سەرەکی » راپۆرت » ئۆتۆمبێل لەزێڕ جوانترە‌و یەكێكە لەپێداویستییەكانی ژیان

ئافرەتان زیاتر پابەندی رێنمایی یاساكانی هاتوچۆن

ئۆتۆمبێل لەزێڕ جوانترە‌و یەكێكە لەپێداویستییەكانی ژیان

نوسینگەی كەركوك هێمن ئەحمەد

ژنانی كەركوك نەیانتوانیوە هاوشێوەی ژنانی شارەكانی تری كوردستان بەئازادی ئۆتۆمبێل لێبخوڕن‌و گیرو گرفتێكی زۆر دێتە بەردەمیان، سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەك لەژنان توانیویانە بەسەر زۆربەی ئەو گرفتانەدا زاڵبن‌و بێنە مەیدانەكەوەو شان بەشانی پیاوان ئۆتۆمبێل لێبخوڕن‌و ئۆتۆمبێل كارئاسانیان بۆ دەكات.

سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی كەركوك رایدەگەیەنێت؛ زۆربەی سەرپێچیكاران لەشەقامەكاندا لەرەگەزی نێرن.

ئۆتۆمبێل لەزێڕ جوانترە
خاتوو موژدە عەلی كەئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندای رەنگ سپی پێبوو بەدەم لێخۆڕێنی ئۆتۆمبێلەكەیەوە وتی: پێمباشە هەموو ژنێك كەتوانای ماددی هەبێت لەبری زێركڕین بیدات بەئۆتۆمبێل، چونكە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل كارئاسانی بۆ ژیانی رۆژانەیان دەكات‌و لەزێڕیش جوانترە بۆ ژنان، هەرچەندە دەبێت ژنان ئەوەش بزانن كەگیروگرفتی زۆر دێنە بەردەمیان لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا، بۆ نموونە لەكاتی كڕینی بانزین یان لەكاتی تێكچونی ئۆتۆمبێلەكەی ناتوانن بەئازادی بچنە شوێنی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل، بەڵام دەبێت ژنان لەوە بەهێزتربن بەسەر ئەو گرفتانەدا زاڵبن.

لەترسی دەستبەسەراگرتنی مۆڵەتەكەی سەرپێچی ناكات
خاتوو دڵنیا محەمەد رەحیم، كەئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵی پێبوو بەم شێوەیە بۆمان دواو وتی: هەندێ لەشۆفێرانی شاری كەركوك هەن ئاستی رۆشنبیریان كەمە، كاتێك دەبینن ژنێك ئۆتۆمبێل لێدەخۆڕن لەدواوە هۆرنی بۆ لێدەدەن یان ئیزعاجی دەكەن‌و دەیترسێنن وایلێدەكەن چیتر ژن ئۆتۆمبێل لێنەخۆڕێت، من بەش بەحاڵی خۆم گوێم نەداوە بەو كێشانە، بەڵام ئێمە لەنووسینگەكانی پێمانوتراوە هەر كاتێك هۆرنتان بۆ لێدرا ئەوە دەتانترسینن‌و گرنگییان پێ مەدەن، بەڵام هەندێك شۆفێریش هەیە زۆر هاوكاریمان دەكەن لەرێگ‌و بانەكان و پۆلیسی هاتووچۆش زۆر یارمەتیدەرمانە.

سەبارەت بەپشتێنی سەلامەتی، ئەو شۆفێرە ژنە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد هەموو كات پشتێنی سەلامەتی دەبەستم، راستە تووشی نیگەرانیمان دەكات، بەڵام سودێكی زۆریش هەیە.
دەبێت پشت بەخۆی ببەستێت

خاتوو شادی كەریم، دانیشتوی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك بەكوردستانی نوێی وت: وەك هەر ژنێكی ئەم شارە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕم، سەبارەت بەو كێشەو گرفتانەی رۆژانە دێنە رێگەمان لەكاتێكدا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێن دەبێ زۆر بەهێز بین‌و پشت بەخۆمان ببەستین، چونكە ئۆتۆمبێل پێویستیەكی ژیان بەتایبەتی بۆ ئێمەی ئافرەتان».

پیاوان بێزاریان دەكەن
ئەو خاتوونە وتیشی: وەك من هەستم پێكردبێت لەكاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕێندا بەهیچ شێوەیەك شۆفێرە پیاوەكان هاوكاریمان ناكەن‌و بگرە وەڕزمان دەكەن لەشەقامەكانداو لەپشتەوە هۆرنت بۆ لێدەدەن، بۆیە زۆر گرنگە كاتێك كەسێك مۆڵەتی شۆفێری دەردەكات دەبێت لەنووسینگەكانی تایبەت بەفێركردنی شۆفێری دەبێ فێری رێنمای‌و یاساكانی هاتووچۆ بكرێن، هەروەها بەستینی پشتێنی سەلامەتی زۆر گرنگە بەكاری بهێنن شۆفێران راستە رەگەزی مێ نیگەران دەبێت لەبەستێنی، بەڵام سوودەكانی زۆرترە بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمەو خوێندوەمەتەوە پشتێنی سەلامەتی هیچ زیانێك بەسینكی ئافرەت ناگەیەنێت، وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێر وەك بڕوانامە گرنگە، چونكە كاتێك لەنووسینگەكان یاساكانی هاتووچۆیان فێركردین‌و دواتر تاقیكردنەوەمان كرد، هەستم بەوە كرد كەمن سەركەوتوو بوومە بۆیە ئامادەم بۆ وەرگرتنی مۆڵەتەكە، كاتێكیش مۆڵەتەكەم بەدەستهێنا وامزانی گەورەترین بڕوانامەم بەدەستهێناوە، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نییم كەسێك مۆڵەت نەبێت‌و شارەزایی لەسەر رێنماییەكانی هاتووچۆ نەبێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، چونكە لەشەقامەكان رووداوی هاتووچۆ دروستدەكەن ئەتوانم ئەوەش بڵێم (50%)ی شۆفێرانی رەگەزی نێر شۆفێری نازانن، چونكە بەبێ فێربوونی رێنماییەكانی نووسینگەكانی هاتووچۆ فێری ئۆتۆمبێل لێخۆڕین بوونە، جگە لەوەش هاوكاری شۆفێری ژنان ناكەن، هەروەها ئێمەی ژنان لەكاتی تێكچوونی ئۆتۆمبێلەكانمان دەتوانین وەك ئەوان سەردانی شوێنی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل بكەین.

شۆفێری ئافرەت زیاتر پابەندی رێنماییەكانی هاتووچۆن
سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی كەركوك نەیوسیت ناوی ئاشكرا بكرێت بەبیانوی ئەوەی نووسراویان بۆ هاتوو كە لێدوان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن نەدەن، بەكوردستانی نوێ-ی ڕاگەیاند: پێش بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ژنان بەڕێژەیەكی یەكجار زۆر ڕوویان لەبەڕێوەبەرایەتیەكمان دەكرد بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری‌و ژمارەیەكی زۆریش لەژنان لەنووسینگەكانی كەركوك خۆیان فێری شۆفێری دەكەن تا ببن بەخاوەنی مۆڵەتی شۆفێری، بەڵام دەرچوانی ژنان لەكاتی مەشقكردن لەچاو پیاوان كەمترە، چونكە ژن جۆرە ترسێكی هەیە لەلێخۆڕینی ئۆتۆمبێل، بەڵام پۆلیسی هاتووچۆ بەرێژەیەكی كەم چاوپۆشییان لێدەكات‌و هاوكارییان دەكەن، بۆ ئەوەی شاری كەركوكیش وەكو شارەكانی سلێمانی‌و هەولێر بێت شۆفێری ژنان بەئارەووزی خۆیان ئۆتۆمبێل لێبخوڕن».

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: شۆفێری ئافرەت زیاتر پابەندی رێنماییەكانی هاتووچۆن لەكاتی لێخۆڕینی ئۆتۆمبێل لەشەقامەكاندا هیچ كات سەرپێچی ناكەن‌و پێچەوانەی ئاراستەی شەقامەكان ناڕۆن، بەڵام زۆرێك لەشۆفێرە پیاوەكان سەرپێچی دەكەن‌و كوێ بەڕێنماییەكان هاتووچۆ نادەن بەتایبەتی شۆفێرە هەرزەكارەكان.

print

 309 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*