سەرەکی » کەلتوور » کتێبە نوێکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبە نوێکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوکرایەوە

لەچوارچێوەی بەردەوامی کارەکانیدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چەند کتێبێکی نوێی چاپ و بڵاوکردەوە.

گەردن نەماوە بۆ بڕین
کتێبی گەردن نەماوە بۆ بڕین، شیعری ژن و مێردێکی شاعیر- سەنییە ساڵح و محەمەد ماغوت-و عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی کردویەتی بەکوردی، لەدووتوێی 206لاپەڕەدا کەوتە بەردەستی خوێنەرانی.
لەبەشێکی کتێبەکەدا هاتووە: چەند ساڵێکە بیر لەوە دەکەمەوە کار لەپڕۆژەیەکی خۆمدا بکەم، پەیوەندیی راستەوخۆی بەو ژن و مێردە شاعیرو باوک و کچە ئەدیب و شاعیرانەوە هەیە، کە لەبواری ئەدەبدا کاردەکەن. بە باشمزانی بەمحەمەد ماغوتی شاعیرو سەنییە ساڵحی هاوسەری دەستپێبکەم کە بەهۆی ئەدەبەوە یەکتریان ناسی و تا کۆتایی ژیانیشیان دەسبەرداری شیعر نەبوون.
هەرچەندە نزیکبوونەوەو پەیوەندیی کۆمەڵایەتی کاریگەریی لە لێکچوون و نزیکبوونەوەی دیدو بۆچووندا هەیە، بەڵام ماغوت و سەنییە لەشێوازو دیدو جیهانبینی و تەکنیکی شیعرییاندا جیاواز بوون.

شانۆو هەمبەرەکەی
شانۆو هەمبەرەکەی یەکێکی ترە لە کتێبەکانی دەزگای سەردەم و لەدووتوێی 241لاپەڕەدا کەوتە بەردەستی خوێنەرانی.
ئەم کتێبە نووسینی ئەنتوان ئارتۆ-یەو مستەفا قەسیم کردویەتی بەکوردی.
لەبەشێکی کتێبەکەدا هاتووە: بابەتی سەرەکی ئەم کتێبە رەخنەگرتنە لەشانۆی رۆژئاوایی نەریتگەرا، کە ملکەچی وشەو دەقە، لەهەمانکاتدا بانگەشەکردنە بۆ ستایڵێکی هونەری شانۆیی، کە مۆرک و خەسڵەتێکی (پیرۆز) دەگرێتەخۆو بەشانۆی کلاسیکی رۆژئاوایی و شانۆی نەریتگەرایی و ریالیزمی نزم بانگەشە بۆ شانۆیەکی پەتی دەکات، شانۆیەک لەسەر بنەما شانۆییەکان و بنەما هونەرییەکان دامەزرابێ.

شاعیرە کوژراوو ستەملێکراوەکانی سەردەمی ئیسلامی
کتێبی شاعیرە کوژراوو ستەملێکراوەکانی سەردەمی ئیسلامی کە لەنووسینی حەسەن بارام-ە لەدووتوێی 183لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە.
لەبەشێکی پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە: ئێمە دەزانین چ لەسەردەمی نەفامی (الجاهلیة)دا یان لەسەردەمی فەرمانڕەوایەتیی ئیسلامدا لەنێو خودی کۆمەڵگەی عەرەبیدا تا قۆناغ و سەردەمانێکی زۆر شیعرو شاعیران سەرچاوەو بەرهەمهێنەری رۆشنبیری و هەروەها دەنگی ئازادو رەخنەیی و ناڕەزایەتی بوون لەبەرانبەر دەسەڵات و کۆمەڵگەی نەریتیدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گوندی‌ فه‌قێ‌ مسته‌فا له‌ ئامێزی‌ ئه‌نفالدا

بارام سوبحی‌ تاڵه‌بانی‌ گوندی‌ فه‌قێ‌ مسته‌فا به‌ دووری‌ بیست كیلۆمه‌تر ...