سەرەکی » وەرزش » میسی داستان تۆمار ده‌كات

میسی داستان تۆمار ده‌كات

دواجار شه‌وی شه‌ممه‌ی رابردوو 23/12/2017 له‌ یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ یاریی كلاسیكۆی نێوان ریاڵ مه‌دریدو بارسیلۆنا کراو یارییه‌كه‌ش به‌بردنه‌وه‌ی بارسا 3-0 كۆتاییهات و جیاوازی خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ ریاڵ بۆ 14 خاڵ به‌رز كرده‌وه‌.
ئه‌م كلاسیكۆیه‌ 237-ه‌مین كلاسیكۆی نێوانیان بوو له‌سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانێتییه‌كاندا، له‌سه‌رجه‌میاندا 95 یاریی ریاڵ براوه‌و بارسا به‌م بردنه‌وه‌یه‌ كۆی بردنه‌وه‌كانی بوون به‌ 93 بردنه‌وه‌و‌ 49 یارییش یه‌كسانبوون، به‌ر له‌م كلاسیكۆیه‌ هه‌ردوولا له‌ یاریگای به‌رامبه‌ریاندا 27 یاریی له‌وی تر بردبۆوه‌، به‌ڵام ئه‌م كلاسیكۆیه‌ ئه‌و یه‌كسانییه‌ی شكاندو بردنه‌وه‌كانی بارسای له‌ سانتیاگۆ بیرنابیۆ كرد به‌ 28 بردنه‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌مه‌ سێیه‌م بردنه‌وه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كی بارسایه‌ له‌كلاسیكۆی لالیگادا له‌ ریاڵ مه‌درید و سێ ساڵه‌ له‌سه‌ر یه‌ك له‌ كلاسیكۆی بیرنابیۆدا بارسا له‌ ریاڵ ده‌باته‌وه‌.
ئاماره‌كان چیمان پێده‌ڵێن؟
*فلۆرینتینۆ پێرێز وه‌ك سه‌رۆكی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید 36 كلاسیكۆ له‌ مه‌قسوره‌ی یارییه‌كان دانیشتووه‌و ئه‌مه‌ جاری 16 یه‌مه‌ دۆڕان به‌چاوه‌كانی خۆی ده‌بینێت.
* له‌ 10 یارییدا به‌رامبه‌ر بارسیلۆنا به‌م سێ گۆڵه‌وه‌ كۆی ئه‌و گۆڵانه‌ی له‌ كیلۆر ناڤاس كراون گه‌یشته‌ 22.
*كۆی ئه‌و گۆڵانه‌ی بارسا له‌ ریاڵ مه‌دریدی كردوون بۆ 384 گۆڵ زیادیكرد.
*ئه‌و یاریزانه‌ی زۆرترین گۆڵی له‌ كلاسیكۆدا كردووه‌ میسییه‌ به‌ 25 گۆڵ.
*كۆی ئه‌و گۆڵانه‌ی به‌رسیلۆنا له‌ كلاسیكۆی لالیگادا به‌ په‌نالتی كردوونی گه‌یشته‌ 16 گۆڵ.
*ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ ڤاڵڤێردی وه‌ك راهێنه‌ر له‌ زیدان ده‌باته‌وه‌.
*ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ له‌مێژووی كلاسیكۆكانی لالیگادا بارسا بتوانێت له‌ سێ كلاسیكۆی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كدا له‌ ریاڵ بباته‌وه‌.
*سێرجیۆ رامۆس كارتی زه‌ردی ژماره‌ 21 ی خۆی له‌ مێژووی کلاسیکۆکاندا وه‌رگرت و ئه‌مه‌ش ریكۆردێكی سه‌لبییه‌.
*به‌و كارته‌ سووره‌ی كارفاخال وه‌ریگرت، كۆی ئه‌و كارته‌ سورانه‌ی یاریزانانی ریاڵ له‌ دوا شه‌ش كلاسیكۆی بیرنابیۆدا وه‌ریانگرتووه‌ گه‌یشته‌ 4 كارتی سوور.
*لویس سوارێز كۆی گۆڵه‌كانی له‌ ریاڵ مه‌درید له‌ ساڵی 2014-ه‌وه‌ گه‌یانده‌ 5 گۆڵ له‌ 7 کلاسیکۆدا و ئه‌مه‌ش هیچ یاریزانێك كه‌ تاز هاتۆته‌ بارسا نه‌یكردووه‌.
*سوارێز كۆی گۆڵه‌كانی له‌گه‌ڵ بارسیلۆنادا له‌سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانێتییه‌كاندا گه‌یانده‌ 131 گۆڵ.
*له‌و ژماره‌ گۆڵه‌ی سوارێز 95 گۆڵیان له‌لالیگادا بووه‌.
*تۆماس فێرمایلین له‌ كۆی 16 یاریدا كه‌ به‌درێسی بارساوه‌ كردوونی بارسا له‌هیچ یارییه‌كیاندا نه‌دۆڕاوه‌.
*ئه‌م دۆڕانه‌ی كلاسیكۆی ریاڵ بوو به‌ 17 یه‌مین دۆڕاندن كه‌ رامۆس به‌شدار ببوبێت تیایدا و ئه‌مه‌ش رووبه‌ڕوی هیچ یاریزانێكی تری ریاڵ نه‌بۆته‌وه‌.
*ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ بارسیلۆنا بتوانێت له‌ مێژووی كلاسیكۆكاندا له‌ تایمی دووه‌مدا سێ گۆڵ بكات، پێشتریش ساڵی 1984-یش كردوویه‌تی و ئه‌وه‌ یارییه‌شیان به‌هه‌مان ئه‌نجام بردۆته‌وه‌و ریاڵ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌مه‌ بكات.
*بارسیلۆنا یه‌كه‌م تیپه‌ بتوانێت له‌ 11 كلاسیكۆی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كدا گۆڵ بكات.
*له‌ ساڵی 2009-ه‌وه‌ 15 كلاسیكۆ له‌ بیرنابیۆ كراوه‌، هیچ كاتێك له‌و 15 كلاسیكۆیه‌دا بارسا دوو كلاسیكۆی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك نه‌دۆڕاوه‌.
میسی له‌م كلاسیكۆیه‌دا
لیۆنێل میسی، ئه‌ستێره‌ ئه‌رجه‌نتینییه‌كه‌ی‌ ئاسمانی ئیسپانیا و ئه‌وروپا جارێكی تر دووپاتی كرده‌وه‌ بۆچی له‌ ریزی ئه‌فسانه‌كانی وه‌ک مارادۆناو پێلێ یۆهان كرۆیفدا دا‌ده‌نرێت، لا پۆلگا له‌م یارییه‌دا به‌رامبه‌ر ریاڵ مه‌درید هه‌رچه‌نده‌ ته‌نیا گۆڵێكی تۆماركردو پاسی گۆڵێكی دا، به‌ڵام ئاستێكی وا ئه‌فسوناوی پێشكه‌ش كرد، ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی‌ كلاسیكۆ بوو له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌كه‌ی‌.
میسی به‌رامبه‌ر ریاڵ مه‌درید توانی به‌ ئاستی به‌رز ده‌ربكه‌وێت، جه‌نگی گه‌وره‌ی یارییه‌كه‌ش له‌‌هێڵی ناوه‌ندابوو ئه‌م ئه‌و پلانه‌ی راهێنه‌ره‌که‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌كه‌ی‌ یه‌كلایی كرده‌وه‌.
میسی له‌ یارییه‌كه‌دا به‌ په‌نالتی گۆڵێكی تۆماركرد و ئه‌و گۆڵه‌ش ژماره‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی پێ به‌خشی و وه‌كو پادشای ریكۆرد و ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان جارێكی تری ناوی خۆی له‌ مێژووی تۆپی پێدا نووسییه‌وه‌.
به‌و گۆڵه‌ میسی ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ بارسێلۆنا گه‌یانده‌ 526 گۆڵ و ژماره‌ی گێرد مۆله‌ری ئه‌فسانه‌ی‌ تۆپی پێی ئه‌ڵمانی تێپه‌ڕاندو بووه‌ یه‌كه‌م یاریزان له‌ مێژووی خوله‌ گه‌وره‌كانی‌ ئه‌وروپا 526 گۆڵ بۆ یانه‌یه‌ك بكات.
میسی ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاری نییه‌ ریكۆردی گێرد مۆله‌ر ده‌شكێنێت، پێشتریش ساڵی 2012 ژماره‌كه‌ی‌ گێرد مۆله‌ری شكاند و ناوی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌ڵمانیا چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی له‌بیرچوونه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت، خسته‌وه‌ سه‌ر روپه‌ری رۆژنامه‌كان، ئه‌مه‌ش كاتێك ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ ساڵێكدا 91 گۆڵی تۆماركرد و ژماره‌كه‌ی‌ مۆله‌ری تێپه‌ڕاند كه‌ خاوه‌نی 85 گۆڵ بوو.
میسی به‌و گۆڵه‌ش ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له‌ یاری كلاسیكۆ به‌رامبه‌ر به‌ یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌درید گه‌یانده‌ 25 گۆڵ و یه‌كه‌م یاریزانیشه‌ له‌مێژووی کلاسیکۆدا ئه‌و ژماره‌ گۆڵه‌ له‌ یانه‌ی‌ شاهانه‌ بكات.
له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ میسی جارێكی تر دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌نتیاگۆ بیرنابیۆ یه‌كێكه‌ له‌ خۆشه‌ویسترین یاریگاكان بۆ ئه‌و، به‌و گۆڵه‌ ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له‌ یانه‌ی‌ شاهانه‌ گه‌یانده‌ 15 گۆڵ له‌كۆی 19 یاری كه‌ له‌و یاریگایه‌ کردوونی‌.
ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ میسی هه‌میشه‌ له‌ یاریگای سه‌نتیاگۆ بیرنابیۆ به‌رامبه‌ر ریاڵ مه‌درید به‌ ئاستی به‌رز ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا لاپۆلگا له‌ یاریگای یانه‌كه‌ی‌ خاوه‌نی 10 گۆڵه‌.
له‌مێژووی خولی ئیسپانیاش میسی بووه‌ یه‌كه‌م یاریزان 17 جار له‌ خولی ئیسپانیا تۆڕی گۆڵی یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌دریدبهه‌ژێنێت.
هه‌ر له‌ خولی ئیسپانیا میسی ریكۆردێكی نوێی تۆمار كرد كه‌ یه‌كه‌م یاریزانه‌ له‌مێژووی ئه‌و خوله‌دا 10 وه‌رز له‌سه‌ریه‌كتر 15 گۆڵ یاخود زیاتر تۆمار بكات.
میسی له‌ یارییه‌كه‌دا 88% ی پاسه‌كانی راست بووه‌و 9 هه‌وڵی گۆڵ تۆماركردنی ره‌خساندوه‌و 6 جاریش سه‌ركه‌وتوانه‌ یاریزانانی ریاڵ مه‌دریدی تێپه‌ڕاندووه‌و گۆڵێكی كرد و گۆڵێكیشی دروست كردوه‌، به‌مه‌ش له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی‌ رۆژنامه‌و پێگه‌ وه‌رزشیهی‌كانه‌وه‌ به‌ باشترین یاریزانی یارییه‌كه‌ دیاریكراوه‌.
له‌ كۆتاییشدا لیۆنێل میسی پێش هه‌ریه‌ك له‌ رۆناڵدۆ و كاڤانی و لیڤاندۆڤسكی كه‌وت به‌ تۆماركردنی 54 گۆڵ بووه‌ گۆڵكاری ساڵی 2017، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا بۆ شه‌شه‌م ساڵه‌ له‌ ژیانی وه‌رزشی خۆیدا له‌ ساڵێكدا سه‌رو 50 گۆڵ ده‌كات.
هه‌فته‌ی بارسا
ئه‌وه‌ی تێبینی كرا ئه‌وه‌بوو له‌ یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی لالیگا‌دا هه‌رسێ ركابه‌ره‌كه‌ی بارسا سێ خاڵی نوێیان له‌ده‌ستدا.
*له‌ كلاسیكۆدا ریاڵ به‌بارسا 0-3 دۆڕ.
*ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید 0-1 به‌ ئیسپانیۆڵ دۆڕا.
*ڤالانسیا 0-1 به‌ ڤیاریاڵ دۆڕا.
ریزبه‌ندیی یه‌كه‌م تاپێنجه‌می ئه‌م خوله‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌:
1-بارسیلۆنا 17 یاریی (45 خاڵ).
2-ئه‌.مه‌درید 17 یاریی (36 خاڵ).
3-ڤالانسیا 17 یاریی (34 خاڵ).
4-ریاڵ مه‌درید 16 یاریی (31 خاڵ).
5-سیڤییا 17 یاریی (29 خاڵ).
گۆڵكه‌رانی خوله‌كه‌
1-میسی (15 گۆڵ).
2-ئاسپاس (11 گۆڵ)
3-لویس سوارێز (10 گۆڵ).
4-زازا (10 گۆڵ).

print

 19 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*