سەرەکی » راپۆرت » یاداشتێك سەبارەت بە تاوانەكانی جەنگ لە سوریا

پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سوریا

یاداشتێك سەبارەت بە تاوانەكانی جەنگ لە سوریا

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

پارتی یەكێتی دیموكراتی كوردی سوریا یاداشتێكی نوێی پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد‌و تێیدا راپۆرتەكەی لیژنەی نێودەوڵەتی تایبەت بەلێكۆڵینەوە لەدۆخی سوریا وەبیردێنێتەوە كەپێشتر‌و لەئەیلولی 2020دا بەرزی كردۆتەوە.

یاداشتەكە ئاراستەی هەریەكە لەئەنتۆنیۆ گۆتێریش سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، میشێل باشلێ كۆمیساری باڵای مافی مرۆڤ هەمان رێكخراو، پاولۆ سێرجیۆ بینیهێرۆ، سەرۆك‌و ئەندامانی لیژنەی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوە لەسوریا، مارشی ئۆهال سەرۆكی دەزگای میكانیزمی بێلاەنی نێودەوڵەتی تایبەت بەبەدواداچوونی دادوەری لەسوریا، ئەلیزابێس تیشی فیسلبێرگەر سەرۆكی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان، فیلیپۆ گراندی سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان كردووە.

لەیادادشتەكەدا سەرەتا دەستخۆشی لەدواراپۆرتی لیژنەكە دەكەن كەبە(A/HRC/45/31) لە 14ی ئەیلولی 2020 تۆماركراوە‌و باس لەپێشێلكاری‌و تاوانەكانی جەنگ لەناوچەكانی عەفرین‌و سەرێ كانی‌و گرێ سپی دەكات كە لەلایەن توركیا داگیركراوە.

پاشان یاداشتەكە بەپشتبەستن بەراپۆرتی لیژنەی لێكۆلینەوەكە پێشێلكارییەكان وەبیردێنێتەوە، كەگرنگترینیان ئەمانەن:

یەكەم تاوانی دژی مرۆڤایەتی
لەهێرشە داگیركارییەكەی عەفرین زیاتر لە 300 كەس كوژران‌و زیاتر لەهەزار كەس برینداربوون، جگە لەوە لە18ی ئاداری 2018وە تاكاتی دەرچوونی راپۆرتەكە 130 هاووڵاتی مەدەنی بەهێرش‌و پەلامار‌وئەشكەنجە‌و تەقینەوە كوژراون كە لەنێویاندا ژن‌و منداڵ‌و بەساڵاچوانیش هەن. لەسەرێ كانی‌و گرێ سپیش سەدان هاووڵاتی مەدەنی كوژران‌و برینداربوون لەكاتی هێرشەكەی تشرینی یەكەمی 2019دا كە هێزەكانی توركیا‌و میلیشیاكانی سەر بەو وڵاتە ئەنجامیاندا.

گۆڕینی دیمۆگرافیا
لیژنەكە نێودەوڵەتییەكە لەراپۆرتەكەیاندا ئاماژەیان بەوەكردووە، لەهێرشە داگیركارییەكەدا بۆ سەر ئەو ناوچانە زۆربەی دانیشتوانی ناوچەكە كە كوردبوون رایان كرد‌و ماڵ‌و حاڵیان لەلایەن میلیشیاكانەوە دەستی بەسەرداگیرا، ئەوەش كەمابۆوە بەترساندن‌و گێچەڵ‌و تۆقاندن ناچاریان كردن ناوچەكە جێ بهێڵن، واتە پرۆسەی راگواستنی زۆرەملێ لەناوچەكەدا دەستیپێكرد لەعەفرین‌و سەرێ كانی. لەو هێرشەدا لەعەفرین 250 هەزار كەس هەڵاتن‌و دوای تەواوبوونی شەڕیش لەو ژمارەیە 200 هەزاریان رێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە، لەجێگەی ئەوان 450 هەزار كەسی عەرەب‌و توركمان لەناوچە جیاجیاكانی سوریاوە هێنرانە ئەوێ نیشتەجێ كران، پرۆسەكەش بەرێكەوتن لەنێوان توركیا‌و روسیا‌و ئێراندا كراوە، بەم كردەوەیە رێژەی كورد لەدانیشتوانی ناوچەكە كەپێشتر 95% بوو كەم كرایەوە بۆ 25%.

لەسەرێ كانیش زۆرینەی دانیشتوانەكەی كەكورد‌و سریان‌و ئەرمەن‌و چیچان بوون دەركران هەزاران خێزانی چەكداری میلیشیاكانی سەر بەتوركیا لەجێگەیان نیشتەجێكران، ئێستا ئەو ناوچەیە دانیشتوانی رەسەنی لێ نەماوە. لەگرێ سیپش دەیان هەزار خێزانی كورد ناچاركران ناوچەكە چۆڵ بكەن‌و ئێستا چەند خێزانێكی كەمی لێ ماوە. لەهیچكام لەو ناوچانە توركیا پابەندنەبوو بەبڕیاری (2254)ی 2015ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە كەدەڵێ: دەبێ رێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر بۆ پاراستنی مەدەنەییەكان‌و بارودۆخی ئاسایش بڕەخسێنێ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.

تاڵانی ‌و داگیركردنی ماڵی هاووڵاتیان
میلیشیاكانی سەر بەتوركیا لەعەفرین‌و سەرێ كانی‌و گرێ سپی، موڵك‌و ماڵی خەڵكی ناوچەكەیان تاڵان كردووە‌و بەگوێرەی رێنماییەكانی سەروخۆیان لەئەنكەرەوە دەستیان گرتووە بەسەر ماڵی ئەو هاووڵاتیانەی بەزۆرەملێ راگوێزراون‌و یان دەركراون بۆ ئەوەی هیوایەكیان بەگەڕانەوە نەمێنێت‌و دیمۆگرافیای ناوچەكە بەتەواوی بگۆڕن.

رفاندن‌و كوشتن
میلیشیاكان لەو ناوچانە هاووڵاتیان دەستگیردەكەن‌و 20 تا 40 رۆژ زیندانیان دەكەن‌و ئەشكەنجەیان دەدەن، زیندانی نهێنیان هەیە‌و لەم دواییانەدا 11 ژن‌و منداڵێك لەزیندانێكی ئەواندا دۆزراوەتەوە، تائێستاش هەزار‌و 100 هاووڵاتی لەدانیشتوانی عەفرین بێ سەروشوێنن‌و كەسوكاریان نیگەرانی ئەوەن لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستدابێت.

لەرووی چەوسانەوەی نەتەوەیی‌و كەلتوورییەوە، جگە لەوەی بەرپرسانی تورك‌و میلیشیاكانی سەر بەتوركیاش كورد بەتیرۆریست ناودەبەن‌و بەكافریان دادەنێن‌و فەتوای كوشتنیان بۆ دەردەكەن‌و فەتوای حەڵاڵبوونی تاڵانكردنی موڵك‌و ماڵیان دەردەكەن، كار بۆ ئەوەش دەكەن ئەو شوێنانەی ناوەكانیان كوردییە بگۆڕن بۆ عەرەبی، پەیكەری كاوەی ئاسنگەریان لەعەفرین شكاند‌و گۆڕستانی شەهیدەكانی كورد تێكدەدەن، شوێنە پیرۆزەكان دەشێوێنن‌و ناسنامەی نوێیان بۆ دروستدەكەن كە بەتوركی‌و عەرەبی لەسەری نووسراوە، خوێندنیش بەزمانی كوردی قەدەغەیە‌و بەكورتی دەیانەوێ ئەو كوردەش لەوێ ماوە بیتوێننەوە.

لەرووی ژینگەوە داگیركارییەكە زیانێكی زۆری بەژینگەی سەوز‌و سروشتی ناوچەكە گەیاندووە‌و بەگرتنەوەی سەرچاوەی ئاوی (علوك)یش زیاتر لەیەك ملیۆن كەس لەناوچەكەدا لەئاوی خواردنەوە بێبەش كرا، بارودۆخی ئەمنی رۆژ بەرۆژ لەخراپیدایە‌و لەهەمووشی خراپتر توركیا پەردەپۆشی میدیایی سەبارەت ناوچەكە پەیڕەودەكات.

 72 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*