سەرەکی » راپۆرت » ئه‌ڵمانیا: چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان له‌ دژی سه‌له‌فی ‌و توندڕه‌وە راستڕه‌وه‌كان

زیاتر له‌ 100 مزگه‌وت له‌ ژێر چاودێریدان

ئه‌ڵمانیا: چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان له‌ دژی سه‌له‌فی ‌و توندڕه‌وە راستڕه‌وه‌كان

ئاماده‌كردنی: شیهاب عوسمان، ئه‌ڵمانیا

رۆژی 3ی ئه‌م مانگه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا بوركارد فرایری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستنی ده‌ستوور له‌ شاری دوسلدۆرفی هه‌رێمی نۆرد راین ڤێستڤاڵن له‌ رۆژئاوای ئه‌ڵمانیا، ئاشكرایكرد: له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ژماره‌ی سه‌له‌فییه‌كان زۆر زیادیكردووه‌و له‌كۆی 850 مزگه‌وتیش، 109 مزگه‌وت خراونه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌.

رق‌و دژایه‌تیكردنی
پێكه‌وه‌ژیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه
روونیشیکردەوە: ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی باكگراونده‌كه‌یان توندڕه‌وییه‌، سه‌له‌فییه‌كان له‌ وتاره‌كانیاندا رق‌و دژایه‌تیكردنی پێكه‌وه‌ژیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌كرێ پۆلێن بكرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد: 70 مزگه‌وت گومانی ره‌وتی سه‌له‌فییان له‌سه‌ره‌و 16 مزگه‌وتیش په‌یوه‌ندیی مادییان به‌گروپی ئیخوان موسلیمینه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌تۆماری ژماره‌ی ئه‌و سه‌له‌فییانه‌ كرد كه‌ له‌ساڵانی رابردوودا گه‌شه‌یان كردووه‌و وتی: ئاستی گه‌شه‌كردنی سه‌له‌فییه‌كان له‌ 1500 بۆ 3000 سه‌له‌فی زیادیكردووه‌، له‌وانه‌ش 800 سه‌له‌فییان لایه‌نگری توندڕه‌وین، له‌مانه‌ش 250 سه‌له‌فی له‌ هه‌رێمی نۆرد راین ڤێستڤاڵن به‌ مه‌ترسیداره‌كان پۆلینكراون‌و ئه‌وانه‌ له‌ تیرۆرستانه‌وه‌ نزیكن‌و تیاشیاندا هه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌کانی شه‌ڕو پێکدادانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.
لای خۆیەوە هیربت رویل وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمه‌كه‌ ده‌ڵێ: ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، توندڕه‌ون‌و ئه‌زموونی زۆری شه‌ڕو تۆقاندنیشیان هه‌یه‌‌و ئه‌وانه‌ كه‌سانی مه‌ترسیدارن.

توندتربن له‌ به‌رامبه‌ر
راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كاندا
به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی راپرسییه‌كی په‌یمانگه‌ی (یوگۆڤ) كه‌ تۆڕی نووسه‌رانی كه‌ناڵی دۆیچلاند لە هه‌مان رۆژدا رێكیخستبوو، %56ی ئه‌ڵمانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتداران توندتربن له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نگرانی راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان، له‌ به‌رامبه‌ردا %30 پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات كردوویه‌تی به‌سه‌، چونكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تر هه‌یه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان گرنگتره‌. هه‌روه‌ها %14 ره‌تیانكردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ رای خۆیان ده‌رببڕن.
ئه‌م راپرسییه‌ دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ (فالته‌ر لوبكه‌ی)ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شاری كاسڵی رۆژئاوای ئه‌ڵمانیا له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا تیرۆر كراو به‌دوایدا كه‌سێك به‌ناوی (شتیفان ئیرنست) كه‌ ساڵانێكه‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان هه‌بووه‌، ده‌ستگیركرا.

پۆلیس‌
هه‌وڵه‌كانی چڕتر بكاتەوە
له‌ هه‌مان راپرسیداو به‌پێی پۆلێنی حزبی‌و ئه‌نجامه‌كانی بێ، %72ی لایه‌نگرانی پارتی سه‌وزه‌كان وایده‌بینن كه‌ ده‌زگاكانی پۆلیس‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌بێ هه‌وڵه‌كانیان چڕتربكه‌نه‌وه‌، حزبه‌كانی تریش، واته‌ هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی له‌ناو په‌رله‌ماندان، به‌ڕێژه‌ی %50 جگه‌ له‌ حزبی ئه‌لته‌رناتیڤی راستڕه‌و كه‌ ته‌نیا رێژه‌ی %27ی هەیە له‌و راپرسییه‌دا، لایه‌نگری توندوتۆڵكردنی رێوشوێنه‌كانن له‌ دژی راستڕه‌وه‌كان.
ئه‌مه‌ش له‌ په‌راوێزی كه‌یسی تیرۆركردنی (لوبكه‌ی) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كانی شاری كاسڵدا هات، له‌ میانی كاری هاوبه‌ش‌و هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی ناوخۆو ده‌سته‌ی پاراستنی ده‌ستوور (هه‌واڵگریی ناوخۆ)، وه‌زیری ناوخۆ رایگه‌یاند: چاویان له‌سه‌ر راستڕه‌وه‌كان نه‌نوقاندووه‌‌و پلانه‌كانیان پێویستی به‌پێداچوونه‌وه‌ نییه‌، وتیشی: حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌ توانایدایه‌ چاودێریی ئه‌و گروپە راستڕه‌وانه‌ بكات، به‌تایبه‌تی چاودێریی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

راپۆرتێك: لە عیراق سیغە لەگەڵ كچانی منداڵدا دەكرێت

تۆڕی (BBC)ی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا، ئاماژەی بە بڵابوونەوەی دیاردەی هاوسەرگیریی ...