سەرەکی » ئاراستە » ئیمامی شافعی

ئیمامی شافعی

سەیدا ئەسەد حەیدەر
وەرگێڕ: فەوزی ئەحمەد عەلی قەڵەوڵوسی

1-2

پێشەکی

بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر واقعێكی ڕاستەقینە ڕاوەستین دەبێت تەواوی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەكانی جیاواز و بیر و باوەڕەكانی جۆراو جۆر و بێژەكانی دژ و ناكۆك كە لە ئەنجامی هەوڵدانی هەندێ لە پەیڕەوان كە لە ڕووی سۆزەوە چوونەتە پاڵ مەزهەبەكانەوە و لە سنووری واقعیش دەرچوونە. دەبێت ئەو بابەتانەیان بخوسێنین تا بتوانین دەستكەوتێكی باشمان دەست بكەوێت. چونكە سۆز ئەگەر بەسەر ئەقڵدا زاڵ بێت لەكاری دەخات و ئەگەر بەسەر واقعیشدا زاڵ بووە دەیشارێتەوە و تەواوی بابەت و مەبەستەكانی پوچ دەكاتەوە و هیچ ڕاستەقینەو گەنگەشەیەك قەبوڵ ناكات، بەم جۆرە ئاڵۆزییەكان لە بەرامبەر كۆڵیار ئەستەم و دوو بەرامبەر دەبن، لێرەدا لە بەرامبەر لێكۆڵێنەوەی ژیانی ئیمامی شافعی شتی زۆر زیادمان دەستكەوتووە، بەڵام ئەوەی سەیرە هەندێ لە سەیداكانی هاوچەرخی ئێستا بێ خووساندن و لێكۆڵینەوە هەڵوێست لە بەرامبەر ژیانی ئەو ئیمامە بێ غەڵو غەشە دەردەبڕن، ئەوەی لەسەریان پێویست دەكات دەبێت لە ڕاستەقینەكانی مێژوو بگەڕێن و نابێت هەرچی دەستیان بكەوێت بە ڕاستی بزانن، بۆ نموونە:
سەیدا «عەلی فكری» ئەمینی یەكەمی (دار الكتب)ی میسر بۆمان دەدوێت و دەڵێت: ئیمامی شافعی لە ژیانی ئیمامی مالیكدا بۆ عێراق سەفەری كردووە، چۆتە كوفە و لەگەڵ ئەبو یوسف و محەمەد كوڕی حەسەنی شەیبانی گفتوگۆ و وتوێژی كردووە، هەروەها لە كوفە بە مێوانی چۆتە ماڵی محەمەد كوڕی حەسەن وە لە سەر هەر یەک لە كتێبەكانی نوسخەیەک بۆ خۆی نووسیوەتەوە، پاشان باسی سەفەرەكەی بۆ وڵاتی فارس و دەوروبەری ئەو وڵاتە دەكات. دوای ئەوە سەفەری بۆ وڵاتی رەبیعە و موزر و باكووری عێراق كردووە تا گەیشتوەتە باشووری وڵاتی ڕۆم كە ئەنەدۆلی ئێستایە، پاشان چووە بۆ حەڕان و ماوەیەك تێیدا ماوەتەوە، دوای ئەوە سەفەری بۆ فەلەستین كردووە و لە رەمڵە لە باشووری بەیتولموقەدەس جێگیر بوە، ئەو گەشتەی شافعی دوو ساڵی ڕەبەقی خایاندووە، لە ساڵی 172ی كۆچی تا ساڵی 174ی كۆچی، دوای ئەوە هاتۆتەوە بۆ مەدینە بۆ لای مالیك چیرۆكێكی بەو شێوەیە تا كۆتایی باس كردووە.
هەموو ئەوەی كە عەلی فكری گێڕاویەتیەوە بناغەی نییە. ئەو سەیدایە لەوانەیە لە ئەفسانەكانی ناو مێشکی خۆیدا ئەو چیرۆكەی ڕێكخستووە یان پشتی بە هەندێ كتێبی بێ بناغە بەستووە، ئەو سەیدا مەزنە ئەمینی یەكەمی كتێبخانەی گشتی میسر بووە دەیتوانی تۆزێك خۆی ماندوو بكات چەند كتێبێكی سەرچاوە هەر لە كتێبخانەكەی خۆی بخوێنێتەوە و زانستێکی ڕاست و دروستی بۆ نووسینەكانی بەدەست بهێنایە.
ئەو سەیدایە كاتی هەبووە كە ڕاستەقینەكانی مێژوویی بە دەست بهێنێت تا بزانێت سەفەرەكەی شافعی بۆ بەغدا بووە نە بۆ كۆفە، و لە ساڵی 184ی كۆچی ئیمامی شافعی یەكەمین سەفەری دەست پێكردووە ومردنی ئەبو یوسفیش لە ساڵی 182 یان 183ی كۆچی بوە، واتە پێش سەفەری شافعی بۆ بەغدا بە ساڵێك مردووە.
هەروەها سەیداكەمان دەیتوانی بزانێت كە وەفاتی ئیمامی مالیك لە ساڵی 179ی كۆچی بووە و سەفەرەكەی ئیمامی شافعی لە ساڵی 184ی كۆچی بووە یانی سەفەری ئیمامی شافعی پێنج ساڵ دوای مردنی مالیك بووە.
ئەم سەیدایە پشتی بەستووە بە هەندێ لە بێژەكانی ئەو سەفەرە كە عەبدوڵلا كوڕی محەمەدی بەلەوی دایناوە، خۆ هەموو دەزانن ئەوە چیرۆكێکی درۆیە و هیچ بناغەیەکی بۆ نییە، بەڵام حافزەكانی حەدیس وەكو: ئەبو نەعیم و فەخری رازی و ئیبن حەجەر و ئیبن قەییم و كەسانی دیكە وتویانە. زۆر شتی تر كە پێچەوانەی ڕوداوەكانە وە بۆ بەرزكردنەوەی ژیانی شافعی بێ بەڵگە و سەنەد باس كراوە.
كەواتە ئەوەی ڕاست و هەقە دەبێت لێكۆڵینەوەی ژیانی ئیمامی شافعی لەسەرچاوەكانی جیاواز و جۆراو جۆرەوە وەربگیرێت وە خەڵك لەوانەی كە پێچەوانەی واقعین وریا بكەینەو تا خزمەتێك بێت بۆ زانست و دەرخستنی هەق، هەر خوا پیشاندەری ڕێگای ڕاستە.

ڕەچەڵەك و پێكهاتنی
ئەبو عەبدوڵلا موحەممەد كوڕی ئیدرس كوڕی عەبباس كوڕی عوسمان كوڕی سایب كوڕی عەبدولیەزید كوڕی هاشم كوڕی موتەلیب كوڕی عەبدولمەنافە. لە ساڵی 150ی كۆچی نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی دوا ڕۆژی مانگی رەجەب هاتۆتە دنیاوە، دەڵێن لەو ڕۆژە کە بە دنیا هاتووە ئەبو حەنیفە مردووە، شتی تریان وتووە بەڵام هەمووی جۆراو جۆرن.
لەسەر شوێنی لەدایك بوونیشی دیسان بیروڕای جیاواز هەیە، دەڵێن لە غەززە یان عەسقەلان یان یەمەن لە دایك بووە، بەڵام بێژەیەکی تاکیش هەیە گوایە لە مەككە لە دایك بووە، هەتا ئەو نووسەرانە كە لەبارەی چاكەکانی كتێبیان نووسیوە، هەوڵ و تێكۆشانێکی زۆریان داوە تا ئەو ڕیوایەتانە كۆبكەنەوە و ڕێکیان بخەن، وە مردنی لە وڵاتی میسر بووە لە ساڵی 204ی كۆچی. كاتی مرد لە فۆستاتەوە لەسەرشان هەڵیان گرت تا گۆڕستانی هۆزی زوهرە کە تێدا شاردیانەوە. وە گۆڕستانەکە بەناوی ئیبن عەبدولحەكەم ناوی دەركرد بووە، شاعیر لەبارەیەوە دەڵێت:
اكـرم به رجـلا ما مپله رجــــل مـشارك لـرسول الـلـه فی نسبه
اچحی بمصر دفینا فی مقگمها نعم المقگم والمدفون فی تربه
پیاوێکیان بۆ ناشتن هێنا ئەم گۆڕستانە كە وێنەی ئەو نییە لە ڕەچەڵەكدا، هاوبەشی پێغەمبەرە، لە ناوچەی مەقتەم لە میسر ناشتیان باشترین ناوچەو باشترین شاراوەیە لەو خاكە.
ئیمامی شافعی كە لە ڕەچەڵەکیدا بۆ موتەلیب دەگەڕێتەوە یەكێ لە چوار كوڕەكانی عەبدولمەنافە، كە بریتین لە: موتەلیب و هاشم و عەبدولشەمس (باپیرەی ئومەوییەكان) و نەوفەل. موتەلیب ئەو كەسەیە كە عەبدوموتەلیبی برازای بەخێو و گەورە كرد كە دەكاتە كوڕی هاشم، هاشم باپیری پێغەمبەرە ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئیمامی شافعی لە ڕەچەڵەكدا قورەیشییە، لەگەڵ پێغەمبەر لە عەبدولمەناف یەكدەگرێتەوە، ئەوە بیر و ڕای زۆربەی خەڵكە. بەڵام هەندێ دەڵێن ئیمامی شافعی قورەیشی نییە، بەڵكو بە پەیڕەوی قورەیشییەكان دادەنرێت، واتە خزمەتكاریان بووە و لەوان نییە، چونكە ئیمامی شافعی باپیری خزمەتكاری ئەبولەهەب بووە، لەسەردەمی خەلیفەی دووەم عومەری كوڕی خەتتاب داوایان كرد لە پەیڕەوانی قورەیش بژمێرێت، قەبوڵی نەكرد، پاشان داوایان لە عوسمان كرد قەبوڵی كرد.
قەدەر وای لێهات ئیمامی شافعی بووە بە مەوالی قورەیش هەروەكو هەندێ لە مالیکیەكان و حەنەفییەكان باوەڕیان وایە. وەكو ساجی و ئەبری و بەیهەقی و خەتیب و ئەردستانی. وتویانە دایکی ئیمامی شافعی لە هۆزی ئەزەدە (الازد) و ناسراوە بە (ام حبیبە).
هەندێ دەڵێن (ام حبیبە) لە هۆزی ئەسەدە و بەڵگەشیان قسەی خودی شافعی كاتێ چووە بۆ میسر خەڵكەكە داوایان لێی كرد بووە بێتە لایان قەبوڵی نەكرد و وتی: ئەچمە لای ماڵی خاڵەكانم ئەسەدییەكان، چوو بۆ لای ئەوان.
هەندێکی دیكە وتویانە (ام حبیبە) ناوی فاتیمە كچی عەبدوڵلایە یان كچی عەبید كوڕی حوسێن كوڕی حەسەن كوڕی عەلی كوڕی ئەبوتالیبە.
ڕازی دەڵێت: ئەوە بێژەیەکی تاكە و تەنیایە حاكم گێڕاویەتیەوە، بەیهەقی بە لاوازی داناوە، موقری هەر دووری دەخاتەوە و دەڵێت: شتی وا نییە، بەڵام سەبکی تەییدی دەكات و هیچ بەڵگەیەکی بە دەستەوە نییە.
هەندێکی تر دەڵێن ناوی فاتیمەیە كچی عەبدوڵلا كوڕی حەسەن كوڕی حوسێن كوڕی عەلی كوڕی ئەبوتالیبە، یان كچی عەبدوڵلای مەحزی كوڕی حەسەنی موسەننا كوڕی حەسەنی كوڕی عەلی كوڕی ئەبو تالیبە.
بەڵام ئیدعای قورەیشی بوون ی پێچەوانەی ئیجماعی زانایان و زانایانی ڕەچەڵەكە. تەنیا ئەوە تەعەسوبێکی تەواوە، چونكە چەندین ڕیوایەت لە خودی شافعییەوە هاتووە كە دایکی ئەزەدییە و قورەیشی نییە وە زانایانیش لەسەر ئەو قسەیە كۆكن.
بەڵام باوكی كە ئیدریسە مێژوو بە جوانی بۆمان ڕوونی نەكردۆتەوە كێ بووە و لە ژیان و وەفاتی هیچمان بەدەستەوە نییە و تەنیا ناوی بۆ ئێمە پاڕاستووە، لەو هەموو كتێبانەی كە لەبارەی شافعییەوە نووسراون ئاماژە بە باوکی نەكراوە و هەتا لە كتێبەكانی نوێ و هاوچەرخ و كتێبەكانی ڕیجال و ئەدەبیشدا ناوی نەهاتووە.
بەم جۆرە لە زۆر شت بێ بەش بووین و نایزانین و حەزمان دەكرد زانستمان لەبارەی ژیانی ئیدریسی باوکی ئەم ئیمامە مەزنەوە هەبووایە، هەرچەندە زۆر شتی بێ بناغەیان لەو بارەیەوە وتووە، بەڵام هیچ ڕاستییەکیان نییە، بۆ نموونە «هدایە الله الحسینی» دەڵێت: باوکی شافعی: ئیمامی شافعی داوە بە دەستی موسلیم كوڕی خالیدی زنجی موفتی مەككە تا زانستەكانی ئایین لەلای فێر بێت، ئەوە بە ئیجماعی هەموو زانایان ڕاست نییە، چونكە تەواوی ڕیوایەتەكان ئەوە دەگەیەنێت كە ئیمامی شافعی هەتیوو بووە و دایكی بەخێوی كردووە و گەورەی كردووە و، دایكی دەترسا ناوی ئیمامی شافعی ون بێت لەبەر ئەوە لە تەمەنی دە ساڵی ناردی بۆ مەككە. كەواتە شافعی لە ژێر سێبەری باوکی گەورە نەبووە و گەورە بوونی تەنیا بە ئەستۆی دایکیەوە بووە، نازانین ئایا چاوی بە باوکی كەوتووە یان دایکی سگی هەبووە و ئیدریس مردووە و دوای باوکی هاتۆتە دنیا. هەتا بۆمان ڕوون نییە كە ئیدریس بە چ هۆیەك لە حیجازەوە كۆچی كردووە بۆ یەمەن! هەموو ئەوانە لێڵن و لە ئەستۆی مێژوودایە.
لە پێشەکی كتێبی (الام)دا هاتووە كە باوكی شافعی پیاوێكی حیجازی بووە، هەژار بووە، لە مەككەوە كۆچی كردووە بۆ شام و لە شارەكانی (غزە) و (عسقلان) لە وڵاتی فەلەستین نیشتەجێ بووە، پاش ماوەیەکی كەم لە دوای لە دایك بوونی شافعی دەمرێت. دەقێكی مێژووی لەسەر ئەو بێژەیەش نییە. لە شوێن و ساڵی لە دایك بوون و كۆچكردن و مێژووی كۆچەكەی و چەند سەفەری كردووە، لە چ كات زانستی بەدەست هێناوە، بە منداڵی بووە یان گەورە بووە و هەموو ئەوانە ڕیوایەتی جۆراو جۆر و بێژەی جیاوازیان لەسەرە.
هەندێ دەڵێن لە هاتنەوەی بۆ مەككە تەمەنی دوو ساڵ بووە و دایكی زۆر خۆشی دەویست، وای بە باش دەزانێ كە بیبات بۆ مەككە و ڕەچەڵەكی بپارێزێت، چونكە ئەگەر لە (غزە) بمایەوە ناو و شوێنی ون دەبوو، بۆیە كۆچی كرد بۆ مەككە و لە گەڕەکی (شعب الخیف) لە نزیك حەرەمی ماڵی خوا نیشتەجێ بووە، شافعی تۆزێك كە گەورەتر بووە لە تەمەنی حەوت ساڵی دایكی ناردییە لای نووسەر و لەبەركەرانی قورئان.
هەندێ دەڵێن ئیمامی شافعی لە (غزە) لە دایك بووە، پاشان چووە بۆ (عسقلان) و لە تەمەنی دە ساڵی چووە بۆ مەككە.

بەدواچوونی زانست لە شاری مەككەدا
ئیمامی شافعی بە بچكوڵەیی چووە بۆ مەككە،دوای ئەوە هەندێ گەورە بوو دایكی بردییە لای نووسەرەكان تا قورئان لەبەر بكات و فێری نووسین بێت، زۆر حەزی دەكرد گوێ لە حەدیس بگرێ، لەسەر قوڕی سووركراو دەینووسیەوە. جار وابووە لەسەر پێستیش دەینووسی، چوو بۆ بیاوان و لەگەڵ هوزەیل دەژیا، شیعری لەبەر دەكرد، ئەگەر هوزەیل سەفەری بكردایە، ئەمیش لەگەڵیدا سەفەری دەكرد، دوای ئەوە كە گەڕایەوە بۆ مەككە شیعری دەخوێند و باسی ئاداب و هەواڵی دەكرد. بیاوان نشینی زۆر كاری تێكردبووە، هەروەكو خۆی دەڵێت لە هوزەیل فێری زمانی پاراوەیی بوو بوو.
لە ڕیوایەتەكاندا دەردەكەوێت دە ساڵ لەوێ ماوەتەوە و ڕیوایەتێكی تر دەڵێت 20 ساڵ، ڕیوایەتێكی تر لە خۆیەوە هاتووە دەڵێت حەڤدە ساڵ.
تا ئەم ماوەیە لە تەمەنیدا هیچ ناوبانگێكی زانستی نەبووە، هەتا لە بیری بیرۆكە و ناودەركردنیش نەبوو.
نەوەوی دەڵێت: ئیمامی شافعی لەسەرەتادا بە دوای شیعر و ڕۆژگاری عەرەب و ئەدەبدا دەگەڕا، دوای ئەوانە ڕووی كردۆتە فقهـ و هۆكەشی باس دەكات.
لەو ماوەیەدا كە لە بیاوان بووە قازانجی زۆر كردبووە، توانایی شیعری بەرز كردبوویەوە، زاڵ بووە بەسەر زماندا و هونەری زمان فێر بوو بوو، بەهۆی وەڵامەكان و بێژەكانیەوە كە لێی گێڕدراوەتەوە، ئیمامی شافعی بۆ خۆی باس دەكات،بۆچی ڕووی كردۆتەوە فقهـ ؟ وتویەتی: دوای ئەوەی لە مەككە فێری قورئان و نووسینەوە بووم، لە مەككە دەرچووم بۆ بیاوان و هاوڕێیەتی هوزەیلم كرد قسەكانی فێربووم، ڕەفتار و كردارم لێ وەردەگرت. هوزەیل لە هەموو عەرەب زمان پاراوتر بوو، حەڤدە ساڵ لەگەڵیدا مامەوە، ئەگەر سەفەری بكردایە لەگەڵیدا سەفەرم دەكرد و ئەگەر دابنیشتیایە لەگەڵیدا دادەنیشتم، كاتێ گەڕامەوە بۆ مەككە شیعرم دەگوت و باسی ئاداب و هەواڵ و ڕۆژگاری عەرەبەم دەكرد، كابرایەکی زوبەیری لە هۆزی مامم پێی وتم: ئەبو عەبدوڵلا لەگەڵ ئەم زمان زانین و پاڕاوی زمانە وە ئەم زیرەکییەدا پێم خۆشە فقهی شت بزانیبایە.
كەواتە شافعی تا ئەم كاتەی تەمەنی هیچ ئاگایەكی لە فقهـ نەبووە. خۆی دەڵێت: هەر قسەكەی زوبەیرییە بووە هۆی پاڵ پێوەنانم بەرەو فقهـ و حەدیس، دوای ئەوە چووم بۆ لای موسلیم كوڕی خالیدی زەنجی موفتی شاری مەككە لە ساڵی 180ی كۆچی لە دانیشتنی دەرسەكانیدا بەشداریم دەكرد. ئەو یەكەمین سەیدای شافعی بووە.
نەوەوی لە مەسعەب كوڕی عەبدوڵلای زوبەیریەوە دەگێڕێتەوە: شافعی لە سەرەتای ژیاندا بە دوای شیعر و ڕووداوەكانی عەرەبدا دەگەڕا، دوای ئەوە بە شوێنی فقهدا ڕۆیی و هۆكەشی دەگەڕێتەوە بۆ نووسەرەكەی (ئوبەی) نەوەوی دەڵێت: شافعی بەڕێدا دەڕۆیی بەیتە شیعرێكی وت، نووسەرەكەی (ئوبەی) كە بە دواوەی بووە، بە دارەكەی دەستی وریایی كردەوە و پاشان پێیوت: پیاوێك وەكو تۆ ویژدانی خۆی لەناو دەبات؟ لەگەڵ فقهـدا گەیشتیتە كوێ؟ ئەم قسەیە شافعی هەژاند، لەو قسەیەوە ڕووی كردە ئەڵقەی دەرسەكانی موسلیم كوڕی خالیدی زەنجی.
لە سەرجەمی ئەو ڕیوایەتانە ئەوەمان دەست دەكەوێت كە شافعی لە گرێی سێیەمی تەمەنیدا بە دوای زانستدا چووە، هەروەكو ئیبن كەپیر دەڵێت: مانەوەی لە بیاوان بۆ ماوەی بیست ساڵ بووە، كەواتە دوای ئەوە شوێنی زانستەكانی فقهی دەكەوێت واتە لە گرێی چوارەمی تەمەنیدا دەبێت، یانی دوای ئەوە كە 30 ساڵ لە تەمەنی لە پشت سەردانابووە، وە مانەوەی لەگەڵ موسلیم كوڕی خالیدی زەنجی زۆر كەم بووە.
حەمیدی ڕیوایەتێك دەكات و دەڵێت: گوێم لە موسلیم كوڕی خالیدی زەنجی بووە وتویەتی: من شافعیم e بینیوە كە لە تەمەنی پانزە ساڵی فەتوای داوە. دەڵێت پێم وتوە، ئەبو عەبدوڵلا فەتوا بدە، كاتی فەتوادانت هاتووە، ئەو قسەی حەمیدییە هەر بناغەی بۆ نییە، هەتا بڵێیت لە ڕاستییەوە دوورە، چونكە بەڵگەی مێژوویی ڕوون و ئاشكرا لەبەر دەستماندا هەیە كە شافعی هەتا تەمەنی 30 و 40 ساڵ هیچی لە فقهـ نەزانیوە، وا دیارە حەمیدی ئەو بەڵگە مێژووانەی نەبینیوە.
خەتیبی بەغدادی دوای ئەوەی ئەو چیرۆكە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «ئەوە شتێکی ڕاست نییە چونكە حەمیدی تێگەیشتنی شافعی بچووك دەكاتەوە «.
زۆر سەیرە شتی وا دەڵێن و بەڕاستیشی دەزانن، وە ئەو ڕیوایەتانە بۆ تەییدو بەرز كردنەوەی پلەی زانستی شافعی دەگێڕنەوە، چونكە لە پانزە ساڵیدا فەتوای داوە و هەندێكی تر زیاتر دەیگەڕێنەوە بۆ دواوە دەڵێن: لە دە ساڵیدا فەتوای داوە، هەموو ئەوانە ڕاست نییە، چونكە ئەوەی كە لە شافعییەوە بە ناوبانگە لە تەمەنی دە ساڵ یان زیاتر هاتووە بۆ مەككە، لەو تەمەنەدا فێری قورئان و نووسین بووە. پاشان بۆ لەبەركردنی شیعر چووە بۆ لای هوزەیل كە بیاوان نشین بووە، دەڵێن دە ساڵ، وە هەندی دیكە دەڵێن بیست ساڵ و هەندی دیكە دەڵێن حەڤدە ساڵ لەگەڵ هوزەیل ماوەتەوە.
بەڵام ئەوەی كە ڕاستە شافعی هەتا لە مەككە بووە فقهی نەزانیوە، دوای ئەوە پەیوەندی بە مالیك كوڕی ئەنەسەوە كردووە و چووە بۆ مەدینە و لەوێ فێری فقهـ و حەدیس بووە، وە درێژەی بە دەرسەكانی داوە، پاش ماوەیەكی زۆر ئینجا ناوبانگی دەكردووە.
ئیبن حەجەر دەڵێت: كاتێك مالیك لە مەدینە بووە بە سەرۆكی فقهـ دەناسرا، شافعی چوو بۆ لای و لەلای مایەوە و زانستی لێ وەرگرتووە، دوای ئەوە كە مالیك مرد و ئەبوحەنیفە بووە بە سەرۆكی فقهـ و قوتابیەكەی كە موحەممەد بووە هەرچی دەیزانی بە شافعی وتەوە.
لێرەدا ئیمامی شافعی هەر دوو زانستەكە فێربووە، زانستی خاوەنی ڕا و زانستی خاوەنی حەدیس، موحەممەد هەمیشە چاكەی لە گەڵ دەكرد و یارمەتی دەدا و جار جار پەنجا دیناری پێی دەدا و بە مانەوەی لە لای موحەممەد هەیڤی شافعی بە دەركەوت و لەلای دەرسی تەواو كرد و بووە بە خاوەن پلەیەك لە زانستدا.

تێبینی: سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌کان له‌ ئه‌رشیڤی کوردستانی نوێ دا پارێزراون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*