سەرەکی » ئابووری » وەزیری كشتوكاڵ:كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ هۆكاری ساغنەبوونەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكانە

وەزیری كشتوكاڵ:كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ هۆكاری ساغنەبوونەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكانە

دیداری: جێگر خدر

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، لە دیدارێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی كوردستانی نوێ-دا، هۆكاری گرفتەكانی جووتیاران لەمساڵدا و ساغنەبوونەوەی بەروبوومەكانیان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دۆخەی كە كۆرۆنا دروستی كردووە، بەتایبەت قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكان.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: گرفتی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكانی جووتیاران لەبازاڕدا هەر تەنها لەمساڵدا نییە، بەڵكو ساڵانی رابردووش بە بازاڕكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكان لەگرفتدا بووە، ئەویش بەهۆی نەبوونی پلانێكی تۆكمەی بەبازاڕكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكان.

«كۆرۆنا نەیهێشت پلانەكانمان وەكو خۆی جێبەجێ بكەین»
بێگەرد تاڵەبانی روونیدەكاتەوە، ئەوان پلانی پێشوەختەیان بۆ روونەدانی ئەو دۆخە هەبووە، بەشێوەیەك لەبەرنامەیاندا بووە لەهەر شار و شارۆچكەیەك گۆڕەپانی تایبەت بە بەرهەمە ناوخۆییەكان بەناوی (بازاڕی میللی) بكەنەوە.

دەشڵێت: «بەڵام بڵابوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا و رێكارە خۆپارێزییەكان‌و قەدەغەكردنی هاتوچۆی نێوان شارەكان، نەیهێشت پلانەكانمان وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت».

بەوتەی وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، لە وەرزی داچاندندا ئێمە وەك وەزارەت بەردەوام هاوكار و هەماهەنگ بووین لەگەڵ جووتیاران‌و هەموو ئەو پارێزگا و وەزارەتانەی كە پەیوەندیدارن تا هاوكار بین‌و كارئاسانی بكەین‌و جووتیاران بەرهەمەكانیان دابچێنن، ئێستاش كە وەرزی پێگەیشتنە، بەداخەوە دۆخی تەندروستی هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆرۆناوە هاوكار و یارمەتیدەر نییە.

كڕیارانی ناوەڕاست‌و خوارووی عیراق
لە درێژەی قسەكانیدا، بێگەرد تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەكات، قەدەغەی هاتوچۆ رێگرییەكی زۆری كردووە تا كاڵا و بەروبوومەكان لەنێوان شارەكاندا نەگوازرێتەوەو نەفرۆشرێت، جگە لەوەش ساڵانە بڕێكی زۆری بەرهەمی جووتیارانی هەرێم هەناردەی شارەكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عیراق دەكرا، بەهۆكاری ئەوەی حكومەتی عیراق لەماوەی رابردوودا بڕیاریداوە رێبگرێت لەگواستنەوەی بەرهەمەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ شارەكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عیراق، دیسانەوە ئەوەش كێشەیە لە بەردەم جووتیارانی هەرێم، ئەگەرچی ئێمە هەوڵی خۆمان داوە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە، بەڵام مەترسییە تەندروستییەكان رێگەنادەن كڕیارانی ناوەڕاست‌و خواروو بە ئاسانی بێنە هەرێمەوە.

وتیشی: «بۆ چارەسەری ئەو دۆخەو ساغكردنەوەی ئەو بەرهەمانە، ئێمە پلانی خۆمان هەیە، كە بریتییە لە دروستكردن‌و دانانی (ساردخانە)، بەڵام راستییەكیش هەیە جووتیارانی ئێمە بەرهەمەكانیان ناخەنە نێو ساردخانەوە، بەڵكو دەیانەوێت راستەوخۆ لەبازاڕدا بفرۆشرێت واتا لە عەلوەكاندا، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە پڕۆژەیاسای تایبەتمان ناردۆتە ئەنجومەنی وەزیران، تا بدرێتە پەرلەمان‌و لەڕێیەوە سیستمی عەلوەكان بە جۆرێك رێكبخرێتەوە كە لە بەرژەوەندی جووتیاراندا بێت».

ئاشكراشیكرد، لەگەڵ كارگە ناوخۆییەكاندا وتووێژمان كردووە كە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت بەرهەمی ناوخۆیی ساغبكرێتەوە، بەڵام لێرەشدا گرفتمان بۆ دروستبووە كە ئەو تەماتەیەی ئێستا هەیە بۆ دۆشاوی تەماتە نابێت، بۆیە بیرمان لەوە كردۆتەوە كە بنەتۆوی تەماتە بگۆڕین، تا جۆرێكی دیكە بچێنرێت كە بە كەڵكی دۆشاوی تەماتە ببێت، ئێستاش ئەو بنەتۆوە لەژێر توێژینەوەدایە.

باجی سەر بەرهەمە هاوردەكان زیادكراوە
سەبارەت بەو بەرهەمانەی كە لە دەرەوە دەهێنرێنە ناو بازاڕەكانی هەرێمەوە، بێگەرد تاڵەبانی جەخت لەوەدەكاتەوە، باجی سەر ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەكرێت لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆدا، زۆر زیادكراوە، كە ئەوەش پاڵپشتییەكی زۆر باشە بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بەڵام جۆر و نرخی بەرهەمەكانی ناوخۆ بەو شێوەیە رێگەخۆشكەر نەبووە بۆ بەكارهێنانی لەكارگەكاندا، چونكە كارگەكانیش دەخوازن بەرهەمەكانیان بە جۆرێك بێت زوو ساغبكرێتەوە لەبازاڕدا، بۆیە ئێمە وەك وەزارەت، لەهەوڵی راگرتنی باڵانسین لەنێوان فرۆشی ناوبازاڕ و فرۆشی كارگەكاندا.

دەشڵێت: «بەدواداچوونمان كردووە بۆ هەر قوتویەكی دۆشاوی تەماتەی هاوردە بە بەرهەمی خۆماڵی، دەركەوتووە كە بڕی هەزار و 500 دیناری عیراقی تێدەچێت، بەڵام هەمان قوتو بە بەرهەمی ئێرانی تەنها هەزار دیناری تێدەچێت، ئەگەرچی كوالێتی بەرهەمەكان جیاوازییان هەیە، بەڵام بازاڕی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان زیاتر رووەو بەرهەمە هەرزانەكەیە».

لەكۆتایی دیدارەكەدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان وەك وەزارەت، هاوكات لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی دیكە، بەردەوام لە هەماهەنگیدان بۆ زیاتر پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی‌و جێبەجێكردنی داخوازییەكانی جووتیاران‌و پاڵپشتی‌و هاندانی وەبەرهێنان تا پەرە بە بەرهەمە ناوخۆییەكان بدرێت.

print

 359 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*