سەرەکی » وەرزش » یانەی بارسیلۆنا کێشەی تێکەوتووە

یانەی بارسیلۆنا کێشەی تێکەوتووە

پاش یەکسانبوونەکەیان 2-2 لەگەڵ یانەی سیڵتاڤیگۆ لە هەفتەی 32 ی لالیگادا، کێشە لە تیپی یانەی بارسیلۆنادا درووستبووەو بەئاشکرا هەست بەکێشەکەش دەکرێت.

لەهەفتەی 32 ی یارییەکانی ئەو خولەداو لەیاریگای بالایدۆس، بارسیلۆنا بوو بەمیوانی یانەی سێڵتا ڤیگۆ، دەبوو بەهەر نرخێک بێت بارسا ئەم یاریی بباتەوە، چونکە هەفتەی پێشتر و لەهەفتەی 31 دا بەزەحمەت 1-0 لە بیلباوی بردبۆوە، پێشتریش لەهەفتەی 30- ی یارییەکانیشدا، بەبێ گۆڵ لەگەڵ سیڤییا یەکسان بوو بوو.

یەکسان بوونی یەکەم بارسای لە لووتکە هێنایە خوارەوەو ریاڵ مەدرید چووە جێگای (بەجیاوازی ئەنجامی هەردوو یاریی کلاسیکۆ)، چونکە کۆی خاڵەکانیان وەک یەکی لێهات (68 خاڵ)، ئەم یەکسانبوونەی یاریگای بالایدۆسیش ئەوەندەی تر باری سەرشانی یانەکەی بۆ بردنەوەی نازناوی لالیگا قورستر کرد، چونکە ریاڵ 1-0 لە ئیسپانیۆڵی بردەوەو کۆی خاڵەکانی بوون بە (71 خاڵ) بەوەش ئێستا ریاڵ 2 خاڵ پێش بارسیلۆنا کەوتووە.

ئەم ئەنجامانەو ئەم بارودۆخە کە ئێستا بارسای تێکەوتووە، دەرگای بۆ چەند کێشەیەک کردۆتەوە، ئێستا لە تیپەکەدا کێشە لەنێوان یاریزانان و کیکی سیتینی راهێنەردا درووستبووەو کێشەکان بەجۆرێکن کە باسی ئەوەدەکرێت شەڕە قسەو دەمەقاڵێ لەنێوان یاریزانان لەلایەک و راهێنەرو یاریدەدەرەکەی لەلایەکی ترەوە درووستبوووە.

ئەوەتا لویس سوارێز پاش تەواو بوونی یارییەکە و لە لێدوانیدا بۆ راگەیاندنەکان، یەکسان بوونەکە و ئەنجامە خراپەکانی خستە ئەستۆی ستافی راهێنان.

رۆژنامەی مارکاش باسی ئەوەی کردووە کە پاش تەواو بوونی یارییەکە و لەژووری خۆگۆڕین، یاریزانەکان رووبەڕوی ستافی راهێنان بوونەتەوەو گۆڕانکارییە خراپەکانی سیتین لەو یارییەدا و بەتایبەتیش پاش ئەوەی بارسا 2-1 لەپێشەوە بوو، بەهۆکاری یەکسان بوون و ئەنجامە خراپەکە دەزانن.

چونکە یاریزانەکان پێیان وایە هێنانە ناوەوەی گریزمان و ئارسۆر لە ساتە کۆتاییەکانی یارییەکەدا ریتمی یاریی تیپەکەی تێکداوە، کار گەیشتۆتە ئەوەی پاش ئەو دوو گۆڕانکارییە ئیتر یاریزانەکان گوێیان لە ئامۆژگارییەکانی راهێنەر نەگرتووە، هەروەها لە چارەکی کۆتایی یارییەکەشدا کاتێک دوو دەقیقە پشوو دەدرێت بەیاریزانان بۆ ئاو خواردنەوەو پشوودان، کیکی سیتین ئامۆژگاری نەداوە بەیاریزانەکان و سارابیای یاریدەدەری ئەو ئەرکەی راپەڕاندووەو تەنانەت زۆریش لەیاریزانەکان گوێیان لەمیش نەگرتووە.

print

 45 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*