سەرەکی » ئابووری » 35 تریلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانكراوە

35 تریلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانكراوە

بەپێی ئەو ئامارە نا رەسمییانەی بڵاوكراونەتەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی عیراق لە ساڵی ٢٠١٨، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ كەمتر دەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر خانەنشین دەكرێن.

٣٩ تریلیۆن دینار
بەپێی ئامارەكە، ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی عیراق لە ساڵی ٢٠١٨ دا، دوو ملیۆن و ٨٩١ هەزارو ٧٥٦ فەرمانبەرە، ئەو پارەیەش كە لە بوجەی ساڵی ٢٠١٨ بۆ مووچەی ئەو فەرمانبەران تەرخانكراوە بڕەكەی زیاترە لە ٣٥ تریلیۆن دینارە.
ئەوەش خراوەتەڕوو: ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی عیراق لە ساڵی ٢٠١٧، دوو ملیۆن و 905 هەزار و ٢٢٦ فەرمانبەر بووە، ئەو بڕە پارەیەش كە لە بودجەی ساڵی ٢٠١٧ بۆ مووچەی ئەو فەرمانبەرانە تەرخانكراوە، بڕەكەی زیاتر بووە لە ٣٩ تریلیۆن دینار.
بەوپێیەش مووچەی فەرمانبەرانی عیراق لە بودجەی ساڵی ٢٠١٨ بڕی چوار تریلیۆن دینار كەمی كردووە.

هێشتا رەزامەندی دەرنەبڕیوە
بۆ رێكخستنی ژمارەی فەرمانبەران، سندوقی دراوی نێودەڵەتی داوای لە حكومەتی عیراق كردووە ساڵانە ٥٠ هەزار فەرمانبەر رەوانەی خانەنشینی بكات، بەپێی ئامارەكانیش لەساڵی داهاتوودا ١٣ هەزار و ٥٠٠ كەس خانەنشین دەكرێن، بەوەش زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار لە پارەی تەرخانكراو بۆ حكومەتی عیراق دەگەڕێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عیراق لە بودجەی ساڵی ٢٠١٨ بڕی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاشكراكردووە، بەڵام هێشتا رەزامەندی دەرنەبڕیوە لەسەر ئەو لیستی مووچەیەی كە هەرێم رەوانەی كردووە و رایگەیاندووە وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەراندا دەكەین.

ژمارەكان جیاوازن
بەپێی تۆماری بایۆمەتری، حكومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی نزیكەی ملیۆنێك و 250 هەزار فەرمانبەرە، بەڵام بەپێی ئاماری حكومەتی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٨ هەرێم ٦82 هەزار فەرمانبەر بووە، بوونی ئەو جیاوازییە زۆر لە ئامارو داتاكانی نێوان هەرێم و بەغدا، مشتومڕی داهاتووی هەرێم و ناوەند دەبێت.
لای خۆیەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندووە، پابەندین بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و وردبینی لە ژمارەی موچەخۆران دەكەین.

 544 جار بینراوە