سەرەکی » کەلتوور » کتێبی رۆژژمێری راپەڕین کاری نەکردەی کرد!

کتێبی رۆژژمێری راپەڕین کاری نەکردەی کرد!

شاهۆ غەفور

زۆرینەی ئێمەی کورد بە کەمزانین و پیشاندانی کورتی و کاڵییەکانی ئەوانیتر وەکو دەستکەوت بۆخۆمان دەبینین، دواجار خۆشمان بەشێکین لەوان. هەمیشە گلەیی ئەوە دەکەین کە نەیارەکانمان چۆنیان ویستووە ئاوا مێژووەکەیان بۆ نوسیوینەتەوە، وەکو ئەوەی دەستبەست کرابین. نەک نوسینەوەی مێژووی کۆن بەلامانەوە گرنگ نەبووە، خۆمان بە نوسینەوەی مێژووی نوێیشەوە سەرقاڵ نەکردووە، ئەوەی کە هەیە پێئەچێت لەبەر کەسێک یان لایەنی تایبەت نوسرابێت.

رۆژی (25/8/2020) لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ بەشداری مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (رۆژژمێری راپەرین)ی نووسەر (ئازاد سەراوی) بووین، سەراوی بەدەر لەوەی خۆی بەشێک بووە لە کارەکتەرەکانی سەرخستنی شۆڕشی نوێ، میدیاکارێکی بە ئەزمونە و قەڵەم بەدەستێکی بە بڕستە، بەشی زۆری توانای خۆی بۆ نوسینەوەو ئەرشیفکردنی جموجۆڵە سیاسی و چەکدارییەکانی نیوسەدەی رابردووی ئەو بەشەی کوردستان تەرخانکردووە.

راستگۆیی و شەونخونی
نووسەر بەر لەم کتێبە چەند کتێبێکی تری لەسەر کەرکوک و مەفرەزە پارتیزانەکان و رێکخستنەکانی ناوشار لە شۆڕشی نوێ چاپکردووە . کتێبی رۆژمێری راپەڕین کە باس لە پلان و دەستپێکردن و هەتا سەرخستنی راپەڕینی 1991 دەکات، لە (900) لاپەڕەی نووسین و وێنەو نامەی دەستنووس پێکهاتووە، وێنەیەکی درامی روداوەکانی 1988 تا ناوەڕاستی 1991 مان پیشان ئەدات، کە لە خوێندنەوەیدا راستگۆیی و شەونخونی نووسەری پێوە دیارە، ئاسان نییە چاوپێکەوتن لەگەڵ (76) کارەکتەری ناو روداوەکان ئەنجام بدەیت، ئەمە کاری دەزگای تایبەتمەندە، نەک کەسێک.

راستە ئەم نووسینە بێ کێشە نییە و لەژێر رەحمەتی رەخنەو توانج و گلەییدا ئەبێت، لە هەڵەی تایپ و رێنووس بێبەش نییە، بەڵام دان بەوەدا ئەنێم کە لەو (450) ناونیشانە تێیدا کۆکراوەتەوە بەشێکی نەک پێشتر لەسەری نەنوسراوە، بەڵکو بە زارەکیش بە ئێمە نەگەیشتوو.

سەختترین قۆناغی چەکداری بووە
تاکە کتێبە کە باس لە جموجۆڵە سیاسی و چەکدارییەکانی سەردەمی ئەنفال هەتا راپەڕین دەکات، کە سەختترین قۆناغی چەکداری بووە و حکومەتی ئەوکاتی عیراق هەموو توانا دیبلۆماسی و سەربازییەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی کوردی تەرخان کردبوو. جگەلەوە ئەم کتێبە لە زاخۆوە تا هەولێرو پشدەرو سلێمانی و گەرمیانی بۆ چیای حەمرین «سنوری باشوری کوردستان» کێوماڵ کردووە، کەم مەفرەزەو فەرماندەو پێشمەرگەو چالاکیی هەیە تێیدا جێنەکرابێتەوە، هەزاران ناوی پێشمەرگەو پارتیزانی تێدا هاتووە، هەر روداوێکی ناو ئەم کتێبە وێنەیەکی درامییە لە فیلمێکی درێژ، بەجۆرێک باسی شاخ و دۆڵ و بەندەنەکانی کردووە هەر ئەڵێی لە سنووری گوندی سەراودان، وەها باسی قۆناغەکانی ئەنفالی کردووە وەکو ئەوەی کتێبێکی تایبەت بێت بە ئەنفال. کام لە ئێمە نووسینێکی بەپێزمان لەسەر سوپای رزگاری کوردستان (سرک) بینیوە تا ئەگات بە رێکخستنەکانی ناوشار و نامە ئاڵوگۆڕکراوەکان و بەیاننامە ونبووەکان.

ناوت نەهاتووە
باسی بوێری و نەبەردی و نەبەزینی سەدان پارتیزانی وەکو (شاهۆ) ئەکات کە بە تەنها خۆی و پێنج برای مەفرەزەیەکیان لە سنوری گەرمیان و قەرەداغدا هەبوو. لەم کتێبەدا ئەگەر وەکو پێشمەرگەیەک ناوت نەهاتووە، ئەوا ناوی مەفرەزەکەت یان چالاکییەکانت هاتووە.

سەرەڕای ئەوەی ئەدەب و هونەر وەکو بەشێکی شۆڕشی نوێ و رۆڵی ژن و گرنگیدان بە کاری دیبلۆماسی و باوەڕی تەواو بە سەرکەوتن وەکو ئاوی رون دیارە، پێشمان ئەڵێت شۆڕش بەدەرنەبووە لە نوکتەو قسە خۆشەکان و چەپڵە و یاریکردن. ئەم کتێبە باس لە هەنگاو بەهەنگاوی راپەڕین دەکات لە 5/3/1991 تا رزگارکردنی کەرکوک و کۆڕەو، وەڵامی پرسیاری ئەوە ئەداتەوە کە بۆچی بڕیاری دەستپێکی راپەڕین کە 7_3 بوو بە 5_3.

رۆڵی جەماوەری کوردستانی وەکو پشتیوانە گەورەکەی هێزی چەکدار پەراوێز نەخستووە و بە راستگۆیی بۆمان دەگێڕێتەوە. هەندێک نامەی دەستنووس و بەیاننامەو وتاری سەرۆک مام جەلالی تێدا بڵاوکراوەتەوە بەتەنها خۆیان ئەرشیفێکی گەورەن. باسی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان (ئێزگەکە)ی وەکو داینەمۆی راپەڕین لەیاد نەکردووە، ئەو هەواڵ و بروسکە و بەیاننامانەی ئێزگەکە ئەیدا بە گوێی خەڵکدا ببون بە خۆراکی دەستپێک و بەردەوامی و سەرکەوتنی راپەڕین.

لەگەڵ کتێبەکەدا
لەم رووەوە بە (سیدی)یەک لەگەڵ کتێبەکەدا زیاتر لە (100) تراک دەنگ کەلە رادیۆ پەخشکراون جارێکیتر بڵاوی کردونەتەوە، کە ئەمە لەخۆیدا هەرچەند سامانێکی نەتەوەییە، نووسەر پاراستوونی، لە هەر شوێن یان لای هەر کەسێکیتر بوایە رەنگە بێبەرامبەر لەدەستی نەبوایەتەوە. ئەم کتێبە بەشێکی گرنگی ئەو مێژووەی لە سەرچاوەی یەکەمەوە بۆ ئەرشیفکردین و مادەیەکی خامە بۆهەرکەسێک بیەوێت لەسەر پەنجا ساڵی رابردومان توێژینەوە بکات یان دراما دروست بکات. وەڵامێکی باشیشە بۆ هەندێک کتێب و بەرنامەی تلفیزیۆنی کە بەم دواییانە و بە پیلان ئەیەوێت مێژووی چەکداری و بزوتنەوەی کورد دژی رژێمی بەعس لە جوانییەکانی دابماڵێت.

print

 107 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*