سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » جۆره‌كانی ده‌ق له‌ شیعری‌ گۆران دا

جۆره‌كانی ده‌ق له‌ شیعری‌ گۆران دا

پ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم

به‌و پێیه‌ی‌ ده‌ق پێكهاته‌یه‌كی‌ فره‌ شێوازه‌، ئه‌وا له‌هه‌مان كاتدا ئه‌م ده‌قه‌ خاوه‌ن چه‌ند بونیادێكی‌ ده‌ربڕینه‌ كه‌هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌سه‌ڵاتێكی‌ دیاریكراوی‌ كارنامه‌یی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانێت جیاوازییه‌كان له‌ نێوان خۆی و ئه‌وانی تردا دروست بكات .! له‌ شیعری‌ گۆران دا چه‌ند جۆرێك له‌ ده‌ق به‌دی‌ ده‌كرێت، گرنگه‌كانیان ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: ده‌قی‌ گێرانه‌وه‌یی: له‌م ده‌قه‌دا ڕسته‌ كردارییه‌كان باڵا ده‌ستن و كه‌س و زه‌مه‌ن و جێگه‌و ڕووداوه‌كانیش ده‌یانبات به‌ڕێوه‌. له‌ شیعری‌ ((گوڵی‌ خویناوی)) دا، سه‌ره‌تا، خودی‌ بكه‌ر ،له‌ كاتێكدا رووی ده‌می له‌ به‌رامبه‌ره‌ ، به‌كردارێكی‌ داواكراوی‌ بینین دێته‌ نێو ده‌قه‌كه‌وه‌ و داوه‌كه‌ش باس له‌ ڕووداوێك ده‌كات كه‌ زه‌مه‌نه‌كه‌ی كه‌وتۆته‌ پێش داواكه‌ .جۆری رووداوه‌كه‌ له‌ جۆری دابرانه‌ له‌ نێوان من وئه‌وی بكه‌ر ئه‌مه‌ش له‌ ناونیشانی شیعره‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌دا به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت. دوای ناونیشان ، شاعیر به‌ چه‌ند سیفه‌تێكی ناویی ده‌ست به‌ بابه‌ته‌كه‌ی ده‌كات وه‌ك : شایی و چۆپی .بۆ زیاتر تێگه‌شتنی‌
به‌رامبه‌ر بۆ حاڵه‌ته‌كه‌، دواتر په‌نا بۆ كردارێكی‌ داوالێكراوی‌ بیستن ده‌بات و ده‌ڵێت: ،
گوێ بگره‌ ! …..
كه‌ته‌نها به‌سێ‌ سیفه‌ت به‌ڕێی ده‌كات وه‌ك : زورنایه‌، ده‌هۆڵه‌، شمشاڵه‌ كه‌هه‌ر سێكیان خۆیان له‌ نێو بازنه‌ی بیستندا ده‌بیننه‌وه‌. ئه‌م بینین و بیستنه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سیستماتیك تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بن ،ئه‌نجامه‌كه‌شی‌ كردارێكی‌ لێكدراوی‌ جوڵه‌یه‌ كه‌ پێك هاتووه‌ له‌ كرداری‌ ڕۆشتن و هه‌ڵپه‌ڕین…
جێگه‌ وزه‌مه‌نی‌ ڕووداوه‌كه‌ فراوانه‌.له‌ڕووی‌ زه‌مه‌نه‌وه‌، پێشتر ،له‌ژێر په‌رده‌ی نهێنیدا ، خودی بكه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر ڕێكه‌وتنێكی‌ سۆزداری‌ و خۆشه‌ویستی‌ به‌ستووه‌، ، كاره‌ نهێنێكه‌ش له‌به‌ر هۆكاری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و چینایه‌تی‌ بوو . شێوازی‌ ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر گه‌رچی‌ له‌ده‌قه‌كه‌دا زۆر تونده‌، به‌ڵام له‌ناخدا به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ زۆر خۆش ده‌وێت ، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ دواكۆپله‌ی‌ شیعره‌كه‌یه‌:
هه‌ی‌ هاوار ! تفه‌نگی‌ دوژمنیش پێكانی‌!
ڕاكشێ‌ تاوی‌ سه‌ر بخه‌ سه‌ڕانم
بابگریم بۆ دڵی‌ بۆ گوڵێ‌ دۆڕانم
لێره‌دا، زه‌مه‌نه‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌زه‌مه‌نی‌ ده‌ق ، به‌ڵكو زه‌مه‌نی‌ پێش ده‌ق و دوای‌ ده‌قیش بوونیان هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی‌ هێشتا ڕووداوه‌كه‌ له‌تاكه‌كانی‌ تردا كۆتاییان پێ نه‌هاتووه‌ !
له‌ڕووی‌ جیگه‌شه‌وه‌، گه‌رچی‌ له‌ده‌قه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر جیگه‌یه‌كی‌ دیاریكراو ده‌كرێت ئه‌ویش باخچه‌ی‌ پاشایه‌، به‌ڵام خودی‌ بكه‌ر هه‌میشه‌ له‌گه‌ڕاندایه‌ و جار جاره‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ شوێنی‌ دیاری‌ كرا ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌ست هێنانی‌ داوای ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر . خودی‌ بكه‌ر و ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ریش، وه‌ك كه‌س، له‌كه‌سه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانن، به‌و پێیه‌ی‌ هه‌ردووكیان گه‌مارۆ دراون به‌داب و نه‌ریته‌ خراپ و ناله‌باره‌كان، له‌هه‌مان كاتیشدا هێزی‌ ده‌سه‌ڵاتیش ، كه‌ئه‌وی‌ بكه‌ر له‌ڕووی‌ واقیعه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌، ڕێگه‌ نادات كه‌سه‌كان ڕۆڵی‌ سۆزداری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ خۆیان ببینن ، به‌مه‌ش ئازادییه‌كانیان لێ‌ زه‌وت ده‌كرێت .له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا كاردانه‌وه‌ی‌ خودی‌ بكه‌ر جوڵه‌یه‌ك به‌ڕووداوه‌كه‌ ده‌دات و ئه‌م ڕووداوه‌ش به‌كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌ و دوای‌ زه‌مه‌نی‌ ده‌ق و دامه‌زراندن چه‌ندین زه‌مه‌نی‌ هاوشێوه‌ به‌هه‌مان ڕووداو به‌دی‌ ده‌كرێت به‌و پێیه‌ی‌ خودی‌ بكه‌ر ، یان ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر به‌شێكن له‌ هه‌موو، وه‌ تۆانای‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌.له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ جۆری كه‌سه‌كان ، به‌تایبه‌تی خودی بكه‌ر وئه‌وی به‌رامبه‌ر له‌ جۆری جێگیریی ونموونه‌ییه‌ ، به‌وپێیه‌ی هه‌ردووكیان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ شێوازی هه‌ڵس وكه‌وت وهه‌ڵوێسته‌یان نه‌گۆره‌ وده‌شتوانن روڵی كه‌سانی تر ببینن.
دوهه‌م: ده‌قی وه‌سفی: له‌م جۆره‌ ده‌قه‌دا ڕسته‌ ناوییه‌كان باڵاده‌ستن و ده‌قه‌كه‌ زیاتر په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌وه‌سف كردنی‌ ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر و بابه‌ته‌ لاوه‌كییه‌كان. له‌شیعری‌ «ئافره‌ت و جوانی‌»شاعیر وێنه‌كان ده‌گرێت له‌دووره‌وه‌ بۆ نزیك و له‌ سروشته‌وه‌ بۆ ئافره‌ت . له‌پاڵ رسته‌ كردارییه‌كان رسته‌ ناوییه‌كان جوانییه‌كیان به‌ده‌قه‌كه‌ به‌خشیوه‌ كه‌یارمه‌تده‌رێكی‌ باشن بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ڕسته‌ كردارییه‌كان . بۆنموونه‌ شاعیر به‌بێ‌ چوونه‌ نێو رسته‌ی‌ ناویی‌ و رسته‌ وه‌سفكراوه‌كان ناتوانێت یه‌كسه‌ر بڵێت:
ئه‌مانه‌ هه‌موو جوانن شیرینن ڕۆشنكه‌ره‌وه‌ی‌ شه‌قامی‌ ژینن
به‌ڵام ته‌بیعه‌ت هه‌رگیزاو هه‌رگیز
بێ‌ ڕووناكییه‌ بێ‌ بزه‌ی‌ ئازیز!
له‌ پێش ئه‌م وێنه‌یه‌، شاعیر پێویستی‌ به‌گرتنی‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كه‌، تا به‌كاری‌ به‌روورده‌كان هه‌ڵسێت. واته‌، ئێمه‌ی‌ خوێنه‌ر نازانین ئه‌و شتانه‌ چین كه‌ جوانن و ڕۆشنكه‌ره‌وه‌ی‌ شه‌قامی‌ ژینن تا شاعیر ده‌ست نیشانی‌ ئه‌و شته‌ جوانانه‌ نه‌كات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌پێش ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ پێویستمان به‌م وێنه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كه‌وتوته‌ پێش وێنه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌:
خوڕه‌ی‌ قه‌ڵبه‌زه‌ی‌ كه‌فزیوینی چه‌م
له‌هه‌زار چه‌شنه‌ پرشنگی ناو ته‌م
میوه‌ی گه‌یشتووی زه‌رد و سووری باخ
جریوه‌ و جووكه‌ی دارستانی شاخ
له‌ گه‌رووی شمشاڵ، له‌ ته‌لی كه‌مان
گه‌لێ هه‌ڵساوه‌ئاوازه‌ی جوان جوان
له‌ هه‌مان ده‌قدا شاعیر ئه‌و شته‌ی‌ كه‌مه‌به‌ستێتی‌ بریتییه‌ له‌ ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر نه‌ك شتی‌ تر به‌خۆیی‌ سروشتیشه‌وه‌، واته‌ جه‌خت كردن له‌سه‌ر پێكهینانی‌ ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و وێنانه‌مان بۆ ده‌گرێت كه‌ شاعیر خۆی‌ مه‌به‌ستێتی‌ و له‌ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ریشدا هه‌یه‌:
كام ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌ش ،كام گوڵی‌ كێوی‌
ئاڵه‌ وه‌ك كوڵمی ؟ گۆی مه‌مكی ؟ لێوی
كام ره‌شی ئه‌گا به‌ ره‌شی چاوی ؟
برژانگی ؟ برۆی ؟ ئه‌گریجه‌ی خاوی ؟
كام به‌رزی جوانه‌ وه‌ك به‌رزی باڵای
كام تیشك ئه‌گاته‌ تیشك نێو نیگای ؟
سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌ لاوه‌كییه‌كان، گه‌ر سه‌یرێكی‌ خیرای‌ ده‌قه‌كه‌ بكه‌ین ئه‌وا به‌ئاشكرا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ شاعیر، له‌پاڵ باسكردنی ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر، بایه‌خێكی‌ باشی‌ به‌ سروشتیش داوه‌ مه‌به‌ستی‌ :
به‌ ئاسمانه‌وه‌ ئه‌ستێره‌م دیوه‌
له‌باخچه‌ی‌ به‌هار گوڵم چنیوه‌
شه‌ونمی دره‌خت له‌ رووم پژاوه‌ ،
له‌ زه‌رده‌ی زۆر كه‌ل سه‌رنجم داوه‌
ئه‌م بابه‌ته‌ لاوه‌كییانه‌ زیاده‌ نین وبونیان له‌ ده‌قه‌كه‌ پێویستییه‌كی فیكری و هونه‌رییه‌،ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ جوانی ئه‌وی به‌رمبه‌ر، وه‌ك كارێكی به‌راووردكاری ، به‌ده‌ر ناكه‌وێت به‌ بێ ئه‌م بابه‌ته‌ لاوه‌كیانه‌ به‌وپێیه‌ی هه‌ردوكیان سه‌رچاوه‌ی یه‌ك خیلقه‌تن به‌ڵام به‌ جیاوازی ئه‌رك وكارنامه‌ وفۆرم.له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بابه‌ته‌ لاوه‌كییه‌كان ته‌واوكه‌ری تابلۆكه‌یه‌ به‌و پێیه‌ی ده‌قه‌كه‌ له‌ واقیعێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ وناكرێت ته‌نها جه‌خت له‌سه‌ر وێنه‌یه‌ك بكات و وێنه‌كانی تر فه‌رامۆش بكات. ئه‌مه‌ له‌ هونه‌ری شێوه‌كاری ئیمپرێشینیزم به‌ هه‌مان شێوه‌ مامه‌ڵی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت ،له‌ كاتێكدا هونه‌رمه‌ند هه‌سته‌كانی خۆی ده‌خاته‌ گه‌ر ودوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ كه‌ره‌سته‌ عه‌قلییه‌كان ، به‌مه‌ش ده‌توانێت به‌رجه‌سته‌ی باره‌ ده‌رونییه‌كانی خۆی بكات و كاریگه‌ری له‌سه‌ر خۆی و ده‌ره‌وه‌ دروست بكات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ هونه‌رمه‌ندی ئیمپرێشینیزم ده‌ڵێت :من خاوه‌ن هه‌ستم وبوونی خۆم هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا خاوه‌ن عه‌قڵه‌كان به‌ نموونه‌ی دیكارت ده‌لێت : من خاوه‌ن فیكر و عه‌قڵم وبوونی خۆم هه‌یه‌.
سێهه‌م: ده‌قی‌ ڕاڤه‌یی: ئه‌م ده‌قه‌ كار له‌سه‌ر هۆكارو ئه‌نجامه‌كان ده‌كات ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا شاعیر به‌ به‌مه‌ستی‌ ڕونكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی ،چه‌ند نموونه‌یه‌كمان بۆ ده‌خاته‌ ڕوو. له‌ ئۆپه‌رێتی‌ ((ئه‌نجامی‌ یاران)) گۆران به‌ر له‌وه‌ی‌ پێناسه‌ی‌ كه‌س و دایه‌لۆگ و ڕووداوه‌كه‌مان بۆ بكات، زانیاری وڕونكردنه‌وه‌یه‌كمان له‌سه‌ر شوێنه‌كه‌ ده‌داتێ وده‌ڵێت: ((سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌بن سێبه‌ری‌ كۆمه‌ڵه‌ درختێكدا ، له‌دێیه‌كی‌ بنار شاخ، پلووسكێكی دارین له‌كه‌ڵه‌كه‌ به‌ردێكی‌ به‌رزه‌وه‌ ئاوێكی‌ زۆری‌ لێ دێته‌خوار)). ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌یه‌ پێویستیه‌كی‌ گرنگه‌ بۆ ڕۆمانسێتی‌ جێگه‌و ڕووداو و كاریگه‌رییه‌كه‌ی‌.
دواتر، به‌ر له‌وه‌ی‌ بچینه‌ نێو زانیاری ونموونه‌ ڕونكراوه‌ییه‌كان كه‌ هۆكارن بۆ وروژاندن و جوڵه‌ی‌ خوێنه‌ر، ده‌چینه‌ نێو ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌بزوێنه‌ری‌ بابه‌ت و ڕووداوه‌كه‌یه‌ . هۆكاره‌كه‌ خۆی‌ له‌م خاڵانه‌ی‌ خواره‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌:
یه‌كه‌م/ خودی‌ بكه‌ری‌ پاڵه‌وان له‌ جۆری‌ شۆرشگێره‌ و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت : ((چه‌ته‌ی‌ نیشتمانم )) ئه‌م جۆره‌ به‌هۆی‌ سروشتی‌ كارنامه‌كه‌یه‌وه‌، خۆی‌ له‌جێگه‌یه‌كی سه‌خت و جوانی‌ سروشتدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ كانیه‌كه‌ی‌ پڕه‌ له‌ زیخی‌ مرواری‌ و ئاوه‌كه‌ش به‌شێكه‌ له‌ زیو، له‌ لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ نه‌مران و جوانان وعاشقانه‌. ئه‌م جێگه‌یه‌ بوو به‌ سه‌رچاوه‌ وده‌سپێكی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی وسۆزدارییه‌كه‌ی خودی بكه‌ر و ئه‌وی به‌رامبه‌ر، كه‌ جۆری په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌ جۆری كتوپری بوو :
دایه‌ ، پار چه‌ته‌ بووم ، چه‌ته‌ی نیشتیمان
له‌ شاخ هاتمه‌ خوار ،
له‌سه‌ر ئه‌م پلووسكه‌ مه‌نیجی چاو جوان
تووش بووم یه‌كه‌م جار
بۆم روانی.. بۆی روانیم..
دوهه‌م/ داب و نه‌ریتێكی‌ خراپ كه‌هۆكاره‌ بۆ جیابوونه‌وه‌ ودابڕان و نامۆبوون . ناشیرینترین نه‌ریت له‌ده‌قه‌كه‌دا بریتییه‌ له‌ ژن به‌ ژن . دیاریده‌ متریالیزمه‌كان كه‌ هۆكارێكی‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ تێك شكانی‌ چه‌مكی‌ په‌یوه‌ندی نێوان خودی‌ بكه‌رو ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر ، ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كی كۆنه‌ په‌رستانه‌یه‌ دژ به‌ جوانی‌ و ئازادییه‌كان:
بۆ ماڵ و ژن به‌ ژن و باووكی‌ چرووكی‌
له‌ دێیه‌كی‌ دوور
له‌ به‌ندی پیرێكی‌ توند كرد
ژاكا گوڵی‌ سوور
سێهه‌م: زه‌وت كردنی‌ سه‌ربه‌ستی‌ و ئازادییه‌كان،ئه‌مه‌شیان به‌هۆی‌ چه‌وتی نه‌ریتێكی‌ خراپتر كه‌هه‌میشه‌ هه‌وڵی‌ داوه‌ ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ری‌ ئافره‌ت هیچ كات خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و بڕیار نه‌بێت ، به‌ڵكو وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی‌ لاواز وبێ‌ ده‌سه‌ڵات سه‌یر بكرێت،ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ تێكشكانی‌ سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كانی‌ ئه‌م ڕه‌گه‌زه‌. له‌م ده‌قه‌دا، ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر په‌یمانی‌ خۆشه‌ویستی‌ ئه‌به‌ستێت له‌گه‌ڵ خودی‌ بكه‌ر . یه‌كتریان زۆر خۆش ده‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر هیچ خۆشی‌ و شادییه‌ك له‌ پاره‌و پوول نابینێت . له‌ جیاتی‌ ئه‌مه‌، رۆژانه‌ فرمێسكه‌كانی‌ بۆ خودی‌ بكه‌ری‌ پاڵه‌وان ده‌رژێنێ:
وا ئیستا كه‌وتووه‌ له‌سه‌ر نوێنی‌ خه‌م
فرمێسك ئه‌بارێنێ‌: كه‌ی‌ كه‌م ئیستا كه‌م.
له‌مه‌ش زیاتر، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پاڵه‌وان به‌هۆی‌ نه‌ریته‌ خراپه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و مردن ده‌چێت، ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر (مه‌نیج) ،له‌پێناو عیشق و سه‌ربه‌ستیدا، خۆی ده‌خنكێنێ وكۆتایی به‌ ژینی خۆی دێنێ:
ئه‌مه‌یه‌ قیبله‌گای‌ ته‌وافی‌ كچان
گڵكۆی‌ مه‌نیج جوان
بۆ دۆستی‌ جوانه‌ مه‌رگی‌ وه‌فایی‌ خۆی‌ نوان
ئه‌ویش خۆی‌ خنكان
خۆی‌ كرده‌ قۆچی‌ عه‌شق، قۆچی‌ سه‌ربه‌ستی‌
لێره‌دا جێگه‌ی‌ خۆیه‌تی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌شاعیر ،هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ لاوێتیدا به‌هۆی دابڕانه‌ سۆزداریه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن هێزی‌ ده‌سه‌ڵات، ده‌یه‌وێت وه‌ك شاعیرێكی‌ رۆمانسی وێنه‌ی‌ زه‌مانێكمان بۆ بكێشی‌ كه‌ له‌واقیعدا وون بووه‌ یان جێگه‌ی‌ نه‌ماوه‌، بۆ ئه‌مه‌ش، ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی‌ خه‌یاڵه‌وه‌ ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ی‌ كه‌ له‌ده‌ستی چووه‌، هه‌مان هه‌ڵوێسته‌ی مه‌نیج وه‌ربگرێ كه‌له‌ ڕووی‌ سیاقه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كی ده‌رچوو.
چوارهه‌م: جوانییه‌ ناوه‌كی‌ و ده‌ره‌كییه‌كانی‌ ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر ،ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر ( مه‌نج )، ده‌رهه‌ق به‌ خودی‌ بكه‌ر ( برزوو ) كه‌سێكی جیاواز بوو ،له‌ جوانیدا بێ‌ وێنه‌ بوو :
ئاوم خوارد سه‌رنجم دا له‌ باسكی‌ رووت ،
پووزی‌ هه‌ڵكراو
له‌سه‌ر ورده‌ زیخی‌ مرواری‌ و زمڕووت
وه‌ك مه‌ڕمه‌ڕ تاشراو
ڕوانیمه‌ باڵای‌ ڕێك ، سه‌روپێچی شل
ئه‌گریجه‌ی‌ وه‌ك شه‌وه‌ی‌ سه‌ر به‌فری‌ لامل
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ مه‌نیج خاوه‌ن ڕه‌وشت و خوویه‌كی‌ به‌رز بوو :
شیرینه‌ سه‌رتاپای‌ ئه‌ندامی‌ مه‌نیج
شرینتر : ڕه‌وشت و خوو و فامی‌ مه‌نیج .
ئه‌نجامی ئه‌م هۆكارانه‌ ،به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ،هه‌ره‌س هێنانی‌ جوانییه‌كانی‌ ژیانه‌ به‌ ئازادی‌ و سه‌ربه‌ستی‌ و چه‌مكی‌ خۆشه‌ویستی‌ و په‌یوه‌ندی‌ و دروست كردنه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا سروشتی‌ زه‌مه‌ن به‌ كاریگه‌رییه‌ فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسی و ده‌رونیه‌كانه‌وه‌ هۆكارێك ده‌بن بۆ ئه‌نجامێكی‌ نوێ‌ كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ وێنه‌كانی‌ زه‌مه‌نی‌ ڕابردووه‌ .به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ دوا بڕگه‌ی‌ ئۆپه‌رێته‌كه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر زاری‌ هه‌ردوو كۆرس به‌ تێكه‌ڵی‌ ئه‌و جۆره‌ ئه‌نجامه‌ ده‌خه‌نه‌ روو كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئازادی‌ و یه‌كسانی‌ ودادپه‌روه‌ری وجوانییه‌كاندا نیه‌:
بێن كچان، بێن كوڕان، په‌یمان ببه‌ستین
بۆ هێزی‌ زۆرداری‌ مل كه‌چ نه‌وه‌ستین
شه‌هیدانی‌ عه‌شق
بكه‌ین به‌سه‌ر مه‌شق
دڵداری‌ ڕاست و پاك ئامانجمان بێ‌ گشت
یان بژین سه‌رفراز یان بچین بۆ كوشت
نموونه‌ ڕوونكردنه‌وه‌كان له‌ ده‌قه‌كه‌دا ڕاڤه‌ی‌ ڕووداو وگێڕانه‌وه‌كانمان بۆ ده‌كات. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ی‌ خوێنه‌ر ، له‌ ڕێگه‌ی‌ ڕوونكردنه‌كانه‌وه‌ ده‌توانین له‌ سروشتی‌ جێگه‌و كه‌س و ده‌وروبه‌ر تێبگه‌ین. سه‌باره‌ت به‌ كاری‌ گرێدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌ سۆزدارییه‌كه‌ی‌ نێوان خودی‌ بكه‌رو ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ر، پیوێیستمان به‌رونكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك وه‌ك چۆن و له‌كۆێ‌ و له‌ چ بارودۆخێكدا په‌یوه‌ندییه‌كه‌ ئه‌نجام درا، ئه‌وه‌تا، له‌سه‌ر زاری‌ خودی‌ بكه‌ر (برزوو)، ده‌زانین كه‌ ئه‌م خوده‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ پێشبینی‌ نه‌كراو باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێشتر ئه‌وی‌ به‌رامبه‌ری‌ نه‌ناسیوه‌، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر كانی‌ ئه‌و دێیه‌ی‌، كه‌ كه‌وتوته‌ بنار شاخێكه‌وه‌ ،كچه‌كه‌ی‌ ناسیوه‌ و له‌ وێشه‌وه‌ به‌شێوه‌كی‌ زۆر جدی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان دروست كردووه‌:
… سوره‌ گوڵێك هه‌یه‌ له‌م دێیه‌
مه‌نجی‌ ناوه‌،
نابینم وه‌كوو پار له‌به‌ر پلووسكا
ئاو بدا به‌ كوڵمی نه‌رم و ناسكا
—– —– —–
له‌سه‌ر ئه‌م پلووسكه‌ مه‌نیجی چاو جوان
تووش بووم یه‌كه‌م جار
بۆ رونی.. بۆی روانیم به‌ دوو چاوی ره‌ش
چوارهه‌م: ده‌قی‌ به‌ڵگه‌یی:له‌م ده‌قه‌دا ڕووبه‌ڕووی‌ فیكره‌ ره‌تكراو وپێشنیازه‌كان ده‌بینینه‌وه‌،ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی‌ به‌ڵگه‌و سه‌لماندن وبیانوه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. له‌ شیعری‌ (( زیندانی‌ ئه‌ژده‌هاك)) كه‌ بۆ بته‌كانی‌ فاشیزمی‌ ووتوه‌ ، شاعیر به‌شێوه‌كی‌ سیمبل (هێما) ئامێز، سروشت و مامه‌ڵه‌و ستراتیژیه‌تی‌ فاشیزمان بۆ ده‌رده‌خات و دواتر ئه‌م سروشته‌ دڕنده‌و كوشنده‌یه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ سوكایه‌تیبوون به‌كه‌سێتی‌ مرۆڤ ده‌كات و جوانییه‌كان تێك ده‌شكێنن. له‌ پێناو چێژه‌كانی‌ خۆیان، فاشیزمه‌كان ده‌كه‌ونه‌ وێزه‌ی‌ هه‌موو ،بێ‌ جیاوازی‌ ره‌گه‌زو ئایین و جێگه‌و زمان:
ئه‌ژده‌ هات، ئه‌ی‌ دێوی‌ له‌بیر زراوچوو
ئه‌ی ناشتای مارانت به‌ مێشك كردوو
ئه‌و مێشكتازانه‌ی زنجیرت كردوون
له‌ لێوی پێچاڵی مه‌ركا راتگرتوون
چاوه‌رێی فه‌رمانن به‌ رێی نه‌هاتا
ببرێنه‌ به‌ر ته‌ناف له‌ نۆره‌و كاتا
شاعیر، به‌مه‌ستی‌ به‌رجه‌سته‌كردنی سروشتی‌ فاشیزم، چه‌ندین به‌ڵگه‌مان بۆ دێنێته‌وه‌ تا بیسه‌لمێنێ ،بۆ هه‌موان، كه‌ گوتارو ستراتیژییه‌تی‌ فاشیزم خه‌ته‌رناكه‌و هۆكارێكه‌ بۆ له‌ناوچوونی‌ مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی‌:
ئه‌ژده‌ هات ! زیندانت قه‌ڵا قه‌ڵایه‌،
دیواری‌ كۆنكرێت ده‌رگای‌ پۆڵایه‌.
ئه‌ژده‌هاك !كون بره‌ ،سه‌خته‌ زیندانت ،
نارووشێ به‌ بربه‌ن به‌ندی گرانت
دڵره‌قیت هه‌ر تاوه‌ چه‌شنه‌ سزایه‌
بۆ به‌ندی خاوه‌ن هۆش ئه‌خاته‌ كایه‌
—– —– —–
هه‌ر ئه‌گری‌، ئه‌كوژی‌، ئه‌ده‌ی‌ له‌گه‌ردن
مێشك ده‌رخوارد ئه‌ده‌ی‌ به‌ماری‌ نه‌وسن .
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، شاعیر پێشنیازی‌ ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌كات كه‌چۆن خۆمان ڕزگار بكه‌ین له‌م فاشیزامه‌ . جۆری‌ پێشنیازه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی‌ و یه‌گرتنی‌ تاكه‌كان و جۆش و خرۆشی‌ كۆمه‌ڵ تا هه‌موو له‌ ڕێگه‌ی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ وه‌ك (كاوه‌) په‌لاماری‌ بنكه‌و سه‌ربازگاو مۆڵكه‌كانی‌ فاشیزم بده‌ن و ئاڵای‌ ئازادی‌ و سه‌رفرازی‌ هه‌ڵبكه‌ن:
تا ڕۆژی‌ ئه‌و خوێنه‌ی‌ به‌ناحه‌ق ڕشتت ،
ئه‌و بیره‌ی وات زانی ئێجگاری كوشتت ،
تاو ئه‌ده‌ن ته‌نووری ده‌ماری كاوه‌ ،
ئه‌و چه‌كوشوه‌شێنه‌ی رۆڵه‌ كوژراوه‌
ئه‌خرۆشێ و ئه‌جۆشێ و كۆمه‌ڵ یه‌ ئه‌خا
هه‌ر هه‌ڵسا و ئه‌بینی زیندانت رووخا
ئه‌و حه‌له‌ هه‌ر لاوێ له‌ زیندانتا مرد
ئه‌بێته‌ مایه‌ی به‌خ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد
پێنجهه‌م: ده‌قی‌ دیالۆگی‌: له‌م ده‌قه‌دا پشت به‌دیالۆگی‌ نێوان كه‌س و وێنه‌كانی ده‌ق ده‌به‌سترێت، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ئارسته‌كردنی‌ خوێنه‌ره‌ بۆ ده‌قه‌كه‌ . له‌شیعری‌ «نق و جق» كه‌ شیعرێكی‌ شانۆیی یه‌ك په‌رده‌یه‌، دیالۆگه‌كان له‌ نێوان پیاوێكی‌ هه‌ژاری‌ ده‌ست كورت و دوو به‌ر پرس و سه‌رۆك به‌رپرسان دروستده‌بێت. دیالۆگه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی‌ كارگێری‌ بونیاد نراوه‌ كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ سروشتی‌ كارمه‌ندانی‌ نابه‌ربرس نیشان ده‌دات ده‌رهه‌ق به‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ كه‌ بۆ مه‌به‌ستی‌ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ كاره‌كانیان ڕوویان له‌و ده‌زگایانه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی دڵشاندنی‌ لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ ،له‌ لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ نادادپه‌روه‌رییه‌كان هۆكارن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی‌ گه‌نده‌له‌كان .لێره‌دا به‌شی هه‌ژارانیش تێهه‌ڵدانه‌ یان كه‌له‌پچه‌كردنه‌ .خوێنه‌ر ‘به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ده‌قه‌كه‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌كی‌ لا دروست ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ ناهه‌قی‌ و نادادپه‌روه‌ری‌ و گه‌نده‌ڵی. ئه‌م وێنانه‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نین به‌ شوێنی‌ دیمه‌نه‌كه‌ به‌ڵكو وه‌ك نه‌خشه‌یه‌ك سه‌رجه‌م جومگه‌كانی‌ ژیانی‌ گرتۆته‌وه‌ به‌ زه‌مه‌نی‌ پێش ده‌ق و زه‌مه‌نی‌ ده‌ق و زه‌مه‌نی‌ دوای‌ ده‌قیش . ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان گه‌لێك زیاتر زه‌مه‌نی‌ ئێستای‌ تێپه‌ڕاندووه‌ و بۆته‌ نه‌ریتێك بۆ گشت زه‌مه‌نه‌كان .واته‌ زه‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كان ، وه‌ك كارێكی‌ ڕێكه‌وتن ، دیالۆگێك ده‌یانبات به‌ڕێوه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ رووداو دیمه‌نه‌كان هێشتا كۆتاییان پێ‌ نه‌هاتبێت :
هه‌ژار { سێ هه‌نگاو ئه‌نێ بۆ به‌رده‌می نق}
_ قوربان كارم ؟
نق { بێ سه‌ر هڵبرین } :
به‌ده‌ست جقه‌ .
—– —– —–
هه‌ژار :{ به‌واقورماوی چاوی گێرا به‌ گشتیانا . له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ } :
حه‌ی له‌ نق و جقی كارم
چه‌ند گورج ده‌رچوون بۆ ئازارم ! ؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكی‌ ئه‌مریكی‌، كرا به‌ كوردی‌

كۆمەڵە چیرۆكێكی چیرۆكنووس و شاعیری ئامریكایی (ریچارد ڕایت 1908 – ...