سەرەکی » مانشێت » كورسی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بۆ كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان دابین دەكرێت

كورسی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بۆ كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان دابین دەكرێت

راگەیاندنی وەزارەت

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، بڕیاریدا «لەكردنەوەی خوێندنی باڵا (ماستەرو دكتۆرا) كەسوكاری پلە یەكی شەهیدو ئەنفال كورسی تایبەتیان بۆ تەرخان بكرێت».
دوێنێ، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتیی د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵاو ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆ حكومییەكان، كۆبۆوەو چەند تەوەرێكی پەیوەست بەپێشخستنی دۆخی خوێندنی باڵا، دوای گفتوگۆكردن، بڕیاریان لەبارەوە درا. لەوبارەیەشەوە وەزیری خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوردەكاری پلانی چوار ساڵی وەزارەتەكەی كردو رایگەیاند: بەڕاوێژ لەگەڵ زانكۆو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، پلانی وەزارەت، دانراوە‌و ئامانجی سەرەكیشمان كاركردنە بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتیی خوێندن‌و فێركردن‌و توێژینەوەی زانستییە لەزانكۆكانماندا.
سەبارەت بەبەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەش، كە خۆی لەچەند خاڵێكدا دەبینییەوە، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوە دەركردو یەكێتك لەخاڵەكانیش تایبەتبوو بەداواكاریی كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان بۆ دابینكردنی كورسی خوێندنی باڵای ماستەرو دكتۆرا، سەرەئەنجام ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا، كەسوكاری پلەیەكی شەهیدو ئەنفالكراو (هاوسەر، كوڕو كچ)،‌ ئەگەر سەرجەم مەرجەكانی پێشكەشكردنی خوێندنی ماستەرو دكتۆرای تێدابێت‌و لەتاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەربچێت، كورسی خوێندنی تایبەتیان بۆ تەرخان بكرێت. لەوبارەیەشەوە د.ئارام محەمەد، وتی: ئەم بڕیارە بۆ كەسوكارو بنەماڵەی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان، خزمەتكردن‌و رێزگرتنەو ئەركێكی گرنگ‌و پڕشانازییە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*