سەرەکی » دۆسێ » باس لە كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكرێت لە عیراق

ماكنزی: هێشتا فەرمانمان پێنەگەیشتووە

باس لە كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكرێت لە عیراق

جەنەراڵ كینیت ماكنزی فەرماندەی باڵای هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، ئاستی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و سوریا لەچەند مانگی داهاتوودا دادەبەزێت، بەڵام تائێستا هیچ فەرمانێكیان بۆ پاشەكشەپێكردنی هێزەكان پێنەگەیشتووە.

رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لە راپورتێكیدا و لە زاری ماكنزییەوە بڵاویكردەوە»5200 سەربازی ئەمریكایی لە عیراقدا هەن، ئەو ژمارەیە لەدوای وتوێژەكان لەو بارەیەوە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت».

فەرماندەی باڵای هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پێشبینی دەكات هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی تری هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، پارێزگاریی لە بوونی درێژخایەنی خۆیان بكەن لە عیراق كە بە وتەی ئەو»بۆ یارمەتی و هاوكارییە لە هەوڵەكانی بەگژداچوونەوەی داعش و راگرتنی بەناو (هەژموونی ئێرانی لە وڵاتەكە)»، بەڵام رەتیكردەوە قەربارەی بوونی هێزەكانیان ئاشكرا بكات، ئەمەش لەكاتێكدایە كە چەند بەرپرسێكی تری ئەمریكایی رایانگەیاندووە»گفتووگۆكان لەگەڵ بەرپرسانی عیراقی كە لەم مانگەدا دەستپێدەكەنەوە، دەبنە مایەی كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ نزیكەی 3500 سەرباز».

هەر لە راپۆرتەكەی (نیویۆرك تایمز)دا هاتووە»500 سەربازی تری ئەمریكایی هەن لە سوریا كە پشتوانی لە هێزەكانی سوریای دیموكراتی كوردی دەكەن، بەڵام ماكنزی لە كۆنگرەیەكی ئەمنی كە لەلایەن پەیمانگەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ئاشتی رێكخرابوو رایگەیاندبوو»لەو بڕوایەدانیین ئێمە تاهەتا بۆ قۆناغێك لە قۆناغەكان لە سوریادا بمێنینەوە، دەمانەوێت لەوێ‌ كەمترین قەبارەمان هەبێت، بەڵام لە راستیدا نازانم ئەوە كە روودەدات».

جەنەراڵ ماكنزی و بەرپرسانی تری ئەمریكایی دەڵێن»دەكرێت ویلایەتە یەكگرتووەكان چاو بە پاشەكشەپێكردنی هێزەكانیدا بخشێنێتەوە لە عیراق و سور یا، چونكە هێزە خۆجێییەكان لەوێ‌، تا دێت زیاتر توانا پەیدا دەكەن بەتەنیا رووبەڕووی داعش ببنەوە، لەگەڵ هەندێك یارمەتی تەكنیكی و هەواڵگری و لۆجستی ئەمریكایی».

راپۆرتەكە ئاماژەی بە ستایشكردنی جەنەراڵ ماكنزی كردووە بۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق لەبەرانبەر»هەوڵە سەرەتاییەكانی دژ بە گروپەكانی مقاوەمە و حەشدی شەعبی كە بەبێ‌ بەڵگە تۆمەتباری كردن بە ئەنجامدانی هێرشی مووشەكی بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا و راهێنەرانی ئەمریكایی لە عیراق»، لەگەڵ ئەوەشدا فەرماندەی باڵای هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەپێویستی زانیوە، بەرپرسانی ئەمریكایی زیاتر دانبەخۆداگربن لەگەڵ حكومەتی نوێی عیراق، چونكە « ئەوان بەوپەڕی تواناوە هەوڵ دەدەن هەرچییەكیان پێبكرێت بیكەن بۆ رێگرتن لە دروستبوونی پشێوی لە عیراق».

پێشتر ئەو بەرپرسەی ئەمریكا تەئكیدی لەسەر پێویستی ویلایەتە یەكگرتووەكان كردبۆوە بۆ یارمەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەپێناو مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی داعش.

جەنەراڵ كینیت ماكینزی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (واشنتن پۆست) لە 8ی ئابی 2020 رایگەیاندبوو»ویلایەتە یەكگرتووەكان هەنگاوی گرنگی هەڵناوە لەڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران كە هێزە ئەمریكاییەكان دەكەنە ئامانج».

بە وتەی ئەو جەنەراڵە ئەمریكاییە»پێویستە دانبەخۆداگربین، لەكاتێكدا كازمی رووبەڕووی ئەو گروپانە دەبێتەوە كە هەژموونێكی سەربازیی و ساسی گەورەیان هەیە».
جەنەراڵ كینیت ف. ماكینزی جۆنیۆر كە سەرۆكایەتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكایی دەكات، ستایشی كازمی كردبوو سەبارەت بە هەڵكوتانە سەر دۆرە لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا لەدوای هێرشە مووشەكییەكان بۆسەر ئەمریكاییەكان لە عیراق.

ماكینزی دەڵێت»هەنگاوە نائاساییەكە لەدژی كەتیبەكانی حزبوڵڵا- بووە مایەی توڕەكردنی سەركردەكانی- ووبەڕووبوونەوەكانی بەردەم كازمی دەخەنەڕوو كە هەوڵ بۆ لغاوكردنی سەرەڕۆیی میلیشیاكان دەكات، بەبێ‌ ئەوەی هاوسەنگی فشەڵی نێوان واشنتۆن و تاران تێكبدات».

بەرپرسەكەی ئەمریكا دەڵێت، ئەو لەئێستادا دانوستان لەسەر مینێكی چێنراو دەكات، وەك ئاماژەكردن بە هێزەكانی ئەمریكا.

ماكینزی لە دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ كازمی لە سەردانەكەی بۆ بەغدا، رایگەیاندووە»لەو بڕوایەداین ئێمە پێویستمان بە یارمەتیدانی ئەوە. تەنیا ئەوەی لەسەرە شێوازێك بدۆزێتەوە، ئەو واتایەی ئێمە چارەسەرێكی كەمتر لە شیاومان دەستدەكەوێت، ئەمەش لە عیراقدا باش نییە».

سەردانەكەی ماكینزی بۆ بەغدا و چاوپێكەوتنی لەگەڵ كازمی سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری كە لە مانگی ئایاری رابردوودا بووە سەرۆك وەزیران، لەكاتێكدایە كە ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، وتوێژ لەگەڵ سەركردە عیراقییەكان دەكات بەمەبەستی دیاریكردنی ئایندەی هێزە ئەمریكاییەكان لە عیراق.

ماكینزی لە دوای جێهێشتنی عیراق، لەڕێی تەلەفۆنەوە بە رۆژنامەوانانی رایگەیاندبوو كە متمانەی بە حكومەتی عیراق هەیە سەبارەت بەوەی داوای مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە وڵاتەكە، هەرچەندە لەمسالًدا پەرلەمانتارانی توڕە لە واشنتۆن داوای پاشەكشەپێكردنی ئەو هێزانەیان كرد، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكەی بەغدا كە بووە مایەی كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس سەركردەی دەركەوتووی حەشدی شەعبی.

هەرچەندە لە مانگی رابردوودا هەردوو حكومەت رەتیانكردبۆوە، هێزەكانی ئەمریكا هەوڵ بۆ دامەزراندنی بنكەی هەمیشەیی بدات لە عیراق، بەڵام بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكایی دەڵێن، جۆرێك لە بوونی بەردەوام پێویستە، بەڕەچاوكردنی مانەوەی هەڕەشەی بەردەوامی چەكدارانی داعش.

لەئێستادا زیاتر لە 5000 سەربازی ئەمریكایی لە عیراقدایە. ئیدارەكەی ترەمپ دەڵێت، بوونی سەربازیی ئەمریكایی كار بۆ بەرپەرچدانەوەی هەژموونی ئێران دەكات، بەڵام هێزە ئەمریكاییەكان رووبەڕووی هێرشی مووشەكی بەردەوام بوونەوە لەلایەن كەتیبەكانی جزبوڵڵا و میلیشیاكانی تر.

ماكینزی رەتیكردبۆوە ژمارەی ئەو هێزەی پێویستە لە عیراقدا بمێنێتەوە ئاشكرا بكات، و رایگەیاندبوو»ئەوە بۆ سەركردە مەدەنییەكان بەجێدەهێڵین». ئەمەش لەكاتێكدایە كە ترەمپ بەردەوام جەخت لەسەر خواستی خۆی دەكاتەوە بۆ پاشەكشەپێكردنی هێزەكان لە سوریا و ئەفغانستان، بەڵام بەشێوەیەكی كەمتر لەو بارەیەوە باس لە هێزەكانیان دەكات لە عیراق.

 486 جار بینراوە