سەرەکی » دۆسێ » داعش جموجۆڵەكانی لە سوریا دەستپێدەكاتەوە

گرژی و ئاڵۆزییەكان بەردەوامن

داعش جموجۆڵەكانی لە سوریا دەستپێدەكاتەوە

رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەرپەلامارێك بۆ سەر سوپای سوریا لەشاری دەرعای باشوری سوریا راگەیاند كە بەهۆیەوە شەش سەرباز كوژران.
بەپێی كەناڵی (العربیە) لە 28ی تەمموزی 2019، رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بە پەلامارێك بۆ سەر سوپای سوریا لەشاری دەرعای باشوری سوریا راگەیاندووە كە تێیدا شەش سەرباز كوژران.
دەرعا لەساڵی 2011 مۆڵگەی سەرهەڵدان و جوڵانەوە و ناڕەزاییەكان بوو لەدژی حكومەتی سوریا و دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد.
بە پێی هەواڵەكەی كەناڵی (العربیە) چەكدارێكی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لەسەرەتاوە دەستڕێژی گوللـەی لە سەربازانی سوپای سوریا كردووە و دواتر خۆی تەقاندووەتەوە.
رێكخراوەكە لەڕێی پێگەكانی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاویكردووەتەوە كە چالاكییەكەیان كارێكی خۆكوژی بووە و ئەو كەسەش كە چالاكییەكەی ئەنجامداوە، سەرەتا دەستڕێژی گوللـەی لە سەربازانی سوپای سوریا كردووە و دواتر خۆی تەقاندووەتەوە.
ئەو پەلامارە بە دووەم پەلاماری لەو جۆرەی داعش دادەنرێت لەماوەی هەفتیەیەكدا، چونكە لە 22ی تەمموزی 2019 بە هەمان شێوە رێكخراوەكە بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بە پەلامارێكی خوێناوی لە دیمەشق كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی مەدەنی بونە قوربانی.
دوای رزگاركردن و پاككردنەوەی تەواوی ناوچەكانی سوریا لە چنگی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش،) لەماوەی ئەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، چالاكی و جموجوڵەكانی رێكخراوەكە لەچەند ناوچەی سوریا دەستیانپێكردووەتەوە.

ئۆپۆزسیۆن و حكومەتی سوریا
لەلایەكی ترەوە حكومەتی سوریا و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكە، پرۆسەی دیل بەدیل دەستپێدەكەن، ئەمەش بەگوێرەی ئەو رێكەوتنەی پێشتر لە چوارچێوەی دانوستانەكانی ئاستانا لەنێوان هەردوولادا ئیمزای لەسەر كرابوو.
(میدڵ ئیست مۆنیتەر)، لە 31ی تەمموزی 2019، و لە زاری وەزیری دەرەوەی توركیاوە بڵاوكردبووەوە، حكومەتی سوریا و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، ژمارەیەك دیلیان ئازادكردووە كە پێشتر لەلایەن هەردوولاوە دەستبەسەركرابوون.
بەپێی زانیارییەكان، هەریەك لە حكومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن دیلەكانیان لەنێوان یەكتریدا لە 31ی تەمموزی 2019 ئاڵوگۆڕكردووە.
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، حكومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن ژمارەیەكی یەكسانی دیلەكانیان لەنێوان یەكتردا ئاڵوگۆڕكردووە، پرۆسەكەش لە ناوچەی عەبدولزینەدین لە 31ی مانگی رابردوو بەڕێوەچووە.
وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، ئازادكردنی ئەو دیلانە لە چوارچێوەی پرۆژەیەكدا بوو كە لە دانوستانەكانی ئاستانا رێكەوتنی لەسەركرابوو، بەپێی رێكەوتنەكەش دەبێت هەردوولا دیلەكان ئازاد بكەن و تەرمی كوژراوەكانی هەردوولا رادەستی یەكتر بكەن.

بۆردومانی دامەزراوە تەندروستییەكان
هەر سەبارەت بە سوریا، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 31ی تەمموزی 2019، داوایان لە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو هێرشانەوە كراوە كە كراونەتە سەر دامەزراوە تەندروستییەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە سوریا.
لە مانگی نیسانی رابردوو هێزەكانی حكومەتی سوریا بە پشتیوانی روسیا هێرشیان كردە سەر دوایین مۆڵگەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش «بەهۆی ئەو ئەو هێرشانەوە 450 هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و زیاتر لە 440 هەزاری تر ئاوارە بوون، وێڕای ئەوەش بەشێك لە هێرشەكان كراونەتە دامەزراوە تەندروستییەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان».
بەهۆی بەئامانج گرتنی دامەزراوە تەندروستییەكان لەلایەن هێزە هاوبەشەكانی روسیا و سوریاوە، ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی «بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمەریكا و ئەڵمانیا و بەلجیكا و پیرۆ و پۆڵەندا و كوەیت و كۆماری دۆمێنیكان و ئیندۆنیسیا»، بە رەسمی نامەیەكیان رەوانەی ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو، تا لێكۆڵینەوە لەو روداوانە بكەن كە لە باكوری خۆرئاوای سوریا رویاندا.
ئەو وڵاتانە لە پەیامێكیاندا رایانگەیاندبوو»لە كۆتایی مانگی نیسانەوە، لە باكووری خۆرئاوای سوریا، لایەنی كەم چواردە دامەزراوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رووبەڕووی بۆردومان بوونەتەوە و زیانی زۆریان پێگەیشتووە، بۆیە داوادەكەین لێكۆڵینەوەیەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بەو هێرشانەی كە زیانیان بە دامەزراوە تەندروستییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان گەیاندووە لە باكووری خۆرئاوای سوریا ئەنجام بدرێت».
فەرحان حەق وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو «نوێنەرانی 10 وڵاتەی ئەندامەكەی ئەنجومەنی ئاسایش چاویان بە سكرتێری گشتی كەوتووە و چاو بە داواكارییەكەیاندا دەخشێنرێت».
هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ئەنجومەنی ئاسایش روسیا و چین پارێزگارییان لە حكومەتەكەی بەشار ئەسەد كرد لەبەرانبەر ئەگەر گرتنەبەری هەر رێوشوێنێك كە دژی سوریا بگیرێتەبەر، و رێگریی خۆیان خستبووەڕوو بەرانبەر پەسەندكردنی بڕیارێك كە مەبەست لێی پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیە لەو روداوانە.
ئەم هەڵوێستە دژانە لەلایەن بەرەی ئەمریكا و بەرەی روسیا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانی خستووەتەبەردەم رێگەیەكی داخراو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەدر بە چوار خاڵ عەبدولمەهدی ئاگاداردەكاتەوە

رابەری رەوتی سەدر، بە چوار خاڵ كە لەڕێی (تویتەر)ەوە بڵاویكردەوە، ...