سەرەکی » راپۆرت » سەرۆكی هەرێم: هەرێمی كوردستان دووپاتیدەكاتەوە كە دەیەوێت كێشەكانی خۆی لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات

سەرۆكی هەرێم: هەرێمی كوردستان دووپاتیدەكاتەوە كە دەیەوێت كێشەكانی خۆی لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە لە قۆناغێكی سەختدا هەرێمی كوردستانی بەڕێوەبرد و بەگیانی یەك تیمی رووبەڕووی سەختی و قەیرانەكان بۆوە.

كاك قوباد بە هەموو مانای وشە دەوڵەتداری كردووە
لە دیدارێكیدا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەت لە كابینەی هەشتەم، كە ئێوارەی 6/7/2019، بەڕێوەچوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە وتەیەكدا رایگەیاند: پێش كابینەی نوێ كە پەنا بە خوا بەزوویی دەستپێدەكات، ئەو هەواڵەمان پێگەیشت بە خۆشحاڵییەوە كە لەلایەن یەكێتییەوە دیسانەوە بەڕێز كاك قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت دەستنیشانكراوەتەوە. سەرەتا پیرۆزبایی لە خۆی و لەو بەڕێزانە دەكەم كە لە حزبەكانی دیكەش دەستنیشانكراون بۆ پۆستی وەزارەتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. هەروەها باسی لەو قەیرانانە كرد كە رووبەڕووی كابینەی هەشتەم بۆوە و راشیگەیاند: لێرەدا دەمەوێ بە‌ڕاستی ئاماژە بۆ رۆڵی برای خۆشەویستم كاك قوباد تاڵەبانی بكەم وەكو جێگری سەرۆك وەزیران لە هەموو ئەو كارانەی كە لەو ماوەیەدا ئەنجامیداوە. سوپاسی خۆی بكەم و سوپاسی تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەم كە هەر هەموویان پێكەوە مانەوە و شانیان دا بەر ئەو سەختی و ئەو ناخۆشییەی كە لەم رێگەیەدا هەبوو لە هەموو روویەكەوە و هەر ئەوەش بوو وایكرد ئێمە بتوانین ئەمڕۆ لێرە بووەستین كە كابینەیەكی تر لەم رۆژانەدا پێكدەهێنرێت، بەڵام گەر باسی ئەو قۆناغە بكەین، ئەگەر بە یەكگرتوویی و یەكڕیزیی و یەك تیمیی ئێمە نەبووایە،‌ ئێمە سەرنەدەكەوتین. كاك قوباد بە هەموو مانای وشە دەوڵەتداری كردووە، من دەزانم زۆر فشاری لەسەر بوو لە زۆر لایەنەوە، بەڵام ئەوەی كە ئەو كردی لەو ماوەیەدا بەبێ موجامەلە دەڵێم، وەكو هاوكارێك و برایەك پێكەوە كارمان كردووە، هەموو هەوڵێكی جددی داوە بۆ ئەوەی كوردستان لە كارەكانیدا بە دامەزراوەیی بێت. هەوڵی داوە چاكسازیی دروست لەم وڵاتەدا ئەنجام بدات و چاكسازیی بكرێت و فشاریشی لەسەر بووە. من لەوەش تێدەگەم كە قۆناغ قۆناغێكی نوێ بوو لەو كاتەدا و زەحمەت بوو، ئاسان نەبوو، بەڵام رۆڵێكی زۆر گرنگی بینی لەو چاكسازییانەی كە ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەنجاممان دا، چ لە رووی شەفافییەت لە پرسی نەوت، لە پرسی بایۆمەتری و ئەو ریفۆرمانەی كە لە وەزارەتی دارایی ئەنجاممان داوە، جێپەنجەی دیارە و هیوادارم لەم قۆناغەی ئێستاشدا پەنا بەخوا هاوكاری تەواوی سەرۆك وەزیرانیش دەبێت، هەردووكیان پێكەوە دەتوانن قۆناغێكی باشتر لەوەی رابردوو پەنا بەخوا بنیاتبنێن لە خزمەتی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا.

ئایندەیەكی گەشتر بۆ وڵاتەكەمان
ئاماژەی بەوەشدا، «بیرم دێت ئێمە هەر لەم باڵەخانەیە چەندین كۆبوونەوەمان دەكرد بۆ ئەو قۆناغە سەختانەی بۆ هەرێمی كوردستان هاتبوونە پێش، بۆ من وەك شەخس و جێگری سەرۆك وەزیران كاك قوباد، پێموایە گەورەترین و سەختترین بڕیار ئەوە بوو ئێمە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زۆر بەداخەوە كەم بكەینەوە، سەختترین بڕیار بوو لە ژیانی سیاسیی ئێمەدا». وتیشی: ئایندەیەكی گەشتر بۆ وڵاتەكەمان و پەیوەندیی ئێمە و بەغدا چاوەڕێ دەكەین. پێمانوایە ئەمە قوناغێكی نوێیە و هەرێمی كوردستان دووپاتیدەكاتەوە كە دەیەوێت كێشەكانی خۆی لەسەر بنەمای دەستووری عیراق لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان سەرۆكی حكومەت: چڕكردنەوەی گفتوگۆكان بەپێی دەستوور

سەرۆك وەزیرانی عیراق: چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان دوێنێ 16/7/2019، وەفدێكی باڵای ...