سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » هەر هەلهولەكەی مابوو

هەر هەلهولەكەی مابوو

دوو هەفتە لەمەوبەر، رۆژی 1/12/2019، یاری نێوان عیراق و ئێران ئەنجامدرا، لە چوارچێوەی پاڵاوتنەكانی ئاسیا بۆ یاری فوتبۆڵ و هەروا پاڵاوتنەكانی جامی 2022ی جیهان لە قەتەر لە هەمان یاریدا.
یاریەكە بەهۆی بارودۆخی خراپی عیراق، لە وڵاتی ئوردون كرا، یاریەكە یاریەكی گرنگ بوو لە پاڵاوتنەكاندا بۆ هەردوو وڵات. بەر لە چەند رۆژێك لە یاریەكە، دەوڵەمەندێكی عیراقی لە بەغداد رایگەیاند: بۆ هەر گۆڵێك و هەر یاریزانێك گۆڵەكە بكات، یەك شوقەی 90 هەزار دۆلاری بۆ دەكڕم، هەروا دەوڵەمەندێكی تریش لەڕێی لقی كۆمپانیای تۆیۆتاوە بەڵێنیدا هەر یاریزانێك گۆڵ بكات، یەك ئۆتۆمبێلی بۆ بكڕێت.
ئەم هەڵوێستە هێندەی هەڵوێستێكی سیاسی و زیندوكردنەوەی قینەبەرایەتی بوو، هێندە خۆشەویستی وڵات و تیمی دووگۆڵی عیراق و یاریزانەكان نییە. زۆرمان یارییەكەی نێوان عیراق و ئێرانمان بیرە لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی لاوانی ئاسیا لە ساڵی 1976، كاتێك عیراق یاریەكەی بردەوە، ئەوسا ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆكی عیراق بوو، بڕیاریدا هەر یاریزانێك ئۆتۆمبێلێكیان بۆ بكڕێت. هەر لەو یارییەدا كە بە بردنەوەی عیراق بە دوو گۆڵ بەرامبەر هیچ بۆ ئێران، بردییەوە، ئەوەی لەسەر یاریەكە قسەی دەكرد و دەیوت (معلق) سەردەمی شەڕی عیراق و ئێرانی بیردەهێناینەوە، بە جۆرێك قسەی دەكرد، وات دەزانی مەیدانی شەڕە، نەك گۆڕەپانی فوتبۆڵێن.
دیارە یارییەكە كەناڵی ئەلكاسی قەتەری پیشانی دەدا و راستەوخۆش بوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە ئوردون بوو، بە دڵنیاییەوە وێڕای ئەوەی ژمارەیەكی بەرچاو هاندەری عیراقی ئامادەی بوون، بەشێكی زۆریان بە دڵنیاییەوە، ئەو عیراقیانەن كە لە روخانی دیكتاتۆرەوە، چونەتە ئوردون و نەگەڕاونەتەوە و زۆربەشیان كۆنە بەعسی و خانەوادەكانیانن، هەر وایان دەزانی تیپەكەی سەردەمی عودەی هان دەدەن و هەر ئەوە مابوو بڵێن هەل هولە…
هەر لە چوارچێوەی هەمان پاڵاوتن دا، لە یارییەكدا كوەیت و ئوردون بەیەك گەیشتن، گرنگ ئەنجامەكەی نیە، گرنگ ئەوەیە كە رویدا. هەر لەو یارییەدا پێنج هاندەری ئوردونی (نازانرێ ئوردونی بوون، یان هاندەر بوون) هوتافیان بەناوی سەدامەوە داوە. ئەمەش وایكردووە حكومەتی كوەیت داوای رونكردنەوە لە حكومەتی ئوردون بكات و ئوردونیش ناچاربووە ئەو پێنج كەسە كە دەنگ و وێنەشیان تۆماركراوە، دەستبەسەر بكات و رووبەڕووی دادگایان بكاتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*