سەرەکی » ئابووری » هەرێم و بەغدا.. گەڕێكی نوێی دانوستان

«دەست بە گفتوگۆی تەكنیكی دەكرێت»

هەرێم و بەغدا.. گەڕێكی نوێی دانوستان

یەکەی ئابووری

سەردانی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداو كۆبوونەوەیان لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق، بە گرنگ و ئەرێنی باس دەكرێت و بەهەنگاوێكی عەمەلی و جددیش دادەنرێت بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
بەپێی ئەنجامی كۆبوونەوەكان و وتەی بەرپرسانی باڵای هەرێم، بڕیاردراوە كە هەردوو وەفدی هەرێم و بەغدا میكانزمێكی نووسراو بۆ چۆنێتی چارەسەری كێشەكان دابڕێژن و دواتر تیمە تەكنیكیەكانی هەردوولا تاوتوێی رێگەچارەكان بكەن، بەتایبەت لەبارەی پرسی (نەوت و بودجەو مادەی 140)ەوە.

تێگەیشتنی زۆر باش هەبوو
دوای كۆبوونەوەكەی وەفدی هەرێمیش لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، لەكۆبوونەوەی یەكەمی كابینەی نۆیەم بڕیارماندا كە سەردانی بەغدا بكەین، بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆ بكەین لە بارەی ئەو بابەتانەی پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
وتیشی: «لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەتی عیراق كۆبووینەوە، تێگەیشتنی زۆر باش هەبوو، هەموو ئەو باسانەی پێویست بوو بوترێت لەلایەن وەفدی هەرێمەوە خستمانەڕوو».
ئاماژەی بەوەشدا، لە داهاتوویەكی نزیك دەست بە گفتوگۆی تەكنیكی دەكرێت بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتانە.
هاوكات محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پێزانینی خۆی بۆ سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا دەربڕی‌و رایگەیاند، سەردانەكە گرنگ بوو بۆ پیشاندانی نیازپاكی هەرێمی كوردستان.

چارەسەركردنی كێشەكان
هاوكات، سەمیر هەورامی، وتەبێژی فەرمیی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە، لەمیانەی كۆبوونەوەكانی وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراقدا، تەئكید لەوە كرایەوە كە هەرێمی كوردستان جدییە لەچارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە مەسەلەی بودجە‌و نەوت‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان.
وتیشی: «هەردوو لایەنی هەرێم‌و بەغدا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیدان بە دانوستان‌و گفتوگۆكانی نێوانیان‌و رێككەوتنیشكرا كە دانوستان‌و گفتوگۆ بەردەوامی هەبێت».
سەمیر هەورامی ئاشكراشیكرد، وەفدی حكومەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتییەكانی عیراق، تەئكیدیان لەچارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان كردۆتەوە كە بەگوێرەی دەستور هەنگاویان بۆ بنرێت.

نیازپاكی هەرێم پیشان دەدات
هاوكات پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەردانی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداو كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵی بە هەنگاوێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وەسفدەكەن.
لەو بارەیەوە تەها ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندوە، سەردانی وەفدی باڵای هەرێم بۆ بەغداو دانوستان‌و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەرەتاییەكی باشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەردوولا، چونكە ئەمە بۆ خۆی نیازپاكی هەرێم پیشان دەدات بەرامبەر بەغداو زیاتر لێكنزیك بوونەوە لەنێوان هەردوولادا دروست دەكات.

بە تایبەت لەساڵی ئایندەدا
راشیگەیاند: هەرێمی كوردستان تائێستا بەشێكە لە عیراق، بۆیە دەبێت وەك كورد مافەكانمان لەسەر حكومەتی عیراق بسەڵمێنین لەسەرجەم سێكتەرەكاندا.
وتیشی: «پێویستیشە حكومەتی هەرێم جددی بێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا، چونكە بێگومان بە مانەوەی بەو شێوەیەو چارەسەرنەكردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی كێشەی زۆر گەورەتری دارایی‌و دەبێتەوە بە تایبەت لەساڵی ئایندەدا، واتە لە بودجەی گشتی 2020 دا، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە هەنگاوی جددی بنێت بۆ زیاتر لێكنزیبوونەوەو چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی لەگەڵ بەغدا».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پیشەسازكارانی هەرێم روو لە پیشەسازیی خۆراك بكەن

یەکەی ئابووری بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، پێشوازیكرد ...