سەرەکی » دۆسێ » مالیكی باس لە پاشەكشەی سوپا دەكات لە موسڵ

پێیوایە هەنگاوێكی تایەفەگەریی بوو

مالیكی باس لە پاشەكشەی سوپا دەكات لە موسڵ

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق، باس لە كەیسی تارق هاشمی جێگری پێشووتری سەرۆك كۆمار و ڕافع عیساوی وەزیری دارایی پێشووتر دەكات، ئاماژە بە پاشەكشەكردنی سوپاش دەكات لە موسڵ لە ساڵی 2014 كە ئەو بە “پاشەكشەكردنێكی تایەفەگەریی” ناوی دەبات.
نوری مالیكی لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی (سۆمەریە) ڕایگەیاندووە”كاتێك كێشەكانی تارق هاشمی جێگری پێشووتری سەرۆك كۆمار و ڕافع عیساوی وەزیری دارایی پێشووتر ڕویدا، لە دەرەوەی وڵات بووم و بە دیاریكراویش لە ئەمریكا، لە نوسینگەكەم دادوەر فایەق زێدان لەگەڵ دادوەرێكی تر و دوو ئەفسەر هاتنەلام، ئیبراهیم جەعفەریش لەو دەمەدا بە سەردان هاتبووەلام”.
بە گوتەی مالیكی”زێدان پێیڕاگەیاندم كە بڕیاری پشكنینی ماڵی هاشمی پێیە، بەڵام من پێم وت كە هاشمی جێگری سەرۆك كۆمارە ئەمە كێشە دروستدەكات، بەڵام زێدان وتی، بڕیارەكە بەپێی بەڵگەنامە و زانیاری و دانپێدانانە و دەمانەوێت ماڵەكەی پشكنین، ئەگەر ئێوە ڕێگەنەدەن، من دەستگیردەكەن بەتۆمەتی لەگەڕخستنی كاریی دادوەریی”.
لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق دەڵێت:”هاشمی ڕێگەی سەفەركردنی لێگیرا لەسەر ئەو دانپێدانانەی لە تەلەفیزیۆندا بڵاوكرانەوە، كاتێكیش ویستی بە فڕۆكە سەفەربكات، هەواڵگری سەربازی ڕێگەیان لێگرت و پێیان ڕاگەیاند كە ڕێگەی لێگیراوە، پەیوەندیم بە دادوەر میدحەت مەحمودەوە كرد و پێمڕاگەیاند كە هاشمی دەیەوێت سەفەر بكات، حوكمەكەی چییە، ئەو وتی، گەر بیەوێت سەفەر بكات بۆ دەرەوەی عیراق ڕێگەی پێنادرێت، بەڵام گەر بیەوێت بچێت بۆ كوردستان كە بەشێكە لە عیراق، دەتوانێت و هەر ئەوەش ڕویدا”.
مالیكی لە دیمانەكەدا دەڵێت”دەمزانی ناگەڕێتەوە، بەڵام هیچ ڕێگەچارەیەكم لەبەردەستدا نەبوو كە بتوانم ڕێگەی سەفەركردنی لێبگرم بۆ كوردستان”
سەبارەت بە ڕافع عیساوی، مالیكی وتی”ئەوەی ڕویدا، دەستگیركردنی یەكێك لە داواكراوەكان بوو لەبەردەم دەروازەی ناوچەی سەوز كە لە دانپێدانانەكانیدا باسی لە پاسەوانەكانی عیساوی و كەسانی تر كردبوو، تا كێشەكە عیساویشی گرتەوە”، ڕەتیشیكردبۆوە ڕێگری هەبێت، گەر هاشمی عیساوی لەڕێی دادوەرییەوە بگەڕێنەوە وڵات.
سەبارەت بە هاتنەناوەوەی داعش، مالیكی دەڵێت:”دانیشتوانی پارێزگەكان دەستییان بەسەر ناوچەكانیاندا گرت، بەر لەوەی داعش بوونی هەبێت لەو ناوچانە، ئەوانەش لە شۆڕگێڕە عەشایەرەكان و حزبی بەعس و نەقشبەندی پێكهاتبوون، دوای ئەمە داعش ناوچەكانی كۆنترۆڵ كرد”.
وەك مالیكی باسی دەكات:”پاشەكشەكردنی سوپا لە موسڵ تایەفەگریی بوو، چونكە 90%ی دانیشتوانی شارەكە سوننەن، بزاوتنێك ڕێكخرابوو بۆ پرۆسەی پاشەكشەكردنەكە”.
مالیكی پێیوایە:”ئەوانەی بوونە مایەی داڵدەدانی ئەو تیرۆرەی لە دەرەوە هات، لەئێستادا وازییان لەو كارە هێناوە، چونكە هیچیان دەستنەكەوت و زیانیان بە خۆیان و كەسوكار و ناوچەكانیان گەیاند، مەسەلەی دەستگرتنی تیرۆریستانیش لە ئایندەدا بەسەر شارەكاندا بۆتە ئەستەم”.
رووبەڕبوونەوەكانی شەڕی موسڵ، سەرەتا لەنێوان هێزەكانی سوپای عیراق لەلایەك و رێكخراوی داعش كە لەو دەمەدا لە (شۆڕشگێڕە عەشایەرەكان) پێكهاتبوون دەستیپێكرد، وێڕای سوپای پیاوانی تەریقەی نەقشبەندی.
ئەو چەكدارانە لە 9ی حوزەیرانی 2014دا بەری راستی شاری موسڵیان كۆنترۆڵكرد، ئەمەش بووە مایەی بەرجەستەكردنی هەوڵەكانی گێڕانەوەی بەناو «خیلافەتی ئیسلامی» لەلایەن رێكخراوی داعشەوە.
هەندێك هۆكاریی هاوسۆزی میللی سوننەكان لەگەڵ رێكخراوەكە بۆ چەند هۆكارێك دەگێڕنەوە كە دەركەوتووترینیان تایەفەگەریی و پەراوێزوخستن و ماددەی چواری تیرۆر و بەردەوامبوونی رەشبیگرین، لەلایەك ترەوە نەیارەكانی ئەم بۆچوونە پێیانوایە، گۆڕەپانەكانی مانگرتن لەلایەن رێكخراوەكە و گروپەكانی تری یاخی لە دەسەڵاتی عیراقی قۆزرایەوە و لەسەر رێڕەوی دروستی خۆی لادراو بەلاڕێدابرا.
حكومەتی عیراقی لەو دەمەدا رایگەیاندبوو» ئەوەی لە موسڵ و پارێزگاكانی روویاندا، ناپاكی بوو كە بووە مایەی شكانی سوپای عیراق لەو ناوچانە و هاتنەناوەوەی رێكخراوی داعش لە سوریاوە كە لەلایەن ئەندامە عیراقییەكانی نێو رێكخراوەكە یارمەتیدران، لەگەڵ بوونی هاریكاریی لەلایەن هەندێك لە سیاسیەكانی دەوڵەتی عیراقی».
لەگەڵ داگیركردنی شاری موسڵ لەلایەن رێكخراوی داعشەوە، چەوساندنەوەیەكی زۆر دەستیپێكرد كە خۆی لە «كوشتن و راگواستن و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و سامانی هاووڵاتیان و بەكۆیلەكردنی ژنان و چەوساندنەوەیان» دەبینیەوە، وێڕای بەگژداچوونەوەی كەمینەكان لە پارێزگاكان لەوانەش توركانە شیعەكان، و شەبەكی شیعە، و شیعەی عەرەب، و ئێزدییەكان، و مەسیحیەكان، هەروەها سەربازە كوردەكان و پێشمەرگە لە هەندێك ناوچەی هاسنور كورد لەگەڵ عەرەب.
داعش هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵكو دەستی كرد بە خاپوركردنی تەلار و خانووبەرە و مزگەوت و حسێنییەكان و مەزارگەی پێغەمبەران و پیاوچاكان لەو ناوچانە، لەگەڵ كوشتنی نەیارەكانی رێبازی رێخراوەكە كە دانیشتوانی ناوچەكە بوون، وێڕای قەتڵوعامكردنی خوێندكارانی هێزی ئاسمانی عیراق لە بنكەی سپایكەر لە سەڵاحەدین.
شەڕی موسڵ لەلایەن رێكخراوی داعشەوە بە ناوی «غزوە اسد الله البیلاوی) ناونرا، بیلاوی فەرماندەی شەڕی موسڵی كرد كە سەر بە عەشرەتی ئەلبوبالی قەبیلەی دلێمە لە شاری رومادی.
لەو شەڕەدا لە دوای پاشەكشەكردنی ناچاوەڕوانكراوی سوپای عیراق، داعش لە لەگەڵ هاتنەناوەوەی بۆ شاری موسڵ، دەستیگرت بەسەر 2300 زریپۆشی هامەری سەربازی، و بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی كە سوپا لە دوای خۆیەوە جێیهێشتبوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*