سەرەکی » دۆسێ » ئیسرائیل، جولەكە بە رەچەڵەك ئەسیپوییەكان خۆپیشاندان دەكەن

بەهۆی كوژرانی لاوێكی (فلاشا)وە بوو

ئیسرائیل، جولەكە بە رەچەڵەك ئەسیپوییەكان خۆپیشاندان دەكەن

لە دوای بەخاكسپاردنی لاوێكی ئیسرائیلی بەڕەچەڵەك ئەسیوپی بەدەستی پۆلیسێك، لە چەند ناوچەیەكی ئیسرائیل خۆپیشاندەران لەگەڵ پۆلیسدا بەیەكداهەڵپژان.
هەزاران خۆپیشاندەر لە ژمارەیەك شاری ئیسرائیل لەسەرەتای تەمموزی 2019 رژانە شەقامەكانە، و هەندێكیشیان وەك مانگرتن شەقامەكانیان داخست و تایەیان سوتاند.
لە 3ی تەمموزی 2019، وتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیلی رایگەیاندبوو، 111 پۆلیس لەكاتی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەراندا برینداربوون، وێڕای دەستگیركردنی 136 كەسی تر.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دانی بەو كێشانەدا نابوو كە رووبەڕووی كۆمەڵگەی ئەسیوپی (فلاشا) دەبێتەوە لە ئیسرائیل، بەڵام داوای لە خۆپیشاندەران كردبوو، دەست لە داخستنی شەقام و رێگەوبانەكان هەڵبگرن.
دەیان هەزار جولەكەی ئەسیوپی لە ساڵانی هەشتا و نەوەدی سەدی بیست بۆ ئیسرائیل گوازرانەوە، بەڵام وەك خۆیان باسی دەكەن، رووبەڕووی «رەگەزپەرستییەكی بەرنامەبۆداڕێژراو» دەبنەوە، وێڕای نەبوونی هاوسۆزی بەرانبەرییان لەو ئاستەنگانەی لە ژیاندا دێنە رێگەیان.
كوژرانی سۆلۆمۆن تیكا (18 ساڵان)، تەوژمێكی توڕەیی لەنێوان جولەكە بەڕەگەز ئەسیوپییەكاندا دروست كە یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەی پۆلیسێك بە كوشتنی تۆمەتبار دەكات.
بەپێی بەیاننامەیەكی پۆلیس، پۆلیسەكە دەڵێت هەوڵی ناوبژیوانی داوە لە شەڕی نێوان دوو پۆل لاودا. پۆلیسەكەش كە جلوبەرگی مەدەنی لەبەردابووە و لە دەرەوەی دەوام بوو، لەگەڵ خۆناساندنیدا لاوەكە بەردبارانی كردووە، ئەمەش وایلێكردووە ناچار ببێت تەقەی لێبكات «دوای ئەوەی هەستی كردووە هەڕەشە لەسەر ژیانی دروستبووە».
بەڵام میدیاكانی ئیسرائیل لە زاری شایەتحاڵەكانەوە بڵاویانكردۆتەوە، پۆلیسەكە رووبەڕووی هیچ هێرشێك نەبۆتەوە.
پۆلیسەكە خراوەتە ژێر نیشتەجێی زۆرەملێ‌ لە ماڵەكەی خۆی، پاش ئەوەی لەلایەن لێكۆڵەرەرەكانەوە لەسەر ئەو كەیسە بانگكراوە.
لە سەرەتای مانگی تەمموزە، خۆپیشاندەران لە شارەكانی حەیفا، و تەلئەبیب، و قودس، شەقام و رێگەوبانە سەرەكییەكانیان گرتبوو.
یەكێك لە خۆپیشاندەران بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندبوو:»هەرچییەكمان پێبكرێت دەیكەین لەپێناو دەستهەڵگرتنی پۆلیس لە كوشتنی خەڵك بەهۆی رەنگی پێستیان».
بە گوتەی خۆپیشاندەرەكە»نازانین ئەو رووداوە دووبارە دەبێتەوە یان نا، بەڵام پێویستمان بە گرتنەبەری رێوشوێنی گێڕانەوەی متمانەیە لەلایەن دەوڵەتەوە، یان لەلایەن پۆلیسەوە كە دەبێت رووداوی لەو جۆرە جارێكی تر روونەدات».
پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێت، ئەفسەرەكان لە سەرەتاوە دانبەخۆداگربوون، و رێگەیان بە خۆپیشاندەران داوە رێگەوبانەكان دابخەن، بەڵام دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دەستیان كرد بە هەڵدانی شوشەی سوتێنەر، و سوتاندنی تایەی كۆن و شكاندنی كەلوپەلەكان، رێوشوێنی خۆیان گرتۆتەبەر و گازی فرمێسكڕێژییان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە.
دەزگای خزمەتگەزارییەكانی فریاكەوتن رایگەیاندبوو، لانی كەم 50 كەس چارەسەرییان بۆكراوە، لەنێوانیاندا خۆپیشاندەران و پۆلیس و رێبوارەكان، ئەمەش بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن رۆژنامەی هائاریتسی ئیسرائیلەوە بڵاوكرابوونەوە.
بەنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، خەمباری خۆی بەرانبەر بە «كوژرانە جەرگبڕەكەی سۆلۆمۆن تیكا» دەربڕیبوو، پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی لاوەكە و كۆمەڵكەی ئەسیوپیش لە ئیسرائیل ناردبوو.
بە گوتەی نەتانیاهۆ»نازانم هەندێك كێشە هەن پێوستییان بە چارەسەرە. تەواوی تواناكانی خۆمان خستۆتەگەڕ، بەڵام تائێستاش پێویستمان بە كاری زیاترە بۆ چارەسەركردنی زیاتری كێشەكان».
نەتانیاهۆ دەڵێت»بەڵام یەك داواكاریمان هەیەن رێگەوبانەكان مەگرن. ئێمە دەوڵەتی یاسایین. رێگە بە داخستنی رێگەوبانەكان نادەین. داواتان لێدەكەم بوارمان بدەن با پێكەوە كێشەكان چارەسەر بكەین لەڕێی پابەندبوون بە یاسا».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، رئۆڤین ریڤلین داوای راگرتنی توندوتیژی و كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینە لە مردنی تیكا كردبوو، و رایگەیاندبوو»بەرپرسیارێتی سەرشانمان ئەوەیە رێگە لە مەرگێكی تری هاوشێوە بگرین، ئێمە پابەندین بەوەوە».
لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو، خۆپیشاندەران رێگەی خێرای تەلئەبیبیان داخست، دوای ئەوەی پۆلیسێك تەقەی لە جولەكەیەكی بە رەچەڵەك ئەسیوپی كردبوو كە نەخۆشی دەرونی هەبوو، ئەمەش پاش ئەوەی پیاوەكە بە چەقۆوە بەرەو پۆلیس رۆیشتبوو.
پۆلیس لەو دەمەدا رایگەیاندبوو»یەهودا بیادگای تەمەن 24 ساڵان، مەترسییەكی تەواوی لەسەر ژیانی پۆلیسەكە دروستكردبوو»، بەڵام خێزانی كوژراوەكە دەڵێت، پۆلیس توندوتیژی لەڕادەبەدەری لە دژی كوڕەكەیان بەكارهێناوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*