سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » من لێره‌ بۆتان ئه‌گه‌ڕێم، لای خانه‌خوێ ئه‌دۆزرێنه‌وه‌پەڕە 17

من لێره‌ بۆتان ئه‌گه‌ڕێم، لای خانه‌خوێ ئه‌دۆزرێنه‌وه‌

بۆ(گه‌رمیانی یه‌كانی سه‌ماوه‌)

دڵشاد ئه‌حمه‌د

ئه‌و جلانه‌ له‌ كه‌یه‌وه‌ نه‌شۆراوه‌؟
كۆرپه‌كه‌ت له‌ كه‌یه‌وه‌ شیرت نه‌داوه‌تێ..؟
ئه‌ی له‌ كه‌یه‌وه‌ نانی به‌یانیتان نه‌خواردووه‌..؟
له‌كه‌یه‌وه‌ بانگی عه‌سرتان گوێ لێ نه‌بووه‌…؟
ئه‌مڕۆ چه‌ن شه‌ممه‌یه‌ لای ئێوه‌؟
كوردیتان له‌بیر نه‌چۆته‌وه‌…؟
زمانتان ماوه‌ بۆ قسه‌كردن…؟
ئه‌ی ئێستا….
یه‌كتر ئه‌ناسنه‌وه‌؟
پێم بڵێن له‌كه‌یه‌وه‌ تینوتانه‌..؟
چه‌ند ساڵه‌ نانی (تیری) تان نه‌خواردووه‌..؟
ئێستا برسیتانه‌؟ بۆنی سه‌مونی عه‌سكه‌ری دێ؟ تێربن ئه‌گه‌ر برسین؟
له‌كه‌یه‌وه‌ ئاوا به‌یه‌كه‌وه‌ن؟
ماندوونه‌بوون له‌ ئێسك هه‌ڵوه‌ران؟
ماندوونه‌بوون له‌م خه‌وه‌ خۆڵاوی یه‌؟
هه‌تا ئێستاش
مناڵه‌كانتان گه‌وره‌ نه‌بوون؟
تاڵ تاڵ سپی نه‌كه‌وتۆته‌ پرچتان؟
ته‌لێ گیان ..
بۆ پرچتان ماوه‌؟
چه‌ن ساڵه‌ هاپۆ:
قسه‌تان له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌كردووه‌؟
كه‌ ته‌په‌ی پێیان دێ ڕائه‌چڵه‌كن
ئێستاش لێیان ئه‌ترسن؟
هاپۆ:
قوتوه‌كه‌ت جگه‌ره‌ی تیا نه‌ماوه‌،؟
چه‌رخه‌كه‌شت ئاگر….
چۆن به‌رگه‌ی ئه‌م گه‌شته‌ ئیمانه‌ ئه‌گری
به‌بێ سیغارێ؟

* * *

فیشه‌كێ له‌ناو قه‌فه‌زه‌ی سنگت دایه‌،
به‌شیری مه‌مكه‌كانت ژه‌نگاوی ژه‌نگاوی بووه‌!
ته‌لێ گیان…
تۆ پێش كۆرپه‌كه‌ت كوژرای؟
یان ئه‌و پێش تۆ؟
یان هه‌ردووكتان به‌یه‌كه‌وه‌؟
ئێستاش فتواكانیان ئه‌ڵێن:
نامه‌حره‌م نیه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ نوستوون؟
ئه‌م په‌راسوانه‌ هی كامتانه‌، به‌ ده‌ستی منداڵێكه‌وه‌ ته‌قه‌ته‌قی پێ ئه‌كات؟
چۆن هه‌مووتان
وشه‌ی ((ئه‌ڵا)) له‌سه‌ر دانه‌كانتانه‌ و هاوار ئه‌كه‌ن و هیچ جوابتان نیه‌،
((ئه‌ڵا)) له‌وێ بوو،
كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌، سوپای نازداری ((عومه‌ر)) به‌ شمشێره‌كه‌ی
((به‌غدای سه‌لام)) سه‌ری بڕین…
ئه‌و له‌ كوێ بوو؟
كۆرپه‌كه‌شتان، هه‌مان ووشه‌ی له‌ناو دانه‌كانیه‌تی
به‌ڵام به‌ تێكه‌ڵاوی….
گه‌رمانیه‌كانی سه‌ماوه‌…. هه‌تا ئێستا ((باران)) لێ ی نه‌داون؟
گوێ تان له‌ چۆڕاوگه‌ی گوێ سه‌وانه‌ و
قوقه‌قوقی كه‌ڵه‌شێر نه‌بووه‌؟
ئه‌ی پارشێوان…
كێ خه‌به‌ری ئه‌كردنه‌وه‌؟ توخوا… توخوا
به‌ربانگتان به‌ چی ئه‌كرده‌وه‌ ….؟
به‌ گولله‌ی ئومه‌ی عه‌ره‌بی
یان ئێسك و پروسكی یه‌كتر …
ئه‌ه برا…
ئێستاش هه‌ر خه‌ریكی نوێژن؟
ئه‌زانن قیبله‌ له‌كوێوه‌یه‌،
كامتان سوره‌تی ئه‌نفال ئه‌زانن….
ده‌متان هه‌مووی پڕه‌ له‌ هاوار بۆ ئه‌ڵا…
هی منداڵه‌كانیش …. به‌ گروگاڵ
ده‌ستتان به‌ره‌و ئاسمان هه‌تا ئێستاش له‌ به‌رزیه‌ ….
ئه‌ی ئه‌و له‌ كوێ بوو؟
گه‌رمیانیه‌كانی سه‌ماوه‌، گه‌رمانیه‌كانی سمود، چاوه‌ڕێتانن …
وه‌ك چاوه‌ڕوانی ڕواون و ناجوڵێنن
له‌ چاوه‌ڕوانی چاوه‌ڕوان ترن ….
وه‌رنه‌وه‌ …
له‌وێ ژیان وه‌ستاوه‌، مه‌دینه‌ فه‌رموویه‌تی ڕاوه‌ستن…
له‌وێ لمی بن سمی ئه‌سپه‌كانی ((عه‌بوبه‌كر))
كوێری كردوون…
وه‌رنه‌وه‌….
به‌ چاڵه‌كانی دراوسێشتان بڵێن…
چ كاتێ هه‌ستان ….. وه‌رنه‌وه‌…… وه‌رنه‌وه‌….!!

* * *

ئه‌ی خودایه‌…
ئه‌وانه‌، ئه‌ناسیته‌وه‌…..؟ دڵنیام نه‌!
ئه‌و مه‌مكه‌مژه‌یه‌،
ئه‌زانی هی كام كۆرپه‌ی (عه‌بد) ی خۆته‌…؟
دڵنیام نه‌
تۆ گریانت بۆیان دێ….
دڵنیام نه‌…
چونكه‌ نایان ناسیت!!
ئه‌ی خودا!

* * *

بۆچی چاوتان به‌ستراوه‌ته‌وه‌؟
ئه‌ی دڵتان بۆچی په‌له‌ په‌لیه‌تی؟
هه‌ناسه‌تان خه‌فه‌كردووه‌ و گوێتان شل شل ڕاگرتووه‌.
ته‌په‌ی پێ دێ….
ڕاكێشانی میلی تفه‌نگ ئه‌زانن چی یه‌؟
ئێوه‌ له‌و زمانه‌ تێ ئه‌گه‌ن ده‌وره‌ی داون….
به‌و زمانه‌ ئه‌نفال نوسراوه‌ته‌وه‌،
ئه‌وه‌ ئه‌زانن؟
كام كه‌نیشك، له‌ فه‌قیانه‌ی كراسه‌كه‌ی دوو دیناری بۆ لێ قه‌ومان
هه‌ڵگرتووه‌….. با فڕێ ی دا؟
ئێستا ئه‌و پاره‌یه‌ لێره‌ ناخوا….. ئه‌زانن؟
ته‌سكه‌ره‌كانتان ده‌ركه‌ن… هه‌ڵی بڕن…
ئه‌وانه‌ی بۆی ده‌ركردون، هه‌ر ئه‌وان ئه‌تان كوژن…
ته‌سكه‌ره‌كانتان به‌ته‌نیشت خۆتانه‌وه‌ دانێن…
با ئێستا بتان ناسینه‌وه‌…

* * *

من لێره‌ بۆتان ئه‌گه‌ڕێم…
له‌ شوانه‌كانم پرسی، به‌ره‌و كوێ بردیانن؟
ووتیان: لێره‌وه‌ بردیانن….
وتیان: عه‌سكه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كان
به‌ فه‌رمانی سوره‌تی هه‌شته‌می كتێبه‌كه‌ی ئه‌وان….
لێره‌وه‌ بردیانن….
من له‌ ((مله‌ سوره‌))چاوه‌ڕوانم
له‌و ڕێگایانه‌ ئه‌ڕوانم…..
ئه‌وه‌ جغاره‌یه‌كی داوێ یی یه‌، هێشتا ماوه‌….
ئه‌وه‌ش قه‌راغه‌ نانێكی كوڵه‌ جۆیی حاجی حه‌مه‌ جانه‌…
شوێن پێكانتان دیاره‌…. لێره‌وه‌ دیل كران
لێره‌وه‌ بران
لێره‌وه‌ كۆتایی بوو…..
كۆتایی مێژوو…. كۆتایی ژیان
لێره‌…..
ته‌نها ئێره‌…!
ئه‌م گێتیه‌، بێ ده‌نگ، بێ ده‌نگ….
ئه‌م وڵاتانه‌، هه‌ستیان ڕاگرتبوو…. بێ ده‌نگ بێ ده‌نگ
كه‌س ورته‌ی لێوه‌ نه‌هات…
سه‌ده‌ سه‌ده‌ی سه‌ودای قڕكردنی
گۆچان و
مایه‌ و
سه‌عاتی به‌رباخه‌ڵ و كل و كلتور و
ره‌نگی كورد بوو….
سه‌ده‌ی سه‌ودای سوتانی
قوتابخانه‌ و …
كاریته‌ی ناوقه‌دی سه‌ربانی ژوری قوڕین و
تراكتۆر پڕكردن له‌ جوتیار و
كۆچ پێ كردنی باڵنده‌ و مه‌له‌كان بوو…
سه‌ودای سه‌ده‌ی
ئاخر زه‌مانی كوردستان بوو..

* * *

به‌ سوره‌ قژ سوره‌كه‌ی واشنتۆن بڵێن:
به‌رژه‌وه‌ندیتان له‌م ئێسك و پروسكانه‌ چی بوو…..
ئه‌وانه‌ خۆ ((نه‌وت)) یان پێ نه‌بوو
هیچ خه‌ته‌ریان له‌سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی ,وڵاته‌ مه‌زنه‌كه‌تان
نه‌بوو….
له‌ كامیان ئه‌ترسان قژ و بژ سور
له‌ ژێ سێ ی شانی ((شێخ حسێن)) ی بنه‌كه‌
یان ماتۆڕه‌كه‌ی ئه‌تێلا….
یان بریقه‌ و باقی داسی دروێنه‌ی ((براوه‌ل))
ئێره‌، به‌سره‌ و عه‌بادان نیه‌ پڕ له‌ په‌ترۆڵ…
ئێره‌ ((گوندی قه‌واڵی)) یه‌
بێ مه‌ردوم …. دیل ….. وڵاتیش چۆڵ
ته‌ماشاكه‌ن
له‌و بیابانه‌ی جنوبی ئه‌نفال
میلله‌تێك بووه‌ به‌لم
ته‌ماشاكه‌ن
له‌ ره‌حمه‌تی چوارده‌ سه‌ده‌ی غه‌ربی ئه‌نفال
له‌شكری ((سه‌عدی كوڕی وه‌قاس))
له‌ جه‌له‌ولاوه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ و چوارده‌ سه‌ده‌یه‌
هه‌رچی دێته‌ ڕێ، دره‌خت و مه‌ل
جوتیار و داس
كه‌وا و سه‌ڵته‌ ودارجگه‌ره‌
هه‌تا ئه‌گاته‌ ئێوه‌….
سه‌ری ئه‌بڕێ…
* * *
ئێستا من ئه‌و فه‌قیانه‌یه‌ ئه‌كه‌مه‌وه‌….
نوشته‌ی ((باوه‌ شاسوار)) ه‌ و
((حه‌مه‌ی زۆراو))
بۆ كوڕه‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ی به‌ دینار و نیوێ كردویه‌تی..
تاكو خوا بیپارێزێ…
ده‌ بڕوانن …. ئه‌وه‌ ئێسك و پروسكی خۆیی و
كوڕه‌ پێشمه‌رگه‌كه‌یی و گۆپاڵه‌كه‌شێتی….

نوشته‌كه‌ش به‌ كوردی نوسراوه‌…
به‌ڵام ڕه‌نگی پێوه‌ نه‌ماوه‌….
* * *
ئه‌وانه‌ ئێمه‌ن….
ئێمه‌ش ئه‌وان…..
خۆ ئه‌ش زانن …..قه‌ت قه‌ت نامرین…
ئه‌شزانن….. نابڕێینه‌وه‌….
چونكه‌ ئاسمان….
نامان ناسێ…

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*