نیوەڕۆی 28/1/1981، مفەوەز مەجید مفەوەزی ئەمنی بەلدەی سلێمانی، دەچێتە دوكانەكەی قادر كابان – سەرتاشخانەی دەرسیم لە شەقامی كاك ئەحمەدی شێخ، تەنیشت دەرگای دووەمی سینەما سیروان و بە قادر كابان دەڵێ: كاك قادر تا بەر مزگەوتی گەورە دەچین و دوو قسە دەكەین، هەر دوو دەقەمان پێدەچێ «مزگەوتی گەورە لە سەرتاشخانەی دەرسیم-ەوە هەر پەنجا مەترێكیان بەین دەبێ». لەبەردەم مزگەوتی گەورەدا سەیارەیەكی پیكابی پۆلیس (موسەلەحە) وەستاوە و قادر كابان سوار دەكەن و ئیتر لەو رۆژەوە سۆراغی نییە. قادر كابان جگە لەوەی هونەرمەندێكی گۆرانیبێژی ناسراوی كوردستان و شاری سلێمانی بوو، مرۆڤێكی نیشتمانپەروەر و كەسایەتییەكی بە ئەمەك بوو. لە گەنجییەوە چۆتە مەیدانی سیاسەتەوە، سەرەتا دەبێتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، دواتر لە جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی، پەیوەندی بەوانەوە دەكات.
ئیبراهیم جەلال لە كتێبی عەشق و خەبات و ئازادی، لە لاپەڕە 74، دێڕی 18، دەڵێ: شەهید قادر كابان مانگی جارێك بە شەو دەهاتە لامان، پێویستیی سەرتاشینی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا. كاك قادر كابان خۆی یەكێك بوو لە ئەندامانی رێكخراوی ناو شار و پەیوەندی بە رێكخستنەكانی ناو شارەوە هەبوو. لە سەرەتای شەستەكاندا كە شیعری هەر كوردم-ی هەژار موكریانی دەكاتە گۆرانیی سیاسی كە بە دەربەدەری ناسراوە، دەنگدانەوەیەكی گەورەی دەبێ و دەچێتە سەر زاری بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان.
لەو گۆرانییەدا و لەو شیعرەی هەژار-دا، دوو كۆپلەی تیایە دەڵێ:
بە كوردی دەژیم بە كوردی دەمرم
بە كوردی دەدەم وەڵامی قەبرم
بە كوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دونیاش بۆ كورد تێهەڵدەچمەوە
رۆژێكیان فەریق-ی رەحمەتی، كە بە فەریقە كوێر ناسرابوو، پیاوێكی خۆشەویست و قسە خۆش بوو، خۆی دەكا بە دوكانەكەی قادر كابان-دا و بێ پێشەكی دەڵێ: قایەرە فەنی لەم دونیا زۆرمان تەواو كردووە، وا لەو دونیاش بۆ كورد تێهەڵدەچیتەوە؟
پاش دروستبوونی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قادر كابان درێژە بە خەبات و تێكۆشان دەدات و شان دەداتە بەر ئەركی نوێ. دوكانەكەی بە تایبەت سەر لە ئێواران، جێی كۆبوونەوە و بەیەكگەیشتنی دەیان تێكۆشەر و خەباتگێڕی كوردایەتیی بوو، كە دواتر بەشێكیان ئازایانە چوونە بەر پەتی سێدارە و شەهیدبوون و هەندێكیشیان لە ریزەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا بوونە پێشمەرگە و فەرماندە و سەركردە و خۆشبەختانە بەشێكی زۆریان لە ژیاندا ماون.
قادر كابان وەك هونەرمەندێكی گۆرانیبێژ، لەگەڵ تیپەكانی موزیكی، مەولەوی، سلێمانی و هەولێر كاریكردووە. لە گۆرانییە بە ناوبانگەكانی؛ بە دەربەدەری، ئەی شەمی شەوان، لە درزی پەچەوە – جادە چۆڵ و سێبەر بوو، بە جارێ ماڵی وێرانم، چاوەڕوانیی بێهودە.
قادر كابان مرۆڤێكی خۆشەویست بوو، كەسێكی رۆح سووك و خاوەن كەسایەتییەكی تایبەتی خۆی بوو. لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا هاوسەرگیریی لەگەڵ خاتوو نەسرین حاجی كەریم دەكات، كە كچی خێزانێكی كوردپەروەر و تێكۆشەر بوو. بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە دوو كوڕ و كچێكە. كاروان، كاوان، كوێستان. كاروان كابان هونەرمەندێكی شێوەكاری دیاری كوردستانە. بە داخەوە ئەم هونەرمەندە تێكۆشەر و نیشتمانپەروەرە، لە تەمەنی 44 ساڵیدا و بەر لە 40 ساڵ، لەلایەن پیاوانی رژێمی بەعسەوە دەستگیر دەكرێ و بێسەر و شوێنی دەكەن.
هەزاران سڵاو لە یاد و یادەوەری و مێژووی پڕ لە سەروەری هونەرمەند قادر كابان.
209 جار بینراوە