سەرەکی » وتار » ته‌ها سلێمان‌ » هۆكاره‌كانی‌ جینۆسایدو راگواستنی‌ بارزانییه‌كان

كۆمه‌ڵكوژی‌ بارزانییه‌كان

هۆكاره‌كانی‌ جینۆسایدو راگواستنی‌ بارزانییه‌كان

تەها سلێمان

كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن، كه‌ به‌رده‌وام ناوچه‌ی‌ بارزان و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ روو به‌ڕووی‌ تاوانی‌ «راگواستن، ئاواره‌كردن و كۆچی‌ زۆره‌ ملێ‌، رووخاندنی‌ گوونده‌كان و شوێنی‌ نیشته‌جێبوون، سووتماككردنی‌ خاكه‌كه‌ی‌، جیۆسایدكردن» بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ سه‌ره‌كی‌ ترینیان ئه‌وه‌بێت، یه‌كه‌م: ناوچه‌كه‌و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ هه‌میشه‌ له‌به‌رگری‌ سه‌خت بوون له‌ شكۆو كه‌رامه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانی‌ خۆیان. دووه‌م: ناوچه‌كه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ستراتیژی‌ بوه‌و سێكوچكه‌ی‌ سنووری‌ نێوان «عێراق- ئێران-توركیا» بوه‌. سێیه‌م: ناوچه‌ی‌ بارزان وه‌ك هه‌م دانیشتوانه‌كه‌ی‌ و هه‌میش خاكه‌كه‌ی‌ وه‌ك به‌شێك له‌ كوردو كوردستان، ئامانجی‌ له‌ناوبردن و وێرانكردن و سوتماكردن بوون له‌ ستراتیژو به‌رنامه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایانی‌ ئیمپریاتۆریای‌ عوسمانی‌ و ده‌سڵاتدارانی‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كی‌ عێراق تا ده‌گاته‌ «به‌عس».

ره‌وانه‌كردنی‌ دۆسییه‌كه‌ بۆ دادگا
پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو پێداویستیه‌كانی‌ دۆسیه‌یی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ و ئه‌نفالكردنی‌ بارزانییه‌كان، له‌ به‌ڵگه‌نامه‌و ووته‌ی‌ شاهیدحاڵه‌كان، له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان له‌ عێراق « دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌»، ئاماده‌كران و له‌ مانگی‌ 5/ 2008 بڕیاری‌ ئاراسته‌ كردنی‌ بۆ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان دراو له‌ رۆژی‌ 2/8/2008 دۆسیه‌كه‌ گه‌یشته‌ دادگا، كۆی‌ دانیشتنه‌كانی‌ داگا له‌ سه‌ر دۆسیه‌كه‌ زیاتر «40» دانیشتن بوو، كه‌ ته‌واوی‌ سكاڵاكارو شاهیدحاڵه‌كان ئاماده‌بوون و كۆی‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌شی‌ له‌ به‌رده‌ست بوون خرانه‌ روو.
له‌ راپۆرتی‌ ده‌سته‌ی‌ پارێزه‌رانی‌ به‌رگریكار له‌ دۆسیه‌ی‌ بارزانیه‌كان له‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق، به‌م شێوه‌یه‌ جه‌خت له‌ جینۆسایدكردنی‌ بارزانیه‌كان كراوه‌ته‌وه‌و خراوه‌ته‌ ڕوو» ووته‌ی‌ سكاڵاكارو شاهێدحاڵه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا، به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ فه‌رمی‌ دام و ده‌زگاكانی‌ ئه‌منی‌ و سه‌ربازی‌ و ئیدارییه‌كانی‌ به‌عس، ئه‌و دۆسیانه‌ی‌ بۆ قوربانیه‌كانی‌ جینۆسایدی‌ بارزانیه‌كان له‌لایه‌ن دادگای‌ به‌ناو شۆڕش ئاماده‌كرابوون، دۆسیه‌ی‌ سه‌رژمێرییه‌كانی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ عێراق كه‌ كراوه‌ته‌ بنه‌ما بۆ گرتن و له‌سێداره‌دانی‌ بارزانیه‌كان، كۆنوسه‌كانی‌ دادگا كه‌ یه‌كێكی‌ تر بوه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كام، راپۆرتی‌ تایبه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ تایبه‌ت به‌ 513 رووفاتی‌ قوربانیه‌كان، به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمیه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر كه‌ بۆ داخستنی‌ قوتابخانه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ به‌رزان ده‌ركرابوون» و چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ تر.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ پارێزه‌رانی‌ به‌رگریكار، به‌ پشت به‌ ستن به‌ ئه‌كحامی‌ «12» له‌ یاسای‌ دامه‌زراندنی‌ دادگا، ئه‌مانه‌ی‌ پشڕاست كردوه‌ته‌وه‌:
یه‌كه‌م: تاوانی‌ راگواستنی‌ به‌ زۆره‌ ملێی‌ بارزانیه‌كان.
دووه‌م: هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ناوچه‌ی‌ بارزان.
سێیه‌م: ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ جینۆسایدی‌ بارزانیه‌كان.
ئه‌مانه‌و چه‌ندین ئامارو زانیاری‌ تر، رۆڵی‌ گه‌وره‌یان له‌ به‌ره‌و پێشبردنی‌ دۆسیه‌ی‌ جینۆسایدی‌ بارزانیه‌كاندا هه‌بوو له‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق و كۆتا بڕیاری‌ دادگا.

دۆسییه‌ی‌ بارزانیه‌كان له‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان
له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2003و رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس، یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ هه‌ره‌ گرنگ و باشه‌كان، پێكهێنانی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان بوو له‌ عێراق، دوای‌ درووستبوونی‌ دادگاكه‌ش، چه‌ندین دۆسیه‌یی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ خرانه‌ پێش ده‌ستی‌ دادگاكه‌، له‌ نێویاندا دۆسیه‌كانی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ گه‌لی‌ كورد، كه‌ دیارترینیان ئه‌م دۆسیانه‌ بوون « دۆسیه‌یی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ ئه‌نفال 1988، دۆسیه‌یی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ بارزانییه‌كان سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ هه‌شتاكان، دۆسیه‌یی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ كوردی‌ فه‌یلی‌، دۆسیه‌یی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، دۆسیه‌یی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ قه‌زای‌ پشده‌رو سه‌یدساق، دۆسیه‌یی‌ پاكتاوی‌ ره‌گه‌زی‌، دۆسیه‌یی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ راپه‌ڕینی‌ ساڵی‌ 1991، دۆسیه‌یی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ زیوێ‌، دۆسیه‌یی‌ پاكتاوی‌ ره‌گه‌زی‌ له‌ كه‌ركوك» و چه‌ندین دۆسیه‌یی‌ تر، كه‌ له‌نێویاندا هه‌ریه‌ك له‌ دۆسیه‌یی‌ « بارزانیه‌كان، ئه‌نفال، فه‌یلی‌، هه‌ڵه‌بجه‌، پشده‌رو سه‌ید سادق» به‌ جینۆساید ناسێنراون و بڕیاری‌ كۆتاییان له‌ باره‌وه‌ درا، وه‌ك كۆمه‌ڵكوژی‌ گه‌لی‌ كورد.

سكاڵاكارو شاهید حاڵه‌كان
وته‌ی‌ سكاڵاكارو شاهێدحاڵ، له‌ دۆسیه‌ی‌ هه‌رتاوانێكدا رۆڵی‌ گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینی‌، بۆ دۆسیه‌ی‌ جینۆسایدی‌ بارزانیه‌كانیش ئه‌م پێوه‌ره‌ راست و درووسته‌، چونكه‌ كه‌م نین ئه‌و سكاڵاكارو شاهێدحاڵانه‌ی‌ سكاڵاو ئیفاده‌كانیان له‌ دوو توێی‌ په‌ڕاوه‌كانی‌ دۆسیه‌كه‌دایه‌ له‌ دادگاو دواتریش بوون به‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ دادگا.
سكاڵاكارو شاهێدحاڵه‌كان سه‌رووی‌ «3000» كه‌س بوون، به‌ڵام دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان وته‌ی‌ «15» كه‌سیانی‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ی‌ یه‌قینی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانه‌كه‌ وه‌رگرت و كردی‌ به‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما به‌هێزه‌كانی‌ بڕیاری‌ به‌ جینۆساید ناساندنی‌ تاوانه‌كه‌.

ئەم نووسینە بە چەند زنجیرەیەک بڵاودەبێتەوە

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەنفال یان جینۆسایدی رەگەزیی بارزانیەكان؟

رۆژی 31-7-2017 سی‌ و شەش ساڵ بەسەر جینۆسایدی رەگەزیی بارزانیەكاندا ...