سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״پێویسته‌ په‌رله‌مان وه‌ك یه‌ك تیم كاربكات و زه‌مینه‌ بڕه‌خسێنێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌یاساكان״

״پێویسته‌ په‌رله‌مان وه‌ك یه‌ك تیم كاربكات و زه‌مینه‌ بڕه‌خسێنێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌یاساكان״

سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ئێستادا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر پڕۆژه‌یاسا له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماده‌یه‌ تاكو گفتوگۆی له‌سه‌ربكرێت، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات پێویسته‌ په‌رله‌مان وه‌ك یه‌ك تیم به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكات ‌و زه‌مینه‌ بڕه‌خسێنێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌یاساكان، به‌وپێیه‌ی كاری په‌رله‌مان ده‌سته‌جه‌معی‌و یه‌كتیمییه‌.

كاری په‌رله‌مان یه‌كتیمییه‌
د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستانی‌ نوێ، رایگه‌یاند: ئێستا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر پڕۆژه‌یاسا له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌یه‌ بۆ په‌سه‌ندكردن، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان راوێژ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن تا له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی‌ وه‌رزی‌ نوێی یاساداناندا كه‌ رۆژی 1/9یه‌، به‌رنامه‌ی‌ كار دابنرێت. وتیشی: به‌رنامه‌ی‌ كاری كابینه‌ی‌ نوێی حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌بێته‌ بنه‌ما بۆ ده‌ركردنی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ئێمه‌ پێمانوایه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان وه‌ك یه‌ك تیم به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ن‌و زه‌مینه‌ بڕه‌خسێنن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌یاساكان، چونكه‌ كاری په‌رله‌مان خۆی كاری ده‌سته‌جه‌معی‌و یه‌كتیمییه‌.

یاسای به‌جینۆسایدناساندنی‌ تاوان دژ به‌ ئێزدییه‌كان یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌
هه‌ر له‌باره‌ی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ وه‌رزی‌ نوێی یاسادانان، لوقمان وه‌ردی ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی، به‌كوردستانی‌ نوێی راگه‌یاند: ئاشكرایه‌ به‌هۆی پرسی پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و گفتوگۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌وه‌رزی‌ یه‌كه‌می‌ یاسادانانی‌ خۆی نه‌یتوانی‌ وه‌كو پێویست یاسا ده‌ربكات، جگه‌ له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم‌و یاسای ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم، بڕیاریشه‌ له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا یاسای به‌جینۆسایدناساندنی‌ تاوان دژ به‌ ئێزدییه‌كان یه‌كلابكرێته‌وه‌.

ژماره‌یه‌كی‌ زۆر پڕۆژه‌یاسا پێشكه‌شكراوه‌
ئاماژه‌ی بەوەشكرد کە ئێستا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌پڕۆژه‌یاسا‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ بۆ گفتوگۆكردن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ وه‌ك فراكسیۆنی‌ سه‌وز ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تا ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ یه‌كلابكرێنه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ژیان‌و گوزه‌رانی‌ هاووڵاتیان‌و دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و پرسی چاكسازیی له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، هه‌یه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*