سەرەکی » کەلتوور » قاوشی ژمارە 3 کەوتە بەردیدەی خوێنەرانی

کتێبی دووەمی یاداشتەکانی د. ئەرسەلان بایز

قاوشی ژمارە 3 کەوتە بەردیدەی خوێنەرانی

لەدووتووێی 246 لاپەڕەدا کتێبی (قاوشی ژمارە 3) لە نووسینی د. ئەرسەلان بایز کە کتێبی دووەمی یاداشتەکانێتی و رووداوەکانی ناو کتێبەکە لەنێوان ساڵانی 1975 – 1979دایە، چاپ و بڵاوکرایەوەو کەوتە بەردیدەی خوێنەرانی.

لەچارەنووسی نادیارو مەرگی خۆیان نزیکدەبوونەوە
لەبەشێکی کتێبەکەدا هاتووە: دوای بانگی خەوتنانی رۆژی 31/12/1975 لەبنکەکە هاتنە خوارەوە، ملی رێیان گرت و هەر حەوتیان لەژێر فەرماندەیی پۆلیسێکی دوو خەت لەقۆڵ، پاسەوانیی دوو پۆلیسی تر هەریەکەو بەخۆیان و کڵاشینکۆفێک بەچوار یەدەیەک لەکەمەریان بەبێدەنگی وردەوردە رێیان دەبڕی، دوو دڵ.. ناڕەحەت هەناسەسوار.. هەنگاو بەهەنگاو لەچارەنووسی نادیارو مەرگی خۆیان نزیکدەبوونەوە. جارجارەش بریسکەی دەنکە شخارتەیەک بۆ جگەرە داگیرساندنی (خاڵە شەهاب)، فڕینی کەوو سوێسکەێک.. خشپەی مارو زیندەوەرێک.. خشەی جولانەوەی گەڵای لقەدارو دەوەنێکی بەر کزەبایەک.. ساتمەو هەڵەنگوتن لەنیو کاژێر رۆیشتن و بڕینی چەندین هەورازونشێو دوای دوورکەوتنەوە لەبنکەی پۆلیسەکە، وردەوردە راشکانی شەوو زیاتر چوونە نێو دۆڵ و گەلییەکان.

دڵخۆشبوون بەوەی ئەمنەکان هیچ سوودێکیان لەهیچ کامیان نەدیبوو
لەبەشێکی تری ئەم یاداشتانەدا هاتووە: لەگەڵ غەڵبەغەڵب و دەنگەدەنگی پۆلیسەکان و جیڕەی کردنەوەی دەرگا گەورە ئاسنینەکەی زیندانەکە هاوڕێ زیندانییەکانی ناو هۆڵەکەو (خاڵە و فەرەیدون) هاوڕێیانی تری ژوورە ئینفیرادییەکانیش هەموو لەپەنجەرەی دەرگاکەوە سەیری راڕەوی هۆڵەکەیان دەکرد، دەیانویست بزانن ئەو غەڵبەغەڵبە چییەو چ روویداوە..!! کێ هاتەوە..!! کێ لێیدراوە.. کێ بەسەلامەتی هاتۆتەوە.. جۆری لێدانەکەیان چۆن بووە.. کێ خۆڕاگرو کێ لاواز بووە..؟ پرسیارەکان چیبون. دیاربوو هاوڕێیان وەکو ئەزموون چاوەڕوانی یەکەمین رۆژی لێکۆڵینەوە بوون تاکو بزانن پرسیارو وەڵامەکان جۆری ئەشکەنجەدان و کارەکان بەچ ئاراستەیەکدا دەڕوات. کاتێ (خاڵە)و هاوڕێیان چاویان بە (ئەو)و (سەلام) کەوت، هەردووکیان شەڵاڵی خوێنن زۆر ناڕەحەت بوون.. دیاربوو پێشتر (یاوەر)یان بەسەلامەتی بردبۆوە بۆ زیندان.. هەرچەندە پرسیاریان لێکردبوو وەڵامی کەسی نەدابۆوە. لەلایەکی تریشەوە دڵخۆشبوون بەوەی کە دیاربوو ئەمنەکان هیچ سوودێکیان لەهیچ کامیان نەدیبوو، بۆیە وا ئەشکەنجەیان دابوون و خوێن بەگیانیانەوە دیارە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید بەشی نۆزدە کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە ...