سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » ورده‌كاریی خوێندنی ئه‌لیكترۆنی له‌ زانكۆ و په‌یمانگەكاندا

ورده‌كاریی خوێندنی ئه‌لیكترۆنی له‌ زانكۆ و په‌یمانگەكاندا

ئامادەکردنی : پەیامنێری گەرمیان

لێكه‌وته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌هه‌رێمى كوردستان‌و به‌رده‌وامى مه‌ترسییه‌كانى، (خوێندنى ئه‌لیكترۆنـى – پاڵپشتیكار) كردوه‌ به‌جێگره‌وه‌ى (خوێندن له‌كامپه‌سى زانكۆكان)، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر تا سه‌ره‌تاى مانگى ئایارى داهاتوو بارودۆخ ئاسایى نه‌بێته‌وه‌، زانكۆ و په‌یمانگەكان رێگه‌ى یه‌كه‌میان، بۆ گه‌یاندنى خوێندنى ئه‌مساڵ به‌ئه‌نجام ده‌گرنه‌به‌ر.

شێوازى (خوێندنى ئه‌لیكترۆنـى) له‌شێوازه‌ نوێیه‌كانى خوێندنه‌، به‌راورد به‌ (خوێندنى له‌كامپه‌سه‌كان)، زیاتر پشت به‌ته‌كنه‌لۆجیا ده‌به‌ستێت‌و له‌ڕێگه‌ى ئینته‌رنێت‌و به‌رنامه‌كانى پێكه‌وه‌به‌ستى ئه‌لیكترۆنی، كارى وانه‌وتنه‌وه‌ له‌نێوان مامۆستایان‌و خوێندكاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. (زانكۆى گه‌رمیان)، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌زانكۆ حكومییه‌ نوێیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌كارییه‌كانى بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و شێوازه‌ى خوێندن ده‌ستپێكردووه‌.

له‌م دیداره‌دا، د.یادگار عه‌لى مه‌حمود یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان بۆ كاروبارى زانستیى‌و خوێندنى باڵا، باس له‌ خوێندنى ئه‌لیكترۆنى، ئاماده‌كارییه‌كانیان‌و كاتى جێبه‌جێكردنى ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌زانكۆى گه‌رمیان بۆ (كوردستانى نوێ) ده‌كات.

چاوه‌ڕێی كۆتایی ئه‌م مانگه‌ ده‌كرێت

سه‌باره‌ت به‌هۆكاره‌كانى په‌نابردن بۆ جێبه‌جێكردنى شێوازى (خوێندنى ئه‌لیكترۆنى – پاڵپشتیكار) له‌زانكۆ و په‌یمانگەكانى هه‌رێمى كوردستان، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان، بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆى مه‌ترسییه‌كانى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایره‌سی كۆرۆنا دروست بووه‌و خوێندن له‌زانكۆ و په‌یمانگاكان راگیراوه‌ (پێویست بو وه‌زاره‌ت بیر له‌ به‌دیل بۆ راگرتنى خوێندن بكاته‌وه‌، دیار نه‌بوو مه‌ترسییه‌كانى كۆرۆنا له‌سه‌ر هه‌رێم تاكه‌ى درێژه‌ ده‌كێشێت، بۆیه‌ ده‌بو به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان قه‌ره‌بووى خوێندنى ئه‌و ماوه‌یه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ خوێندكاران‌و مامۆستایان له‌ماڵه‌وه‌ بوون، بۆ ئه‌وه‌ش جێبه‌جێكردنى ئه‌و شێوازه‌ى خوێندن، وه‌ك تاكه‌ بژارده‌ دیاریكرا).

ده‌رباره‌ى واده‌ی جێبه‌جێكردنى شێوازى (خوێندنى ئه‌لیكترۆنى)، به‌وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى زانكۆى گه‌رمیان: ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌كۆى ده‌نگ، بڕیاریداوه‌؛ ئه‌گه‌رتا (دووى ئایارى 2020) بارودۆخى خوێندن ئاسایى نه‌بێته‌وه‌و خوێندكاران‌و مامۆستایان نه‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ هۆڵه‌كانى خوێندن له‌كامپه‌سه‌كان، ئیدى به‌فه‌رمى كار به‌و سیسته‌مه‌ ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به‌چاره‌نووسى ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ئه‌گه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌وامى ئاسایى خوێندن تا ئه‌و ماوه‌یه‌ى كه‌ دیاریكراوه‌، ئه‌و وتى: “له‌و حاڵه‌ته‌دا په‌ناده‌برێته‌ به‌ر درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى خوێندنى ئه‌مساڵ، ئێمه‌ش وه‌ك زانكۆى گه‌رمیان پشتگیرى له‌مه‌یان ده‌كه‌ین، به‌ڵام دیاریكردنى ئه‌و ماوه‌یه‌ى كه‌ درێژده‌كرێته‌وه‌، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستییه‌وه‌ بڕیارى له‌باره‌وه‌ ده‌درێت”.

خولى ئاماده‌كارى فێركردنى ئه‌لیكترۆنی

به‌شێوه‌یه‌كى گشتى په‌یڕه‌وكردنى سیسته‌مى (خوێندنى ئه‌لیكترۆنى – پاڵپشتیكار) پێویستى به‌ته‌كنه‌لۆجیاو به‌رده‌ستبوونى هێڵى ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن مامۆستایان‌و خوێندكاران هه‌یه‌، هه‌رئه‌وه‌ش گرفتى سه‌ره‌كى به‌رده‌م جێبه‌جێكردنێتى، چونكه‌ هه‌ندێك له‌مامۆستایان، وه‌ك پێویست شاره‌زاییان له‌به‌رنامه‌كانى بوارى ئاماده‌كردنى وانه‌كان‌و تۆماركردنى ڤیدیۆى فێركارى بۆ خوێندكاران نییه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش؛ به‌شێكی تر له‌مامۆستایان‌و خوێندكارانیش كێشه‌ى هێڵى ئینته‌رنێتیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها گرفتى نه‌بوونى كۆمپیوته‌ر و ئامێرى سمارت فۆن لاى به‌شێكى تر له‌خوێندكاران بۆ وه‌رگرتن‌و بینینه‌وه‌ى وانه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان.
له‌باره‌ى ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ قۆناغى په‌نابردنه‌به‌ر جێبه‌جێكردنى سیسته‌مه‌كه‌و رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئاسته‌نگه‌كان، د.یادگار عه‌لى هێماى به‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌وان هه‌ر زوو خولى ئاماده‌كارى فێركردنى ئه‌لیكترۆنییان بۆ به‌شێك له‌و مامۆستایانه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ شاره‌زاییان وه‌ك پێویست له‌به‌كارهێنانى سۆفتوێره‌كانى تایبه‌ت به‌و شێوازه‌ى خوێندن نه‌بووه‌ “ئێمه‌ له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری راهێنانی پێداگۆجی‌و په‌ره‌پێدانی ئه‌كادیمی، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری‌و ئاماری زانكۆ خولى فێركارى ئه‌لیكترۆنیمان ده‌ستپێكرد، له‌قۆناغى یه‌كه‌مدا؛ (110) مامۆستا بۆماوه‌ى (24) كاتژمێر خوله‌كه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، دابه‌شی سه‌ر چوار گروپ كران‌و به‌شێوه‌ی ئۆنلاین خوله‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، وانه‌كان له‌لایه‌ن هه‌شت مامۆستای پسپۆڕی ئه‌و بواره‌ سه‌رپه‌رشتی كران، راهێنانى مامۆستایان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌و به‌رنامه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنانه‌ بوون كه‌پێویستن بۆ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌شێوه‌ی زنجیره‌یی‌و یه‌ك له‌دوای یه‌ك”.

فیدباكى مامۆستایان

یاریده‌درى سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان بۆ كاروبارى زانستیى و خوێندنى باڵا ئاماژه‌ى به‌ ئه‌نجامى فیدباكى مامۆستایانى به‌شداربووى خوله‌كه‌ كرد‌و وتی: “به‌پێى ئه‌و فیدباكه‌ى له‌نێوان مامۆستایانى به‌شدار له‌خوله‌كه‌ ده‌رباره‌ى ئاستى سودمه‌ندبوونیان له‌ناوه‌ڕۆكى خوله‌كه‌ ئه‌نجاممان داوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ مامۆستایان به‌ڕێژه‌یه‌كى ئێجگار به‌رز كردنه‌وه‌ى ئه‌و خوله‌ فێركارییه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌یان به‌گرنگ‌و به‌سود زانیوه‌”. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆیه‌ به‌رده‌وامى ده‌ده‌ین به‌و ئاماده‌كارییانه‌و قۆناغی دیکەی خوله‌كه‌ بۆ ژماره‌یه‌كى تر له‌مامۆستایان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى كه‌ ئایا ژێرخانى ته‌كنه‌لۆجى زانكۆى گه‌رمیان، تاچه‌ند هاوكاره‌ بۆ جێبه‌جێكردنى شێوازى خوێندنى ئه‌لیكترۆنى؟، ئه‌و به‌رپرسه‌ی زانكۆى گه‌رمیان رایگه‌یاند: له‌ده‌ستپێكى ئه‌مساڵى خوێندندا، له‌كۆى 29 به‌شى زانكۆكه‌مان، له‌ 22 به‌شى زانستیدا پڕۆسه‌ى بۆڵۆنیامان جێبه‌جێكرد، پڕۆسه‌یه‌كه‌ زیاتر پشت به‌بوارى ته‌كنه‌لۆجیاو سۆفتوێر ده‌به‌ستێت‌و هه‌ر ئه‌وكات 120 مامۆستا كه‌ له‌قۆناغى یه‌كه‌مى زانكۆ وانه‌یان ده‌گوته‌وه‌، به‌شدارى پڕۆسه‌كه‌ بوون، به‌وه‌ش تاڕاده‌یه‌كى زۆر گرفتیان له‌به‌كارهێنانى به‌رنامه‌ پێویسته‌كان بۆ پراكتیزه‌كردنى خوێندنى ئه‌لیكترۆنى نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئێمه‌ كارئاسانیه‌كى زۆرباشه‌. هه‌ر له‌سه‌ر ژێرخانى ته‌كنه‌لۆجى له‌زانكۆى گه‌رمیان، چه‌ند ساڵێكه‌ پڕۆسه‌كانى دڵنیایى جۆریمان به‌ ئه‌لكیترۆنى كردوه‌، هه‌روه‌ها سیسته‌مى تۆمارى هاتن‌و نه‌هاتنى خوێندكاران له‌چه‌ند به‌شێك، كاریشمان بۆ به‌ئه‌لیكترۆنى ئه‌نجامدانى سیمینار و چالاكییه‌ زانستیه‌كان كردوه‌و به‌رنامه‌شمان داناوه‌ بوارى خوێندنى باڵا له‌زانكۆمان به‌ئه‌لیكترۆنى بكه‌ین.

به‌رهه‌مهێنانی ڤیدیۆی فێركاری

د.یادگار عه‌لى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، ئه‌نجومه‌نى زانكۆى گه‌رمیان چوار كۆبوونه‌وه‌ى نائاسایى به‌شێوه‌ى ئۆنلاین ئه‌نجامداوه‌، هه‌موو پێشهات‌و ئه‌گه‌ره‌كانى بۆ قۆناغى داهاتوو تاوتوێكردوه‌، له‌به‌ر رۆشنایى راسپارده‌و بڕیارى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ش ئه‌نجومه‌نى هه‌موو كۆلێجه‌كان كۆبوونه‌وه‌ى خۆیان كردوه‌، پاشانیش ئه‌نجومه‌نى زۆربه‌ى به‌شه‌كانى زانكۆ به‌شێوه‌ى ئۆنلاین كۆبوونه‌ته‌وه‌و سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ (خوێندنى ئه‌لیكترۆنى) تاوتوێكردوه‌.

له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ (ئایا له‌زانكۆى گه‌رمیان چ كارو ئاسانكارییه‌ك كراوه‌، بۆئه‌وه‌ى خوێندكاران بتوانن له‌ڕێگه‌ى (خوێندنى ئه‌لیكترۆنى – پاڵپشتیكار) وانه‌كان وه‌ربگرن‌و سوودمه‌ندبن؟)، ئه‌و وتى: “ئێمه‌ كارمان له‌سه‌ر دروستكردن‌و به‌رهه‌مهێنانى چه‌ندین ڤیدیۆى فێركارى بۆ خوێندكاران كردوه‌، له‌ڕێگه‌یانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى زۆر ئاسان به‌كارهێنانى به‌رنامه‌كانى تایبه‌ت به‌ خوێندنى ئه‌لیكترۆنى شیكراوه‌ته‌وه‌”.

print

 813 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*