سەرەکی » دۆسێ » عیراق،هۆشداریی دەدرێت لە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا

شەشەمی جیهانە

عیراق،هۆشداریی دەدرێت لە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا

دوای ئەوەی لەم ماوەیەی دواییدا زۆرترین رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عیراقدا تۆماركرا، رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لە دروستبوونی كارەساتێكی تەندروستی لە وڵات، وەزارەتی تەندروستی عیراقیش لای خۆیەوە هۆكاریی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و زۆربوونی رێژەكانی تووشبوونی بۆ پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییەكانی خۆپارێزی دەگێڕێتەوە.

لە پلەی شەشەمی جیهاندایە
عیراق لە پلەی شەشەمی جیهاندا لەڕووی تۆماركردنی زۆرترین حاڵەتی تووشبوونی ڕۆژانە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمەش دوای ئەوەی لە 19ی ئابدا 4093 حاڵەتی تووشبوونی نوێی تۆماركرد.

ماڵپەڕی جیهانی Worldmetter كە پسپۆڕە لە بواری چاودێری پەتای كۆرۆنا، لە 19ی ئابی 2020 و لە راپۆرتێكیدا، لیستێكی بەناوی ئەو وڵاتانەوە بڵاوكردەیوە كە زۆرترین رێژەی تووشبونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركردووە، بەپێی لیستەكەش هیندستان لە پلەی یەكەمی جیهاندایە بە تۆماركردنی 47.531 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لە پلەی دووەمدایە بە تۆماركردنی 6.911 تووشبووی نوێ‌، پاشان مەكسیك لە پلەی سێیەمدا دێت بە تۆماركردنی 5.506 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا.

ڕوسیا لە پلەی چوارمدایە كە 4.828 تووشبووی تۆماركردووە، پاشان فلیپین بە 4.650، عیراقیش لە پلەی شەشەمدایە بە تۆماركردنی 4.093 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌.
لە پلەی حەوتەمیشدا بەنگلادیشە بە 2.747، ئێرانیش لە پلەی هەشتەمدایە كە ئەمڕۆ 2.444 حاڵەتی تووشبوونی نوێی تۆماركردووە، ئۆكرانیا لە پلەی نۆیەمدا ناوی هاتووە و 1.967 حاڵەتی تووشبوونی نوێی هەبووە، ئەندۆنیزیاش لە پلەی دەیەمدایە بە 1.902 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌.

وەزارەتی تەندروستی عیراق لە 19ی ئابی 2020، تۆماركردنی 4.093 حاڵەتی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا ڕاگەیاند، بەو شێوەیە كۆی گشتی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا گەیشتە 188802 كەس و لەو ژمارەیەش 6121 كەس گیانیانلەدەستداوە و 134369 كەس نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، ئەوانەش كە تائێستا لە نەخۆشخانەن و چارەسەرییان بۆ دەكرێت 48312 كەسن كە 582 حاڵەتیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە رۆژانی پێشووتردا، وەزارەتی تەندروستی عیراق، زیاتر لە 4500 حاڵەتی تووشبوونی لە رۆژێكدا تۆماركردبوو كە بە رێژەیەكی بەرزی ئاستی تووشبوون لە وڵاتدا دادەنرێت.

هۆشداریی دەدرێت لە دروستبوونی كارەساتی تەندروستی
رێكخراوی تەندروستی جیهانیی لەگەڵ ئەوەی هۆشداری دەداتە عیراقییەكان لە ئەگەری دروستبوونی قەیرانێكی گەورە بە هۆی كۆرۆناوە، ئومێدیش دەدات بەوەی دەتوانن لە ڕێی جێبەجێكردنی ڕیێنماییەكانەوە شكست بە پەتاكە بهێنن.

بە پێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی سەباحی عیراقی لە 15ی ئابی 2020، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی لە 19ی ئەم مانگەدا هۆشداری داوەتە عیراق و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنای بە ئاماژەیەك بۆ ئەگەری دروستبوونی قەیرانێكی گەورەی تەندروستی وەسفكردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا جەختیكردووەتەوە لەوەی عیراقییەكان لە ڕێی پابەندبوونی جدیی بە ڕێنماییەكانی خۆپاراستنەوە دەتوانن شكست بە پەتاكە بهێنن.
ڕوونیشیكردەوە كە بە هۆی نەبوونی چارەسەر بۆ پەتای كۆرۆنا، خۆپاراستن تاكە ڕێگەیە بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە.

هۆكاریی خێرابڵاوبوونەوەی پەتاكە
پێشتر وەزارەتی تەندروستی عیراق هۆشداریدا لەوەی بەردەوام ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا بەرەو زیادبوون دەچێت.

وەزارەتی تەندروستی عیراق لە 16ی ئابی 2020، و لە ڕاگەیاندراوێكدا هۆشداریدا لەوەی بەردەوام ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا بەرەو زیادبوون دەچێت و هۆكاری ئەو زیادبوونەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە زۆربەی زۆری هاووڵاتیان ڕێنمایی و ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و خۆپارێزی جێبەجێ ناكەن.

تەندروستی عیراق ئەوەشی خستەڕوو ، 90%ی تووشبووانی ڤایرۆسەكە لە عیراقدا هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیان لەسەر دەرنەكەوتووە، هەر ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی خێرا تر بڵاوببێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی عیراق دووپاتیشیكردەوە، حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان تەواوی هەوڵەكانی خۆیان خستووەتەگەڕ لەپێناو دابینكردنی پێداویستییە تەندروستییەكان و چارەسەری پێویست بۆ ئەو نەخۆشانەی تووشی كۆرۆنا بوون.

ڤاكسینی كۆرۆنا و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی
هەر لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیادبوونی ژمارەی تووشبووان لە وڵاتدا، عەباس حسێنی ئەندامی شانەی قەیران، ئاماژەی بە یەك مەرج كردووە بۆ گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی لە وڵات، باسی ڤاكسینە روسیەكە و ماوەی دروستكردنی بەرگری جەستەش دەكات لەڕێی ڤاكسینەكەوە.

حسێنی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی لە 18ی ئابی 2020، رایگەیاندبوو»دەستوەردانی سیاسی و تەندروستی هەیە سەبارەت بە بابەتی ڤاكسینی كۆرۆنا، ململانێ‌ و كێبڕكێ‌ هەیە لەنێوان ئەمریكا و روسیا و وڵاتە خۆرئاواییەكان، هەریەكەیان دەیانەوێت یەكەم بەرهەمهێنەربن».

بە وتەی عەباس حسێنی»ڤاكسینە روسییەكە متمانەیەكی گەورەی پەیدای كردووە لای روسەكان، تەئكیدیش لەسەر دروستكردنی بەرگری دەكرێتەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، هەربۆیە لەو دەمەدا سەرۆكی روسیا ڤاكسینەكەی كۆرۆنای لەسەر كچەكەی تاقیكردەوە، تا پایام بۆ جیهان بنێرێت كە مایەی دڵنیاكەرەوەیە».

ئەو ئەندامەی شانەی قەیرانی رەسافە پێیوایە»روسەكان لەڕووی زانستییەوە پێشكەوتوون و باس لە نەبوونی كەلێن دەكەن لە ڤاكسینەكەدا، بەڵام ڤاكسینەكە پێویستی بە تاقیكردنەوە و زانینی كاریگەرییە لاوەكییەكان هەیە، ئەمەش كاتی زیاتری دەوێت، تا پشتی پێببەسترێت، چونكە زایان پێشبینی دەكەن ڤاكسینەكان كاریگەریی لاوەكی دروستبكەن».

عەباس حسێنی دەڵێت»عیراق لەڕووی دۆسێی ڤاكسین و چارەسەری كۆرۆنا، پشت بە وتەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و رێكخراوی دەرمان و خۆراكی ئەمریكایی دەبەستێت كە دوو لایەنن پشتیان پێدەبەسترێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەلەكان لەباربوون بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق لە مانگی نیسانی رابردوو، واتا بەر لە رەمەزان و جەژن، بەڵام بەداخەوە هاووڵاتیان پابەندنەبوون و ئێستاش باجی ئەوە دەدەین».

 516 جار بینراوە