سەرەکی » ئاراستە » رەسوڵ چەكوانی كوڕی كوریس

رەسوڵ چەكوانی كوڕی كوریس

ئازاد سه‌راوی

كوریس ئێستاكەش ئێواران، كە دەڕوانێتە چەكوان، شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو دێ، بۆ گوێسوانە و سەرەڕێ، بۆ تولەڕێ، لەمبەڕ هەتا ئەو پەڕی دێ چاوی بۆ ڕەسوڵ دەگێڕێ، چونكە عەیامێك لە مەوبەر، ڕەسوڵ و كوریس پێكەوە، هاوەڵ و هەودەمی یەك بوون، هەردوكیان لە لوتكەی شاخا، دەشنانەوە وەكو كەروێشكەی گەنم و جۆ، دەشەكانەوە وەك ئاڵا، دەنگ و ڕەنگی نیشتمان بون، لە گەڵ هەر چوار وەرزی ساڵا.
كوریس ئێستاش كە گوێ بۆ چرپەی شاخ دەگرێ، كە دەنگی پێی ڕێبوارێ دێ، لە دورێڕا دەگاتە گوێ، گەرمە شیوەنێك دەگێڕێ، شیوەنێك بۆ گیانی ڕەسوڵ، بۆ بریسكەی چاوەكانی، چەپكە گوڵێك لە بەرچنەی یادێك دەچنێ، بۆ ساڕێژی زامەكانی، تەمی هەرەس سەری كوریسی گرتبوو، هەورێكی ڕەش بەری ئاسمانی پۆشیبوو، چەكوان هێشتا تاساو و كاسی هەرەس بوو، قەندیل مەندیلێكی ڕەشی لە سەر سەری خۆی پێچابوو، مەندیلی سپی دڕی بوو، مۆڵ و لوتكە و بن بناری لە بەرگی ڕەش هەڵكێشابوو، نەك هەر كوریس و قەندیل و چەكوان و پشدەر، هەموو كوردستان تاسابوو.
هێندەی نەبرد تەمی كوریس، خەریك بوو دەڕەویەوە، لوتی بەرزوو لە خۆبایی سوپای بەعس لەسەرخۆ دەچەمیەوە، بەفری كوێستانی داگیركەر بە شنەی شەماڵی شۆڕش دەتوایەوە، گوڵی هیوا سەری لە خاك دەردەهێنا دەژیاوە، لە سەر هەموو تاشە بەردێك گوڵێكی سوور سەری دەردەهێنایەوە، لە بنارو دوندی قەندیل گیانی بەرگری و نەبەزین دەڕوایەوە، تاوای لێهات دوندی قەندیل مەندیلی ڕەشی فڕێ دا و، مەندێلێكی كەسك و سەوزی لە سەر سەری پێچایەوە.
چەكوان، بوو بە كورەی شۆڕش، بە ئاگردان، ببوو بە مەكۆی تێكۆشان، ببوو بە ئاگری نەورۆز، بە مەشخەڵی كاوەی ژیان، پێگە و جێگەی هەستانەوەی دوای هەرەس بوو، بێشكەیەك بو كۆرپەی شۆڕشی ڕا دەژان، بێشەیەك بوو هەر بێچووە شێر بوو لێی دەزان، ئەو دەمانەی یەكەم نۆبەرەی شۆڕشمان لە دایك بوو، چەكوان بۆی ببوو بە مامان، چەكوان ببوو بە سومبولی هەڵسانەوە، بو بە هێمای قوربانیدان.
ڕەسوڵی حاجی شەریفی گوندی چەكوان، لەو گەنجە خوێن گەر مانەبوو كە باری قورس و گلاوی هەرەسیان خستبووە سەرشان، شانیان دایە بەر باری قورس و گرانی هەرەس و لە سەر لوتی كوریسەوە یەكەم مەشخەڵیان داگیرساند، بوونە یەكەم هەنگاوی ڕێ، بوونە ڕێبواری ڕێگایەك تا ئێستاش درێژەی هەیە، ئاو ڕاوەستێ ڕاناوەستێ، ناسرەوێ تا سەرنەكەوێ.
ڕەسول دەست و تفەنگ و مەچەكی یەكەم زرمەی ئار بی جی بوو، كە لە نێو قەڵا دزێ دا، دڵی دوژمنی دەپێكا، ڕەسوڵ یەكەم چرپە و ڕازی دڵی.
گەلێكی ماندوو بوو، كە هەمویان هاوسۆزی بوون لە نێو بازنەی سەنگەرێك دا، ڕەسوڵ لە گوندی چەكوانی بناری چیای كوریس دا، ئەسپی شۆڕشی تاو ئەدا، چەخماخەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی تازەی لێ دەدا، ڕەسوڵ هێندە بە ورە بوو، دەیگوت چەكوان دەكەینە پێگەی تێكۆشان، دەژێینەوە لە یەكەوە دەبینەوە بە هەزاران.
ڕەسوڵ زۆر ڕێگەی درێژوو، هەنگاوی گەورە هاوێژوو، زۆر هەوراز و سەرە و لێژوو، زۆر ڕێگای ئاستەمی بڕی، بەرگی شەوەزەنگی دڕی، گۆرانی شۆڕشی چڕی، بە تەقەڵی گەورەی هەنگاو چیا و هەردوو لوتكەی بڕی، گشتیانی پێكەوە دوری، ڕەسوڵ لە گەنجێكی چەكوانەوە، خوێنی گەشی بووە پێناسەی نیشتمان، ڕژایە نێو چاوانەوە.
ئەو دەمانەی چەقۆكانی سەر ملی شۆڕش هەڵكێشران، بە هەزاران تولە نەمام لە نێو دڵی خاك دا نێژران، كێردەكانی سەر ملی شۆڕش گەورە بوون، پیلانەكان گەورەتر بوون، لە هەمو دۆڵ و لوتكەیەك ئەوانە بۆسەی غەدر بون، لە باكوردا لە ڕۆژهەڵات، پیلانگێڕان، دەبونە بەكر مەرگەوەڕ دەبونە چقڵی مەم و زین، هەتا خوێن و هیوا و هەتاویشیان دزین.
ڕەسوڵ چەكوانی ڕێبواری ڕێی هەكار بوو، گوڵ ئەستێرەی شەوی تار بوو، چڵە نێرگزی بەهار بوو، كوڕی زریان و كڕێوە و بەفرانبار بوو، لە هەكاردا ئەویش ملی لە ژێر چەقۆی دوژمنا بوو، لە گەڵ دڕكەزێی سەر ڕێگا پێكا پژان، ئەو دڕكە زێیە تیژانەی دەبونە چەقۆی سوڵتان و خوێنی هەزارانیان ڕژان، ڕەسوڵ لە بۆسەی هەكاردا ڕزگاری بوو گەڕایەوە، بەڵام دواجار لە بۆسەی خۆفرۆشان دا لە بەستە سێن، لە مانگی9ی 79دا، دوای شەڕێكی دەستە و یەخە شەهید بوو سەری نایەوە.
ڕەسوڵ، لە چەكوان دا لە دایك بوو، لە بناری چیای كوریس بووە مەشخەڵ و داگیرسا، لە بەستە سێن خوێنی گەشی بووە دێرۆك، بۆ ئەمڕۆ و بۆ دوێنی و ئەوسا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*