سەرەکی » ئابووری » كازمی: نابێت فەرمانبەرانی هەرێم بێ مووچە بنپەڕە 2

كازمی: نابێت فەرمانبەرانی هەرێم بێ مووچە بن

یەکەی ئابووری

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، فەرمانبەرانی هەرێم نابێت باجی هەڵەی حكومەتەكەیان بدەن و ناكرێت بێ مووچە بن. هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روونكردنەوە لەبارەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانەوە دەدات.

نابێت بێ مووچە بن
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندوە، لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و سەرۆك وەزیرانی عیراقدا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆچوونی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم دەربڕیووە و رایگەیاندووە، «هاووڵاتیانی هەرێم هاووڵاتی خۆمانن و فەرمانبەرەكانیشیان عیراقین، بۆیە نابێت بێ مووچە بن».

وتیشی: «هەر لەو كۆبوونەوەیەدا مستەفا كازمی رایگەیاندووە، فەرمانبەرانی هەرێم نابێت باجی هەڵەی حكومەتەكەیان بدەن و ناكرێت پرسی مووچە تێكەڵی ململانێی سیاسی بكرێت».

ئەو هەڵوێستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەكاتێكدایە، بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عیراق، پێویستە هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە نا نەوتیەكان رادەستی بەغدا بكات، لە بەرامبەریشدا بەغدا بەشە بودجەی هەرێم دیاری دەكات.

تائێستا پرسی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا یەكلایی نەكراوەتەوە و فراكسیۆنە كوردستانیەكان چاوەڕوانی دوا هەڵوێستی فراكسیۆنە شیعەكانن و بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی لیژنەی داراییش، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە.

هاوكات، بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان و سوننە و بەشێك لە شیعەكانیش داوا دەكەن، پێش ئەوەی پڕۆژەیاساكە بخرێتە دەنگدانەوە، بە سەرپەرشتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆبوونەوەیەكی فراوان بە سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو نوێنەران بكرێت، بۆ ئەوەی لە رۆژی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكەدا، كێشە دروست نەبێت و موزایەدەی سیاسی تێكەڵ بە بودجە نەكرێت.

حەلبوسی: مووچەی فەرمانبەران دەستكاری ناكرێت
هاوكات، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایكردووە، فەرمانبەران مووچەی خۆیان هاوشێوەی پێشوو وەردەگرن ‌و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت.

ئاماژەی بەوەشداوە، لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریداوە كە مووچەی فەرمانبەران لێی نەبڕدرێت و هیچ ماددەیەكیش تایبەت بە لێبڕینی مووچە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021دا تێناپەڕێنرێت.

حەلبوسی ئەوەشی ئاشكراكردووە، ئەوەی پەیوەستە بە پلە تایبەتەكانەوە، لێبڕینی مووچە ئەوان دەگرێتەوە و لەلایەن لیژنەی داراییەوە بڕیاری لەبارەوە دراوە.

 335 جار بینراوە