سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » باخەکانی خەیاڵم لە شینن*

باخەکانی خەیاڵم لە شینن*

کەژاڵ ئەحمەد

ژیانم لە عەممان
بنێشتم لەدەمی غوربەتدا و
مۆزەخانەی داخراوم لەکوردستان.
ماوەیەکی زۆرە دوورم
کەچی ئێستایش
سیحری چاو و زەنگی ناوم وادەکەن
گوڵئەستێرە
لەشەوی شارەکانمدا بگەڕێن
بێباکم وەکو بێباکیی
کە وەڕین خۆی
بەغیابیشم دەوەڕێ !
وەک سنەوبەرێکی بەرزم
دەستی سڵاوم داناگرم
لەڕووی بەردێکیشدا ئەگەر
تێمبگرن.
دەمەوێت بڵێم ئەوینداریی ئەمەیە
دەتوانین فێرببین!
من ئێستا
باخەکانی خەیاڵم لەشینن
ھەموو رۆژ مردنم ،لە خاکی غەریبان
بەڵام دڵدارێکم ھەیە
دەتوانم ناوی بەگەڵای
دار گوێزی حەوشەکەم بنووسم.
بە ھێما ، بەزمانی جەستە
یان بە ڕیتمی وێنە کێشان.
من لە کوێم و باخەکانی خەیاڵ لەکوێن؟!
رەنج بێوەر خۆم
ئەمارەتێکی دێرینی
سەر نەخشەیەکی دڕاو یان
بێ ئۆقرە وەک چۆلەکەی گوێسوانەم !
تامەزرۆم یەکێ بە کوردیی
پێم بڵێت: چۆنی گیان؟!
یان من بە منداڵێک بڵێم: بەقوربان.
ئەی کێ ناڵێت سەرابی شاخێکنیم ؟!
وا لە پێدەشتا دەبینرێم!
باخی بەھەشت نیم و لەسەر
زەوی ھەم کەچی نابینرێم!

من لە کوێم … نازانم لە کوێ؟!
لە رۆژی خەنجەری ژەھر
لە خۆدانی نیشتماندا
لەوێ نیم

لە شەوی مەرگی سەرکردە گەورەکاندا
لەوێ نیم
لە سەردەمی تووڕە بوون و پەست بوونی
بەردەرکی سەرادا
لەوێ نیم
لە بەعزکردنی منداڵانەی نێوانی
شارەکانی ھەرێمە زۆر بوغراکەمدا
لەوێ نیم
ھەر باخەکانی خەیاڵم لەوێن

بەداخەوە، ھەنگم لەناو
ھەنگوینی خۆیدا دەخنکێت!
مارم بە خۆیەوە دەدات!
دارم خۆی خۆیدەبڕێتەوە!
وڵاتم دەڕوات و
خەڵکەکەی بەجێدەھێڵێت!
لەوێ بم و لەوێ نەبم
ناتوانم بێباک بم
بەرانبەر نیشتمانێک
کە وەک بەلوعەیەکی شکاو
نە تەواو بەردەدرێتەوە
نە توند توند دەیشگیرێتەوە!
ئەو دەنگێکە
لە قووڵایمدا ھەر ھەیە و
بێدەنگ نابێت.
ناتوانم بخەوم
کە شەقامی شارەکەم تەڕدەبێت!
ئێشی منداڵێكی كلێنس فرۆش
دەچێتە گیانمەوە.
لە بەھاردا
ئێشی کیژێکی ،نێرگز بەدەست و
لە پایزدا
ئێشی درەختێ، بۆ کەوتنی گەڵا.

ئێشی دنیا وا لە رۆحما
ئەگەرچی تا ئێستایش نازانم
ئەمە وڵاتەکەی خۆمە
خۆشم دەوێت
یان فیستیڤاڵێكە لە پەراوێزەکەیدا
بەتەنیا ھەر میوانم ؟!

2008 – 2019 عەممان-سلێمانی

* شین ( الازرق) ناوی شارێکی وڵاتی ئەردەن-ە بە باخ و درەختە بەردارەکانی ناسراوە، ھەروەھا باڵندەکانی روسیا و وڵاتانی ئەوروپا لەکاتی کۆچکردندا لەو شارە دەمێننەوە، ئەو باخ و باڵندانە جوانترین یادەوەریی دەساڵ مانەوەمن لە وڵاتی ئەردەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...