سەرەکی » مانشێت » پەسەندی جینۆسایدی ئێزیدی‌ و ئەركە بنچینەییەكان!

پەسەندی جینۆسایدی ئێزیدی‌ و ئەركە بنچینەییەكان!

مەلا بەختیار

3/8/2019 پەرلەمانی كوردستان، بڕیارێكی مێژوویی دا، بەوەی كارەساتی ئێزیدییەكانی وەكو جینۆساید، پەسەند كرد.
كارەساتی وا، لەم سەردەمەی جیهانگیریەدا پێنج ساڵی ویست، سەرەڕای هەزاران بەڵگەو تاوانی ئاشكرا. جاوەرە، كوردە هەمیشە جینۆساید كراوەكە، بیر لە(1400) ساڵ لەمەوبەر بكەوە، كە لەو چواردە سەدەیەدا، ئێزیدی (73) جاری تر، فەرمانی قەتڵوعامیان دەرچووە، (جگە لە ئەنفالی كاكەیی و شەبەك و سەرجەم نەژادی كورد) بەڵام مێژوونوسانی عەرەبی-ئیسلامی‌و مێژوونوسانی توركی-عوسمانی، مێژونوسانی فارسی-ئیسلامی، بەچەواشەكراوی تۆماریان كردووە.
ئەوەی لەویژدانیشدا ماوە، هەر زۆر كەمتر بووە لەوردەكاری كارەساتەكان. بێگومانین، (73) فەرمانەكانی سەدەكانی لەمەوبەریش، بەرامبەر ئێزدیەكان، كارەساتەكانیان كەمتر نەبوون لەفەرمانی داعشەكان، بەڵكو ئەو سەردەمانەی قەڵەمڕەوەكان، ئێزیدییەكانیان قڕ دەكرد، بەحەڵاڵیشیان دەزانی. مێدیای ئازادو تەنانەت خوێندەواریش نەبوون، هەتا كارەساتەكان تۆمار بكەن. تاقە شایەت، ئێسك‌و پروسكەكانی ئەو سەردەمەن، كە دڵنیام رۆژێك دێت، بەهۆی ئامێری پێشكەوتوو، دەریاندەخات، سیاسەتی قەتڵوعامی ئەوكاتە، بەچ شمشێرو رمی كول‌و ئەقڵییەتی كۆنەپەرستییەوە، كورد قڕان كراوون.
ئێستا، پەرلەمانی كوردستان، بەهۆی كێشەگەلی سیاسییەوە، (5) ساڵ ئەم بڕیارەی دواخست. دەستیخۆش كە خولی ئێستا فریایان خست. بەڵام بەندە، دوای بڕیارەكە، دوو ئەرك زۆر بەگرنگ دەزانم.
یەكەمیان: بڕیارەكە، وەكو یاسایەك، لەگەڵ پرۆژە یاسای ئەنفال‌و كیمیابارانكردنی كوردستان، پێكەوە فراكسیۆنەكانی كوردستان لەبەغداد، بیدەنە پەرلەمانی عیراق پەسەندی بكات‌، بۆئەوەی حكومەتی عیراق، قەرەبووی قوربانییەكان بكاتەوە. هیوادارم، بەهۆی ئەم كارەساتەوە، كارەساتەكانی تریش بخەنەوە چوارچێوەی مافی یاسایی و ساڵەها دوای نەخەن، تاكو قوربانییەكان، وەك قوربانییەكانی مێژوو، دیزە بەدەرخۆنە نەكرێن.
دووەمیان: ئەم بڕیارە، هاندەرە، كە ستراتیژی ریشەكێشكردنی توندوتیژی ئایینی‌و فەلسەفە دوناییەكانیش، لەزهنیەتی كوردو دەوروبەرمان دابڕێژرێ‌‌و كاری هەمەلایەنەی لەسەر بكرێ‌، بەتایبەتی لەناو فەلسەفەی پەروەردە‌و خوێندنی باڵادا، ئاشكرایە مەترسی ترسناكی هزری توندوتیژی، هەتا لەناو كۆمەڵدا بمێنێ‌، هەروەكو رووداوەكانی مێژوو، ئەگەری كارەساتی تریش، لەبەردەمماندا دەهێڵێتەوە.
دەستخۆشی لەپەرلەمانی كوردستان دەكەم‌و چاوەڕوانی هەڵمەتی پەرلەمانتارانین لەبەغداد.
سلێمانی 5/8/2019

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەگەری دووبارە بوونەوەیان

سەرداری شەهید حەمەغەفور ئاغجەلەری لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی تر ...