سەرەکی » دۆسێ » قەرزەكان عیراق لە لێواری مەترسی نزیك دەكەنەوە

هۆكارەكان داعش و گەندەڵییە

قەرزەكان عیراق لە لێواری مەترسی نزیك دەكەنەوە

رەوتەكان-

وێڕای داهاتی زەبەلاحی نەوت كە عیراقی لەئێستادا گەیاندووەتە دووەمین گەورەترین وڵاتی هەناردەكار لە ناوچەكەدا، بەڵام بەهۆی گەندەڵی دارایی و ئیداریی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و جەنگی دژ بە گروپە تیرۆرستییەكان كە لە دوای ساڵی 2003وە بەرۆكی عیراقی بەرنەداوزە، تائێستا عیراقی گیرۆدەی قەرزێكی زۆری دەرەكییە و بە بۆچوونی هەندێك لە ئابوریناسانیش، وڵاتی لە لێواری مەترسی نزیك كردووەتەوە.
مزهر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی، بڕی قەرزە دەرەكی و ناوخۆییەكانی سەر عیراق، ئاشكرا دەكات.
ساڵح لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە) (واع) لە 18ی كانوونی یەكەمی 2020 ڕایگەیاندبوو”بڕی قەرزە دەرەكییەكانی سەر عیراق، كەمترە لە 30 ملیار دۆلار، هەندێك لە قەرزە دەرەكییەكانیش بەندە بە ڕێككەوتنی یانەی پاریس كە نزیكەی 80%ی قەرزەكانی پێش ساڵی 1990ی لابراون و یەكلایی نەكراونەتەوە”.
بەگوتەی ڕاوێژكارە داراییەكەی حكومەتی عیراق”قەرزی دەرەكی سەر وڵات بۆ قۆناغی پێش 1990 دەگاتە 128 ملیار دۆلار، بەڵام 80%ی بەپێی ڕێككەوتنی یانەی پاریسەوە سڕدراوەتەوە”.
مزهر محەمەد ساڵح دەڵێت”41 بۆ 42 ملیار دۆلاری ئەو قەرزانە پەیوەندییان بە وڵاتانی كەنداوەوە هەیە، لەگەڵ هەندێك وڵاتی تر كە پێش ساڵی 1990 لە دەرەوەی ڕێككەوتنی یانەی پاریس قەرزییان بە عیراق بەخشیوە”، ئاماژەی بە چارەسەركردنی ئەو قەرزە هەڵپەسێردراوانەش كردووە لەڕێی پەنابردنە بەر ڕێككەوتنی پاریس، بەو پێیەی ڕێككەوتنێكی پێوەرییە بۆ هەموو قەرزەكانی سەر عیراق.
ئەو ڕاوێژكارە داراییە ڕایگەیاندووە”پاشماوەی ئەو قەرزەی لە ڕێككەوتنی یانەی پاریس دەمێنێتەوە، كەمترە لە 9 ملیار دۆلار، هەندێك قەرزی تر بەهۆی جەنگی دژ بە گروپە تیرۆریستییەكانی داعش بەسەر عیراقەوە كەڵەكە بووە كە بە نزیكەی 13 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت”.
مزهر محەمەد ساڵ پێیوایە”پاشماوەی پارەی ئەو وڵاتانەی لەنێو ڕێككەوتنی پاریس و دەرەوەن، لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكان و لایەنەكانی تر، ناچنە ژێرباری ڕێككەوتنی یانەی پاریس و بە نزیكەی 28 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت”.
بە گوتەی ڕاوێژكارە داراییەكەی حكومەتی عیراق”ئەو قەرزانە لە ساڵی 2020 تا 2028، هەر یەكە و بەپێی شایستەی خۆی بە وەجبە دەدرێنەوە، قەرزی ناوخۆی عیراقیش بە نزیكەی 42 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت كە بۆ بانكەكانی ناوەندی و ڕافیدەین و (L.T.B.A) و بانكی ڕەشید، دەگەڕێتەوە”.
پێشتر پەیمانگەی پارەداركردنی نێودەوڵەتی، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی قەرزی جیهانی دەكات بۆ ئاستی پێوانەیی كە گەیشتووەتە 252.6 ترلیۆن دۆلار، باس لە قەبارەی قەرزی جیهانیش دەكات كە داهاتی گشتی ناوخۆی بە زیاتر لە سێ‌ هێندە تێپەڕاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتێك كە لەلایەن پەیمانگەكەوە بڵاوكراوەتەوە”قەبارەی قەرزی جیهانی لە چارەكی سێیەمی ساڵی 2019 بە نزیكەی 10 ترلیۆن دۆلار بەرزبووەوە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2018، ئەمەش لە نێوەندی پێشبینییەكانی بەردەوامبوونی گەشەكردن”.
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە”قەبارەی قەرزی جیهانی بۆ داهاتی گشتی ناوخۆی جیهانی لە چارەكی سێیەمدا، 322%ی تۆماركردووە، ئەمەش بەرزترین ئاستە كە تائێستا تۆماركرابێت”.
كەڵەكەبوونی قەرزە دەرەكییەكان بەسەر عیراقەوە، لەكاتێكدایە كە وەزیری نەوتی عیراق لە 13ی كانوونی دووەمی 2020 ڕایەگەیاندبوو، هەوڵ دەدرێت هاوشان لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەسازی نەوت لە جیهاندا ڕێبكەن و بگەنە ئاستی بەرهەمهێنانی 8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عیراق ڕایگەیاندبوو، وەزارەتەكەیان هەوڵ بۆ بەدیهێنانی پەرەپێدانی تەكنەلۆجی و ئابووری و ئیداری و مرۆیی دەدات، لەڕێی پلانێكی دروست بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمی نیشتمانی.
بە گوتەی غەزبان، “لەماوەی بیست ساڵی داهاتوودا، كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت و غاز دەكرێت لە عیراق، تا كۆی گشتی داهات لە 6 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە بگەیەنرێتە 8 ملیۆن بەرمیل”.
وەزیری نەوتی عیراق دەڵێت: “پلانی وەزارەتی نەوت، بەستنی گرێبەستە لەگەڵ كۆمپانیا ڕەسەنەكانی ڕاوێژكاری، یان ڕاوێژكارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزاییەكانیان و پەرەپێدانی ئاستی كارامەیی كارمەندان و كۆمپانیا نیشتمانییەكان”.

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*