سەرەکی » دۆسێ » دۆسێی جەنگی هواوی

دۆسێی جەنگی هواوی

لێرەوە هەموو ماجەراکانی تەنگژەكەی هواوی بزانە

ئەم دوو توێیە

چەند ئەگەرەكانی هەڵایسانی جەنگێك لەنێوان ئەمریكا ‌و ئێراندا خەڵكی سەرقاڵ كردووە، تەنگژەكەی نێوان كۆمپانیای هواوی ‌و گوگڵ-یش كەمتر خەڵكی بەخۆیەوە سەرقاڵ نەكردووە، ئەگەر ئەوەی یەكەمیان جەنگی سیاسی ‌و سەربازیی بێت و مەترسیی بۆسەر دۆخی ئابووریی هەبێت، ئەوا ئەمەی دووەمیان بەئاشكرا جەنگێكی ئابووریی نێوان كۆمپانیای هواوی ‌و چەند كۆمپانیایەكی زەبەلاحی دیكەی خۆرئاوایی كە لەڕێی بەربڵاویی بەرهەمەكانیانەوە كاریگەرییان بۆسەر تاك بەتاكی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەیە، بەو پێیەی هەنوكە ژمارەی بەكاربەرانی ئامێرەكانی پەیوەندیی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەر لە مۆبایل ‌و لاپتۆپ ‌و ئایپادەو هەر لە فەیسبوك ‌و واتسئەپ ‌و ئیمۆ ‌و تویتەر‌و …. تۆڕەكانی دیكەوە دەكرێت بڵێین یەكسانن بە سێ لەسەر چواری دانیشتووانی گۆی زەوی، بۆیە لە سۆنگەی ئەوەوە كە هەنوكە تۆڕەكانی پەیوەندیی بەگشتی ئاوێتەی ژیانی خەڵك بووە‌و خەڵكی كوردستانیش لەچوارچێوەی گڵۆباڵدا بەشێكە لەو خەڵكە گشتییە، ئامادەكردنی ئەم دوو توێیەمان بە پێویست زانی.

*گرنگیی هواوی لەچیدایە؟
-وەك دەزانرێت بەكاربەرانی مۆبایلی زیرەكی هواوی كە بە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی دروستكردنی مۆبایل دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەش یەكێكە لە گەورەترین دروستكەرانی كەلوپەلەكانی پەیوەندیی ‌و دیارترین گەشەپێدەری ئامرازەكانی نەوەی پێنجەم، ئەوەش هاوشانی نۆكیای فینلەندی ‌و ئەریكسۆن-ی سویدی.
كۆمپانیاكە تەنها لەبواری توێژینەوەو گەشەپێداندا نزیكەی 80 هەزار كارمەندی هەیە، هەروەك ژمارەیەكی قەبەش لە پێشەنگی داهێنەریان هەیە كە زۆربەیان لەبواری پەیوەندییەكاندا شارەزایی تەواویان هەیە.
كەلوپەلەكانیان دەگاتە دەستی سێ یەكی دانیشتووانی جیهان، تەنانەت ئەگەرێكی گەورە هەیە كە ئێستا پەیوەندیت بە ئینتەرنێتەوە یان سەرجەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانت لەڕێگەی هواوی-یەوە رەت ببێت لەڕێی تاوەرێكی پەیوەندیی یان هەریەكێك لە دابینكەرانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت.
*ئاخۆ ئەمریكا تەنها وڵاتە مەترسیی ئەوەی هەبێت كە چین هواوی وەك فاكتەرێك بۆ سیخوڕیی بەكاربهێنێت؟
-نەخێر، جگە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئوسترالیاش بەشێوەیەكی لێبڕاوانە ئەوەی قەدەغە كردووە لە كۆمپانیاكانی خۆی كە هاوكاریی لەگەڵ هواوی-دا بكەن، ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەریەكە لە نیوزلەندا‌و ژاپۆن ‌و بریتانیاش تاڕادەیەكی زۆر بەكارهێنانی كەلوپەلەكانی هواوی-یان لەبواری پەیوەندییەكانی پەیوەست بە زانیارییە هەستیارەكان لە بەكاربەران یاساغ كردووە، یان بوار بڕەخسێنێت بۆ گوێ رادێران لە پەیوەندییەكان.
*ئاخۆ رێگرییە لە هۆكاری بازرگانییەوە سەرچاوەی گرتووە وەك ترسێك لە كێبڕكێ ‌و بۆ ئەوەش بابەتی سیخوڕیی وەك پاساوێك بەكاردەهێنرێت؟
-نەخێر، سخوڕیی مەترسییەكی راستەقینەیە وەك لە دواتردا بە درێژیی باسی لێوە دەكەین، چونكە ئەوە جۆرێكە لە گەمژەیی كە پێمانوابێت بەشێك لە گەورەترین ئابوورییە جیهانییەكانی وەك ئەمریكا ‌و بریتانیا‌و ژاپۆن گردببنەوەو پیلان لە تاكە كۆمپانیایەك بگێڕن، گوایە بۆئەوەی كە هواوی لە كێبڕكێ دووربخەنەوە، چونكە ئەو وڵاتانە هەر لەبنەڕەتدا كۆمپانیای لەو جۆرەیان نییە كە بتوانن كێبڕكێ لەگەڵ هواوی-دا بكەن لەڕووی گرنگترین تایبەتمەندییەوە كە بریتییە لە (ژێرخانی تۆڕی پەیوەندییەكان).
لەراستیدا ئەگەر ئامانج لەوە كردنە دەرەوەی هواوی بوایە لە كێبڕكێ، ئەوا ئەمریكا دەیتوانی گورزێكی كوشندە لە هواوی بووەشێنێت.
سەرەڕای ئەو گەشەكردنە گەورەیەی كە هواوی بەدیهێناوە، بەڵام هاوشێوەی كۆمپانیا چینییەكانی دیكە هێشتاش لەڕووی تەكنیكییەوە بەشێوەیەكی زۆر پشت بە تەكنۆلۆژیای خۆرئاوایی دەبەستێت.
لە ساڵی 2017دا دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا مامەڵەی كۆمپانیا ئەمریكاییەكان لەگەڵ كۆمپانیای ZTE ی چینی قەدەغە بكات، بەهۆی خۆگێلكردنی لە سزا سەپێنراوەكان بەسەر ئێراندا، چونكە كۆمپانیای ناوبراو بەرێژەی 70% پشت بە توێژەكانی كۆمپانیای كوالكۆم-ی ئەمریكایی دەبەستێت لە تەلەفۆنەكانیدا. بەو هۆیەشەوە بەرهەمهێنانی كۆمپانیای ZTE راوەستا‌و لە چەند رۆژێكدا بڕی یەك ملیار دۆلار زیانی لێ كەوت ‌و ئەگەر سەرۆكی چین دامێنگیریی ترەمپ نەبووایە، خەریكبوو مایەپووچبوونی خۆی رابگەیەنێت، بەو هۆیەشەوە كۆمپانیاكە بەڵێنیدا چیتر پەنا نەباتە بەر فێڵكردن.
بێگومان هواوی زۆر لە كۆمپانیای ZTE گەورەترە، بەڵام ئەم نموونەیە دەریدەخات كە كۆمپانیا چینییەكان پێویستییەكی زۆریان بە تەكنۆلۆژیای خۆرئاواییە، چونكە ئەگەر بابەتەكە ترس بووایە لە كێبڕكێ، ئەوا ئەمریكا شێوازی زۆر توندو دڵڕەقانە تری بەكاردەهێنا.
*ئایا ترس ‌و دڵەڕاوكێ لەوەی كە چین هواوی وەك هۆكارێك بۆ سیخوڕیی بەكاردەهێنێت، ترسێكی راستەقینەیە؟
-بەڵێ، چونكە چین مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە لە بواری سیخوڕیی ئەلەكترۆنی ‌و دزینی زانیاریی، چەندین جار تۆمەتباركراوە بەوەی كە دزەی كردووتە ناو دامەزراوە حكومیی ‌و حكومییەكانی ئەمریكاو وڵاتانی دیكەوە. بەم دواییانەش لەلایەن هەندێك لە دامەزراوە ئەمنییەكانەوە لە رووی ژمارەوە بەمەترسیدارتر لە روسیا پۆلێن كرا لەبواری هێرشە ئەلەكترۆنییەكاندا كە حكومەتەكان سەرپەرشتیی دەكەن بەناونیشانی (state sponsored attacks).
چین بەشێوەیەكی سیستماتیك پێشەنگەكانی داهێنان دەدزێت و بۆخۆشی نكوڵی لەوە ناكات، لەو رووەشەوە لە ساڵی 2015دا رێكەوتنێكی لەگەڵ ئەمریكادا ئمیزاكرد كە تێیدا بەڵێنی داوە چیتر چاودێریی دزینی پێشەنگی داهێنانەكان نەكات كە ئەوەش دانپێدانانێكی ناڕاستەوخۆیە بەوكارەدا لەلایەن چینەوە.
دەشبێت ئەوە بزانین كە چین (دەوڵەتێكی دیكتاتۆرە)، دەوڵەتێكە كە یەك حزب فەرمانڕەوایی دەكات‌و كۆمپانیاكانی ئەوێش ناچارن كە فەرمانەكانی دەزگای هەواڵگریی جێبەجێ بكەن.
*ئایا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش بەهەمان شێوە كاری سیخوڕیی ناكات بەو رێگەیە؟
-دەشێت ئەمە پرسیارێك بێت كە زۆرترین جار دووبارە دەبێتەوە، وەڵامەكەش بەڵێیە، بەڵام لێرەدا جیاوازیی هەیە:
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندایە، بەپێی ئەوانەی كە لەلایەن ئێدوارد سنودن-ەوە دزەیان پێكراوە‌و بریتییە لە لیستێكی كۆدەكان، ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا (NSA) داوای لە كۆمپانیاكان كردووە كە فلتەریان بكەن، سیخوڕییەكە بریتییە لەوەی كە چاودێریی ئەو وشانە دەكرێت كە پەیوەست بە بابەتی تیرۆریزمەوە وەك (بۆمبـی پۆست- Mail Bomb) پاراستنی كەسایەتییە گرنگەكان (VIP Protection)، جەنگی زانیارییەكان (Information Warfare)و… تد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە سنودن دزەی پێكردووە، پێناچێت كە ئەمریكا كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیی بەكارهێنابێت بە ئامانج گەلێكەوە كە پەیوەستبن بە نانەوەی پشێویی جیهانی لە وڵاتانی دیكەدا، یاخود دزینی پێشەنگیی داهێنان لە وڵاتانی دیكە، یان سیخوڕیكردن بەسەر بزنسمان ‌و سەفقە ئابوورییەكانەوە، ئەوەش ئەو شتانەن كە چین هەموویان بەهێزتریشەوە دەیكات ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت.
میدیای ئازاد: لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا میدیا ئازادە، دزەپێكردنەكانی سنودن لە رۆژنامەكانی ئەمریكادا بڵاوكرایەوە، بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانەش بووە مایەی ئەوەی كە كۆمپانیاكان حساباتی خۆیان بكەن ‌و رێوشوێنی باشتر بگرنەبەر وەك جفرەكردنی هەموو وتووێژەكان بەشێوەیەكی بەپەلە بەهۆی تەكنۆلۆژیای (End-to-end-encryption) كە هەر خۆی كۆمپانیاكە (گوگڵ، ئەپڵ، یان بۆنموونە فەیسبوك) ناتوانێت ئاگاداری ناوەڕۆكی وتوێژەكان بێت ‌و جگەلەوەش هیچ كام لەو كۆمپانیایانە ناتوانن زانیاریی بدەن بە هەواڵگریی ئەمریكا ئەگەر داوای ئەوەشیان لێ بكرێت.
دەشزانم كە زۆرێك لەوانەی شارەزاییان نییە، گاڵتەیان بەم قسەیە دێت، بەهۆی ئەوەی كە زانیارییان لەبارەی تەكنۆلۆژیاوە نییە و بڕواشی پێناكەن، بەڵام ئەوە راستییە.
ئەمەش بەو واتایە نییە كە ئەمریكا بەردەوام نییە لە سیخوڕیی ئەلەكترۆنی، بەڵام زانیارییەكانی من ‌و تۆ پارێزراوترە لە گۆگڵ ‌و ئەپڵدا بەبەراورد بە كۆمپانیای چینی، چونكە لەوێ نە لێپرسینەوە هەیە، نە لێپێچینەوە هەیە و نە میدیاش.
*ئایا ئەمە بەو مانایەیە كە ئەم بڕیارەی ئەمریكا گورزی لە بازاڕی ئازاد ‌و یاساكانی بازرگانیی ‌و كێبڕكێی جیهانی وەشاندووە؟
-كاتێك كە باس لە چین دەكەین، وادیارە پێوانەكە جیاوازە بۆ وڵاتانی دیموكراسی خۆرئاوایی، چونكە خودی چین گورزی لە چەندین رێكەوتنی بازرگانیی جیهان وەشاندووە كە بۆخۆشی ئیمزای لەسەر كردوون.
چین بۆخۆی پابەند نابێت بە رێككەوتننەكان‌و مۆراڵەكانی بازرگانیی ئازادەوە، لەو رووەشەوە بەبەردەوامی خەریكی تۆماركردنی سكاڵای یاساییە لەسەر ئەو كۆمپانیا بیانییانەی كە لەچین كاردەكەن، ئەو سكاڵایانەش بە پاساوی قۆرغكارییە، بەڵام ئامانجە راستەقینەكەی ناچاركردنی كۆمپانیاكانە تا بەشێك لە تەكنۆلۆژیاكانیان ئاشكرا بكەن كە ئەوەش بەشێكە لە نهێنیی كار، بەڵام چین لای خۆیەوە دەیەوێت سوودیان لێ ببینێت.
هەروەك ئەو رووبەری وەبەرهێنانەی دەیدات بە كۆمپانیا بیانییەكان، لەو رووبەرە زۆر زیاترە كە دەیدات بە كۆمپانیا بیانییەكان، لەكاتی بوونی سەرپێچیدا لەبڕیارەكانی رێكخراوی بازرگانیی جیهان، لەكاتێكدا كۆمپانیا خۆرئاواییەكان لە ساڵی 2001ەوە دەرگاكانیان بۆ وەبەرهێنانی چینی خستووەتە سەرپشت كە ئەو مێژووە مێژووی پەیوەستبوونی ئەو وڵاتەیە بە رێكخراوی بازرگانیی جیهانەوە، تا ئەم دواییانەش وەبەرهێنانە چینییەكان لە خۆرئاوا نەخرابوونە ژێرپرسیار‌و وردبینییەوە.
*هیچ شتێك ئەوەی سەلماندووە كە ئاخۆ هواوی لە رێی ئامرازەكانی پەیوەندیی تایبەت بەخۆیەوە سیخوڕیی كردبێت؟
-بەگوێرەی راپۆرتگەلێكی زۆر ئەوە سەلمێندراوە كە لە هەندێك ئامرازو كەلوپەلی هواویدا هەندێك كەلێن ‌و دەروازەی پشتەوە هەن، بەڵام هێشتا ئەوە نەسەلمێنراوە كە كۆمپانیاكە یان راستتر بڵێین حكومەتی چین ئەم كەلێن ‌و دەروازانەی قۆستبێتەوە بۆ ئامانجی سیخوڕی.
هەر لەوبارەیەوەو بەگوێرەی راپۆرتێك كە رۆژنامەی (بۆلمبێرگ) لە مانگی رابردوودا بڵاوی كردۆتەوە، ڤۆداڤۆن-ی بریتانی رایگەیاندووە كە چەند دەروازەیەكی پشتەوەی دۆزیوەتەوە لە هەندێك لەو ئامێرو كەلوپەلانەدا كە كۆمپانیای هواوی بەكاری هێناون لە نێوان ساڵانی 2009-2011 ، بەڵام كۆمپانیاكە لەو وادەیەدا ئەو بابەتەی ئاشكرانەكردووە، تەنیا ئاماژەی بە بوونی كون ‌و كەلێن كردووە، هەروەك باسیشی لەوە كردووە كە گۆڕینی ئامێرە تووشبووەكان بەو دەردە تێچووی زۆریان لەسەر دەكەوێت.
بەپێی زانیاریی ئەو دامەزراوە ئەمنییانەی بریتانیش كە لەلایەن حكومەتی لەندەن و كۆمپانیاكانی پەیوەندییەوە ئەركی پشكنینی كەلوپەلەكانی هواوی -ــان پێ سپێردراوە لە ساڵی 2005-ەوە، دەركەوتووە كە بەرهەمەكانی هواوی پڕن لە كون ‌و كەلێنی پرۆگرامی كە دەشێت لەلایەن چەتەكانی ئەلەكترۆنییەوە بخرێنە گەڕ‌و بگۆڕدرێن بۆ دەروازەی پشتەوە، هەروەك دەشێت كە ئەو كون ‌و كەلێنانە وەك شتێكی ئاسایی دەربكەون، كە لە هەموو پرۆگرامێكی ئاساییدا هەن‌و چەتەكان بەشێوەی رێكەوت دەیدۆزنەوە‌و پاشان بەجۆرێك بقۆزرێنەوە كە گوایە ئەوە بەشێوەی ئەنقەست دانەنراون.
هەر لەو رووەشەوە خودی كۆمپانیای هواوی دانی بەبوونی ئەو كون ‌و كەلێنانەدا ناوە كە لەئامێرەكانیدا هەن و بەڵێنیشی داوە كە بەهۆی وەبەرهێنانكردنەوە تێیاندا بەبڕی دوو ملیار دۆلار گەشە و چاكسازیی لە پرۆگرامینەكەیدا بكات لەڕووی بەهێزیی سیكوێریتیەوە.
یەكێك لە دەستەكانی هەواڵگریی ئەلەكترۆنیی بریتانیاش دەڵێت: 70 كۆپی لە چوار بڵاوكراوەی جیاجیادا دۆزراوەتەوە لە پرۆتۆكۆڵی (Openssl)ی پەیوەندییەكان لە چوارچێوەی یەكێك لە ئامێرەكانی هواویدا.
ئەم پرۆتۆكۆڵە بە پێوەرێك هەژماردەكرێت لە جیهانی پەیوەندییەكاندا كە تا راددەی دوو رەهەندیی ئەمینە، بەڵام هەمیشە كون ‌و كەلێنی تێدا دەدۆزرێتەوەو بەبەردەوامی ئەپدەیت دەكرێتەوە، ئەوەی سەرنجڕاكێشیشە لە هەندێك ئامێری هواوی-دا كۆپی جیاوازی تێدایە لەو پرۆتۆكۆڵە كە هەندێكیان كۆنن.
هێشتا كەسیش نازانێت كە ئاخۆ هەموو ئەوە بەهۆی بێباكیی پرۆگرامین ‌و پەلەكردنەوەیە لە فرۆشتنی ئامێرەكان، یاخود ئەوە بە ئەنقەست تێیدا چێنراوە، بۆیە ئەو بابەتە بەشێوەیەكی زۆر گەورە مایەی گومانە.
*بۆچی نەوەی پێنجەمی پەیوەندییەكان بووتە بزوێنەری سەرەكیی مەترسیی لەلایەن خۆرئاواوە سەبارەت بە هواوی؟
-نەوەی پێنجەمی بواری پەیوەندییەكان، گەشەپێدانێكی گەورەی لەبوارەكەدا پێشكەش كردووە، بەجۆرێك كە هەموو شتێك بە ئینتەرنێتەوە پەیوەستە، هەرلە ئۆتۆمبێلەوە بیگرە تا نیشانەكانی هاتوچۆ‌و تا بە كامێراكانی چاودێریش دەگات.
هەروەك دەشێت ئامێرەكانی نەوەی پێنجەم پەیوەست بن بەیەكترییەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ، (بیهێنە بەرچاوت كە نیشانەكانی هاتوچۆ بەشێوەی ئۆتۆماتیكی كاری خۆی رێكدەخات، بەپێی شیكردنەوەی بەپەلەی بزاوتی هاتوچۆ لەڕێی هەندێك ئامێری هەستیارەوە كە تێیدا دانراوە و هەروەها پەیوەستكردنەوەی بە ئاماژەكانی هاتوچۆی دیكەوە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر، یاخود بیهێنە بەرچاوی خۆت كە ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر وای لێبێت كە بتوانێت لەگەڵ ئەوانی دیكەدا پەیوەندیی هەبێت بۆ چاكسازیی لە هاتوچۆ‌و خۆلادان لە رووداوی هاتوچۆ).
ئەمە تەنها نموونەیەكە لە پراكتیزەكردنەكانی كاری نەوەی پێنجەم، ئێستا بیهێنە پێش چاوت كە وڵاتێكی وەكو چین كە خاوەنی گەیشتنێكی وردە لەڕووی كاتی راستەقینەی بزاوتی ئۆتۆمبێلە لە شارێكی خۆرئاوادا، لەگەڵ چاودێریی ‌و شوێنكەوتنی ئۆتۆمبێلێك ‌وناسینی خاوەنەكەی ‌و هەڵسوكەتی، ئەمە بۆخۆی سیناریۆیەكی مەترسیدار نییە؟
بیرۆكەی نەوەی پێنجەم بریتییە لە دەرهێنانی ئینتەرنێتە لە ناوەندیبوونەكەی، واتە چیتر ئینتەرنێت لەنێو سێرڤەری دیاریكراودا نەمێنێتەوە، كە ئەوە ترسی دزەكردنە ناوی دروست بكات، بەڵكو وای لێبێت لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانەدا لەدەورمان بێت‌و لەهەموو شتێكدا هەبێت هەر لەئۆتۆمبێلەوە بیگرە تا بەفڕنی مایكرۆویڤ كۆتایی دێت، هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان هانی هاوپەیمانەكانی داوە كە هواوی-ی نەوەی پێنجەم بەكارنەهێنن.
هەڵویستەكەی ئیدارەی (دۆناڵد ترامپ)ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە سزادانی كۆمپانیای هواوی چینیی دەنگۆیەكی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە،
ئەم پشێوییەش بە تەنها لەسەر ئاستی ئەو ناوەندانە نەماوەتەوە كە گرنگیی بە بەدواداچونی جیهانی كار دەدەن، بەڵكو ئەمجارە گەیشتووەتە توێژێكی گەورەی بەكارهێنەرانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و ئەوانیش كەوتونەتە مشتومڕ و شیكردنەوەی ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ئەمریكا، بە تایبەتیش لە كاتێكدا ئەو هەنگاوە بۆ لەكارخستنی تەلەفۆنەكانی هواوییە كە بە سیستمی (ئەندرۆ وەید)ی گوگڵ كار دەكەن، كۆمپانیای گۆگڵیش لای خۆیەوە ڕایگەیاند كە ناچارە هاوكارییەكانی لە گەڵ ئەو كۆمپانیا چینیە ڕابگرێت و یاساكانی ئەمریكا جێبەجێ بكات.
گرنگیی هواوی چییە؟
بەكارهێنەرانی هواوی دەزانن كە ئەو كۆمپانیا چینییە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی جیهان لە بواری دروستكردنی تەلەفۆنی مۆبایلدا وهاوكاتیش لە گەورەترین دروستكەرانی ئامێرەكانی پەیوەندیی كردنە و بەرجەستەترین گەشەپێدەرانی ئامێرەكانی (5G)نەوەی پێنجەمە هاوشانی كۆمپانیاكانی (نۆكیا)ی فینلەندیی و (ئەریكسۆن)ی سویدی.
ئەم كۆمپانیایە بە تەنها لە بواری توێژینەوە و گەشەپێداندا نزیكەی 80 هەزار فەرمانبەری دامەزراندووە و ژمارەیەكی زۆری پێشەنگیی داهێنانی لەخۆگرتووە كە زۆربەیان لە بواری پەیوەندییەكاندایە. هەروەها ئامێر و پێداویستیەكانی دەگاتە سێ یەكی دانیشتوانی جیهان ، ئەمەش مانای ئەوەیە ڕەنگە پەیوەست بوونی هەركەسێك بە ئینتەرنێتەوە، یان پەیوندییە تەلەفۆنییەكانی هەر یەكێك بە یەكێك لە ئامێرەكانی هواوی لە رێگەی تاوەرێكی پەیوەندییەوە بڕوات كە بۆ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دانراوە.
*ئایا بە تەنها ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ترسی ئەوەی هەیە چین هواوی وەك ئامرازێكی سیخوڕیی بەكار بهێنێت؟
نەخێر ، جگە لە ئەمریكا، ئوستورالیاش هاوكاریكردنی كۆمپانیاكانی لەگەڵ هواوی بە تەواوی قەدەغە كردووە، هەرچی نیوزلەندا و ژاپۆن و بەریتانیاشە هەندێك مامەڵەیان لەگەڵ كۆمپانیای هواوی قەدەغە كردووە واتە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی ئامێرەكانی هواوی لە چوارچێوەی تۆڕەكانی پەیوەندییكردندا كە زانیاریی هەستیاری بەكارهێنەران لە خۆدەگرێت و وا دەكات ڕێگە خۆشكەر بێت بۆ گوێڕادێران بۆ پەیوەندییە كەسییەكان.
*ئایا ئەو قەدەغەكردنە هۆكاری بازرگانیی لە پشتەوەیە واتە ترسێك بوو لە كێبڕكێ و مەسەلەی سیخوڕیی كردن كرایە پاساو؟
نەخێر، سیخوڕیی مەترسیە ڕاستەقینەكەیە، چونكە سادەدڵییە وا بزانرێت كە گەورە وڵاتانی ئابوری جیهان وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و ژاپۆن پیلان بگێڕن لە دژی تەنها كۆمپانیایەك بۆ ئەوەی دووری بخەنەوە لە كێبڕكێ كردن، ئەو وڵاتانەی باس كران كۆمپانیای لەو جۆرەیان نییە كە وای دابنێین كێبركی لەگەڵ هواوی دەكات لە ڕووی پسپۆڕییە گرنگەكەیەوە كە (ژێرخانی تۆڕەكانی پەیوەندیی)یە.
لە ڕاستیدا گەر ئامانجەكە كردنە دەرەوەی هواوی بووایە لە كێبركێ كردن ئەمریكا دەیتوانی گورزی گورچكبڕ بدات لە هواوی، لەگەڵ ئەو گەشەكردنە خێرایەی كە هواوی وەك كۆمپانیاكانی دیكەی چینیی بەدەستی هێناوە، هێشتا بۆ هەندێك شت پشت بە تەكنیكی خۆرئاوا دەبەستێت.
لە ساڵی 2017 دا دۆناڵد ترامپ بڕیاری دا مامەڵەكردنی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەگەڵ كۆمپانیای (ZTE) قەدەغە بكرێت، چونكە ئەو كۆمپانیایە سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێرانی پێشیلكردبوو، لەبەر ئەوەی كۆمپانیای (ZTE) لە بەرهەمهێنانی تەلەفۆنەكانیدا بە ڕێژەی (70%) پشتی بە نەرمە ئامرازەكانی كۆمپانیای (كوالكۆم)ی ئەمریكی بەستبوو، بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە وەستا و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا یەك ملیۆن دۆلار زەرەری كرد و لەسەر لێواری مایە پووچ بوون بوو ئەگەر سەرۆكی چین لە لای ترامپ بۆ ئەو كۆمپانیایە تێنەكەوتایە و دواتریش كۆمپانیاكە بەڵێنی دا كە جارێكی تر هەنگاوی لەو جۆرە نەنێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە هواوی زۆر لە كۆمپانیای (ZTE) گەورەترە ، بەڵام ئەو نمونەیە دەریدەخات كە كۆمپانیا چینییەكان زۆر پێویستییان بە تەكنەلۆژیای خۆرئاوا هەیە، ئەگەر مەسەلەكە ترس بووایە لە كێبركێ، ڕەنگ بوو ئەمریكا هەنگاوی تووندتری بنایە.
*بۆچی نەوەی پێنجەم یان (5G)پەیوەندیكردن بووەتە پاڵنەری سەرەكیی بۆ مەترسییەكانی خۆرئاوا لە هواوی ؟
نەوەی پێنجەم گەشەكردنێكی گەورەیە لە بواری پەیوەندیكردن و تەنها لەوەدا كورت نابێتەوە كە خێراییەكی زۆری هەیە، بەڵكو بە تایبەت بۆ ئەو ئامڕازانە دروستكراوە كە پەیوەست دەكرێن بە ئینتەرنێتەوە بە شێوەیەك پشت بە نەوەی پێنجەم دەبەسترێت بۆ دروستكردنی شارە هۆشمەندەكان كە هەموو شتێك تێیدا پەیوەست دەبێت بە ئینتەرنێتەوە هەر لە ئۆتۆمبیلەوە تا نیشانەكانی هاتووچۆو تا دەگاتە كامێراكانی چاودێریی.
هەروەها نەوەی پێنجەم دەتوانێت بە شێوەیەكی راستەوخۆ ئامێرەكان پێكەوە پەیوەست بكات بۆ نمونە:
ئاماژەكانی هاتووچۆ خۆبەخۆ كاری خۆیان چاك دەكەن بە پێی شیكردنەوەیەكی خێرا بۆ چۆنیەتی هاتووچۆ ئەویش لە ڕێگەی چەند هەستەوەرێكەوە كە بە ئامێری ئاماژەكانی هاتووچۆی سەر شەقامەكانەوە هەیە و لەگەڵ ئاماژەكانی هاتووچۆی تردا پێكەوە پەیوەندیی دەكەن بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر، یان ئەو ئۆتۆمبیلانەی بێ شۆفێرن لە ڕێگەی (5G)یەوە پێكەوە پەیوەست دەبن و جوڵەی هاتووچۆ باشتر دەبێت و ڕوداوەكانی هاتووچۆش كەم دەبنەوە.
كەواتە ئەم نمونەیە پێمان دەڵێت بیرۆكەی نەوەی پێنجەم ئینتەرنێت لە مەركەزیەت دەردەهێنێت و وای لێدەكات تەنها لە سیرڤەرەكاندا نەمێنێتەوە مرۆڤ بترسێت لە دزینی زانیارییەكانی، بەڵكو لە هەموو شوێنێك و شتێكی دەروبەریدا دەبێت، لە ئۆتۆمبیلەوە تا مایكرۆوەیڤی ناندینەكەی، هەر لەبەر ئەوەشە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێت هواوی لە نەوەی پێنجەمدا بەكار نەیەت.
*با واز لە نەوەی پێنجەم بێنین، چارەنوسی هواوی چی دەبێت دوای ئەندرۆوەید؟
گۆگلیش وەك كۆمپانیاكانی دیكەی ئەمریكا ناتوانێت سەرپێچیی لە یاساكانی ئەو وڵاتە بكات و دواجاریش ناچار بوو ڕایبگەیەنێت كە ڕێگەنادات ئەندرۆ وەید لە تەلەفۆنە نوێیەكانی هواویدا بەكار بهێنرێت، بەڵام لێرەدا دەبێت هەندێك شت ڕوون بكرێتەوە:
-1 ئەندرۆوەید سیستمێكە سەرچاوەكەی كراوەیە و هواوی مافی هەیە سەرەڕای سزاكان بەردەوامبێت لە بەكارهێنانی.
-2 ئەوەی بۆ هواوی نییە بەكاری بهێنێت خزمەتگوزارییەكانی گۆگلە، ئەمەش مانای وایە كۆمپانیای هواوی ناتوانێت لە تەلەفۆنە نوێیەكانیدا بازاڕی كڕینی ئەپڵیكەیشنەكانی گۆگڵ دابنێت و ناتوانێت ئەپڵیكەیشنەكانی گۆگل وەك یوتیوب و نەخشەكان دابنێت، ئەوەش مانای ئەوەیە كە زۆربەی خزمەتگوزارییەكان لە تەلەفۆنە نوێیەكاندا نابێت.
-3 هواوی ماوەی چەند ساڵێكە سیستمێكی كارپێكردنی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچی لە بارەوە نازانرێت ، ڕەنگە ئەو سیستمە لەسەر بنەمای وێنەی ئەندرۆوەیدی سەرچاوە كراوە بێت و ڕەنگە واش نەبێت، هەروەها هواوی شوێنی كڕینی ئەپلیكەیشنی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام بە دوور دەزانرێت هواوی لە دەرەوەی چوارچێوەی گۆگڵدا هیچی بۆ بكرێت و سەركەوتن بە دەست بهێنێت، چونكە چەند كۆمپانیایەكی كێبركێكار هەبوون كە دواتر لە بازاڕی تەلەفۆنە هۆشمەندەكان چوونە دەرەوە، لەوانەش مایكرۆسۆفت، تەنانەت (بلاك بێری)یش كە چەند ئەمسەروو ئەوسەرێكی كرد دواتر خۆیدا بە دەستەوە و لە كۆتاییدا گواستییەوە بۆ ئەندرۆوەید.
سیستمی كارپێكردن هەموو شتێك نییە، تەنانەت ئەگەر هواوی گەشە بدات بە باشترین سیستمی ئیشپێكردن لە جیهانیشدا، گرنگتر لەوە خزمەتگوزارییەكانی دەوربەری سیستمەكەیە، هواوی لە كارێكدا سەركەوتوو نابێت كە مایكرۆسۆفت تێیدا شكستی هێنابێت.
كێشەی دووەمیش ئەوەیە مەسەلەكە بە تەنها پەیوەندی بە سیستمی ئیشپێكردنەوە نیە، چونكە هواوی بۆ زۆر پارچە لە دروستكردنی تەلەفۆنەكانیدا پشت بە كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەبەستێت، لەوانەش (میمۆری و توێژاڵی پەیوەندی (G3) و (LTE)و هەندێك بەشی كامێرا و چەند شتێكی تریش، دوای ئەوەی كۆمپانیای (ARM)یش وەستاندنی مامەڵەكانی لەگەڵ هواوی ڕاگرت ، ئیدی ئەگەر هواوی نەگەڕێت بۆ جێگرەوەیەك بە ڕاستیی لەبەردەم هەڕەشەی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی تەلەفۆندایە، دۆزینەوەی جێگرەوەش سەخت و پڕ خەرجییە.
*دەبێت خەڵك تەلەفۆنە هواوییەكانیان فڕێبدەنە تەنەكەی خۆڵەوە؟
نەخێر، حكومەتی ئەمریكا بڕیارێكی دەركردوە كە بەپێی ئەو بڕیارە كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەتوانن بۆ ماوەی سێ مانگی تریش مامەڵە لەگەڵ هواوی بكەن و بەمەش خەڵك دەتوانێت زۆر ئاسایی تەلەفۆنە هواوییەكانیان بەكار بهێنن و تەنانەت سوود لە نوێكردنەوەی بەرنامەكانیش وەربگرن و ئەگەری ئەوەش هەیە كە ئەمریكا و سەرانی كۆمپانیای هواوی بگەنە ڕێككەوتنێك و دۆخەكە ئاسایی بێتەوە، ئەگەریش هیچ ڕێكەوتنێك نەكرا ئەوا خەڵك دەتوانن تەلەفۆنە هواوییەكانیان بەكار بهێنن بێ ئەوەی بتوانن سوود لە بەرنامەی نوێكردنەوەی ئەندرۆوەید ببینن، ئەگەر كەسێكیش بە نیاز بێت لەم ماوەیەدا تەلەفۆنی نوێ بكرێت باشترە هواوی نەكڕێت.
* ئەو بڕیارەی ئەمریكا كۆمپانیای (شاومی) و (لینۆفۆ)ش دەگرێتەوە؟
ڕەنگە ئێستا شتی وا نەكات، بەڵام ئەگەرەكان كراوەن، چونكە ترامپ دوو بڕیاری داوە ، یەكەمیان تەنها چین و هواوی دەستنیشان نەكردوە، بەڵكو باسی مەترسییەكانی كردوە لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و بە دەستدرێژیی دەرەكیی و هەوڵدان بۆ سیخوڕییكردن بەسەر ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای لە قەڵەمداون لە ڕێگەی چاندن و قۆستنەوەی كەلێنەكان لە ئامێرە تەكنەلۆژییە دیجیتاڵییەكاندا، پاشان لە بڕیاری دووەمدا بە دیاریكراوی ناوی هواوی هێنا و ڕێوشوێنەكان لە دژی ئەو كۆمپانیایە گیرانەبەر ، ئەمەش مانای وایە ئەگەرەكان بە كراوەیی دەمێننەوە بۆ زیاكردنی كۆمپانیای دیكەش بۆ ئەو لیستەی كە بە لیستی ڕەش ناوزەد كراوە.
*چارەنوسی ئەو كۆمپانیا ئەمریكیانە چییە كە ئامێرەكانیان لە چین دروست دەكرێت؟
هیچ شتێك نییە ڕێگریی لە كارەكانیان بكات، بە دووریش دەزانرێت چین بە قەدەغەكردنی مامەڵەی كۆمپانیا چینییەكان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان وەڵامی بڕیارەكەی ترامپ بداتەوە.
حكومەتی چین دەزانێت كە كۆمپانیاكانی زۆر پێویستییان بە تەكنەلۆژیای ئەمریكیی هەیە، لە ڕاستیدا حكومەتی پەكین بە ئاراستەی هێوركردنەوەدا دەروات و هەوڵ دەدات مەسەلەكە چارەسەر بكات و هێندەی تر دۆخەكە ئالۆز نەكات چونكە ئالۆزكردن لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەدا نییە.
*بۆچی وڵاتانی خۆرئاوا بە سانایی و بێ هیچ ژاوەژاوێك پەنا نابەنە بەركۆمپانیا كێبركێكارەكانی هواوی وەك نۆكیا و ئەریكسۆن بۆ كارپێكردنی تۆڕەكانی (G5)
كۆمپانیا خۆرئاواییەكان پێویستیان بە كۆمپانیای هواوی هەیە. سەرۆكی كۆمپانیای فۆدافۆن هۆشداریدا لە قەدەغەكردنی هواوی و ئەوەی دوپاتكردەوە ئەو بڕیارەی لە دژی هواوی دراوە خستنەڕووی تەكنیكی (G5) بۆ ماوەی ساڵێك دوا دەخات و خەرجییەكی زیاتریشی دەوێت، بیرۆكەكە ئەوەیە هواوی كێبركێ دەكات لە گەڵ كۆمپانیا خۆرئاواییەكان لە ڕووی توانا و هێز لە بواری ئامێر و پێاویستییەكانی (G5) و دەتوانێت پڕۆژەی زەبەلاح بە كارامەیی و خەرجییەكی كەمتر جێبەجێ بكات. بە كورتی، ئەو كۆمپانیایانەی دەتوانن تۆڕەكانی (G5)دابمەزرێنن كەمن و ئەمەش واتای ئەوەیە تەنانەت لەگەڵ بوونی هواویشدا هێشتا خواست زۆرترە لە خستنەڕوو، زۆربەی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردنیش لە جیهاندا دەیانەوێت بەر لە كێبركێكارەكانیان تۆڕەكانی (G5) بخەنە كار و بۆ ئەوەی ببنە پێشەنگ لە بازاڕدا، بۆیە بەرگەی دواكەوتن ناگرن
*پێشبینی دەكرێت كۆمپانیا ئەورپیەكانیش هواوی قەدەغە بكەن؟
بە تەواوی نا ، واتە بە تەواوی قەدەغەی ناكەن، بەڵكو هەندێك كۆمپانیا بە كردەوە هەموو بەستنی ئامێرێكی هواویان قەدەغەكردووە بەو ئامێرانەی هەستاریی ئاسایشیان هەیە، هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمریكا هەڕەشەی لە ئەڵمانیا كرد كە هەموو هاریكارییەكی هەواڵگریی دەوەستێنێت لەگەڵیدا ئەگەر فەند ببەخشێتە هواوی بۆ ئیشپێكردنی تۆڕەكانی (5G، هەندێك وڵات ڕەنگە لەگەڵ ئەمریكا بن بە تەواوی یان لە هەندێك بۆچووندا، بەڵام ئەوە لە ئامێر و پێداویستییەكانی تایبەت بە پەیوەندییكردن دەبێت فرۆشتنی تەلەفۆنەكان ناگرێتەوە، تا ئێستاش هیچ بڕیارێكی ڕوون و یەكلاییكەرەوەی ئەوروپی نییە لەو ڕووەوە.
*ئەوروپا ئەو هەلە دەقۆزێتەوە ، بە ئامانجی پشتگیریی كۆمپانیاكانی خۆی هواوی قەدەغە دەكات ؟
ئەمە زۆر دوورە، بە پێی ڕاپۆرتێك كە ڕۆژنامەی ئیكۆنۆمیست بڵاویكردووەتەوە، ئەوروپا قازانجێكی زۆر دەكات لە بازرگانیكردن لەگەڵ چین، بوژاندنەوەی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردنی ئەوروپا قەرەبووی ئەو زیانە ناكاتەوە گەر چین بڕیار بدات بە جەنگێكی بازرگانیی وەڵامیان بداتەوە.
وەك ئەو ڕۆژنامەیەش ئاماژەی پێداوە، ئەگەر ئەوروپا هواوی دوور بخاتەوە ئەوا خستنەڕووی (G5) لە ئەوروپا كە خۆی لە بنەڕەتدا نزیكەی 3 بۆ 4 ساڵ لە ئەمریكا دواكەوتووترە لەڕووی خستنەڕووی نەوەی چوارەم واتە (G4)ەوە ئەوا دوا دەكەوێت و قەدەغەكردنی هواوی بە تەواوی لە ئەورپادا دەرەنجامی كارساتباری دەبێت ، چونكە نزیكەی 200 كارپێكەری (G4) لە كیشوەری ئەوروپادا پشت بە پێداویستییە تەكنەلۆژییەكانی هواوی دەبەستن و قەدەغەكردنی هواوی مانای وەستاندنی پرۆسەی چاككردنەوە و نوێكردنەوەی ئەو پێداویستییانەیە.
*هیچ هەلێك هەیە بۆ چارەسەر كردن؟
هیوا هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، لە لای خۆیەوە هواوی دەڵێت» ئامادەین بۆ پێشكەشكردنی هەمو هاریكارییەكی پێویست بە حكومەتی ئەمریكیی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە».
پێناچێت ئەمریكاش ئامانجی وێرانكردنی هواوی بێت بە ئەندازەی ئەوەی دەیەوێت گەرەنتی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بكات، بەڵگەش بۆ ئەوە پاشەكشێیەتی لەو سزایانەی كە پێشتر بەسەر كۆمپانیای (ZTE)دا سەپاندبووی ، ئەمەش دوای ئەوەی كۆمپانیاكە بەڵێنی دا هاوكاریی ئەمریكا بكات.
ئەگەر ئەمریكا بتوانێت گەرەنتی لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی وەربگرێت بەوەی كە پێداویستییەكانی هواوی بە كار ناهێنن لەو تۆڕانەی هەستاریی ئەمنیان هەیە، بەوەش قایل بوو كە نەهێڵێت كۆمپانیاكانی پەیوەندیی ئەمریكیی پێاویستییەكانی هواوی بە كار بهێنن لە (5G)دا، ڕەنگە ئەو سزایە لەسەر كۆمپانیای هواوی هەڵبگرێت و شتەكان بگەڕێنەوە باری ئاساییان هواوی بتوانێت لە بواری وەبەرهێنانی تەلەفۆنە هۆشمەندەكانیدا وەبەرهێنان بكاتەوە. بەڵام ئەگەر هیچ چارەسەرێك بۆ ئەو كێشە نەدۆزرێتەوە، ڕەنگە ئیدی كەسانی دەرەوەی چین هیچ تەلەفۆنێكی نوێی هواوی نەبیننەوە، واتە جگە لە بازاڕە ناوخۆییەكانی چین لە هیچ شوێنێكی دیكەی جیهان تەلەفۆنی نوێی هواوی نەبینرێتەوە.
ئەمانەش هەمووی بەس نییە، پێویستە حكومەتی چین بەڵین بدات واز لەوە بێنێت كە پێداویستی و ئامێرەكانی بەمەبەستی سیخوڕیی بەكارنەهێنێت و واز لەوە بێنێت وەك دەوڵەتێكی خۆهەلقورتێن و سەرچڵ مامەڵە بكات.
*قەیرانەكەی هواوی بەمزووانە چارەسەر دەبێت؟
لەگەڵ بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ڕێگرتن لە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیای هواوی چینی لەلایەن كۆمپانیاكانی ئەمریكاوە، ئەوانەی خاوەنی ئامێرەكانی هواوین، پرسیاری ئەوەیان لەلادروست بوو كە چۆن باشترین رێڕەو بدۆزنەوە بۆ بەكارهێنانی ئامێرەكانیان؟
هەندێك پرسیاری فرۆشتنی ئامێرەكانی هواوی لەخۆدەگرێت بەر لەدابەزینی نرخەكەی و وەرگرتنی ئەبدەیتی نوێ‌ و لەگەڕكەوتنی بلوتوس و وای فای.
كۆمپانیای هواوی دەڵێت، رێگەچارەی جێگرەوەی دۆزینەوەتەوە بۆ رووبەڕبوونەوەی قەیرانەكە و سیستمی كارپێكردنی جێگرەوە بەگەڕدەخات Hongmeng و پاشان ناوی بازرگانی ARK OSی بۆ دادەنێت، ئەمەش بەپێی پێگەی (عەرەب هاردویر). كۆمپانیاكە رایگەیاندووە كە هواوی جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنەرە لاوەكییەكانی بلوتوس و وای فای و سی دی كارد.
لە وەڵامی پرسیاری كاریگەرییەكانی پچڕانی پەیوەندی (گۆگڵ) لەگەڵ كارەكانی هواوی، كۆمپانیاكە دەڵێت، بەردەوامە لە بەردەوامبوون و ئەبدەیتە تایبەتەكانی خۆی، خزمەتگوزارییەكانی دوای فرۆشتنیش وەك خۆیان دەمێننەوە، ئەمەش هەموو ئامێرەكانی دەگرێتەوە لەگەڵ ئامێری Honor كە مۆبایل و ئای پادەكان لەخۆدەگرێت، بەو ئامێرانەی فرۆشراون یان ئەوانەی لە گەنجینەكاندان و دەفرۆشرێن، رەتیشكردۆتەوە پچڕانی ئەو پەیوەندییە كاریگەریی لەسەر كارەكانی هواوی لە چین دروست بكات.
بە گوتەی كۆمپانیاكە، هەموو ئەو مۆبایلانەی هەناردەكراون بە خزمەتگوزارییەكانی (گۆگڵ)، خزمەتگوزارییەكانی گۆگڵییان تێدا دەمێنێتەوە، ئەمەش لەلایەن خودی گۆگڵەوە پێشتر راگەیەندرابوو كە مۆبالەكانی پێشووی هواوی خزمەتگوزاریی و ئەبدەیتەكانی گۆگڵیان بۆ دەستەبەردەكرێت.
كۆمپانیایەكە پێیوایە، مۆبایلەكانی هواوی دەتوانن ئەبدەیتەكانی و بەرنامەكانی گۆگڵ لە داهاتوودا وەربگرن، بەڵام ئەو ئەپە ئاساییانەی كە پەیوەندییەكان بە گۆگڵەوە نییە، كاریگەرییان لەسەر دروست نابێت و بەشێوەیەكی سروشتی بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی ئەبدەیتەكان.
كۆمپانیاكە لە زاری (گۆگڵ)ەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەو مۆبایلانەی لە بازاڕدان، بەردەوامن لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییەكانی گۆگڵ، و بڕیارەكان كاریگەرییان لەسەر دروست ناكەن.
هواوی ئاماژە بە راگەیەندراوێكی پێشووی دەكات كە تێیدا رایگەیاندبوو، مۆبایلی Huawei Mate 20 Pro كۆپی ئەزمونی سیستمی كارپێكردنی ئەندرۆید كیو وەردەگرێت، ئەمەش مایەی گەشبنییە بۆ ئایندە.
سەبارەت بە ئەبدەیتە ئەمنییەكان، مۆبالەكانی هواوی ئەبدەیتە ئەمنییەكانی گۆگڵ وەردەگرێت، ئەمەش بەپێی ئەو رێكەوتن و گرێبەستانەی كرابوون.
هواوی رەتیكردۆتەوە، سیستمی تایبەت بەخۆی لە 4ی ئەم مانگەدا بخاتەگەڕ، چونكە كۆمپانیاكە بەشێوەیەكی رەسمی وادەی خستنەگەڕی سیستمی كارپێكردنی سیستمەكەی رانەگەیاندووە، هەر زانیارییەكی تایبەت بە وادەی راگەیاندنەكەش بڵاوبكرێتەوە، لەلایەن كەناڵە رەسمییەكانی هواوییەوە دەبێت.
بەرنامەكانی فەیسبوك..گورزێكی نوێیە بۆ هواوی
رۆیتەرز دەڵێت، كۆمپانیای فەیسبوك، رێگەنادات بە جێگیركردنی پێشووی بەرنامەكانی لەسەر مۆبایلەكانی هواوی، ئەمەش بەهۆی بەرەنجامی ئەو قەدەغەكردنەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەسەر بەرهەمەكانی كۆمپانیای چینییەكەدا سەپاندوویەتی.
ئەو مامەڵەكارانەی پێشتر خاوەنی مۆبایلەكانی هواوی بوون، دەتوانن بەر مامەڵەكارانەی پێشتر خاوەنی مۆبایلەكانی هواوی بوون، دەتوانن بەرنامەكانی فەیسبوك بەكاربهێنن، و نوێكردنەوەكان وەربگرن، ئەمەش بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز.
ئەم رێوشوێنە مانای ئەوەیە مۆبایلە نوێیەكانی هواوی، توانای جێگیركرنی بەرنامەكانی فەیسبوك و واتس ئاپ و ئینیستاگرامیان نابێت، بەرلەوەی بە بەكارهێنەران بفرۆشرێن.
پێشتر كۆمپانیای گۆگڵ هەندێك لە مامەڵەكانی لەگەڵ راگرت لەگەڵ كۆمپانیای هواوی چینی بۆ پەیوەندییەكان، ئەمەش گورزێك بوو بۆ كۆمپانیاكە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەوڵ دەدات كۆتوپێوەند بەسەر چالاكییەكانیدا بسەپێنێت لە جیهاندا.
ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، هواوی خستە لیستی ئەو كۆمپانیایانەی كە مایەی مەترسین و كەرەستە تەكنەلۆجییەكانی قەدەغە دەكات، نەبادا پەكین بۆ مەبەستی سیخوڕی سودییان لێوەربگرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حكومەتی عیراق قەرەبووی خۆپیشاندەرەكان دەكاتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاردەدات بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ كەسوكاری ...