سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » تنۆك تنۆك ده‌بم به ‌ته‌م

تنۆك تنۆك ده‌بم به ‌ته‌م

نامۆ پێنجوێنی‌

چه‌ند په‌پووله‌یه‌كی‌ شه‌رمنی‌
له‌م پاركه‌ به‌هه‌شت ئاسادا كز دانیشتوویت
به‌ ته‌نیشت ترپه‌ی‌ دڵته‌وه‌
چركه‌ چركه‌ گوێبیستی‌ خه‌مه‌كانتم
به‌ دڵت بفه‌رموو دووچاو له‌ كه‌ناری‌ هه‌ڵوه‌ریندان
به‌ چاوه‌كانت بڵێ‌ دڵی‌ شاعیرێك
تنۆك تنۆك ده‌ڕژێته‌ مه‌رگه‌وه‌
ئه‌ی‌ به‌خشنده‌ترین مرۆڤ
به‌و دڵه‌ بلورینه‌وه‌
كوا به‌رگه‌ی‌ كێوی‌ سه‌ختی‌ دابڕان ئه‌گرێت
دوانزه‌ مانگ و چه‌ند رۆژێكه‌
دڵم سپاردووه‌ به‌ ژوره‌كه‌ت
به‌ ئه‌سپایی‌ بیدوێنه‌
با ده‌ستی‌ ئه‌ندێشه‌ت بگرێت
دڵنیام رۆژێك دڵی‌ به‌فر ئاسات
ره‌قم ده‌كاته‌وه‌.
بهێڵه‌ بۆ جارێك ئه‌م دڵه‌ بزێوه‌
ئه‌م دڵه‌ رێبواره‌ میوانی‌ دڵت بێ‌
بێده‌نگیم پڕه‌ له‌ تۆ
له‌ چاومدا ئه‌م باخچه‌یه‌
سه‌ره‌و رێژه‌ له‌جوانی‌ تۆ
ناهێلێت مانگی‌ وه‌فام
له‌ ئاسمانی‌ دڵتدا هه‌ڵبێت
ئه‌ستێره‌ی‌ سۆزم ئازادانه‌ بجریوێنێت
هه‌موو ده‌رگاكانت داخست
چه‌نده‌ دوور بیت هه‌ر نزیكی‌
له‌ نێو دڵمای‌ .. له‌ نێو خوێنمای‌
له‌ناو گلێنه‌ی‌ چاوانمای‌
هێلانه‌یه‌كی‌ زێرینت هه‌ڵبه‌ستووه‌
هاوڕێم
تكا … تكا …
كانی ئه‌م دڵه‌ پڕ ئه‌وینه‌م وشك مه‌كه‌
ئه‌ی‌ ته‌رزه‌ مێوی‌ ساته‌كانی‌ ماڵئاواییم
دوا ئه‌ستێره‌ی‌ ته‌مه‌نم روو له‌ كشانه‌
ئه‌م زستانه‌ رۆحی‌ ته‌زیوم
به‌ دیدارێكت گه‌رم بكه‌ره‌وه‌
به‌ ژووانێكت بمخه‌ره‌وه‌ سه‌ر
یه‌كه‌مین باخچه‌ی‌ ناسینت
من و تۆ به‌ ده‌م وه‌یشومه‌ی‌ تاڵی‌ ژیانه‌وه‌
گۆرانی‌ بۆ ئاسووده‌یی‌ ئه‌چڕین
سروشت ئه‌دوێنین و هه‌ور ده‌هێنینه‌ بارین
شه‌مه‌نده‌فه‌ری‌ هاوڕێیه‌تیمان
له‌ سه‌ره‌تای‌ رێگادایه‌
له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی‌ له‌ یه‌كگه‌یشتنداین
ئازیز توخوا ده‌ستم بگره‌ و
بمبه‌ بۆ دۆزه‌خی‌ بێئۆقره‌یت
بۆ ساته‌كانی‌ بیركردنه‌وه‌ت
فرێمبده‌ره‌ نێو ژانی‌ تابلۆیه‌كته‌وه‌
ئێسكم بكه‌ به‌ چوار چێوه‌ی‌ (پۆترێت)ێك
دڵم بكه‌ به‌ كۆلاره‌ و
ده‌ماره‌كانیشم به‌ په‌تی‌ په‌ت په‌تێنی‌
چركه‌ له‌بیرنه‌چووه‌كانی‌ منداڵیت.
گیرفانه‌كانم پڕن له‌ مه‌رگ
مه‌رگی‌ ئازیزان
مه‌رگی‌ دابڕان له‌ تۆ
مه‌رگی‌ تاڵانفرۆشی‌ نیشتمان
رێك ساڵێكه‌ چاوه‌ڕوانم
سۆزو وه‌فات میوانم بێت
هێواش هێواش له‌ ده‌رگه‌ی‌ ئه‌م دڵه‌ بدات
به‌ڵام ئه‌فسووس جورئه‌ت ناكه‌م
گوڵ و ماچ و دڵێكی‌ شێت له‌ مه‌سجێكدا
به‌ تۆ بگات
باش ئه‌زانم زویربوونت ئه‌مكات به‌ته‌م
ده‌مكات به‌ ته‌رزه‌ی‌ پاش باران
هه‌رگیز زاتی‌ ئه‌وه‌ناكه‌م
بۆچركه‌یه‌ك بتۆرێنم
وه‌ك رێبوارێكی‌ بێلانه‌
دێمه‌ سه‌ر كۆڵانی‌ دڵت
به‌ ئاسپایی ده‌رگای‌ سۆزت بكه‌ره‌وه‌
ده‌ستی‌ پیریم بگره‌ و بمبه‌
بۆ دوا سنووری‌ چاره‌نووس
بمبه‌ … بمبه‌ بمده‌ره‌ ده‌ست
فرمێسك و ژان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یه‌كه‌م رۆژی‌ مامۆستا ره‌مه‌زان فت!

مقداد شاسواری‌ ئێوه‌ كه‌ستان له‌وێ نه‌بوون. منیش له‌وێ نه‌بووم. ته‌نها ...