سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گونده‌كان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری‌

وتەی ئەمجارە

گونده‌كان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری‌

له‌ ڕێگه‌ی‌ ڤیدیۆوه‌ بێت یاخود به‌ وێنه‌و نوسین بێت، وه‌ یان ئه‌گه‌ر بۆمان گێڕدرابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ گونده‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، جێبایه‌خی ئه‌و گه‌شتیار و كه‌سانه‌ن ده‌چنه‌ ئه‌و وڵاتانه‌وه‌. حكومه‌ت له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپی هێنده‌ی‌ شاره‌كانیش بایه‌خیان به‌ گوند و گوندنشینان و ژینگه‌ی‌ گونده‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش له‌پێناو دوو ئامانجی گه‌وره‌ : یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گونده‌كان ببنه‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری و له‌ ڕاستیشدا هه‌روا بووه‌، دووه‌میشیان له‌پێناو ئه‌وه‌ی‌ گوندنشینانیش ببنه‌ به‌شێك له‌پرۆژه‌ی‌ حكومه‌ت بۆ خزمه‌تكردنیان و هێزی كار له‌وڵاتدا.
ئه‌وه‌ی‌ له‌ گونده‌كانی‌ ئه‌وروپا ده‌یبینین به‌ دوو باردا به‌ ته‌واوی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ گونده‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ باری‌ یه‌كه‌مدا ئه‌وه‌یه‌: له‌كاتێكدا گونده‌كانی‌ كوردستان به‌شداری‌ ته‌واویان هه‌بووه‌ له‌ شۆڕشه‌كاندا و ئه‌جری گه‌وره‌یان هه‌یه‌ به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌ كه‌ خزمه‌ت بكرێت به‌ڵام نه‌كراون و ئاوڕیان لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام گونده‌كانی‌ ئه‌وروپا هه‌مان خزمه‌تی‌ گونده‌كانی‌ كوردستانیان به‌ شۆڕشی وڵاته‌كانیان نه‌كردووه‌ و كه‌چی زۆرترین خزمه‌ت كراون. له‌ باری‌ دووه‌مدا گونده‌كانی‌ ئه‌وروپا بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی مادی زۆر باش بۆ وڵات و زۆرێكی پێویستییه‌كانی‌ بازاڕ له‌ گونده‌كانه‌وه‌ ده‌برێته‌ بازاڕه‌كانی‌ ئه‌وروپا، كه‌ چی گونده‌كانی‌ ئێمه‌ نه‌ك نه‌كراوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ بژێوی و پاره‌داركردن، به‌ڵكو ته‌واوی‌ جوڵه‌ ئابوری‌ و داراییه‌كه‌یی و هێزه‌ كاره‌كه‌ی‌ مردووه‌ و هیچ ئاوڕێكی لێنادرێته‌وه‌.
یه‌كسانی له‌ پرسی پرۆژه‌و خزمه‌تكردنی‌ وڵات كاری له‌ پێشینه‌ی‌ هه‌موو حكومه‌تێكه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بینرێت به‌ ته‌واوی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ جیهانه‌ و نه‌ك گونده‌كانی‌ كوردستان نه‌بوونه‌ته‌ جێ بایه‌خی حكومه‌تی‌ هه‌رێم، به‌ڵكو جیاكارییه‌كی زۆر به‌ پێوه‌ری‌ پانتایی شار به‌ پانتایی گونده‌كان هه‌یه‌ و له‌ پێویست زیاتر دووره‌ نێوانی‌ ئه‌و دوو پانتاییه‌ له‌ ڕووی خزمه‌تكردنه‌وه‌. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كی عاقڵانه‌یه‌! كه‌ ناكرێت وه‌ك یه‌ك خزمه‌ت به‌ شارو گونده‌كان بكرێت و هه‌رچی له‌ شاره‌كان كرا ئه‌وا له‌ گونده‌كانیشدا بكرێت، به‌ڵام واقیع ئه‌وه‌ی له‌خۆ گرتووه‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ بیست و یه‌كیشدا هێشتا گونده‌كان به‌شێكن له‌ سیستمی ئابووری‌ جیهانی‌ و تا ئاستێكی زۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت و ئاو و سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ دیكه‌، گونده‌كان به‌شێكی دیار و له‌به‌رچاون له‌ ناو كرده‌ی‌ به‌رهه‌مهێنان و به‌ بازاڕكردن و گه‌شه‌ی ئابووری‌ و جوڵاندنی‌ هێزی كار و دابینكردنی‌ پێویستییه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ وڵاتان.
گونده‌كانی‌ كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی‌ تموحی ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌ كه‌ وه‌ك زه‌روریه‌تێك لێی بڕوانێت و چاوی له‌وه‌بێت بۆشاییه‌ك بۆ كه‌موكورتییه‌كانیان پڕ بكاته‌وه‌، ئه‌و دۆخه‌ ئابوورییه‌ی له‌ پێشوودا ڕووبه‌ڕووی حكومه‌تی‌ هه‌رێم بووه‌وه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ست بووه‌ به‌وه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا گونده‌كان نه‌كراونه‌ته‌ هێزی ئابوری‌ كوردستان كه‌ له‌ دوای‌ نه‌وته‌وه‌ سودی لێوه‌ربگیرێت. ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ئابوری‌ هه‌بوایه‌ له‌ ڕابردوودا، یان عه‌قڵێكی ئابووری‌ دنه‌ی‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی‌ بدایه‌ كه‌ گونده‌كان به‌ پێی هه‌ڵكه‌وته‌ و تایبه‌تمه‌دی و شوێنه‌وار و ….هتد بكرابانایه‌ به‌ ناوچه‌كی گه‌شتیاری وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك گوندی كوردستان به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافی و كه‌ش و هه‌واكه‌یه‌وه‌ به‌ سروشت ناوچه‌ی گه‌شتیارین و هاوڵاتیانی كوردستان و بیانیییه‌كانیش كه‌ دێنه‌ كوردستان ڕووی تێده‌كه‌ن ئه‌وا ئێستا كوردستان له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ پێینابووه‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌.
غه‌درێكی گه‌وره‌یه‌ پێمانوابێت كه‌ ئیدی له‌ دوای‌ ڕاپه‌ڕینی باشووری‌ كوردستانه‌وه‌، هه‌م وه‌زیفه‌ی‌ خزمه‌تكردنی‌ گونده‌كان كۆتاییان هاتووه‌ و هه‌م ئه‌ركی حكومه‌تیش له‌ ئاست ئه‌و ماندووبوونه‌ی‌ گوندنشینان كۆتایی هاتووه‌ و وه‌ك پێویست ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ك چۆن گونده‌كان له‌ شۆڕش و پارتیزانیدا هاوكارو یارمه‌تیده‌رێكی شۆڕشه‌كانی‌ كورد بوونه‌، ئه‌وا به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌كرێت گونده‌كان جارێكی دیكه‌ ببێته‌وه‌ پاڵپشت و هاوكاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش بۆ ڕزگاركردنی‌ له‌ قه‌یرانی ئابووری‌، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی‌ كه‌ گونده‌كانیش ئاوڕیان لێبدرێته‌وه‌ و پێش وه‌خت زه‌مینه‌ی‌ باشی به‌رهه‌مهێنان له‌ گونده‌كاندا بڕه‌خسێنرێت.

print

 161 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*