سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » گلەییەك لە خۆمان و لە دیموكراسیش

گلەییەك لە خۆمان و لە دیموكراسیش

بەندە مانگی 6 ی 1981 لەڕێی هاوڕێم خالید رەزا ساڵح پەیوەندیم كرد بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و لە چایخانەی بلدیە _شارەوانی _ لە سلێمانی كە دەكەوتە سەرەتای شەقامی سابونكەران لە بەر دەركی سەراوە بەلای چەپدا، لەوێ هاوڕێ، خوالێخۆشبوو حەمە عەلی حارس متمانەی ئەندام بوونی پێ بەخشیم.
لە مانگی 9 ی 1981 هاوڕێ لەگەڵ هاوڕێیان شەهید کەمال قەمەرناز و جەبار غەریب و خالید رەزا، چوومە قەرەداغ و لەوێشەوە بەچەند رۆژێك چووینە نێوزەنگ كە سەركردایەتی ی.ن.ك و بارەگای هەڤاڵ سەرۆك مام جەلال و ناوەندی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانی لێبوو لەوێ نامەكانی و پشتگیری رێكخستنمان تەسلیم كرد و بوومە پێشمەرگە.
لەو رۆژەوە بێ دابڕان و ساردبوونەوە و دڵەڕاوكێ، بەندە پێشمەرگە و ئەندامێكی ی.ن.ك بووم، لە شاخ هەر ئەرك و كارێك، لە هەر جێگا و شوێنێك، پێم سپێردرابێ، لەقەدەر توانا و لێزانی خۆم بە دڵسۆزی و بێ دوودڵی ئەنجامم داوە. پاش راپەڕینیش و گەڕانەوە بۆ شار و لە رووبەڕووبوونەوەی ئەركە نوێكانی ی.ن.ك، بەشدار بووم و هەمدیسان ب دابڕان و ئەمبەر و ئەوبەر و سەنگەر گواستنەوە، تاكو ئێستا درێژەم بە ئەركی خۆم داوە وەك ئەندام و کادرێكی ئەم حزبە.
بەندە لە ساڵی 1995، پاش سێ مانگ لە وتوێژ و راوێژكردن و را گۆڕینەوە لە نێوان بەرپرس و ئەندامانی ئەو مەكتەبەی من كارم تێدا دەكرد و بەرزكردنەوەی ناوەكەم بۆ م.س بەرێز بڕیاری بوون بە ئەندام مەكتەبیم درا.
ئەو پلە حزبیە نوێیە پاڵنەرێكی بەهێزتر بوو تاكو بە تین و گوڕێكی ترەوە بە حەماسەوە شان بدەمە بەر هەموو ئەو ئەركانەی لە پاش ئەو مێژوەوە بە بەندە سپێردرا، كە ئەركی جۆراوجۆر و هەمەڕەنگ بوون.
هێندەی بۆشم روون بۆتەوە، بە درێژایی ماوەی كاركردنم، لە هەر پلە و پۆستێكدا بووبم، هەڤاڵ و هاوكارەكانم، متمانەی تەواویان پێم بووە لە كار و دڵسۆزیم دڵنیابوون و هێندەی توانیبێتم، كارەكانم بەوپەڕی جدیەت و بەپێی رێنمایی حزبەكەم و لە چوارچێوەی پەیڕەوی یەكێتی و بەرنامەكەی جێبەجێ كردووە.
بە درێژایی ساڵانی پێشمەرگایەتیم و پاشتریش و دوای راپەڕین كاركردنم لە ئۆرگانەكەی خۆمدا كە دەكاتە 38 ساڵ، جگە لەوەی یەكێتییەكی راست و رێك و بێ لادان و بێ ئەمبەر و ئەوبەر و سەنگەر گواستنەوە بووم، لە كارەكانمدا كەسێكی سەر راست و ملتزم بووم، دوور بووم لە گەندەڵی، لەسەر رێبازەكەی مام بووم و گەر مام تەكەتولی هەبووبێ، كە نەی بوو، هەمیشە خۆم لەسەر سەرۆك مام حیساب دەكرد، بە پێوانەی خوێندەواری، خوێندەوارم، لە چەند بوارێكدا جگە لە بوارە دیارەكەی خۆم، چالاكیم هەبووە. لە هەر سێ كۆنگرەی حزبەكەم و هەموو پلنیۆم و چەند كۆنفرانس و كۆبوونەوەی گشتیدا بەشدار بووم. لەو ئۆرگانانەی لێیم، بە هاوكاری بەرپرس و هەڤاڵەكانی تری ئۆرگانەكەم رۆڵمان هەبووە لە پێشخستنی كارەكان.
دیارە لە نێو حزبەكەمدا سەدانی وەك من هەن و لە منیش زیاتر، پێشمەرگەتر، ماندووتر، قوربانیدرەتر، شارەزاتر، بەڵام منیش و ژمارەیەكی زۆر لەوان، پێشمەرگە دێرینەكان، رێكخستنە دێرینەكان، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی…هتد. بە داخ و حەسرەتێكی زۆرەوە، بێبەش دەبین لە كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەمان، هەم بە هۆی هەندێ هۆكاری ناوخۆ، هەم بە هۆی دیموكراسیشەوە.
هۆكارە ناوخۆییەكان، زۆربوونی هەڤاڵانی ئەندام مەكتەب و ئەنجومەتی مەكتەبەكان، بە دڵنیاییەوە كە بەشی هەرە زۆریان مافی رەوای خۆیانە، جگە لەوەی هەندێكیشیان بەهۆی شەڕی تەكەتولەكان و ئەمبەر و ئەوبەرەوە ئەو مافەیان پێدراوە و ئەمەش وایكردووە ژمارەكان لەو ئاستە زیاتر بێت كە پەیڕەو دیاریكردووە و حەوت ئەندامە و بۆیە هەڵبژاردن كرا و ژمارەیەك هەڤاڵ بە مافی خۆیان و لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا دەرچوون و بوونە ئەندامی كۆنگرەی چوار، بەندە لەبەر ئەو حاڵەتە خۆم نەپاڵاوت.
لە راستیدا، هەم هەڤاڵانی م.س و سەركردایەتی بەڕێز، هەم لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی چوار و مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی، دەبوو بیرێكی جدیان لەو مەسەلەیە بكردایەتەوە، هەر هیچ نەبێ پشكی مەكتەب و پێشمەرگە و پێشمەرگە دێرینەكان و تێكۆشەرە دێرینەكان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەریان زیاد بكردایە. لەوانەشە ئەو بەڕێزانە بڵێن، ئاخر پەیڕەو وا ناڵێ! جا بە ئیمانتان دە ساڵیش دەبێت كەی كار بە پەیڕەو كراوە. بەهەر حاڵ مافی خۆمە ‌ئەم گلەییە لە خۆمان و دیموكراسیش بكەم.

بژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سەركەوتووبێت چوارەمین کۆنگرەی یەكێتی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*