سەرەکی » ئاراستە » ئەگنێتا شێخموس، پێشمەرگەیەکی سویدی لە کوردستانی عیراق

ئەگنێتا شێخموس، پێشمەرگەیەکی سویدی لە کوردستانی عیراق

پێش سێزدە ساڵ، کچێکی سویدیم بەناوی ئەگنێتا ناسی، سکرتێری کارگێریی بوو لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، گەنجێکی کورد لە سوریا بەناوی عومەر شێخموس لە زانستی سیاسی لە زانکۆی ستۆکهۆڵم دەیخوێند، دوای چەند ساڵێک هاوسەرگیری دەکەن، عومەر دەبێتە یاریدەدەر لە بەشی زانستی سیاسی، لە سوید دەمێنێتەوە، وەک هەر هاوڵاتیێکی سویدی، بە زمانی سویدی قسە دەکات، پێش ئەوەی چارەنووسیان بگۆڕێت، چەندان ساڵ ژیانێکی هێمنیان پێکەوە گوزەراند. عومەر هەر لە مێرمنداڵییەوە پەیوەست بووە بە بزووتنەوەی نیشتمانپەروەری کوردی، پێش هەموو خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا دژی تەسلیم بوونی بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥دا هەڵوەستی وەرگرتووە، ساڵی ٩٧٥ لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ساڵی ١٩٧٨ بە تەنیا بۆ کوردستانی عیراق دەچیت، تا پەیوەندی بە هاوڕێیەکانی بکات، کە دەستیان بە خەباتی چەکداری کردبوو، بڕیار بوو تەنیا یەک مانگ لەوێ بمێنێتەوە،، بەڵام دۆخەکە وای دەخواست کە شەش مانگ بمێنێتەوە، ئینجا بۆ سوید بگەڕێتەوە. لە شوباتی ١٩٨٠ لەگەڵ ئەگنێتای هاوسەری بۆ شاخەکانی کوردستان گەڕاوەتەوە، ئەگنێتا دەڵێت؛ باش لەبیرمە ئەو رۆژەی گەیشتین، جەژنی لە دایک بوونم بوو.

هەر لەوکاتەوە، ئەگنێتا جلی پێشمەرگەی پۆشی، پێشمەرگە واتە ئەوانەی رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، فێرە زمانی کوردی بوو، هەروەها بەکارهێنانی چەک» دەمانچە و کلاشینکۆف»ش فێر بوو، ئەو یارمەتی هاوسەرەکەی دەدا، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، دەقی نوسینەکانی وەردەگێڕا و تایپی دەکردن، هەروەها لە نەخۆشخانەکەی ئەوێ یارمەتی نەخۆشەکانی دەدا. ئەمە و بەلایەوە زەروری بوو کە بناغەیەک دابنێن بۆ رێکخراوبوونی ژنی کورد، بۆ ئەو ئامانجەش کاریی کردووە.

ئەگنێتا و عومەر لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە لە ناوچەیەکی شاخاوی لە خاکی عیراق لەسەر سنووری ئیران دەژیان، هەر خێزانێک چادرێکی هەبوو، بەڵام لە زستاندا پێشمەرگە پشووی دەدا، ئەوێ وەک ژیانی سوید هێمن نەبوو، لە بوارەکانی خانوو، ئاو، کارەبا، و گەرما و زۆر شتی تر لەگەڵ سوید جیاواز بوو. ئەگنێتا تاکە ژنی ئەوروپی بوو، کە هەمیشە چەکی پێ بوو.

* لەو ناوچەیە، لە سەرەتادا ئەو شتە زۆر سەختەی رووبەڕووت بووەوە چی بوو؟
ئەگنێتا وەڵام دەاتەوە؛ وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانە، وەدەستخستنی ئاو بۆ شوشتن، هەروەها لەبەرئەوەی هەموو شتێک لەسەر زەوی بوو، بۆ قاچم سەخت بوو، دانیشتن لەسەر زەوی، نانخواردن لەسەر زەوی، پێویستی دەکرد لەگەڵ ئەمانەش خۆم رابێنم.

* چۆن لەلایەن پێشمەرگەوە پێشوازی لێکرایت؟
پیاوەکەی بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە؛ یەک بە یەکیان پێی سەرسام بوون و رێزیان لێ دەگرت، چونکە چارەنووسی خۆی بە ئێمە بەستبووەوە، چونکە ئەو مەجبور نەبوو ئەوە بکات، بەو سیفەتەی ئەوروپی و ژنیش بوو.

* ئایا هیچ ترساویت؟
نەخێر بە هیچ شێوەیەک، لە کاتی هێرشی یەکەمدا هەشت فڕۆکەی عیراقی لەماوەی سێ کاتژمێردا بۆردومانیان دەکردین، لە هەر جارێکدا چەندان قونبەلە و ساروخیان تێدەگرتین، دوو کەس شەهید بوون، هەشت کەسیش بریندار بوون، لەماوەی دەسەڵاتی شادا، هەموو مانگێک، جارێک یاخود دووجار فڕۆکە عیراقییەکان بۆردومانیان دەکردین.

* هەست دەکەیت، سویدی، یاخود کوردی؟
کە لە شاخ بووم، هەستم دەکرد زیاتر کوردم و باوەڕم بە خەباتی گەلی کورد هەیە، کە لەوێ لە شاخ بووم، ئەمە بژاردەی خۆم بوو، کە سویدم بەجێهێشت دەمزانی کۆمەڵێک کێشە رووبەرووم دەبێتەوە، پێشبینی کێشەکانم کردبوو.

«لە شاخەکانیاندا»، ئایا بەشداریت لە بۆچونەکانی هاوسەرەکەت و گەلی کورد دەکرد، ئایا بیرت لە ژیانی تایبەتی سوید نەدەکردەوە؟
هەندێک جار… لە سوید کۆمەڵێک کتێبی نوێم لەگەڵ خۆم بردبوو، هەروەها گوێم لە مۆسیقای کوردی دەگرت، گوێم لە مۆسیقای کلاسیکیش دەگرت، چونکە لە شاخدا لەوێ رادیۆی سویدی وەریدەگرت، هەستم بە ئیزعاج بوون نەدەکرد، شەو لەگەڵ هاوسەرەکەم گفتوگۆم دەکرد، چونکە بەرۆژ لە ماڵ نەدەبوو.

* چەندی تر لە کوردستان دەمێننەوە؟
ئەگنێتا گوتی؛ نازانم بارودۆخ بڕیار دەدات، تا هاوسەرەکەم لەوێ بمێنێتەوە، منیش لەوێ دەبم، ئەگەر ژیانی ئەوێ سەختیش بێت.
ئەگنێتا شێخموس باڵابەرزێکی ناسکە، لە چاوانیدا ئازایەتی و بەختیاری بەدی دەکرێت.

سەرچاوە:
رۆژنامەی؛ TRIBUNE LE MATIN, 31/3/1982

سازدانی: گلیبەر فێڤ

 51 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*