سەرەکی » زانست » مەكسیك:دۆزینەوەی نەخشەیەكی جوگرافیی 2000ساڵە

مەكسیك:دۆزینەوەی نەخشەیەكی جوگرافیی 2000ساڵە

شوێنەوارناسان لە مەكسیك نەخشەیەكی كۆنیان دۆزییەوە كە مێژووەكەی بۆ (٢٠٠٠)ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

پسپۆڕانی شوێنەوارناسیی لەپەیمانگای نیشتمانیی بۆئەنترۆپۆلۆجیا و مێژووی مەكسیك تاشەبەردێكی گەورەیان دۆزیوەتەوە كە نەخشەیەكی جوگرافیی لەسەر هەڵكەندراوە و مێژووەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ(2000)ساڵ پێش ئێستا
ئەو پسپۆرانە ئاماژە بەوە دەكەن ئەو بەردەی كە نەخشەكەی لەسەر هەڵكۆڵدراوە جۆری بەردی بازلت یان بەردی گڕكانییە ودرێژییەكەی (1.7) مەتر وپانییەكەی(2.12)بۆ (2.17)مەترە وئەستوورییەكەشی (0.6)بۆ(1.7)مەترە وئاراستەی تەوەرە سەرەكییەكەی بەرەو گركانی (ڤۆیگۆ دی كۆلیما)یە كە (14) كیلۆمەتر لە شوێنی بەردەكەوە دوورە و بەپێی لێكدانەوەی شوێنەوارناسەكان پێدەچێت ئەو بەردە پێشتر لە ئەنجامی هەڵپژانی گڕكانێكەوە هەڵدرابێتە ئەو ناوچەیە.

شوێنەوارناسەكان دەڵێن»ئەو نەخشە جوگرافییەی ئەو ناوچەیە كەلەسەر ئەو بەردە هەلكۆڵدراوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە زانیارییەكانی خۆیان بۆ نەوەكانی دوای خۆیان بەو جۆرە گواستووەتەوە و پێناچێت زمانێكی نووسراویان هەبووبێت».

لەمبارەیەشەوە (خۆلیۆ دی لا روسا)ی بەرێوەبەری پەیمانگاكە دەڵێت» دۆزینەوەی تاشەبەردی گەورە كە نەخشونیگاری لەسەر بێت شتێكی دەگمەن نییە لە لامان، چونكە تا ئێستا نزیكەی ( 100) تاشەبەردی لەو جۆرەمان دۆزیوەتەوە، بەڵام دۆزینەوەی ئەم تاشە بەردە گرنگییەكەی لەوەدایە كە نەخشەیەكی جوگرافیی ناوچەی باشووری گڕكانەكەی لەسەر هەڵكۆلدراوە و تێیدا بەجوانی ڕوبار و جۆگە و دۆڵەكان دەبینرێت و گوندەكانیش لە شێوەی بازنەدا ئاماژەی پێكراوە».

شوێنەوارناسان پێیانوایە كە دانیشتوانی دێرینی مەكسیك زۆر ماندوو بوون بەو نەخشەیەوە، ئەوان دەڵێن «بۆ هەڵكۆڵینی ئەو نەخشەیە زیاتر لەسێ شێوازی چارەسەركردنی بەردەكە بەكارهاتووە».

پسپۆڕان دوای لێكۆڵینەوەیان لە نەخشەكە لەو بڕوایەدان ئەو نەخشەیە كاری شارستانیەتی خاوەن گۆرستانە ستونییەكانە كە لە قۆناغی نێوان (200)ی پێش زایین بۆ (200ی زایینی لە خۆرئاوای مەكسیكدا ژیاون، هەر بۆیە تەمەنی ئەو نەخشەیەشیان بە (2000) ساڵ مەزەندە كردووە.

 

سەرچاوە: TR

print

 109 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*