سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » رائید فەهمی بۆ كوردستانی نوێ‌ بەمشێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ خۆپیشاندانەكان دەكات

بەغدا لە ئاڵۆزییەكاندا نغرۆ بووە

رائید فەهمی بۆ كوردستانی نوێ‌ بەمشێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ خۆپیشاندانەكان دەكات

رائید فەهمی سكرتێری گشتی حزبی شیوعی عیراق و ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی عیراق پێیوایە، عیراق لەئێستادا كەوتووتە قۆناغێكی نوێی سیاسییەوە، بەو پێیەی خۆپیشاندانەكان رووبەرێكی فراوانیان لە گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عیراق داگیركردووە و دەنگییان بووەتە زاڵترین دەنگی سیاسی لە وڵاتدا كە دەكرێت ئاراستەكان بگۆڕن و لەسەر بنەمای خواستە رەواكانیان ئایندەی سیاسی عیراق دیاریی بكەن، وێڕای ئاماژەكرن بە بوونی بەعسییەكان لەنێو خۆپیشاندەران و بەرزكردنەوەی دروشمی بەعسیانە و قەبارە و كاریگەرییان لەسەر خۆپیشاندانەكان، لەسەر ئەم بابەتانە و چەند بابەتێكی تر، (كوردستانی نوێ‌) لەڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵ رائید فەهیدا ئەم گفتووگۆیەی سازكرد.

كوردستانی نوێ‌: رەوشی سیاسی ئێستای عیراق چۆن هەڵدەسنگێنن، لەكاتێكدا تەوژمی خۆپیشاندانەكان تادێت روو لە هەڵكشان دەكات و گوشارەكان لەسەر حكومەت و توێژی سیاسی عیراق زیاتردەبن؟

رائید فەهمی: عیراق لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە بە قۆناغێكی نوێی سیاسیدا تێدەپەڕێت، لەڕووی دەستپێكردنی خۆپیشاندان و بەردەوامبوونی، ئەو رەهەند و ناوەرۆكانەی بەخۆوەی دەبینێت، فراوانبوونی لقەكانی، پێوانیە لەم ماوەیەدا وەرچەرخان لە رەوشی سیاسی عیراقیدا هاتووەتە ئارا، بەو پێیەی داواكاریی نوێ‌ خرایە كارنامەكانەوە.

كوردستاانی نوێ‌: هۆكاری دروستبوونی خۆپیشاندانەكان چین و داواكاریی خۆپیشاندەران زیاتر لە چیدا خۆیان دەبیننەوە ؟

رائید فەهمی: دەبێت كاروبارەكان بەشێوەیەكی تر بەڕێوەببرێن، چونكە كێشەكان و ئاستەنگان و تەنگژەكان لە سیستمی سیاسی و پرۆسەی سیاسیدا لەماوەی ساڵانی رابردوو زۆربوون، دەرهاویشتەكانی لەمڕۆدا بەشێوازێكی كۆمەڵایەتی فراوان و دیاریی كراوە لەشێوەی خۆپیشاندانەكاندا دەركەوتن، ئەم خۆپیشاندانانە دەڵێن ئێمە گۆڕانكاریمان دەوێت، ئەم گۆڕانكارییەش لەئێستادا بووەتە پێداویستی، گۆڕانكارییەكەش هەر تەنیا كەسەكان ناگرێتەوە و پەیوەندی بە كەسێتییەەكانەوە نییە، بەڵكو سیستمی سیاسی و شێوازی حوكمڕانیش دەگرێتەوە.

كوردستانی نوێ‌: تێڕوانینی ئێوە بۆ ئەو داواكارییانە؟

رائید فەهمی: بەپێویستی دەزانین پارێزگاریی لە رەوشی ئاشتی وڵات بكرێت و دەستاودەستپێكردنەكان ئاشتیانەبن و راگواستنەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانە و دەستورییانە ئەنجام بدرێن، و گۆڕانكارییە پێویستەكان بەئەنجام بگەن، پێویستە هەنگاوی راستەقینە هەڵبنرێت لەلایەن حكومەت و لەڕووی پێكهێنانی حكومەت و ئەو ئەركە نوێیانەی دەكەوێتە ئەستۆی، بەڵام ئەگەر رەوشەكە بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا ترسی ئەوە دەبێت هێندەی تر كاروبارەكان ئاڵۆزببن.

كوردستانی نوێ‌: باس لە گۆڕینی سیستمی سیاسی دەكرێت و لە هەندێك كاتیشدا وەك یەكێك لە داواكاریی خۆپیشاندەران پرسەكە دەخرێتەڕوو، ئێوە چۆن لێكدانەوە بۆ پرسی گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عیراقدا دەكەن؟

رائید فەهمی: داواكاریی یان پرسی گۆڕینی سیستمی سیاسی لەئێستادا لەسەر چەند راوبۆچوونێك بنیاتنراوە، هەندێك دەڵێن سیستمی پەرلەمانی بگۆڕدرێت بە سیستمی سەرۆكایەتی، بە بۆچوونی من بۆ دواخستنی ئەو جۆرە داواكارییانە پێویستە لە سەرەتاوە حكومەت بگۆڕدرێت، چونكە لەم قۆناغەدا بەهۆی پەرەسەندنی رووداوەكان و رشتنی خوێنی هاووڵاتیان، رەوشەكە وایلێهاتووە خەڵك گوێ‌ لە حكومەت نەگرێت، لە دوای گۆڕینی حكومەت و پێكهێنانی حكومەتێكی تر، دەكرێت سیمای حكومەتی نوێ‌ تایبەتمەندییەكی نیشتمانی تری هەبێت و قۆناغی گۆڕانكارییەكان لە داهاتوودا لە ئەستۆبگرێت، لەڕووی دەستوریشەوە لەو بڕوایەدام عیراق فیدراڵییە و دەكرێت پارێزگاریی لە سیستمی فیدراڵی دیموكراتی بكرێت، ئەوی پەیوەندیشی بە سەرۆكایەتییەوە هەیە، پێموایە ئەوانەی داواكارییەكی لەو جۆرەیان هەیە، نازانن ماناكەی چییە، چونكە سیستمی سەرۆكایەتی هەیە و پەرلەمانیش هاوشانە لەگەڵیدا، ئەگەر مەبەستییان كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكانە لە دەستی ناوەند و سەرۆك كۆمار و بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەرۆك كۆمار لەلایەن جەماوەرەوە هەڵببژێردرێت، هەنگاوێكی لەو جۆرە لەڕووی پێكهاتەی عیراقییەوە سڵكردنەوەی لەسەر هەیە، چونكە گەر سەرۆك كۆمار لە پێكهاتەیەك یان لایەنێك بێت و دەسەڵاتەكان لە ناوەنددا كۆبكرێنەوە، رەنگە لایەن و پێكهاتەكانی تر هەست بە پەراوێزخستن بكەن، بەڵی بەپێی ئەزمونی 15 ساڵەی رابردووی رەوشی وڵاتەوە، گۆڕانكاریی یەكێكە لە پێداویستییە گرنگەكانی ئێستای وڵات، بەڵام ئەو گۆڕانكارییە نابێت لەسەر حیسابی پرەنسیپی دیموكراتی و رێزگرتن لە هەمەڕەنگی كۆمەڵگەی عیراقی بێت، لەگەڵ ئەمەشدا پێموانییە بابەتی ئیتیحادی فیدراڵی پرسیاری لەسەر دروست ببێت، چونكە ئەمانە هۆكار و مەرجی تایبەت بە خۆیان هەیە و بەرەنجامی پەرەسەندنێكی گەورەن، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە میكانیزمەكانی تایبەت بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانەوە هەیە لەنێوان سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی وەزیران و كاریگەریی و ناكاریگەریی ئەنجومەنی پارێزگەكان، هەموو ئەمانە شیاوی گفتووگۆ و شیاوی هەمواركردنن، بەڵام پرەنسیپە چەسپاوەكان ناكرێت قسەیان لەسەر بكرێت و باس لە گۆڕینیان بكرێت.

كوردستانی نوێ‌: لە خۆپیشاندانەكاندا هەندێك دروشمی بەعسیانە بەرزدەكرێنەوە و باس لە رۆڵی بەعسییەكانیش دەكرێت، ئێوە چۆن لێكدانەوەی بۆ ئەم دەنگۆیانە دەكەن؟

رائید فەهمی: خۆپیشاندانەكان كە هاوتای راپەڕینن بەم قەبارەیەی ئێستایان، گەورەترن لە هەموو كوتلە سیاسییەكان و گەورەترن لە هەموو لایەنە سیاسییەكان، بۆیە لەحاڵەتی دروستبوونی تەوژمێكی جەماوەریی لەمجۆرەدا، هەندێك هێز هەن هەوڵدەدەن كاریگەریی لەسەر دروستبكەن، بەڵی هەندێك دروشمی لەو جۆرە بەرزكراوەتەوە، بەڵام ئەگەر بڵێیت قەبارەیان چەندە و قورساییان چەندە و كاریگەرییان چەندە بابەتێكی ترە، چونكە ئەمانە لە پەراوێزی ئەو خۆپیشاندانانەدا روودەدەن، بەڵی دروشمی بەعسیانە بەرزكراوەتەوە، لەبەرانبەریشدا دروشمی دژ بە بەعسیش بەرزكراوەتەوە، پێوایە نابێت توشی سەرسوڕمان بین لەمجۆرە رووداوانە، بەڵام دەبێت رێگریی هەبێت بەرانبەر بەو جۆرە حاڵەتانە، چونكە ئەمانە دەمانگێڕنەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆری، گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆری چارەسەر نییە لە وڵاتدا، بەپێچەوانەوە چارەسەری كێشەكانی وڵات لە پتەوكردنی ئازادییەكانە، بەڵام دەبێت ئەو ئازادیانە عەدالەتی كۆمەڵایەتیان لەگەڵدا بێت كە بوونی نییە، نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی وڵاتی گەیاندە ئەم رەوشەی كە ئێستا تێیداین.
هەروەها هەوڵێكیش هەیە بۆ دابەشكردنی خۆپیشاندەران و جیاوازیخستنە نێوانیان و رەنگە ئاراستەكردنیشیان بەرەو دروستكردنی پشێوی و ئاژاوەگێڕی، بەڵێ‌ ئەوانە هەن كە دەیانوێت كاریگەریی لەسەر رەوشەكە دروستبكەن، بەڵام من پێوایە لاشەی گەورە و لاشەی هەرە گەورەی خۆپیشاندانەكان لەوانە پێكهاتوون كە داواكاریی باشكردنی گوزەران و ژیانیان هەیە، و پاشان گۆڕادراوە بە داواكاریی سیاسی، ئەوانەش خەڵكانێكی ناڕێكخراون و سەر بە هیچ لایەنێك نیین و ئامادەیی بەردەوامبونیشیان تێدایە، ئەمەش راستییەكی حاشاهەڵنەگرەو و زاڵە بەسەر هەموو راستییەكانی تردا، بەپێچەوانەوە خوێندنەوەیەكی هەڵەی بۆ دەكەین و بەرەنجامی هەڵەمان دەستدەكەوێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*