سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » منه‌وه‌رێك تا دوا هه‌ناسه‌

منه‌وه‌رێك تا دوا هه‌ناسه‌

ئاماده‌كردنی: زاموا زاهیر

له‌ یادی‌ سێ‌ ساڵه‌ی‌ دكتۆر مسته‌فا زه‌ڵمیدا

سێ ساڵ تێپه‌ربوو به‌سه‌ر كۆچی دوایی پرۆفیسۆر دكتۆر مسته‌فا زه‌ڵمی‌، ئه‌م زانا گه‌وره‌یه‌ی كورد له‌ ٤ی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠١٦دا به‌یه‌كجاری ماڵئاویی لێكردین، جێی ئاماژه‌ بۆكردنه‌ دوایین دیداری ته‌له‌فزیۆنی ئه‌م منه‌وه‌ره‌ی كورد له‌گه‌ڵ خاك تیڤیدا بوو، هاوكات ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و ڕاگه‌یاندنی خاك له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا دكتۆر مسته‌فایان به‌سه‌ركرده‌وه‌و چه‌پكه‌گوڵی رێزو وه‌فایان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌نده‌كه‌یان پێشكه‌ش به‌م زانا گه‌وره‌یه‌ی كورد كرد پێش ماڵئاواییكردنی.
گرنگترین وێستگه‌كانی ژیانی پرۆفیسۆر زه‌ڵمی‌:
دكتۆر مسته‌فا زه‌ڵمی‌ ساڵی 1924 له‌ گوندی زه‌ڵمی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ دایك بووه‌‌. ساڵی 1934 چۆته‌ قوتابخانه‌ی ئایینی‌ و له‌سه‌رده‌ستی مامۆستایانی پسپۆڕ‌و شاره‌زا له‌ زانایانی ئایینی عێراق‌و ئێران زانسته‌كانی: (نه‌حو، سه‌رف، مونازه‌ره‌، مه‌نتیق، به‌لاغه‌، ئوسولی دین، ئوسولی فیقه، فه‌لسه‌فه‌، بیركاری، فه‌له‌كناسی) خوێندووه‌.
مسته‌فا زه‌ڵمی‌ ئاره‌زویه‌كی زۆری خوێندنی هه‌بوو چه‌ندین هه‌وراز و نشێوی بڕیوه‌ ڕووبه‌ڕووی زۆرترین نه‌هامه‌تی و سه‌ختی ژیان بۆته‌وه‌ له‌ پێناو ده‌سكه‌وتنی زانست زۆربه‌ی زۆری ناوچه‌كانی كوردستانی باشور و ڕۆژهه‌ڵاتی بڕیوه‌ له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیدا. پاشان ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رده‌گرێت.
ساڵی 1946 بڕوانامه‌ی (عالیم)ی له‌زانسته‌ ئیسلامییه‌كان به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی زانستی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف. پاشان ده‌چێته‌ ناو سوپا و ده‌بێت به‌ ئیمامی سوپا و له‌ (جه‌له‌ولا ) جێگیر ده‌بێت، مسته‌فا زه‌ڵمی‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌ شۆرشی ١٤ه‌ی ته‌موزی ساڵی ١٩٥٨ و له‌گه‌ڵ رێخراوی ئه‌فسه‌ره‌ ئازادی خوازه‌كاندا په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستێت و چه‌ندین ئه‌ركی گرنگی پێده‌سپێردریت له‌گه‌ڵ چه‌ندین كوردی تری نیشتمان په‌روه‌ر له‌ پێناو به‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانی گه‌لی كوردا تێده‌كۆشێت، پاش شكست هێنانی شۆرش و هه‌لگه‌رانه‌وه‌ی سه‌رانی شۆڕش له‌گه‌ڵ میله‌تی كورد، دكتۆر مسته‌فا زه‌ڵمی‌ په‌یوه‌ندی خۆی به‌سه‌رانی شۆرش ده‌بچرینێت و زیاتر گرنگی ده‌دات به‌ زانسته‌كه‌ی.
هه‌رچه‌نده‌ مسته‌فا زه‌ڵمی‌ ، مه‌لا بووه‌ و شاره‌زای بواری شه‌ریعه‌ی ئیسلام بووه‌ به‌ڵام هه‌میشه‌ ئاره‌زووی به‌ده‌ستهێنانی زانست و زانیاری زیاتری هه‌بووه‌ بۆیه‌ بیر له‌ خوێندنی یاسا ده‌كاته‌وه‌ و هه‌رچه‌نده‌ ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه‌ و خاوه‌نی خیزان و منداڵ بووه‌ له‌و كاته‌دا ، و له‌گه‌ڵ سه‌ختی ژیاندا به‌لام كۆڵی نه‌داوه‌ له‌ به‌ده‌ست هێنانی زانست و زانیاری و ده‌بیته‌وه‌ به‌ خوێندكاری زانكۆ و سه‌رئه‌نجام به‌ نمره‌یه‌كی زۆر به‌رز له‌ ساڵی 1965 به‌كالۆریۆسی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ یاسا له‌ زانكۆی به‌غداد. هه‌روه‌ها له‌ساڵی 1968 ماسته‌ری له‌ شه‌ریعه‌ به‌ه‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ زانكۆی به‌غداد.
هه‌ر له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی زانست و زانیاری زیاتر بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ وڵات جێبێڵێت و خۆی خانه‌نشین بكات له‌ ئیمامی سوپا كه‌ موچه‌یه‌كی به‌رزیشی هه‌بووه‌ له‌و كاته‌دا. به‌ڵام هه‌میشه‌ زانستی به‌ گرنگتر زانیوه‌ له‌ هه‌موو شتێك و ڕوو ده‌كاته‌ خاكی میسر بۆ خوێندنی زیاتر و به‌ ژیانێكی زۆر سه‌خت خوێندن ته‌واو ده‌كات.
ساڵی 1971 ماسته‌ری وه‌رگرتووه‌ له‌ فیقهی به‌راوردكاری له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ر، دواتر ساڵی 1973 ماسته‌ری له‌ یاسا به‌ده‌ستهێناوه‌ هه‌ر له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ر‌، ساڵی 1975 دكتۆرای له‌ فیقهی به‌راوردكاری به‌ده‌ستهێناوه‌، ساڵی 2004 دكتۆرای له‌ یاسا به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ زانكۆی به‌غدا، دكتۆر زه‌ڵمی‌ یه‌كێكه‌ له‌ مامۆستا هه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی كۆلێژه‌كانی یاسا له‌ زانكۆكانی عێراق وه‌ له‌سه‌رده‌می مامۆستایه‌تیدا زۆرترین خه‌ڵات و ڕێزلێنانی وه‌رگرتووه‌، وه‌ یه‌كه‌م مامۆستای زانكۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق كه‌ به‌ بڕیارێكی تایبه‌ت فه‌رمانی خانه‌نشین نه‌كردنی بۆ ده‌رچووه‌ تا ئه‌و ساته‌ی توانای هه‌بێت و ویستی هه‌بێت بتوانێت وه‌ك مامۆستا بمینێته‌وه‌. دكتۆر زه‌ڵمی‌ ده‌ستێكی باڵای‌ هه‌یه‌ له‌ دانانی كتێبی مه‌نهه‌جی بۆ كۆلیژی یاساكان كه‌ ٤ كتێبی وه‌ك مه‌نهه‌ج ده‌خوێنرێت له‌ هه‌ر چوار قۆناغه‌كه‌ی كۆلێژی یاسا وه‌ یه‌ك كتێبی له‌ ماسته‌ر و كتێبێكی تری له‌ دكتۆرا ده‌خوێندرێت . وه‌ كتێبه‌كانی له‌ زانكۆكانی عێراق و ئه‌رده‌ن و ئه‌نده‌نوسیا و یه‌مه‌ن ده‌خوێندرێت. زیاتر له‌ په‌نجا په‌رتووكی داندراوی هه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی شه‌ریعه‌‌و یاسا‌و، زیاتر له‌ چل توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی یاسا‌و فیقهو فه‌لسه‌فه‌‌. سه‌رپه‌رشتیكردنی زیاتر له‌ 100 نامه‌‌و تێزی دكتۆرا‌و ماسته‌ر له‌ بواره‌كانی ئوسولی فیقهو فه‌لسه‌فه‌‌و یاسا‌و شه‌ریعه‌.، به‌شداری ژماره‌یه‌ك زۆر كۆنگره‌ی كردووه‌ له‌ ناوه‌وه‌‌و ده‌ره‌وه‌ی عێراق. دكتۆر زه‌ڵمی‌ لێپرسراوی ده‌سته‌ی زانستی كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامی كوردستان بووه‌. له‌ ماوه‌ی ژیانیدا دكتۆر مسته‌فا له‌ پای كۆشش و توانای زانستی چه‌ندین خه‌ڵاتی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێناوه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆزه‌كانی خه‌یاڵ

حه‌سه‌ن نازدار گۆزه‌گه‌ره‌كه‌ ‌به‌ ته‌واوی ئاره‌زوه‌وه‌ ‌به‌ قاچه‌كانی بزوێنه‌ری ئامێری ...