سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول، موڵكی هه‌موو..

شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول، موڵكی هه‌موو..

شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول، موڵكی هه‌موو گه‌لی كوردستان و روانینه‌ سیاسییه‌كانه‌

زۆر جار هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن به‌ هۆی بیركردنه‌وه‌ جیاوازه‌كانیانه‌وه‌، پشت ئه‌كه‌نه‌ رووداوێكی مێژویی گرنگی گه‌له‌كه‌مان و بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌ دیموكراسییه‌كه‌ی كه‌ قوربانییه‌كی زۆر و زه‌وه‌ندی پێشكه‌شكرا، ئه‌ویش شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زنه‌، كه‌ بووه‌ شۆڕش و كڵپه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ و سه‌رتاسه‌ری كوردستانی عێراقی گرته‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كه‌یشی له‌ نێو بزووتنه‌وه‌ی هه‌قخوازانه‌ی دیموكراسیی له‌ عێراق و به‌شه‌كانی تری كوردستانیش جێگیر بوو.
راسته‌، شۆڕشه‌كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ناڕازیی بوونی ئاغا و ده‌ربه‌گه‌كان دژی قانونی ژماره‌ 30 چاكسازیی كشتوكاڵ، سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان – عێراقیش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ژه‌نڕاڵ بارزانی نه‌مر، كردیه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌ شۆڤێنییه‌كانی حوكمی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم كه‌ جڵه‌وی حوكمه‌كه‌ی كه‌وتبووه‌ ده‌ست داخ له‌ دڵه‌كان، به‌ڵام ناونیشان و ناسنامه‌ی شۆڕشه‌كه‌ ئه‌و قاڵبه‌ ته‌سكه‌ی توێژێكی دیاریكراوی سڕییه‌وه‌ و مۆركێكی تری كرد به‌به‌ری راپه‌ڕینه‌كه‌دا و بووه‌ شۆڕشێكی سه‌رتاسه‌ریی گه‌لی كوردستان له‌ دژی سته‌می چینایه‌تیی و نه‌ته‌وایه‌تیی و رۆشنبیریی گه‌له‌كه‌مان و سیاسه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌كانی ئه‌وسای رژێمی عیراق، كه‌ له‌ مانگی ئازاره‌وه‌ به‌ داخستنی رۆژنامه‌ی خه‌بات و قه‌ده‌غه‌كردنی پارتی ده‌ستی پێكرد و دواتریش په‌شیمان بوونه‌وه‌ بوو له‌ جێبه‌جێكردنی به‌ندی ب-ی ماده‌ی چواری ده‌ستوور، كه‌ شه‌راكه‌تی كوردی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا سه‌لماندبوو له‌ كۆماری یه‌كه‌می عێراقدا، سه‌رباری جێبه‌جێكردنی هه‌موو روانین و سیاسه‌ته‌كانی شۆڤێنیی و به‌عسییه‌كان، بۆیه‌ شۆڕشه‌كه‌ بووه‌ ناسنامه‌ی داكۆكیكردن له‌ وجودی گه‌لێك له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌ی و پێشێلكردنی مافه‌ ره‌واكانی، به‌مه‌ش هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌كدارییدا هه‌زاران رۆڵه‌ی كورد له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان پشتیوانییان له‌ شۆڕشه‌كه‌ كرد و ریزه‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌یان تۆكمه‌ كرد و چوونه‌وه‌ به‌گژ سوپای رژێمی به‌غداد. شۆڕشی ئه‌یلول یه‌كێك بوو له‌ گه‌وره‌ترین شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌كانی گه‌لی كوردستان، كه‌ زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان به‌شدارییان تیادا كرد و قوربانیی زۆر و زه‌وه‌ندیشیان له‌ پێناوی سه‌رخستنیدا به‌خشیی، هه‌موو كورد له‌ به‌شه‌كانی تر و دیموكراتخوازانی عێراقییش هیوایان له‌سه‌ر هه‌ڵچنی. ئه‌گه‌رچی شۆڕشه‌كه‌ هه‌وراز و نشێوی زۆری بینی ‌و ئه‌نجامێكی پڕتراژیدیای دا به‌ده‌سته‌وه‌ به‌ هۆكاری بابه‌تیی و خۆیی، به‌ڵام ئه‌و گیانه‌ به‌ره‌نگارییه‌ی كه‌ دروستی كردبوو له‌ ناخی تێكۆشه‌رانی راسته‌قینه‌دا خامۆش نه‌بوو، سه‌ره‌نجام جارێكی تر شۆڕش هه‌ڵگیرسایه‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان به‌ڕابه‌رایه‌تی ی،ن،ك كه‌ وێڕای سه‌ختیی و دژوارییه‌كان وه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌میشه‌ ئه‌یفه‌رموو «ره‌نج و خه‌بات و قوربانیدان و خوێنی شه‌هیده‌كانی شۆڕش به‌رهه‌می سه‌ركه‌وتن و هاتنه‌دی ئاوات و خواسته‌كانی ده‌یان ساڵه‌ی گه‌لی كوردستانی به‌دیهێنا». له‌م روانگه‌یه‌وه‌، هه‌ق وایه‌ هه‌مووان به‌ جیاوازی هێڵی سیاسیی و روانین و بیركردنه‌وه‌كانمان شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول به‌ موڵكی خۆمان بزانین و به‌هۆی خه‌ته‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ له‌ حزبێكا قه‌تیسی نه‌كه‌ین.
نه‌مری بۆ گیانبه‌ختكردووانی شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان و هه‌مو بزووتنه‌وه‌ و راپه‌ڕینه‌كانی گه‌لی كوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*