سەرەکی » وتار » لیبیا لە نێوان روسیا و توركیادا

لیبیا لە نێوان روسیا و توركیادا

شاناز هیرانی

شۆڕشەكەی لیبیا كە لە نیوەی شوباتی ساڵی 2011 دا هەڵگیرسا، كۆتایی بە دەسەڵاتی موعەممەر قەزافی هێنا. دوای ئەم مێژووە لیبییەكان پێیانوابوو لەمە بەدواوە گەیشتنە كەناری ئارامی دوای كۆتایی هاتنی حوكمی قەزافی كە 42 ساڵی خایاند. بەڵام هەر زوو وڵات كەوتە نێو ململانێیەكی ناوخۆییەوە تا دواجار گەیشتنە بەرپابوونی جەنگێگی ناوخۆیی لەساڵی 2014 لەسەر دەستی هێزەكانی (حەفتەر).
بەمەش وڵات دابەشبوو لەنێوان حكومەتی ویفاقی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی فایز سەراج لە تەرابلوس و میلیشاكانی حەفتەر كە دەستی بەسەر خۆرهەڵات و چەند بەشێك لە باشووری وڵاتدا گرتبوو.
مۆسكۆ لەساڵی 2016دا دووجار پێشوازیی لە حەفتەر كرد لە كرملین، هەر دوای ئەوەی حەفتەر لەسەر فڕۆكەیەكی روسیایی (ئەمیرال كوزنتسوف) بینرا. بەڵام لەهەمان ساڵدا مۆسكۆ پێشوازیی لە سەراج-یش كرد. هەرچەندە تائێستا مۆسكۆ وەك لایەنێكی سەرەكیی دادەنرێت لە دروستكردنی پەیوەندیی و هاوئاهەنگی لەگەڵ حكومەتی ویفاقی نیشتمانی. لەهەمان كاتدا لێدوانەكانی سەراج-یش هەمان نیەتی‌ دووپاتكردەوە و وتی: «سەردانی بەرپرسانی لیبیایی بۆ روسیا درێژەی هەیە و پەیوەندییەكی پتەومان لەگەڵیاندا هەیە». بەڵام مۆسكۆ بەشێوەیەكی كردەیی هەوڵیداوە پێگەی نێودەوڵەتیی حەفتەر بەرز بكاتەوە، چ بە رێگەی یارمەتیی دارایی (ئەویش بە چاپكردنی دیناری لیبیایی بۆ بانكی ناوەندیی موزاری، یان بە دامەزراندنی بنكەیەكی خۆیان لەساڵی 2015 لەخۆرئاوای میسر بۆئەوەی پشتیوانیی لۆجستی ‌و تەكنیكی ‌و كەرستەی سەربازیی بۆ هێزەكەی حەفتەر دابین بكات، یان رەوانەكردنی راوێژكاری روسیایی بۆ هێزەكانی لە بنغازی.
پاش تێپەڕبونی چوارساڵ لە بەرپابوونی شەڕی ناوخۆیی بێ ئەوەی حەفتەر هیچ دەستكەوتێكی سیاسی و سەربازیی بەدی بهێنێت، ساڵی پار بڕیایدا پەلبهاوێژێت بۆ تەرابلوسی پایتەخت و ئەو شوێنانەی كە بە نەوت دەوڵەمەندن و لەژێر كۆنـترۆڵی حكومەتەكەی سەڕاج-دان. ئەم شەڕەش خاڵی وەرچەرخان بوو كە وایكرد روسەكان هەر زوو بێنە ناو هاوكێشەكەوە لەبەرژەوەندیی حەفتەر.
ئەو پشتیوانییەی روسیاش دوای ئەوە دێت، كاتێك پێشبینی ئەوەی كرد كە حەفتەر هەرزوو بتوانێت دەست بەسەر پایتەختدا بگرێت و ببێتە پیاوی یەكەمی وڵاتەكە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە پشتیوانیی سەربازیی و لۆجیستی تەواوی كرد.
دواتر بە پەلە دەستتێوەردانی سەربازیی خۆشی دەستپێكرد هاوشێوەی دەستتێوەردانەكانی لە سوریا و پاراستنی ئەسەد لە دواین چركەساتدا.
دیارە بەرژەوەندیی روسیا لەو نێوەندا خۆی لەچەند خاڵێكدا دەبینێتەوە كە بریتین لە:
*دۆسیەی لیبیا وای لێدەكات بە شێوەیەكی فراوان جێی پێی خۆی بكاتەوە هاوشێوەی فەرەنسا و ئیتالیا و دەستەبەركردنی دەسەڵاتێكی زۆر و وەستانەوەی بەڕووی خۆرئاوا و یەكێتیی ئەوروپا، كە لیبیا بە سەرچاوەی وزە سەیر دەكات.
*دەرچەی سەرەكی بۆ كۆچی نا شەرعی، كە ئەوروپاییەكان پێیان وایە پێویستە زۆر بەتوندیی دابخرێت، ئەو دەر‌چەیەیە.
ئەو دوو خاڵە وایكردووە مۆسكۆ زۆر بەگەرمی بیكاتە كارتێكی بەردەستی و هەمیشە بەكاری بهێنێت لەدژی وڵاتانی ئەوروپا.
بەرژەوەندییەكانی روسیا لەو وڵاتە تەنیا بریتی نییە لە نەوت، چونكە كرملین و كۆمپانیا روسییەكان هەوڵدەدەن گرێبەستەكانی ئاوەدانكردنەوە و پڕچەككردنی هێزەكانی ئەو وڵاتە بۆ خۆیان فەراهەم بكەن، چونكە بەهای گرێبەستی پڕ چەككردنی لیبیا لەلایەن روسیاوە بە نزیكەی چوار ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت. ئەمە جگە لەویستی روسەكان لەبنیاتنانی هێڵی ئاسنینی نێوان بنغازی و سرت، كە ماوەیەكە حەفتەر دەستی بەسەرداگرتووە. ئەو گرێبەستەش چەندین كۆمپانیای جیهانی و روسیایی و چینی پێشبڕكێی لەسەر دەكەن و بەهاكەی دەگاتە نزیكەی 205 ملیار دۆلار. هەروەها روسەكان هەوڵی دەستگەیشتن بە بەندەرە ستراتیژییەكانی لیبیا دەدەن لەسەر دەریای ناوەڕاست بۆ كردنەوەی دەرچەیەكی تر بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتیان بەرەو ئەفریقا.
پێچەوانەی روسیا، كاتێك شۆڕشی لیبیا بەرپابوو، پێش نۆ ساڵ توركیا بە ئاشكرا هەر دەستتێوەردانێكی لەگەڵ هاوپەمانی ناتۆ لەوێ رەت كردەوە، لە سۆنگەی ئەو باكگراوندە سیاسی و مێژووییە ئیجابییەی لەگەڵ رژێمەكەی قەزافیدا هەیبوو. گرنگترینیشیان پشتیوانییەكەی لیبیا بوو لەساڵی 1974، كاتێك توركیا ویستی دەستتێوەردانی سەربازیی لە قوبرس بكات، بەڵام ئەوەی زۆر پێویست بوو بۆ توركەكان لەساڵەكانی یەكەمی بەرپابوونی شۆڕش لە لیبیا، پارێزگاریكردن بوو لەو گرێبەستانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبوو بەبەهای نزیكەی 15 ملیار دۆلار، بەتایبەتی پاش ئەوەی زۆر نزیكبوو جارێكیان توركیا لەدەستیان بدات دوای بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عەبدوڵڵا پنی لە 2015 بە دەركردنی كۆمپانیا توركییەكان لەو گرێبەستانە.
توركیاش بەهەمان شێوە پێی وایە گرنگترین كارتی هێز بریتییە لە دەستبەركردنی پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە و گرێبەستە ئابوورییەكان لەو وڵاتە، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە بەدرێژایی چەندین ساڵ كۆمپانیا توركییەكان ئامادەیەكی تەواویان هەبووە لەناو لیبیادا. هەر بەپێی ئەو گرێبەستانەی كۆمپانیا توركییەكان هەیانبووە لەناو لیبیادا، نزیكەی 30 هەزار هاووڵاتیی توركیا كاریان كردووە لەو وڵاتە.
بەڵام دیارترین گۆڕانكاریی لە هەڵویستی توركیادا، بەندە بە شەڕەكەی تەرابلوس كە پێش نۆ مانگ بەرپابوو. توركیا پشتیوانیی لە حكومەتی ویفاق كرد. پشتیوانییەكەش بریتیبوو لە پشتیوانیی سیاسی و هەندێك رێككەوتنامەی ئەمنی ناكارا، بەڵام پاش هێرشەكەی حەفتەر، سەراج پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ئەردۆگانەوە بۆ هات و پێی راگەیاند كە رێكاری توند دەگرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی حەفتەر، هەنگاوی یەكەمیش هەر لەرۆژی دوەمی پاش پەیوەندییەكەوە جێبەجێ كرا كاتێك وەزیری ناوخۆی لیبیا فەتحی باشاغا سەردانی ئیستانبوڵی كردو لەگەڵ چەندین بەرپرسی ئەمنی و سەربازیی توركیادا كۆبۆوە.

ئەستانەیەكی تر
ئەگەر دەستتێوەردانی توركیا و روسیا فراوانتربوو، ئەوا ململانێكەش ئاڵۆزتر دەبێت، بەهۆی هەڵویستی یاریكەرە ئیقلیمی و هێزە نێودەوڵەتییەكانی، بەتەواوی هەر دەستتێوەردانێكی توركی رەت دەكەنەوە، كە پێشتر چاوپۆشییان كردووە لە هەندێكیان، بەڵام ئەگەری بەریەككەوتنی روسیا و توركیا ئەگەرێكی زۆر نزیك نییە‌ لەسەر خاكی ئەو وڵاتە.
دیارە لەئێستاوە روسیا هەنگاوێك دەچێتە دواوە و هەلێك بۆ كۆمپانیا ئەمنییەكانی خۆی دەستبەر دەكات بۆئەوەی پێداچوونەوەیەك بكەن، بەتایبەتی چونكە ئەو كۆمپانیانە مەرجێكیان داناوە بۆ‌ حەفتەر، كە نابێت هیچ هێزێكی ئاسمانی و سەربازیی لە بەرامبەر ئەواندا هەبێت لە لیبیا، بەڵام ئەم مەرجە جێبەجێ نابێت، لەژێر رۆشنایی دەستتێوەردانی توركیا و پێدانی فڕۆكەی نوێ بە حكومەتەكەی سەڕاج.
بەڵام لەلایەكی ترەوە سەرباری هەڵكشانی پشێوییەكانی نێوان هەردوولا، كەچی شرۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە ئەگەری بەریەككەوتنی هەردوولا لە لیبیا ئەگەرێكی دوورە، بە پشت بەستن بە ئەزموونەكەی سوریا.
هەر دەستێوەردانیكی توركیاش لە لیبیا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاراستە گشتییەی كە حكومەتی توركیا گرتوێتییەبەر لە سەپاندنی هەڵویستە دیپلۆماسییە بەهێزەكانی.
حكومەتەكەی سەراج- یش كە بەشێوەیەكی روون پشتیوانیی لە سیاسەتەكانی ئەنقەرە دەكرد، روسیا وەك نێوەندگیر رەت ناكاتەوە لەو ململانێیە و هاریكارییەكانیشی رەت ناكاتەوە بەمەبەستی گەیشتن بە پڕۆسەی ئاشتی و پشتیوانیكردنی لەلایەن هەردووكیانەوە، چونكە هەریەك لە روسیا و توركیا زۆر بەباشی دەزانن كە ئامانجە جیۆسیاسییەكانیان باشتر بەدی دێت ئەگەر هاتوو هەریەكێكیان رێچكەیەكی جیاوازتریان هەبێت، بۆیە زۆرێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە زۆر نزیكە دووبارە سیناریۆی ئەستانەی سوریا بێتەوە ئارا، بەوپێیەی ئامانجی سەرەكی هەردووكیان بریتییە لە كەمكردنەوەی كاریگەریی هێزە ئیقلیمییەكان لەو وڵاتە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*