به شێوه‌ی پراكتیكی رۆژنامه‌نووسان كاره‌كانیان نمایشكرد .
پاش كۆتاییهاتنی خوله‌كه، یه‌كێتی گۆره‌پان و مه‌یدانی جیهان به فه‌رمی بروانامه‌ی دیپلۆمای به‌شداریكردنی به‌خشیه به‌شداربووه‌كان و بریاره له پاڵه‌وانێتییه‌كانی سه‌ر بهیهكێتییهكه وه‌ك ڕۆژنامه نووسانی مه‌شقپێكراوی یه‌كێتییه‌كه رۆڵیان پێ ببه‌خشرێت .
له كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا ئاڵای وڵاتی میوانداریکه‌ر (قه‌ته‌ر) به‌خشرا به چین كه بریاره خولی 24 –ی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه ساڵی 2021 ڕێکبخات .
220 جار بینراوە