سەرەکی » ئابووری » پیشەسازكارانی هەرێم روو لە پیشەسازیی خۆراك بكەنپەڕە 17

وەزیری كشتوكاڵ:

پیشەسازكارانی هەرێم روو لە پیشەسازیی خۆراك بكەن

یەکەی ئابووری

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، پێشوازیكرد لە وەفدێكی یەكێتسی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازیی هەرێم، بە سەرۆكایەتی دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیەكە.
لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی هەرچی زیاتر رۆڵ ببینی بازرگانان‌و پیشەسازكارانی كوردستان لە پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ.
لەو بارەیەوە، وەفدی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی باری سەرنجی خۆیان خستەڕوو لە بارەی پێویستی بەشداربوونی بازرگانان‌و خاوەن پڕۆژەكانی كەرتی كشتوكاڵی لە یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی، بەو جۆرەی یەكێتیەكە ببێتە یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان‌و ئەزموونی سەركەوتووی چەندین وڵاتیان لەو بوارەدا وەك نموونە باسكرد.
لای خۆیەوە، وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو، داوای لە بازرگانانی هەرێم كرد، هەوڵ بدەن بەرووبوومی كشتوكاڵی‌و باخداری هەرێمی كوردستان بكەنە كاڵای گرنگی بازرگانی كردن‌و لەوڵاتانی دەرەوە بازاڕی پێویستی بۆ بدۆزنەوەو لەم رێگەیەوە خزمەت بە وڵاتەكەیان بكەن‌و سەرمایەی زیاتر بۆخۆیان‌و هەرێمەكەش بچننەوە.

چارەسەركردنی كێشەی بەبازاڕكردنی بەرووبوومی خۆماڵی
ئاماژە بۆ ئەوەشكرا، زۆریی بەرووبوومی كشتوكاڵی ناوخۆیی هاندەرێكی گرنگە بۆ ئەوەی كەرتی پیشەسازیی لە هەرێمی كوردستان روو بكاتە پیشەسازیی خۆراكی لەو بوارەدا وەبەرهێنانی گەورەو گرنگ بكرێت. وتیشی: «چاومان لەوەیە پیشاسازكارانی هەرێم قورسایی كارەكانیان بخەنە سەر پیشەسازیی خۆراك. كە ئەم هەنگاوانە دەبنە مایەی چارەسەركردنی كێشەی بەبازاڕكردنی بەرووبوومی خۆماڵی‌و لەو رێگەیەوە دەتوانرێ هانی جووتیاران بدرێ‌و كەرتی كشتوكاڵ زۆرتر ببوژێنرێتەوە.

بەدواداچوونی پێویستیان بۆ دەكرێت
هەر لەچوارچێوەی دیدار و چالاكییەكانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لەگەڵ رێكخراوەكانی بواری كێڵگە پەلەوەریی‌و خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە، بەمەبەستی گوێگرتن لەكێشەو لەمپەرەكانی بەردەم پڕۆژە پەلەوەرییەكان.
لەو كۆبوونەوەیەدا، بێگەرد تاڵەبانی دووپاتی كردەوە، داواكاریی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەبەرچاو دەگیرێت‌و هەر ئەم مانگە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژكاریی وەزارەتدا بەدواداچوونی پێویستیان بۆ دەكرێت چ لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و چ ئەو وەزارەتانەی دیكەی حكومەتی هەرێم كە پەیوەندیدارن بەو مەسەلەیە.
وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم راشیگەیاند، وەزارەتی كشتوكاڵ بە گرنگی زۆرەوە دەڕوانێتە پڕۆژە پەلەوەرییەكان‌و درێغی ناكات لە گرنگیدان بەو بوارەو وەزارەتەكە، تا ئەوپەڕی توانا هاوكار دەبێت لەچارەسەركردنی كێشەكان.

پاراستنی ئاسایشی خۆراك
داواشی لە خاوەن پڕۆژەكان كرد، ئەوانیش هاوكاربن لەداڕشتنی پلانێكی ستراتیژی واقیعینانە بۆ هەرچی زیاتر پەرەپێدانی بەرووبوومی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەكوردستاندا، لەپێناوی ئەوەی كشتوكاڵ بكرێتە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووریی كوردستان.
هاوكات داوای لێكردن وەك ئەركێكی نەتەوەیی نیشتیمانی پێش هەر شتێكی دیكە وەك پێشمەرگەی پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە كوردستناندا ئەركی خۆیان راپەڕێنن.
وەزیری كشتوكاڵ وتیشی: «لە ساغكردنەوەی بەرهەمیشدا گرنگە بەرژەوەندی بەكاربەر و هاووڵاتیانی هەرێم لە پاڵ بەرژەوەندی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكاندا رەچاو بكرێت، بە جۆرێك باڵانس رابگیرێت كە هەمووان سوودمەندبن».

لەمپەرەكانی بەردەم كاری پڕۆژە پەلەوەرییەكان‌
لە میانی خستنەڕووی داواكاری‌و پێشنیازەكانیاندا، خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەكان دووپاتیان كردەوە كە بەرهەمەكانیان گەیشتۆتە ئاستی پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆیی بەڕێژەی (100 %) و داوایان كرد وەزارەتی كشتوكاڵ چاو بەڕێژەی هێنانی گۆشتی مریشك‌و هێلكە لەدەرەوەی وڵاتدا بخشێنێتەوەو بەپێی پلان‌و هەڵسەنگاندنی مانگانە مۆڵەتی هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە بدات.
باسیان لەوەشكرد، لە بەرهەمی ئالیكیشدا كوردستان دەتوانێ بەشی پێویست لەو بەرهەمانە بۆ كوردستان‌و بەشێكی عیراقیش دابین بكات. ئامادەبووان بە ئامار رێژەی چەندین بەرهەمی دیكەی كێڵگەو كارگەو كوشتارگەكانی پەلەوەریان خستەڕوو.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا هەماهەنگی‌و كۆبوونەوەی هەردوولا بەردەوام بێت بۆ چارەسەری كێشەكان‌و لابردنی لەمپەرەكانی بەردەم كاری پڕۆژە پەلەوەرییەكان‌و سەربڕینخانەو كارگەكانی دابینكردنی ئالیك‌و هەڵهێنەری جوجك‌و پڕۆژە پەلەوەرییەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قسەیەك لەسەر كرێكاران

ئەحمەد محەمەد سەعید بە مێژووی دروستبوونی سیستمی سەرمایەداری‌و گەورەبوونی هەژموونی ...