سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » گرژیی لە نێوان باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا و هێزه‌ شیعەكاندا؟پەڕە 16

گرژیی لە نێوان باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا و هێزه‌ شیعەكاندا؟

باسكردنی سه‌روه‌تی عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران له‌ بڵاوکراوەیەکی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كانی عیراقی هێنایه‌ قسه‌ ‌و به‌ توندی وه‌ڵامی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكایان له‌ به‌غدا دایه‌وه‌. هه‌روه‌ك داواشیان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق كرد، كه‌ یاداشتنامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی له‌ دژی ئه‌و بڵاوكراوه‌یه‌ی ئه‌مریكا پێشكه‌ش بكات ‌و ره‌تیبكاته‌وه‌ كه‌ عیراق جه‌نگ له‌ دژی وڵاتانی دیكه‌ بكات.

پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی نیشتمانی
عه‌مار حه‌كیم سه‌ركرده‌ی ره‌وتی حیكمه‌ ‌و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی ئیسڵاح ‌و ئیعماری سیاسی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ عیراق، ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق به‌كاربهێنرێت بۆ ده‌ستپێكی شه‌ڕی راگه‌یاندن یان بازرگانی ‌و سیاسی. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی نیشتمانی وه‌سفكرد ‌و به‌ به‌زاندنێكی ئاشكرای سنووری عورفه‌ دیپلۆماسییه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كان له‌ نێوان وڵاتاندا ناوبرد.
عه‌مار حه‌كیم وتیشی: چه‌ندین جار دووپاتمانكردۆته‌وه‌ ‌و سه‌رله‌نوێ ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر بێلایه‌نی عیراق ‌و په‌لكێش نه‌كردنی به‌لای سیاسه‌تی لایه‌نه‌كاندا، ئه‌وه‌ش له‌ بەر‌ژه‌وه‌ندیی باڵای نیشتمانییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ كه‌ ده‌بێته‌ رایه‌ڵێك بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موواندا. وتیشی: له‌كه‌داركردن ‌و قسەوتن بە مه‌رجه‌عه‌ ئایینییه‌كان به‌ توندی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، ئیدی له‌ هه‌ر وڵاتێك ‌و لایه‌نێك ‌و كه‌سێك بێت ‌و هۆشداریی دا له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ تۆمه‌تانه‌ ‌و هه‌وڵی برینداركردنی هه‌ستی عیراقییه‌كان.

پێچه‌وانه‌ی عورف ‌و بنه‌ماكانی كاری دیپلۆماسییه‌
هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی فه‌تح ‌و سه‌ركرده‌ی رێكخراوی به‌در، سووكایه‌تیكردنی به‌ هه‌ر وڵاتێك یان هه‌ر مه‌رجه‌عێكی ئایینی له‌ لایه‌ن نێردراوه‌ دیپلۆماسییه‌كانەوە له‌ عیراق ره‌تكرده‌وه‌ ‌و وتی: ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی عورف ‌و بنه‌ماكانی كاری دیپلۆماسییه‌ ‌و ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق بڵاوکراوەتەوە‌، سنوور به‌زاندنێكی گه‌وره‌یه‌ ‌و قبوڵ نه‌كراوه‌. هه‌روه‌ك داوای له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق كرد، كه‌ هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا بانگ بكات ‌و یاداشتنامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی توندی پێ بگه‌یه‌نێت.

به‌ سووك زانینی بیر و باوه‌ڕمانه‌
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، فالح خه‌زعه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر لیستی شیعه‌كان، داوایكرد سنوورێك بۆ ئه‌و سنووربه‌زاندنه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق دابنرێت ‌و هه‌موو هێزه‌ بیانییه‌كان بكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌. هەروەها ناوزڕاندنی مه‌رجه‌عی ئایینی له‌ لایه‌ن باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ره‌تكرده‌وه‌ ‌و وتیشی: ئه‌وه‌ی روویداوه‌ له‌ به‌ ئامانجكردنی ئه‌نقه‌ستی مه‌رجه‌عی ئایینی له‌ لایه‌ن باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكاوه‌، به‌ سووك زانینی بیر و باوه‌ڕمانه‌ ‌و سوورین له‌سه‌ر دانانی چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و شوڵ لێهه‌ڵكێشانه‌.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریکا و تورکیا و سیستمی موشەکی ئێس 400

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، واشنتۆن دوو ھەفتەی داوەتە ...